نەوزادى موهەندیس: عفرینى کوردان دواى ساڵێک لە داگیرکردن و بێدەنگیدا!

ڕێکەوتى 18/3/2018 ئەو ڕۆژە ڕەش و شوومە بوو بۆ تەواوى کوردان و بەتایبەتیش بۆ کوردانى ڕۆژئاواى قارەمان کەماوەى 6 ساڵى ڕێکە خەباتى مان و نەمان دەکەن لەلایەک لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ڕێکەوتى 18/3/2018 ئەو ڕۆژە ڕەش و شوومە بوو بۆ تەواوى کوردان و بەتایبەتیش بۆ کوردانى ڕۆژئاواى قارەمان کەماوەى 6 ساڵى ڕێکە خەباتى مان و نەمان دەکەن لەلایەک لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکان و لەلایەکیش لەبەرامبەر سوپاى تورکیا و لەلاى سێهەمیشەوە بەرامبەر سوپاى ڕژێمى داگیرکارى سوریادا. تورکیا کاتێک لە 24/6/2016 دا بڕیارى دەستوەردانى لەکاروبارى سوریادا دا، لە مانگى 1/2018وە کەوتە پلاندانان و پەلاماردانى شارى عفرین و بەبەرنامە وێسگەکانى ئاوى خواردنەوە و فڕنەکان و وێسگەکانى پەیوەندى بۆردومان دەکرد و تائەوکاتەى توانى لە 18/3دا بەتەواوەتى بچێتە ناوەڕاستى شارى عفرین و داگیرى بکات. کوردانى ڕۆژئاوا بەگشتى و عفرینیەکان بەتایبەتى توانیویانە گەورەترین قارەمانێتى پیشانى هەموو دونیا بدەن لەسەر دەستى کچان و کوڕانى کوردا و ئەوان بەهەق بونە سەفیرى کوردایەتى لەو قۆناغەدا و هێندەى تر ناسنامەى کورد و گەریلایان بەدونیا ناساندا لەپاڵ خەبات و بەرگریکردنى هێزى پێشمەرگەى قارەمان لەباشوورى کوردستاندا.پێش ساڵێکى ڕێک سوپاى داگیرکارى تورکیا بەهاوکارى چەندین گروپى تیرۆریستى لە سوپاى بەناو ئازادى سوریاى و… هتد. لەژێر ناوى هێرشى(( درع الفرات))دا توانیان شارى عفرینى خۆڕاگرى کوردان داگیر بکەن، لەبەرچاوى هەموو دونیا و مەخابن هەموو دونیاش و بەتایبەتیش زلهێزەکانى ڕوسیا و ئەمریکا کە دەستڕۆیشتوى ناو سوریان بێدەنگبوون لەو کارە داگیرکارى و دوور لەمرۆڤانەیەى ئەردۆگان و سوپاکەى.
عفرین زۆر بێناز و بێکەس بوو لەو کاتەدا، چونکە تەنانەت کوردانى براشیان لە باشوور نەیانتوانى وەکو پێویست و هاوشێوەى کوبانى قارەمان بەدەنگیەوە بچن لەبەر دوورى لە سنورى هەرێمى کوردستان و ڕێگریەکانى هێزەکانى تورکیا و تەنانەت ئەمریکاش. ئەمریکا بۆخۆشى هاوکارى دوو گروپى تیرۆریستى بەناوەکانى (جیش الاسلام و فیلق الرحمان) کردوە کە دەستیان هەیە لە گۆڕینى دیموگرافیاى عفریندا.
لەماوەى ئەو ساڵەدا ئەردۆگان و سوپاکەى و گروپە تیرۆریستیەکان گەلێک کار و تاوان ئەنجام دەدەن لە عفریندا هاوشێوەى لە دونیاى سەردەمدا نیە و تەنها لە پێش 500 ساڵدا باوباپیرانى ئەردۆگان لە خەلافەتى ئیسلامى عوسمانیدا ئەنجامیانداوە و بەدڕندەترین شێوە و خوێنڕشتن و کوشتار ئەوکاتیش شارى حەڵەبیان داگیرکرد و خەڵتانى خوێنیانکردوە. ئەردۆگان و سوپاکەى دواى چوونە ناو عفرینەوە لەسەر شێوازى تەتار و مەغۆلە عوسمانیەکانى باوباپیرانى 3 ڕۆژ شارەکەى حەڵاڵ کرد بۆ چەتە خوێنڕێژەکان و هەموو کارێکى دزین و ڕفاندن و ڕاو وڕووت و فەرهودو تاڵانى شارەکەى حەڵاڵکرد و کەوتنە دزیکردنى ماڵان و کوشتوکوشتارى کوردان و شێواندن و دزینى ئاسەوارەکۆنەکانى کوردان و تێکشاکاندنى سیمبولە ئازادیەکانى کورد وەک پەیکەرى کاوەى ئاسنگەرو … هتد.
ئەو کارانەى کە سوپاکەى ئەردۆگان کردویانە لە عفرین تەنها لە مێژوە تاریکەکانى چەرخەکانى ناوەڕاستدا ڕوویانداوە، وەک:
1. دەستخستنى پارەیەکى زۆر لەکوردان بەناوى ئەوەى کە ڕاپۆرتیان لەسەردراوە و بۆلابردنى ئەو ڕاپۆرتانە پارەیەکى زۆریان لێسەندون.
2. ڕفاندنى کەسانى دەوڵەمەند و دواتر ئازادکردنیان بە پارەیەکى زۆر.
3. دەستبەسەراگرتنى زەوى و ماڵ و دوکان و باخ و کشتوکاڵ و …هتد.
4. سەپاندنى باج بەسەر بازرگاناندا بەناوى پاراستنى سەروماڵیان.
5. بڕینى دار زەیتونەکان و دواتر فرۆشتنیان وەک دار لەبازاڕەکانى حەڵەب و تورکیا.
6. ڕێگەگرتن لەناردنى زەیتون بۆ بازاڕەکانى حەڵەب و ناردنیان بەنرخى هەرزان بۆ بازاڕەکانى تورکیا.
7. تەقاندنەوەى گەڕۆک لەکوڵان و ناوماڵانى کورداندا بەدەستى ئەنقەست بۆ ترساندنیان و دەربەدەرکردنیان.
8. سەرپەرشتیکردنى وەزارەتى پەروەردەى تورکیا بۆ خوێندن لەشارى عفرین.
9. هەراسانکردن و دەرپەڕاندنى کوردە عەلەوى و ئێزیدیەکان.
10. ئەنجامدانى کارو چالاکى لەلایەن (دەزگاى کاروبارى ئاینەکان لەتورکیا) کە دامەزراوەیەکى باوەڕپَکراوى ئەردۆگانە بۆ کۆکردنەوە و هاندانى مسوڵمانان لەهەر شێوێنێک بن بۆ پاڵپشتى لە بیرۆکەى عوسمانیە نوێکان لەژێر پەردەى ڕابوونى ئیسلامیدا.
هەموو ئەم کارانەى تورکیا و ئەردۆگان دەیکەن بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى شارى عفرینى کوردانە و گەرەکێتى لەجێگەى کوردە ڕەسەنەکان عەرەب و تورکومان و… هتد، نیشتەجێبکات. ئەوەتا ئامارى عەرەبى بە 55% و کوردى بە 35% داناوە بۆ ئەوەى 65% کوردەکان دەربکات وکە کارى گۆڕینى دانیشتوانى ئەنجامدا کەس نەڵێت گۆڕانکارى کراوە.ئاشکراشە بەپێى هەموو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان کارى پاکتاوى ڕەگەزى و داگیرکردنى شار و وڵاتێک لەدەرەوەى یاسا نێودەوڵەتیەکانن و بەتاوان دادەنرێن و ئەوەتا مادەکانى 2 و7 و 8ى ڕێکەوتنى ڕۆما ئەوکارانە بەتاوان لەقەڵەم دەدات.
ئەردۆگان مەبەستێتى کە ناوچەى ئارامیش بە قوڵایى 5کم دروستبکات لەسەر سنورى نێوان تورکیا و سوریا بەڕەزامەندى ڕوسیا و ئەمریکا و کارى سەرپەرشتیکردنیشى هەرخۆى بیکات، بەناوى پاراستنى ئەمنیەتى خۆى و بۆهەمیشە بتوانێت ڕێگرى لەکار و چالاکى کوردانى ڕۆژئاوا بگرێت.
تاوانەکانى ئەردۆگان و سوپاکەى و گروپە چەتەکان ،لەناو ڕاپۆرتێکى نەتەوە یەکگرتوەکانیشدا کە لە 6/2018دا بڵاوکراوتەوە دەریخستوە کە(( لە ئاستێکى بەرزدا تاوانى توندوتیژى لە عفرین بەڕێوە دەچێت دژى مەدەنیەکان و کارەکانى دزى و تاڵانى و هەراسانکردن و ڕفاندن و کوشتن زۆر بەربڵاوە و هیچ یاسایەکیش لە عفریندا نەماوە بەتایبەتیش دژى ئەوانەى کە هاوکارى کوردەکان دەکەن)).
ئامارى تاوان و کارە قێزەونەکانى ئەردۆگان و چەتەکانى ئەوەمان پێدەڵێن کە گەرەکیانە مۆرکى کوردانە لەشارى عفرین وەربگرنەوە و گۆڕانکارى گەورەى دیموگرافیاى تیادا ئەنجام بدەن،ئەوەتا لەماوەى ئەم ساڵەدا هەستاون بە:
• 32-45 قوتابخانە تێکدراون
• 318 پەیمانگا و زانکۆ داخراون
• 50 هەزار خوێندکار لەخوێندن بێبەشکراون
• 13 منداڵى خوێندکار کوژراون
• سەپاندنى خوێندن تەنها بەزمانەکانى عەرەبى و تورکى
• زیاد لە 200 کورد گیراون لەلایەن گروپەکانى ( جەبهەى شام و احرار الشرقیە و فرقەى حمزە) وە.
• تورکیا بەنیازە ئەو 3 ملیۆن ئاوارە سوریە بگێڕێتەوە بۆ ناوچە کوردیەکان لە(  عفرین و جەڕابلوس و عەزاز ) و نیشتەجێیان بکات و تائێستا زیاد لە 140 هەزار ئاوارەى سورى چونەتەوە ناو عفرین لەهەموو نەتەوەکان.
• وەرگرتنى بڕى 20هەزار دۆلار لەبەرامبەر ڕزگارکردنى هەر خێزانێکى کورد.
• وەرگرتنى بڕى 5 هەزار دۆلار لەبەرامبەر پێدانەوەى ئۆتۆمبێلەکانیان.
ئەوەى ئاشکرابوە، ئەوەیە کە داگیرکردنى عفرین دژى حیزبێکى دیاریکراو یان هەنگاوێکى پێشوەختە نەبوە بۆ پاراستنى ئەمنیەتى سنورەکانى تورکیا،بەڵکو شەڕى جوگرافیا و دانیشتوان و پاکتاوکردنى ڕەچەڵەکى کورد و کوردستان بوە لەچوارچێوەى بەرنامەى فراوانخوازى دەسەڵات و قەڵەمڕەوى عوسمانیە نوێکاندا کە ئەردۆگان گەرەکێتى سەردەمى خەلافەتى عوسمانیەکان ببوژێنێتەوە و خەون بە خەلیفایەتى مسوڵمانانەوە دەبینێت.
دەوڵەتى تورکیا بەدرێژایى مێژووەکەى کە لەسەر غەزوکردن و کوشتوبڕین بنیاتنراوە، لەئێستاشدا ئەو خەوە قێزەونەى فڕێنەداوە و گەرەکێتى بەزۆر و زۆردارى و داگیرکردن خەونە ڕزیوەکەى زیندووکردنەوەى خەلافەتى عوسمانى زیندووبکاتەوە لەسەر حسابى داگیرکردن و وێرانکردنى وڵاتان و گەلانى ناوچەکە و بەتایبەتیش کورد.
بەڵام ئەردۆگان و سوپاکەشى و چەتەکانیش باش دەزانن عفرین و هەموو شارە کوردیەکانى تریش لە ڕۆژئاوادا دەبنە ئەو زەلکاوەى کە تیایدا گیردەخۆن و کوردان بە ئاسانى سەرشۆِرناکەن و بەردەوامى دەدەنە مقاوەمەت و کار و چالاکى دژى هێزەکانیان و ڕۆژێکدێت عفرینى خۆڕاگر لەژێر زوڵم و داگیرکارى تورکەکان ڕزگارى دەبێت. ئەردۆگان و تورکیا ئەرکێکى قورسى پاراستنى ئاسایش و بەڕێوەبردنى عفرینیان کەوتۆتە ئەستۆ کەلەم قۆناغەى تورکیادا زۆر زەحمەتە بەردەوام بێت چونکە ئابوریەکى فشەڵ و لاوازى هەیە.
لەکۆتایدا مانگى ئازار بۆ کوردان زۆر بەئازارە و بەتایبەتی کە پێش 31 ساڵ شارى هەڵەبجە لەباشوور لەلایەن ڕژێمى داگیرکارى بەعسى فاشیزمەوە و لەبەرچاوى هەموو دونیادا و بەبێدەنگى و بێکەسى شەهیدکرا،ئەوەتا بەهەمان شێواز و پێش 1 ساڵیش عفرینى دەستەخوشکى هەڵەبجە بەبەرچاوى هەموو دونیا و بەبێدەنگى هەمان ئازارى بەخۆوە بینیەوە و داگیر و خەڵتانى خوێنکرا. مەخابن هەڵەبجە و عفرین ترۆپکى دوو ئازارى قوڵ و لەبیرنەکراوى نەتەوەیەکى ژێر دەست و داگیرکراوى کوردن لە دونیاى بەناو پێشکەوتوو و دیموکراسید و ئازایەکاندا، بەڵام بەدڵنیایى وەک چۆن هەڵەبجە ئازاد و ئاوەدانکرایەوە و ڕژێمى بەعسى فاشى لەگۆڕنرا ئاوهاش ڕژێمى تورکیا و چەتە تیرۆریستەکانیش لەگۆڕدەنرێن و عفرینیش و هەموو شارە کوردیەکانى ڕۆژئاواى کوردستان ئازاد و ڕزگار و ئاوەدان دەکرێنەوە و دوژمنان و داگیرکارانى کودیش سەرشۆڕ و زەلیل و بەرەو زبڵدانى مێژوو دەنێردرێن. ئەرکى هەموو کوردانە کە چیدى عفرین بەبێدەنگى و بێکەسى بەجێنەهێڵن و ڕێگە بە بەردەوامى داگیرکردنى و شێواندنى دیموگرافیاکەى نەدەن و هەموو هێز و توانا و پەیوەندیەکانیان بخەنە گەڕ بۆ کۆتایهێنان بەو ستەم و جەور و داگیرکاریەى عفرین کە لەلایەن ئەردۆگان و سوپاکەى و چەتە تیرۆریستەکانەوە بەردەوامە وچیدى بێدەنگى بشکێنن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس