محەمەد بەرزی: چراکانی نیشتمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نیشتمانەکەمان بریتییە لەو پارچە زەوییە بە پیتو بەرەکەتە پیرۆزەی، کە بۆتە پێناسەمان و چەند هەزار ساڵێکە واری نەتەوەی کوردە و میللەتەکەمانی لەسەر دەژی و پشتاوپشت گەیشتۆتە ئێمە و بۆتە مایەی شکۆ و شانازیمان. ئەو بەهەشتە پڕ سۆزە گەرموگوڕەیە، کە سۆزی هیچ نیشتمانێکی تری دنیا پێی ناگات و بۆن و بەرامی دایک و باوک و نەتەوەکەمانی گرتووە و حەزئەکەین بە مردوویش جەستەمان لە باوەشە خۆشەکەیدا بە ئاسودەیی ئارامبگرێت و ئاوێتەی خاکە پاک و پیرۆزەکەی بێت. بێگومان نیشتمانیش بە هۆی نیشتمانپەروەرانەوە دەبێتە نیشتمانێکی ئازاد و ئاوەدانی خاوەن ئاڵا و سرودی تایبەتی خۆی. نیشتمانپەروەریش ئەو کەسەیە، کە بە دڵ نیشتمانی خۆی خۆشدەوێت و شانازی پێوەدەکات، دوور لە بەرژەوەندی تایبەت و پۆست و پارە، بە ویژدانەوە کار و خزمەتی هێژای پێشکەش دەکات و پارێزگاری لە شکۆ و سەروەت و سامانی دەکات و لە کاتی تەنگانەشدا، چ بە گیان و چ بە خزمەتکردنێکی بێ هاوتا، بە هانایەوە دەچێت و لە هیچ کارێکی چاکە خۆی نابوێرێ و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی پاراستن و پێشکەوتنییەتی.
ئەوەی شایانی باسە بە درێژایی مێژوو ڕۆڵە نیشتامانپەروەرکانی نەتەوەکەمان، بۆ گەیشتن بە ئازادی و نیشتمانێکی ئاوەدانی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش درێغیانەکردووە و دەریاییەک خوێنیان بۆ ڕشتووە. مێژوومان پڕە لە ناوی کەسانی مەزنی نەمر، چ بە سەر و ماڵیان و چ بە کارە ناوازەکانییان خزمەتی نیشتمانیانکردووە، بەڵام بە داخەوە لە دوای ڕاپەڕین و ئەو مێژووە لە خەم و خوێن هەڵکێشراوەمان، سیاسییە پاوانخوازەکان، نەیانتوانیوە حوکمڕانییەکی وامان بۆ دەستەبەر بکەن بە قەد باڵای تێکۆشان و قوربانییەکانی ڕۆڵەکانمان بێت. ئەوەتا ماوەی 28 ساڵە وەک زەروو لەسەر حسێبی ڕەنجی شانی خەڵکی کەساس و داماو دەژین، داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی نیشتمان تاڵاندەکەن، ئاوات و خەونی مێژینەی کورد لەباردەبەن.
بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندی خۆشیان، کار لەسەر داوەشاندن و کرمێکردنی ناخی مرۆڤی کورد دەکەن، نەوەیەکی بندیواری وایان پەروەردە کردووە، کە گرەویان لەسەر ناکرێت. بەم سیاسەتە چەوتەشیان کۆمەڵگایان والێکردووە، بە تەواوەتی واتا و مانای نیشتمانپەروەریی کاڵبیتەوە و بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی بە چەشە و تیکەی ژەهراوی پۆست و پارەش، پەردەی نیشتمانپەروریان لە سەر ڕووی زۆر کەسی هەلپەرست داماڵیوە و دەنگ و ڕۆڵی نیشتمانپەروەری ڕاستەقینەشیان خامۆشکردووە . لە ئەنجامیشدا نیشتمان و کۆمەڵگاکەمانیان ڕووبەڕووی نەهامەتی و مەترسی گەورە و گران کردۆتەوە . بەڵام لەگەڵ ئەو بارە نالەبارەشدا، هێشتا کەسانێکی نیشمانپەروەری بە ویژدانی چاونەترسی ئازا هەیە، کە خەمی نیشتمانیان لە کۆڵ ناوە و دوور لە بەرژەووەندی تایبەتی خۆیان و پۆست و پارە ، بەردەوام داکۆکی لە بەها جوانەکان دەکەن. بێگومان یەکێک لەو چرایانە کاک ( جەلالی عومەری سام ئاغایە )، کە لە دوای ڕاپەڕینەوە، مەردانە و کوردانە گیانی لەسەر لەپی دەستی خۆی داناوە و بێ پرس و بێ ترس دەستی خستۆتە سەر برینەکان و کەموکورتی ئەو حوکمڕانییە شکستخواردووەی ئاشکرا کردووە، بە هیوای ئەوەی نیشتمان و ماڵ و موڵکی گشتی بپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کاتەی سەرۆکی دیوانی چاودێری بووە، نزیکەی سێ هەزار ڕاپۆرتی، دەربارەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان و موڵک و ماڵی گشتی ڕادەستی داواکاری گشتی کردووە. خۆ ئەگەر لە بەر ڕۆشنایی یاسایەکی عادیلانەدا لەو ڕاپۆرتانە بکۆڵرایەتەوە، ئەوا بە دڵنییاییەوە ڕۆژمان بەم ڕۆژە ناخۆشە نەدەگەیشت و سەدان ملیۆن دۆلار دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و دەستی دزە گەورەکانیش لە بندا دەبڕران، ڕێگاش لە ڕاوڕووت دەگیرا. پاشان لە کاتێکدا نیشتمانپەروەرانی دوێنێ، لە پێناوی هەڵپەی پۆست و کۆکردنەوەی سەروەت و ساماندا، نیشتمانپەروەری خۆیان خستە ژێر پرسیارەوە و ئاگریان لە ڕابوردووی خۆیان بەردا، بەڵام کاک جەلال بە خواستی خۆی واز لە پۆست و پلە و پایە دەهێنێت و خزمەتێکی بێ وێنەش پێشکەش بە شاری سلێمانی و هاوڵاتییەکانی دەکات.
ئەوەتا هێشتا لە ژیاندایە خانووە گەورەکەی خۆی، کە جوانترین خانووی گردی سەرچنارە، دەبەخشێت بە وەزارەتی تەندروستی، تا دوای خۆی بکرێت بە نەخۆشخانەیەک. پارچە زەوییەکیی دەفرۆشێت و پارەکەی دەخاتە بانکەوە و ساڵانە قازانجەکەی دەکات بە پاداشت و پێشکەشی فەرمانبەری لێهاتوو و چەند خانمێکی سەلاری دیوانی چاودێرێ دارایی دەکات. پاشان ئەختەرخانی خوشکی هەمان ڕێگا و ڕێبازی کاک جەلال دەگرێتە بەر و دوای خۆی تاقە باڵەخانەکەی پێشکەش بە پەروەردەی سلێمانی دەکات و دەکرێت بە داینگەیەک بۆ ساوایان. بێگومان کارە ناوازەکانی ئەم بنەماڵە خێرخوازە سەربەرزە، کە وەک تیشکی خۆر دەدرەوشێنەوە هەر لێرەدا نەوەستاوە، بەڵکو بە هاوکاری و ڕەنجی چەند ساڵەی مامۆستا ( زەکێ خانی عومەری سام ئاغا )، شارایەکی تر دەخەنە سەر خەرمانی ئەو خزمەتە بە نرخەی خۆیان و لەسەر ڕووبەری حەوت هەزار مەترە چوارگۆشە و لە ژێر سەرپەرشتی کاک جەلالدا، هەڵدەستن بە دروستکردنی خوێندنگایەکی نموونەیی بنەڕەتی دوازدە پۆلی، کە توانای لە خۆگرتنی ( 700 ) خوێندکاری هەیە. بڕی تێچووی ئەو پڕۆژەیەش گەیشتۆتە ( 550 ) هەزار دۆلار . بەمەش دەیانەوێت لە ژێر سایە و سێبەری بیرکردنەوەی خۆیاندا، تۆوی بڕوا لە دڵی نەوەیەکی نۆیی ئازا و پاکی نیشتمانپەروەردا بچینن و لە دواڕۆژدا بتوانن بەو پەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی ئەو نیشتمانە بێ نازەیان بکەن، کە سەدان ساڵە لەژێر زوڵمی داگیرکەر و جاش و خۆفرۆش و کەسانی ملکەچی ئەڵقە لە گوێی هەلپەرستدا دەناڵێنێت. سوپاس بۆ ئەو بنەماڵە نیشتمانپەروەرە دڵسۆزەی، چرایەکی گەشیان بۆ هەڵکردین، کە هەتا هەتایە، کارە مەزن و ناوازەکانیان، وەک نەخشی سەر بەرد، لە یادەوەری خەڵکە بە شەرەفەکەی شـارە قـارەمـانـەکـەی هـەڵـمـەت و قـوربـانـیـدا، وەک تـیـشـکـی خــــۆر دەدرەوشینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت