كارۆخ عوسمان: نیوزلەندە ڕۆژئاوا نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھێرشێكی ناڕەوا لەلایەن بەشێك لەمسوڵمانان لەسەر ڕۆژئاوایە.
ئەم ھەموو وڵاتانەی ڕۆژئاوا بریتین نین لەو دوو تیرۆریستەی نیوزلەندە.
گشت مسوڵمانێك تەمەننا دەكات لەوڵاتێكی ڕۆژئاوایی ئیقامەی نیشتەجێ بوون و ژیان وەرگرێت، كەچی بەھۆی دوو تیرۆریستەوە ئیدانەكانیان گشتاندووە.
ئاخر بۆ ژیان ھەر ڕوودەكەنە ڕۆژئاوا
بۆ دەستكەوتنی تەكنەلۆژیا ھەر ڕۆژئاوا
بۆ چێژوەرگرتن لەسەیركردنی یاریەكان ھەر ڕۆژئاوا
بۆ بەسەربردنی كاتە خۆشەكان ھەر ڕۆژئاوا
بۆ كڕینی وەسائیلی ژیان ھەر ڕۆژئاوا
بۆ خوێندن ھەر ڕۆژئاوا
بۆ چارەسەری پزیشكی ھەر ڕۆژئاوا
تەنانەت بۆ چەكی یەكتر كوشتنیش ھەر ڕۆژئاوا
دەی ئەوەیە كە ڕۆژئاوای فەڕز كردووە بەسەر وڵاتانی زۆرینەی مسوڵمان نشین.
یەكەم كەس لەسەرۆكانی وڵاتانی ئیسلامی ئەردۆگان بوو ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیەی كرد كەچی ھەرخودی ئەردۆگان سەرۆكی توركیا بەشێكە لەتیرۆرو ھەزاران كەس بەھۆی سیاسەت و بڕیارەكانی ئەودا مردن، ئاوارەبوون، ڕووبەڕووی ئەشكەنجە بوونەوە.
بەڵێ ڕاستە ئەو كارەساتە دڵی ھەموو بەشەرێكی ئینسانی ھەژاند، بەڵام ناشكرێ كۆمەڵگەی نامسوڵمان گشتی بەتیرۆر ببینرێت.
ئەو پۆلیسانەشی كەتیرۆریستە مەسیحیەكەیان كوشت خۆ ھەر مەسیحی و نیوزلەندی بوون.
ئینجا نیوزلەندەش ڕۆژئاوا نیە، بەڵكو لەڕۆژھەڵاتی قیبلەی مسوڵمانان.
تیرۆر ھەركێیەك بیكات ھەر قێزەونە، خۆ سعودیەش كردی و ھاوكاری تیرۆریشە، ئێرانیش دەیكات و بەردەوامیشە.
مسوڵمانان كاتێ لەوڵاتە ئیسلامیەكەیان ھەڵدێن دەچن بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوێ دەتوانن وەك ئینسان بژین.
ئینجا بزانن، 90٪‏ی وڵاتانی جیھانی ئیسلامی شیاوی ژیان نەماون، ھەر ئیسلامیەكانن مسوڵمانانی ھاودینیان ڕاودەنێن.
ھەر ئەوانەن كەئێستا ئیدانەی ڕووداوی نیوزلەندە دەكەن خەڵكی مسوڵمان لەبن دەستیاندا ناڵەی دێت و توشی ھەزارو یەك دەرد بوونە، مەگەر دەرخوارددانی دەرمان و خواردنی بەسەرچوو و خراپ بەشێك نیە لەئیغتیالی شەخسی و تیرۆری كۆمەڵگە؟
مەگەر زەوتكردنی سەربەستی تاك و ئازادی و مافە ڕەواكانی خەڵك تیرۆر نیە؟
مەگەر ئەم ھەموو ناعەدالەتی و دزی و گەندەڵیەی كە لەبەشی ھەرەزۆری وڵاتانی ئیسلامی ھەیە تیرۆر نیە؟
مەگەر كڕینی چەك و چۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاواو چەكداركردنی گروپ و شەخسی توندڕۆ و بەیەكداكێشانی نێوانیان تیرۆر نیە؟
ھەركێ بڵێت: بەھۆی چەكی ڕۆژئاواوەیە خەڵك دەكوژرێت ھێشتا وڵات و حوكمڕانەكەی خۆی نەناسیوە، چون ئەگەر بیانناسیبا دەبوایە دژایەتی كڕینی چەك لەڕۆژئاوا بكەن نەك ئیدانەی فرۆشیارانی چەك، خۆ حوكمڕانی وڵات ناچار نەكرایە چەك بكڕێت، دەتوانن خزمەتگوزاری بكڕن نەك وەسائیلی كوشتن و تیرۆر.
نیوزلەندە نە ڕۆژئاوایەو نە كۆمەڵگەی ڕۆژئاواش تیریۆریستە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت