جیهاد موحەمەد: مرۆڤی رۆژهەڵاتیی نە مێژووی هەیە و نە مێژووکردە.

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بە گشتی، کۆمەڵگاگەلێکی بێ بەرهەمن، ڕەنگە ئەم بۆچوونە هەندێک گشتگیریی پێوە دیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەست ئەوەیە، کە هەموو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە ڕێژەیەکی یەجگار گەورە مشەخۆرن، هیچ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بە گشتی، کۆمەڵگاگەلێکی بێ بەرهەمن، ڕەنگە ئەم بۆچوونە هەندێک گشتگیریی پێوە دیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەست ئەوەیە، کە هەموو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە ڕێژەیەکی یەجگار گەورە مشەخۆرن، هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی زانستیان نییە، ئەگەر هەشبێت بە بەراورد بە بەرهەمە زانستییە هاوردەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاواو و ئەمەریکاو و یابان و ئوسترالیاو و چاینا و وڵاتانی دیکە، ئەوەندە کەم و لاوازن کە پێوانەیەکی ئەوتۆیان بۆ ناکرێت.
کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بەرخۆرن، بە جۆرێک بەرخۆرییان هەیە بۆ کەلوپەلە بەرهەمهاتووەکانی وڵاتانی دەرەوەی خۆیان، لە دەرزیەکی دروومانەوە تا دەگات بە هەموو کەرستەکانی جل و بەرگ و خۆگەرمکردنەوە و کەلوپەلی ناوماڵ و دامەزراوە حوکومیی و مەدەنییەکان، هەموو کەرەستەکانی پەیوەندیکردن و هاتوچۆکردن هاوردە دەکرێت و، زۆر بە دەگمەن کەرەستەگەلێکی خۆماڵیی هەبن. هەڵبەت هەموو ئەم ڕەوشی هەژارییەش لە نەبوونی نەزانین و زانستەوە سەرچاوە دەگرێت، واتا زانست و بەرهەمە زانستیەکان هەموویان هاوردە دەکرێن.
کاتێک دەگوترێت، کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان دواکەوتوو و هەژارن، مەبەست لە دواکەوتوویی و هەژاریی دەست و پێ سپێتیی ئەم کۆمەڵگایانەیە لە بەرهەمهێنانی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە بەرهەمی پێشکەوتنە زانستیەکانە. زانین و زانست و پەروەردە دواکەوتووە، بۆیە بەرهەمیش یان نییە، یان دواکەوتووە.
هۆکار و فاکتەری سەرەکی دواکەوتوویی و هەژاریی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، قەتیسمانیانە لە یەک زەمەندا، مرۆڤی رۆژهەڵاتیی بە زەمەنە سروشتییەکانی خۆیاندا، کە “ڕابوورد، ئێستا و داهاتوو”ە تێنەپەڕیون. هەمان بیرکردنەوە، هەمان پەروەردە، هەمان کولتوور، هەمان بەرهەمی مەعریفیی، هەمان دیدگا و فەلسەفەی ژیان لە مێشکیاندا خۆی نوێ دەکاتەوە، ڕەنگە گۆڕانکاری تەنها لە فۆرمەکانیاندا هەبوو بێت، نەک لە ناوەڕۆکیاندا، بۆیە دەشێت بڵێین، مرۆڤی رۆژهەڵاتیی خاوەنی مێژوو نیە و مێژووکرد نیە.
دواتکەوتوویی و هەژاریی بوارە زانستیەکان و پیادەکردنی پەروەردەیەکی نەریتیی لە فێرگەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دیدگا و جیهانبینیەکی فەلسەفیانەی پێشکەوتووی دەسەڵات و حوکمڕانەکانی ئەم وڵات و کۆمەڵگانە، چونکە ڕێگرن لە هەرچ پێشکەوتنێکی بواری پەروەردە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی نەزانین و جەهالەتەوە درێژە بە حوکمڕانی خۆیان بدەن.
دەیان سەدەیە، یەک دیدگای چەقبەستوو خۆی سەپاندووە بەسەر کۆی کۆمەڵگاکانی ڕۆهەڵاتییدا، ئەو دیدگایە، دیدگایەکی دۆگماتیزمیی و نەریتییە، بە جۆرێک ئەم دیدگا چەقبەستووە زاڵە، کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتانە لە واقوڕمانێکدا ماونەتەوە، پرسیارگەلێک لە مێشکیاندا دەسوڕێتەوە وەک: بۆچی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام لە پێشکەوتندان و ئێمەش لە دواکەوتندا؛ بۆچی ئەوان تا ئاستێکی بەرز لەباروگوزارنێکی باشدا دەژین و ئێمەش لە باروگوزەرانێکی خراپدا؛ بۆچی ئەوان کەمترین شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست دەبێت، ئێمە بەردەوام خەریکی شەڕی ئایین و دین و نەتەوە و نیشتیمانین؛ بۆچی ئەوان ئازادییەکی بەرفراوانییان هەیە و کەمترین ڕاسیستیی و ڕەگەزپەرستیی لە نێوانیاندا هەیە، بۆچی ئێمە کەمترین ئازادیمان هەیە و پێکەوە ژیانمان نییە و زۆرترین ڕق و کینەی دینیی و ناسیۆنالستیی و ڕەگەزپەرستیی لە نێونماندا هەیە؛ بۆچی ئەوان خاوەنی زانین و زانست و زانیارین، ئێمە مشەخۆرین بەسەر بەرهەمەکانی ئەوانەوە؛ بۆچی ئەوان بەرهەمهێنەرن و ئێمە بەرخۆرین؛ بۆچی ئەوان کێبڕکێ دەکەن لەسەر دۆزینەوە زانستیەکان و ئێمە کێبڕکێمانە لەسەر نەتەوەپەرستیی و ئاینپەرستیی؛ بۆی ئەوان فرۆشیاری بەرهەمە پیشەسازیی و زانسییەکانن و ئێمە تەنها فرۆشیاری بەرهەمە سروشتییەکان و وزەی ژێر زەوین؟ دەیان پرسیاری لەم شێوازانە لە خۆمان دەکەین بە بێ وەڵام!
ئەم پرسیارانە زۆر گرنگن،لە ژیانی دوروودرێژی ئەم کۆمەڵگانەدا سەرچاوەی دروستبوونی هەندێک لە حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیین، سەرچاوەی خەباتکردن و تێکۆشانێکی دوورودرێژ و گەورەن. لێرەدا نامەوێت بچمە سەر ئەوەی بۆچی ئەم حیزب و بزووتنەوە و ڕاپەڕینانەی خەڵکی شۆرشگێڕ سەرکەوتنیان بە دەست نەهێناوە، یان بۆچی لە ئەنجامدا هەموو ڕاپەڕین و شۆرش و بزووتنەوە ڕزگاریخوازیی و ئازادیخوازییەکان لەبار دەبرێن، یان دەستەوسانن لە گۆڕانکارییەکاندا؟ ئەمە بابەتی ئەم نووسینە نییە، هەوڵ ئەدەم بابەتێکی تایبەتی لەسەر بنووسم. بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵیم، کە هۆکار و فاکتەری مانەوەی دواکەوتوویی و هەژاریی و هەموو نەهامەتییەکانی ئەم کۆمەڵگانە، ئەوەیە کە نەیانتوانیوە گۆڕناکاری لە بیرکردنەوە و عەقڵەیتی خۆیاندا دروست بکەن. وەک چۆن لە ڕووی زانین و زانستەوە دواکەوتوو و هەژارن لە ڕووی هەڵگەڕانەوەش بەرامبەر بەم ڕەوشە خراپەی خۆیان هەژار و دواکەوتوون، کاتێکیش هەڵگەڕاونەتەوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا خۆیان ڕادەستی شۆڕش و بزووتنەوەگەلێک کردووە، خۆیان تووشی شەڕ و پێکدادانێک کردووە، کە بزووتنەوە و شەڕ و پێکدادانی ئەوان نەبووە، بەڵکو لە جیاتی دەسەڵاتخوازەکان کردوویانە.
کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە تاک و کۆ بوون بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر دەکرێت، هەم حوکمڕانە داگیرکەرەکانی خۆیان ڕاستەوخۆ کردوونییان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر کردوون، هەم دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا لە چەندین ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە کردوونییان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر کردوون، هەروەها ئایدۆلۆجیە ئاینیی و ناسیۆنالستییەکان و کولتووری باو کردوونیان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر دەکەن.
لە ڕاستیدا جیاوازی گەورەی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ، ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت مامەڵەیەکی شۆرشگێڕانە لەگەڵ خودی خۆی و سروشت و دەوروبەریدا بکات، وەلێ ئاژەڵ ئەو توانایەی نییە، چونکە بیری بۆ ناکرێتەوە، بۆیە ناچار خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سروشت، ئاژەڵەکان یەک زەمنیان هەیە و هیچی تر، وەلێ مرۆڤ دەتوانێت مێژووی خۆی بە واتا فەلسەفییەکەی دروست بکات و زەمەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی خۆی تێپەڕێنێت. دەتوانین بڵێین مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیی تا ئاستێکی زۆر نەیتوانیوە خۆی لە ئاژەڵ جیا بکاتەوە، بۆیە بە هەمان شێوەی مێگەل هەوڵی داوە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سروشت و دەوروبەردا. لە باشترین حاڵەتدا کە توانیبێتی بەسەر کارەساتە سروشتیەکانی وەک لافاو و بومولەرزە و زریان خۆی بپارێێت، یان خۆی لە سەرما و گەرما بپارێزێت، یان خۆی لە نەخۆشیە کوشندەکان بپارێزێت، لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەرستەگەلێکەوە بووە، کە بەرهەمی خۆی نەبووە، بەڵکو بەرهەمی کۆمەڵگا زانستییەکانە، ئەمە هۆکاری سەرەکیە بۆ مانەوەی ئەم کۆمەڵگانە لە جێگەی خۆیاندا، هەتا بەرهەمێکی مەعنەویی و زانستیی بەرهەم نەهێنرێت، مەحاڵە بتوانن خۆیان لە مێگەلیی و ئۆبجێکتیی ڕزگار بکەن. بەکارهێنانی بەرهەمە زانستییەکانی کۆمەڵگاکانی دیکە، تەنها سەرسامیی لوی مرۆڤ و کۆمەڵگای رۆژهەڵاتیی دروست کردووە، لەم حاڵەتدا مرۆڤ لە واقوڕماندا دەمێنێتەوە و کولتوور و شێوازی بیرکردنەوەی خۆی بۆ ناگۆڕدرێت. مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد، ئەو مرۆڤ و کۆمەڵگانەن، کە توانیوایانە ببن بە سەبجێکت و خۆیان لە ئۆبجێکتیی ئایدۆلۆژییە دۆگماتیزمەکان ڕزگار بکەن، ئەمەش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پەروەردەیی دەکرێت، نەک بە شەڕ و پێکدادانێک لە پێناوی دەسەڵاتخوازە نەتەوەپەرستەکان و ئایینپەرستەکان و ئایدۆلۆژییەپەرستەکان.
کۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکان زۆربەی جار کە دوای حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکان دەکەون بۆ ڕزگاریی و ئازادییە، وەلێ ئەوەیان بۆ جیاناکرێتەوە، کە ئەم حیزب و بزووتنەوانە، لە ئەنجامی سەرکەوتنیشیاندا، ئەگەر سەربکەون، درێژەپێدەری هەمان ڕەوشی ستمکاریی و چەوساندنەوەن، لێرەشدا وەک چۆن دەسەڵات و حوکمڕانە ستەمکارەکان هەڵیاندەسوڕێنن، بەهەمان شێوە حیزبە دینیی و نەتەوەپەرستە دڵڕەقەکانیش لە پێناوی گرتنەدەستی دەسەڵاتدا هەڵیان دەسوڕێنن، چونکە ئەمانە دەسەڵاتخوازن نەک هێزی ڕزگاریی و ئازادیی و دیموکراسیی، کەواتە لێرەشدا، هەر ئەوەندە خۆیان لە ئاژەڵ بۆ جیا دەکرێتەوە، کە دژی چەوساندنەوە و ستەمن، وەلێ نەزانن و نازانن چۆن ئازادی و ڕزگاریی بە دەست بهێنن، بۆیە خۆیان ڕادەستی گرووپگەلێک و حیزبگەلێکی ناشۆرشگێڕ دەکەن، بەناوی شۆرشگێڕیەوە، ئەم خۆڕادەستکردنەش لە لایەک ناهۆشیاریی و نەزانینە لە لایەک ترسە لە ئازادی، ئاخر چۆن حوکمڕانەکان لە ئازادیی میللەت دەترسن بە هەمان شێوەش میللەتی ناهۆشیاریش بوێر و ئازا نییە بۆ ئازادی، هەر بۆیە هەرکەس لەگەڵ بیرکردنەوەیدا نەبێت، دەیخاتە خانەی خیانەتەوە، بە ناوی خیانەت لە ئایین، خیانەت لە نەتەوە، خیانەت لە نیشتیمان و خیانەت لە کولتوور. ئەم خۆڕادەستکردنە بە جۆرێک قووڵ دەبێتەوە لە ناخ و مێشکیاندا، کە هەرچی هەوڵ و خەبات و تێکۆشان و کوشتن و بڕینێکیان هەیە دەچێتە خزمەتی حیزب و گرووپە سیکتاریزمیی و دەسەڵاتخوازەکانەوە، ئەمانیش لە هەمان ژینگەی نەزانین و جەهالەتدا خول دەخۆن و لە مێژوویەکی ناهەمواری پڕ لە مەینەتییدا دەمێننەوە.
ئەبێت ئەوەش بڵێم، کە نەزانین و ناهۆشیاریی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە زانین و هۆشیارییان لێ داگیرکراوە، دەنا هیچ مرۆڤێک نییە، نەزان و جاهیل بێت. بۆیە شۆڕشی پەروەردەیی دایکی هەموو شۆڕشەکانە، واتە شۆڕشەکانی تر لە شۆرشی پەروەردەییەوە لە دایک دەبن. یەکێک لە خەسڵەت و پرنسیپە سەرکییە خراپەکانی سەرکردە ناشۆڕشگێڕەکان، کە بە ناوی شۆڕشەوە دەیان سەدەیە شەڕ و پێکدادان دروست دەکەن نەبوونی پەروەردەیەکە کە مرۆڤبوون بەرهەم دێنێت. هەرچ شۆڕشێک کە مرۆڤبوونی بەرهەم نەهێنا، دەچێتە خانەی شۆرشی چەواشەکارییەوە.
دیسان ئەبێت ئەوەش بڵێم، کە پەروەردە و شۆرشی پەروەردەیی بێ لایەن نییە، بۆیە دەسەڵاتی ستەمگەر هەمیشە دژی پەروەردەی نوێ و شۆرشی پەروەردەیی دەوەستێتەوە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
جیهاد محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: جیهاد محەمەد