بورهان شێخ ڕەئوف: هۆکارەکانى پشت کوشتارى موسڵمانان لە نیوزلەندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەیانى ڕۆژى هەینى 15- 03- 2019 جیهان کاتێک بە ئاگا هاتەوە تاوانێکى گەورەو خەمناک و دڕندانە لە شارى (کرایست تشرش ) واتە شارى مەسیح لە وڵاتى نیوزلەندا ى دوورە دەست و پەڕ لە جیهاندا ئەنجامدار، کە (49) کەسى سڤیل و بێتاوان کوژران تاوانیان ئەوە بوو لە مزگەوتدا نوێژو خوا پەرستیان دەکرد لە کاتێکدا ئەمە نە تاوانەو نە تیرۆر، بەڵکو هەموو یاساو ڕێسا کان ئازاداى بیروباوەڕو ئاین و بەجێهێنانى مەراسیم و ئەرکە ئاینیەکانیان بۆ تاک فەراهەم کردووە .
ئەبێت چى بێت ئەم زەمینەو ژینگە ى لەبار کردبێت بۆ ئەوەى تاوانێکى وا قێزەون ئەنجام بدرێت ئایا ڕق و بێزارى ئیسلام فۆبیا لە پشت ئەم کردەوە تیرۆریستیەوەن لە لایەن تاقم و گروپى ڕاستڕەو پۆپۆلیستى کە لێدوان و بیرو بۆچوونەکانیان لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر ڕەواجى هەیە و بڵاوە بە هۆى کارو کردەوەکانى داعش و ئەلقاعیدەو تاقمە گروهە توندئاژۆکانى ترەوە کە لە دواى 11 سبتمەبەرەوە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتوەتەوە لەزۆر کونج و کەلەبەرى ئەم جیهانە جەنجاڵ و پڕ لە کێشەو قەیرانەدا لەم قۆناغە مێژووییە پڕهەستیارو ناسک و شڵەژاوەى ئێستادا.
کەمینەى موسڵمان لە کۆمەڵگەى نیوزلەند کەمینەیەکن خێراترین و زۆرترین گەشەیان کردووە کە ژمارەکەیان لە نێوان ساڵانى 1991 تا 2006 شەش ئەوەندەى خۆى زیادیان کردووە هەرچەندە هەموویان لە بنچەوە بیانى نین، بەڵکو خەڵکى ڕەسەنى نیوزلەندەشن، هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە 77% خەڵکى دەرەوەى نیوزلەندەن و 29% خەڵکى هندستانن و 21% خەڵکى عێراق و ئیچران و هەندێک وڵاتى ترى ڕۆژهەڵاتى ناوینن، بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى گەشەى کۆمەڵایەتى ئەو وڵاتە ئیستا ژمارەى موسڵمانەکان لە نیوزلەندە پەنجا هەزارکەسە کە ڕێژەى 1% ژمارەى دانیشتوانى نیوزلەندە پێکدەهێنن،کە لە شارە سەرەکیەکانى ئۆکلاندو کریست تشیرش و ویلنجتون و هاملتون نیشتەجێن و توانیویانە تا ئێستا ببن بە خاوەنى حەوت کۆمەڵەو قوتابخانەى ئیسلامى بۆ فێرکردنى کچانى ئیسلامى و و هەروەها قوتابخانەیەکیش بۆ لەبەرکردنى قورئانى پیرۆز جگە لە دروستکردنى پەنجا مزگەوت، بەڵام ناتوانن بانگ بە دەنگى بەرز و بە بڵندگۆ بدەن چونکە یاساى نیوزلەند ڕێگا بەوە نادات.
هەرچەندە کۆمەڵگاى نیوزلەندى زۆر دوورە لە توند ڕەوى ڕق و دەمارگیرى ئاینى و نەتەوەیى، بەڵام ئەوە ڕووداو و کردەوەکانى شویچنانى ترە لە جیهان پەلیان هاویشتووە بۆ نیوزلەندە کە کارو کردەوەى وا سامناک و قێزەون لە سەر خاکەکەى ئەنجام بدرێت لەو ڕووداوانەش تەقینەوەکانى 11 سپتمەبەرى نیورۆک و سەرهەڵدانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام بە کارو کردەوتوندڕەوى یەکانیانەوە.
نیوزلەندە هیچ سنورێکى وشکایى لە گەڵ هیچ وڵاتێکدا نیە، بەڵکو کۆمەڵێک دوڕگەن لە ئۆقیانووسى ئارام لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئوسترالیا وات شوێنێکى زۆر پەڕو دوورە دەست و دابڕاوە لە جیهان، بەڵام ڕوودانى تاوان و کردەوەیەکى وا نا ئاسایى ئەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرو بەڵگەنەویستە بۆ هەموو لایەک دەسەلمێنێت کە تیرۆر هیچ سنوورێکى نى یەو هیچ جوگرافیایەک لە سەر گۆى زەوى دانابڕیچت لە کێشەو ململانێکان .
هۆکارێک و ئاماژەیەکى ترى ترسناکى ئەم کردەوە تیرۆریستیە ئەوەیە هەڵبژاردنى شارى (کرایست تشرش ) کەماناى ( کەنیسەى مەسیح )ە ئەمەش پێدانى ڕووپۆشێکى ئتنیکى ئایینى یە بەم ململانێ سامناکە، کە ببێتە خاڵێکى جیاوازو جیاکردنەوەى هەردوو ئایینى ئیسلام و مەسیحى کە ساڵانێکى زۆرە بە یەکەوە هەڵیانکردووە پێکەوە لە زۆر شوێنى ئەم جیهانە پێکەوە دەژین بە بێ کێشە.
لەلایەکى ترەوە دوڵەتى ئیسرائیل کەتا ماوەیەک لەمەوبەر خۆى بە دەوڵەتێکى سیکۆلارو دیموکراسى دەناساند، ئیستا پاشگەزبووەتەوەو خۆى بە دەوڵەتێکى تایبەت بە ئایینى یەهودە دەناسێت، لە کاتێکدا لە سنوورەکەى دا عەرەب و موسڵمان و مەسیحى و دورزى هەیە! بەم هەنگاوە هەموو ئەو پێکهاتانە لە مافەکانیان لەدەوڵەتى ئیسرائیل بێبەش دەبن.
هەر ئەمڕۆش 21- 03- 2019 چوار مزگەوتى موسڵمانەکان لە شارى بیرمنگهام لە بەریتانیا کەوتنە بەر هێرشى خەڵکى نەناسراو هەموو ئەمانە ئاماژەى سامناکن بۆ ئایندەى پێکەوە ژیان و ئارامى و سەقامگیرى و بە تایبەتى دواى سەرهەڵدانى تاقم و گروپە پۆپۆلیستەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت