دکتۆر کەمال میراودەلی: سوریا و سیناریۆکانی، دیمەنە گەورەکە و پرۆسە ئاڵۆزەکان. بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژنامەنووسێکی روسی بە ناو نیشانی کۆتایی سیاسەتی تورکیا نووسیوێتێ: کاتی بڕیار نزیک بۆتەوە. ئەردۆگان چی تر ناتوانێت لە یەک کاتدا لە سەر دوو کورسی دانیشێت. لە نێوانی ئێس 400 و چارەنووسی ئیدلیب دا، چارەنووسی رژێمەکەی ئەردۆگان و کوردیش روون دەبێتەوە.

روسیا و تورکیا
1- بریارەکەی ترامپ و ئەگەری کشانەوە ی ئەمریکا، پرسی چارەنووسی رۆژهەلاتی فوراتی بۆ پرۆسەی ئەستانا و رێکەوتنی سوچی زیاد کورد لە پاڵ و بە تیکەڵکیشی لەگەڵ ڕێکەوتن لە سەر ئیدلیب.
2- ئەردۆگان وەک عەفرین نیاز و ئامانجی ئەوەبوو، ئەوەیە، لەگەڵ ئیدلیب سەربەسەرە بە رۆژهەلاتی فورات و رۆژاوا بکات: واتە ئەردۆگان لێگەرێت سوریا و روسیا پەلاماری ئیدلیب بدەن و ئیسلامییەکان لە ناوبەرن و هەموو پارێزگای ئیدلیب بۆ رژێمی سووریی بگرنەوە.. لە بری ئەوە روسیا رێگە بدات تورکیا پەلامار و کۆنترۆلی رۆژهەلاتی فورات بکات. [دیارە ئەمە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا یان مانەوەی هێزێکی لاواز و سیاسەتیکی نادیاری ترامپ]
3- روسیا ئەمەی رەتکردەوە بەو پێیەی لەگەل رێکەوتنی ئەستانا ناگونجێت کە جەخت لەسەر پاراستنی یەکێتی خاک و سەروەریی سوریا دەکات. دیارە ڕوسیا دوای تاوانی عەفرین نایەوێت تورکیا زیاتر خاکی سوریا هەڵڵوشێت و کوردیش زیاتر لە خۆی بکات. جگە لەوەی کە تورکیا و روسیا، ئەردۆگان و پۆتین، قەت متمانەیان بە یەکتر نییە و پۆتین ئەردۆگان باش دەناسێت و چاوەڕیی لەحزەی هاتوو دەکات تڕۆی بکات هەر وەک ئەردۆگان چاوەڕێ دەکات ترامپ وەک دڵدارێکی ڕاستەقینە لە باوەشی بگرێت تا لە پۆتین دابڕێت. بەلام دیارە پرسی ئیستراتیجی گرنگتر لە پێوەندی شەخسیی ئەو دوو زەلامە هەن.
4- روسیا ئەو کڵێشەیە دووبارە دەکاتەوە، کە روسیا لە خەمی ئەمنیی تورکیا تێدەگات و بۆ چارەسەریی كێشەی باکووری فورات و ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەبێت لەگەل رژێمی سوریی هاوئاهەنگیی بکات.
5- بۆ ئەم مەبەستەش و بۆ لەکۆلخۆکردنەوەی کێشەکە، رێکەوتنی ئەدەنەی 1989 ی لە نیوان تورکیا و حافز ئەسەد هێنایەوە گۆڕێ کە ئەم ڕێکەوتنە بۆ دژایەتی کورد و پەکەکەی کراو رێگە بە تورکیا دەدات 5 کیلۆمەتر بۆ مەبەستی لێدانی [تێرۆریستان]و پاراستنی ئەمنی سنوور، بچێتە ناو خاکی سوریاوە.
6- بەلام لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە ئەو ڕێکەوتنە هیچ نرخێکی نەماوە، کە تورکیا ئەم بیانووە بۆ لێدانی کورد بەکاربێنێت دەبێ:
1- لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەد ئاشتبێتەوە و ەک رژیمی سەروەر و شەرعیی سوریا بیناسێت.
2- سەر لەنوێ رێکەوتنەکە تازە بکەنەوە بە مەرجی نوێوە.
3- تورکیا ئەمەی ناوێت و دەیەو‌ێت وەک عەفرین بە ئاسانی روۆژاوا لووش بدات و لەم کاتی قەیران و تەنگژە ئابووریی و داراییەیدا سەرچاوە نەوتییەکانی رۆژهەلاتی فورات بکاتە هی خۆی؟ واتە خەونی پشیلە.!
7- سوریا سوورە لە سەر ئەوەی کە تورکیا بە هێنان و پشتگیری گروپە ئیسلامییە تێڕۆڕیستەکان و داگیرکردنی خاکی سوریا، دەمێکە ئەو ڕیکەوتنەی شکاندووە. و لە ئەگەری هەر رێکەوتنیکی تازەدا مەرجی کشانەوە و داوای یاسایی گەورەی سەدان بلیۆندۆلاریی دژی تورکیا هەیە.
8- ىریاری مانەوەی هیزەکانی ئەمریکی شۆکێکی تری بەراوەژووکەرەوە بوو بۆ روسیا. دیسان دینامێكی پیوەندی نێوان تورکیا و روسیای گۆڕی. تورکیا لاوازترە و ئەگەرەکانی تەنازولپێکردنی زیاتر بوون.
9- ئێستا ڕوسیا بە پەلە دەیەوێت ‌هێزی پۆلیسی سەربازیی روسی لەو [ناوچەی ئارامە] یان رۆژهەلاتی فورات ئامادەبیت لە جیاتی هێزەکانی ئەمریکیی و ئەوروپیی. و لەگەڵ تورکیا لە سەر ئەم بنەمایە ڕیککەون.
10- دیارە تورکیا بەمە رازی ناىێت چونکە:
A- روسیا دەیەوێت ئەم کارە کاتیی بێت و وەک پێشەکییەک بۆ گەرانەوەی رژێمی ئەسەد.
B- کە ئەمە بکات، واتە تورکیا رازی دەبیت بە بوونی هیزی سەربازیی روسیی بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ سوریا کە ئەمە هەڵەیەکی جیۆسیاسیی و یاسایی خەتەرناک دەبێت و بۆ داهاتوو، گومان و خەتەرێکی گەورە بۆ تورکیا دروست دەکات. بە تایبەتی کە ئەو دوو دەولەتە هەمیشە گومان و ناکۆکییان لە نێواندایە و لە زۆر خاڵی گەرمی جیهاندا بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە و مێژوویەکی کۆنی جەنگ و بەربەرەکانیان هەیە. تورکیا بۆ دوژمنایەتی سۆڤیەت بوو بە ئەندامیئ ناتۆ و هێشتا ئەندامی ناتۆیە و بەشدارییەکی کاریگەری لە پلانە سەربازییەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان و سۆمال و کۆسۆڤۆ و دەریای ڕەش و دامەزراندنی قەڵغانی سارۆخی ناتۆ لە ئەوروپا دژی روسیا هەیە!
11- بۆیە تورکیا هەمیشە جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە [ناوچەی ئارام] تەنیا و تەنیا دەبی لە ژیر دەسەلاتی تورکیا خۆی بێت و گەر ئەمریکا و روسیا هاوکاری نەکەن ئەوا خۆی بۆ خۆی دروستی دەکات! پۆتینیش دەڵێ: لە بەشار بپرسە!

پۆتین و ئەردۆگان
12- بە پێچەوانەی خۆشباوەڕیی و کورتبینیی ئەردۆگان، پۆتین تورکیای بە شێوەیەکی زۆر ستراتیژیی بەستۆتەوە؛ بە
A- رازیکردنی ئەردۆگان کە ئیس ٤٠٠ ی روسیی بکڕێت و بۆ ئەم مەبەستە بە نرخیکی هەرزان و بە قەرزێکی خۆشییەوە، پێی فرۆشت و بەلێنیشی داوە لە تەکنۆلۆجییەکەش بەشداری بکات، تورکیا تا ئێستا دەڵێ پێیەوە بەندە.
B- راکێشانی خەتی غازی ستریمی تورکیی بۆ راکێشان و فرۆشتنی گازی روسی بە ئەوروپا
C- دروستکردنی بنکەی وزەی ئەتۆمی ستراتیژیی بۆ تورک
D- پێوەندی ئابووریی بە هێز بە قازانجی زیاتری تورکیا وسالانە چوونی 5- 6 ملیۆن تۆریستی روسی بۆ تورکیا.
E- بەستنەوەی تورکیا بە پرۆسەی ئەستانا و ریکەوتنی سوچی و زیادکردنی ئێران بۆ پرۆسەکە کە هاوهەلوێستە لەگەل روسیا لە پشتگیری ئەسەد و لە کۆبوونەوەکاندا دەبنە دوو بە یەک!.
13- هەموو ئەمانە وەک دامی دۆمینە پێکەوە بەستراون و دەرچوون لە هەر یەکیکیان تورکیا تووشی کارەساتێکی سیاسیی و هەرەسی ئابووریی دەکات. بۆیە ئەردۆگان چاری نییە هەر دەبێ ئینگلیز گوتەنی [پەپێتی پۆتین] واتە تووتەڵەسەگی بەردەستی پۆتین بێت.
ئەمە ئەگەر ئەردۆگان زیاتر خەمی تورکیا ی بێت لە دەسەلاتی خۆی، بەلام وەک دیکتاتۆریكی سەرسەری هەموو شتیكی لێدەوەشێتەوە بۆ پاراستنی دەسەلاتی دیکتاتۆری خۆی و بەرژەوەندی دوورخایەنی بنەماڵەکەی. بەلام تەڵە و داوی هاوشێوەی لەگەڵ ئەمریکا بۆ داناندراوە.

تورکیا و ئەمریکا
1- پێوەندیی نیوان ئەمریکا و تورکیا گرێدارە و رۆژبەڕۆژ زیاتر گڕێبەند دەبێت.
2- مەسەلەی کوردی سوریا کە هیندە بەلای تورکیاوە گرنگە و هۆکاریکی سەرەکیی گرنگی ئاڵۆزیی پێوەندیی نیوان ئەمریکا و تورکیا پێکدێنێت، لای ئەمریکا تەنیا یەکێکە لە کۆمەلێکی پێکەوەبەندی گرفتە ستراتیجیی و جیۆپۆلیتیکی و سەربازیی و سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.
3- ئەردۆگان و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگرییەکەی چەندین جار بۆ مەبەستی ئیستیهلاکی ناوخۆیی بانگاشە یان فشە دەکەن کە ڕێکەوتن و هاوکاریی تەواو لە نیوان ئەمریکا و تورکیا هەیە بۆ مەسەلەی مەنبیج و دامەزراندنی ناوچەی ئارام، بەلام ئەمە هیچ بنامایەکی دروستی نییە.
4- ئەردۆگانی زۆر بڵێ خۆی نادروستیی و ناکۆکییەکان دەردەپەڕێنێ: دوو هەڵوێستی دژ بەیەکی ئەمانەن:
A- لە لایەکەوە دەلێ: لەگەل ترامپ رێک کەوتووە ناوچەی ئارام لە ژێر دەسەلاتی تورکیا دابێت.
B- لە لایەکی ترەوە دەلێت ناوچەی ئارام یان جیاکەرەوە پیلانێکی ئەمریکییە بۆ دروستکرنی زەلکاوێکی وەک باکووری عێراق، واتە بوونی ناوچەیەکی خۆبەڕیوەبەری کوردیی. هەر دوو راگەیاندنەکان هی ئەردۆگانن. ئەو دیارە زۆر زیاتر لە ئەوروپییەکان و روسیا ولاتانی تری دنیا، نامتمانەیی و ڕاڕایی ترامپ شێتی کردووە. وەک ترامپ و هەر دیکتاتۆریكی خوازیاری دەسەلاتی ڕەها، بۆتە مەکینەی درۆسازیی ڕۆژانە دەربارەی سیاسەت و ئابووریی و دیپلۆماسییەتی هەرەسبردووی تورکیا. ئەم راگەیاندنەی ئەردۆگان کە گوایە ئەو لە هەموو کەس زیاتر ئاگاداری نەخشەکەی ترامپە، ئەوە نیشان دەدات کە ڕاستی کەس نییە بزانیت کە ئەو ناوچەیە دامەزرێت یان نا، گەر ئا چۆن دەبێت < بۆچی دەبێت؟ بەلام روسیا و ئەمریکا لە سەر ئەوە ڕێکن لە ژێر دەسەلاتی تورکیا دا نابێت!

ناکۆکییەکانی تورک و ئەمریکا
پێم وایە ناکۆکییە هەرە ستراتیجیی و گرنگەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا ئەمانەن:
1- بە پلەی یەکەنم کڕینی ئێس- 400 ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە. ئەمریکا بە فەرمی ئاگاداری تورکیای کردووە و بریاری کۆنگریس دەرچووە و لەلایەن ترامپەوە واژۆ کراوە و بۆتە یاسا، کە ئەگەر ئێس- 400 بکڕێت پاتریۆت و فرۆکەی جەنگیی ئیف – 35 ی پێنافرۆشن و سزای تریش دەخەنە سەر تورکیا. بەلام پۆتین وەک باسم کرد، کورد گوتەنی بە گونان بەستوویەتییەوە و ئەمە گرنگترین بڕیاریک دەبیت کە ئەردۆگان بەم زووانە دەبیت بیدات. و کاریگەری چارەنووسسازیی لە سەر پیوەندی ئەمریکا و تورکیا و واتە چارەنووسی کورد و وکوردستانی گەورە و رۆژهەلاتی نێوەندیش دەىێت.
2- پلەی دووەم هاوکاری و هاوپەیمانی سیاسیی و ئابووریی نزیکتر و نزیکتری تورکیایە لەگەل روسیا [ستراتیجی، سەربازیی، سیاسیی ، ئابووریی، بازرگانیی] و لە ڕیگای ئەستانا وە لەگەڵ ئێران و هاوبەشبوونی لە ستراتیجییە سیاسیی و ئابوورییەکانی بەرەی رۆژهەلات [روسیا، چین، ئێران، هیندستان].. وەک هەلویست بەرامبەر واز‌‌هێنان لە دۆلار، فرۆشتن و کڕین بە دراوی خۆماڵی، وەستان بەرامبەر سزاکانی ئەمریکیی، مانۆری سەربازیی هاوبەش لە دەریای ڕەشدا لەگەڵ روسیا. پروپاگاندە ی ئایدیۆلۆجی دژی ئەمریکا [ لە دوا راپرسیدا، %73 ی تورک ئێستا دژی ئەمریکان]
3- شکاندنی سزای ئابووریی لە سەر ئێران وەک فایلێکی خەتەرناکی سزاکانی کۆن. بۆ هی ئێستاش تورکیا تەنیا بۆ ماوەی 6 مانگ بەخشراوە. هەروەها شکاندنی سزای ئابووریی لە سەر ڤینزوێللا.
4- فایلی بەکڕێگرتنی راوێژکاری ئاسایشی یەکەمی ترامپ جەنەرال فلین کە ێستا لە لایەن دادگای ئەمریکییەوە لێکۆلێنەوەی لە سەر دەکرێ لە لایەن ئەردۆگانەوە تا ببێتە لۆبی تورکیی لای ترامپ و کار لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترامپ بکات، کە کارێکە دژی یاسای ئەمریکیی.
5- فایلی گولەن و پاشکارەکانی کۆدیتای سەربازیی دژی ئەردۆگان.[ لە ڕوانگەی تورکیاوە]
6- جەنگی ساردی ئابووریی [باجی هاوردە زیادکردن لە سەر پۆلاو ئاسنی تورکی] و لەم رۆژانەدا لابردنی بەخشینی هاوردەکانی تورکیا لە باج .
7- بەردەوامی گرتنی کۆمەڵی هاوڵاتی ئەمریکی بە تۆمەتی هاوکاری تێرۆریزم لە تورکیا.
8- هاوکارینەکردنی تورکیا لە نەخشە و پلانەکانی ئەمریکا و ناتۆ وەک پێویست.
9- سیاسەتی ناوخۆی تورکیا و زیادبوونی ئایدیۆلۆجیزەکردنی ئیسلامیستی سیستمی پەروەرەدیی و کۆمەلایەتی تورکیا
10- ماکەرێتی ئەردۆگان بەرامبەر بە نێرەکەرێتی ترامپ [لە بیرتانە ” گەر هێرش بکەنە سەر کورد، ئابووریی تورکیا تەفر و تونا دەکەم] و بە بێ بەرامبەریش قەشە ئەمریکییەکەی سەرشۆڕانە پێ بەردا و هەرای خاشقچی بۆ شاردنەوەی ئەو سەرشٶرییە دروستکرد لە کاتێکدا بەلگەی پێوەندی قەشەکە بە ئینقیلابچییەکانەوە هەبوو. بەلام ئەردۆگان وەک هەر دیکتاتۆریکی گەواد بە کورد و تورک خۆشی فێرە، تا ئێستا تورکیا لە سوریا و عێراق یەک تەقەی لە ‌هیزەکانی سوریی، ئەمریکی، ئێرانیی، عێراقیی، حیزبوللا و هیج هێزێک جگە لە کورد نەکردووە.
کەوایە گەرچی پرسی پشتگیریی ئەمریکا بۆ کورد بەلای ئەردۆگانەوە لە پێش هەموو شتێکەوەیە، ئەمە بەلای ئەمریکاوە تەنیا پەراوێزێکی دیمەنیكی گەورەتری دەوری جیۆپۆلیتیکی و ستراتیجی و ئایدیۆلۆجی تورکیا ی ئەردۆگانییە.

ئەردۆگان و ساتی بڕیارە سەختەکان
1- وردە وردە ساتی بڕیارە هەرە سەختەکان لە ئەردۆگان نزیک دەبنەوە. دەرچوون لێیان نییە. ئەم یان ئەو، ڕەش یان سپی، رەنگی خۆڵەمێشی لە نێوانیان نییە.
2- بە نیسبەت ئەمریکاوە وەک وتم بریاری کڕین یان نەکرینی ئێس-400 ی روسییە. دیارە ئەمە دەیخاتە ناو دووتاشەبەردەکەی ڕوسیی و ئەمریکییەوە.
3- بە نیسبەت ڕوسیا و پۆتینەوە؛ بڕیاری ئیدلیب ە: ئایا ریکەوتنی سۆچی لە سەر ئیدلیب جێبەجی دەکات و جەبهەی نوسرە یا تەحریری شام وەدەردەنێ و هاوکاری روسیا و سوریا دەکات بۆ لە ناوبردنیان بە تایبەتی کە لە ناویاندا لەشکرێکی تورکستانی دژ بە روسیا و چین هەیە. بە هەر لایەکدا ئەردۆگان لە ناو دوو تەندووری گردار دایە.
4- ئە ئاوا هەموو کارە هەڵەشەکان و تاوانە ڕەشەکانی ئەردۆگان یەخەی خۆی دەگرنەوە:
1- سێ مڵێۆن و نیو پەنابەری سووریی بوونە بار بە سەر ئابووریی و کۆمەڵگای تورکیاوە. و ئێستا زۆر جار شەڕ و هەرای رەگەزپەرستی لە نێوان تورک و عەرەبی سووریی لە ئەستەمبول و شارەکانی تر ڕوو دەدات.
2- مالی قەڵب سەر بە ساحەبێتیی؛ سوپایەکی تەواوی تێرۆریستانی ئیسلامیی بە ناوی سوپای ئازاد لە ئیدلیب ئێستا هەمووی بۆ خۆی ماونەوە؛ چییان لێدەکات و چییان پێدەکات، هیوای وا بوو دیسان پۆتین ڕیگای بدات دژی کورد لە رۆژهەلاتی فورات بەکاریان بێنێت و دیمۆگرافی ناوچەکانی کوردستان وەک عەفرین بگۆرێت، و جووڵەشی پێکردن، دیارە ئەمانە لەشفرۆشە تۆرانییەکانی بە ناو کوردیشیان لەگەڵە لە پیاوانی بنەمالە و ئەردۆگان، بەلام پۆتین زوو پۆلیسی سەربازیی روسی بۆ ناوچەی لێکدابر نارد و ئەردۆگان پاشەکشەی پێکردنەوە.
3- گەر سەر بۆ پۆتین شۆر نەکات و روسیا بە ‌هێزی ئاسمانیی زەبەلاحی خۆی لە پال سوپای تورکیی و ئێران و حیزوللا، لە تێرۆریستەکانی نوسرە لە ئیدلیب بدا، ئەوا هەموو تێرۆریسیتەکان دەبنە ملکی تورکیا و چاوەڕیدەکرێ بە لای کەمەوە دوو ملیۆن پەنابەری سوریی تر روو لە تورکیا بکەن!
4- ئابوورییەکەی لە داڕماندایە بە هەر سیکۆچکە کوشندەکەوە:
A- بەرزبوونەوەی هاوسان لە سەرووی %20
B- بەرزبوونەوەی سوودبایی [سعر فائدە] کە %16
C- بەرزبوونەوەی بایی دۆلار بەرامبەر لیرە تا ئاستی %40
D- دوا ئاماری ئابووریی ئەمرۆ 03/ 11 نیشانی دەدا ئابووری تورکیا کەوتۆتە ڕەوشی وەستان / رکود/ واتە لە گەشەسەندن وەستاوە و لە پاشەکشی دایە.
E- زیادبوون و کەڵەکەبوونی قەرزی گشتیی [حکومەتیی[ و تایبەتیی [بازارو بازرگانی و کۆمپانیای تایبەتی] بە دۆلار و نەتوانینی تورکیا لە دانەوەی ئەو قەرزانە لە کاتی خۆیدا.
F- تا ئێستا ئەوەی لەنگەرێکی ئابووری داڕماوی تورکیا راگرتووە دەیان [ لەوانەیە سەدان بێت] ملیار دۆلاری قەتەرییە کە رژیمی ئیخوانیی قەتەر دەیخاتە ناو ئابووری تورکیا وە و دروستکردنی پرۆژەی گەورەی سنعەتی و تکنۆلۆجی هاوبەش کە بە شی زۆری سەرمایەکەیان هی قەتەرە و لە لایەن هەر دوو بنەمالەی ئیخوانیی ئەردۆگان و تەمیمەوە خاوەندارێتیی دەکرێن.
G- هەروا تورکیا ئەوە چەندین سالە لە سایەی خۆفرۆشی بنەمالەکانی باشوورەوە نەوت و گازی باشووری بە مفت دەستدەکەوێت و بازار و بازرگانی باشوور بۆتە مڵكیکی کۆلۆنیالی تورک .
5- بەلام هەموو شتێک دەگاتە تروپک و هاتنەخوارەوە دەست پێدەکات. پێمناخۆش نەبوو کە ئەردۆگان لە گۆرینی دەستوور و بوون بە سەرۆکی سولتانی دیکتاتۆری تورکیا سەرکەوت. ئەمە ئەو ترۆپکەی دەسەلاتە بوو کە دەیخواست. دوای ئەوە هاتنە خوارەوە لە لوتکەی وەهم دەستپێدەکات. دەشێ لە لەنگەرێکدا ببێتە هەڵدێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت