بەهرۆز جەعفەر: یەکێتی و ئیستیحقاق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەلای «موریس دیفریجە» ەوە لە هەر شوێنێک حیزب هەبو ئەبێت وەڵامدەری پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکان بێت. ئێ ئەوە نە چوار و، نە شەش و، نە دە ساڵە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پێچەوانەی زروفی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان هەنگاو ئەنێت. پێچەوانەی پێداویستیە نەتەوەییەکان هەنگاوی هەڵگرتووە، زیندوترین نمونە کەرکوکە کە لەماوەی چواردە ساڵی حوکمی کوردو یەکێتی دا کارێکی وەها ناشیرین و پۆخڵیان لە کەرکوکدا کرد کە هیچ دوژمنێک لە مێژوودا زیانی وەهای لەو میللەتی کوردە نەداوە. بە کورتیەکەی کەسێک نییه لەم حیزبە بتوانێ لە کەسێکی تر بپرسێتەوە.
ئەم بابەتەش ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕەوشی ناو یەکێتیەوە هەیە، ئەوە پەیوەندی بەناو یەکێتیەوە هەیەو، خۆیان چاک ئەکەن سەرچاوان، نایکەن یەک تۆز سوپاسیان ناکەین، ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەی بەڕێوەیە، وه قانونی زەمەن و تەبیعەت چاوەڕێی کەس ناکاو، لەسەر کەس ناوەستێت.
بەس ئەوەنەی پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتیمانی کوردستان و، ڕەوشی ژیانی خەڵک و فەرمانڕەوایەتیەوە هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەخۆیو ئەو هەموو باڵ و ماڵ و حاڵەوە زیانێکی پێش چاوی داوەو، ئەدات. چۆن؟!. ئەوە شەش مانگە « نیمە ساڵێکە» حکومەت و پەرلەمان پێک نایاو کارەکانی خۆی ناکات، شاراوە نییه بە پلەی ئیمتیاز هۆکارەکەی نا ئامادەیی یەکێتیە. ئەم حیزبە تەنها ئەڵێ « ئێمە سوورین لەسەر ئەو پۆستەو، ئەم پۆستەو، ئەوە پۆستی ئێمەیەو، ئەمە ئیستحقاقی یەکێتیەو…..». کام ئیستحقاق؟!. حیزبێکی بچوکی وەک شیوعی لە کوردستان ئەگەر بە شکڵیش بێت ئارگیۆمێنت و ڕێبازی کارکردنەکەی دیارە ئەڵێ من لەبەر ئەو خاڵانە هەم…بەس ئێستا زەرورەتی یەکێتی چیە؟!. من ناڵێم زیادەیە یان نابێت هەبێت، ئەڵێم پێمان بڵێن ئێوە بۆچی هەن و چیمان بۆ ئەکەن؟!. ئێوە چۆن چۆنی سیاسەت ئەکەن ؟!. مەسەلەن لە کوێدا یەکێتی گوتویەتی ئەمە پرۆژەی منە بۆ ئایندە تا ئێمەش وەک پرس و کاراکتەرێکی تر پاڵپشتی تەواوی لێ بکەین…
ڕەنگە ئەم حیزبە هێشتا هەستی نەکردبێت خاوەنی (21) کورسیە لە پەرلەمان، هێشتا پێی ناخۆشە پێی بڵێی بۆچی تۆ لە 51 کورسیەوە هاتویتە سەر 21 کورسی!؟. پێیان هەزم ناکرێت کەمتر لە نیوەی کورسیەکانی پارتیان هەیە…هێشتا نازانن کەرکوکیان لە دەستداوە و، سلێمانیش بەتەنها ئەوان نین!.
ڕەنگە ئەم حیزبە هێشتا نەیزانی بێت 60٪ شەست لەسەتی هاوڵاتیان بایکۆتی دەنگدانیان کردووە!؟. ڕەنگە نەیزانی بێت دامودەستگەکان بونەتە بارمتەی کوتلە حیزبیەکان. هێشتا نەیزانیوە کە بۆچی زۆرینەی کوردی کەرکوک حوکمی حەشدێکی شەعبیان پێ خۆشترە لە بونی ئەوان لە شارەکەدا !!. ڕوبەری جوگرافی قەزای دووز و خانەقین نزیکەی ڕوبەری وڵاتی لوبنانە، بایی ملیارەها دۆلار زەوی تیا فرۆشراوە لەلایەن بەرپرسەکانی حیزبەوە، ئەوە بێجگە لە نەوت کە ئێستا گەرمتر لە جاران خەریکن، ئینجاش شارەکەیان بە کەرکوکەوە خستەوە دەست هێزە عێراقیەکان !؟.
کامە ئیستحقاقتان مەبەستە؟!. تۆزێک بەرژەوەندی تاک و خاکی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندی کوتلەو کوڕو کچ و پاسەوانەکانتانەوە. یەکێتی ئێستاشی پێوە بێت خەڵک بە کرێگرتەی پارتی تۆمەتبار ئەکات، وەک بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام بۆخۆی پێی ئاساییە وەک چەنەها ساڵی ڕابردوو بکەوێتە خزمەتی پارتیەوە.
تێ بی نی: دە دوانزە ساڵی ڕابردوو لەو قسەو نوسینانەی سەرەوەمان زۆر کرد، فایدەیەکی نەبو، ئەوانەی ئەوسا تا مریشکە ڕەشەیان لەگەڵ ئێمە برد ئێستا وەک کۆتەرە ئەم ڕاستیانە لەسەر ئاو ئەبینن و دانیشی پیا ئەنێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت