شێرزاد شێخانى: بت و صه‌نه‌مه‌كانى ده‌سه‌ڵات.

ماوه‌يه‌كه‌ حزبه‌كانى كوردستان سه‌رقاڵى دياريكردنى به‌ربژێرو كانديدو موڕڕه‌شه‌حى خۆيانن بۆ پۆسته‌كانى كابينه‌ى داهاتوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان . هه‌ڵبه‌ت هه‌روه‌كو بيستو هه‌شت ساڵى رابردوو، ديسان مه‌سه‌له‌ى مه‌حسوبيه‌تو مه‌نسوبيه‌تو خزم خزمێنه‌و كوتله‌و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ماوه‌يه‌كه‌ حزبه‌كانى كوردستان سه‌رقاڵى دياريكردنى به‌ربژێرو كانديدو موڕڕه‌شه‌حى خۆيانن بۆ پۆسته‌كانى كابينه‌ى داهاتوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان . هه‌ڵبه‌ت هه‌روه‌كو بيستو هه‌شت ساڵى رابردوو، ديسان مه‌سه‌له‌ى مه‌حسوبيه‌تو مه‌نسوبيه‌تو خزم خزمێنه‌و كوتله‌و كوتله‌بازى و عيلاقاتى عه‌شايه‌رى و براده‌رايه‌تى و ژن و ژنخوازييش رۆڵى گه‌وره‌ ده‌بينێ له‌دياريكردنى كانديده‌كان، هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵبژاردنيشيان مه‌حكومه‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ى قه‌ڕابه‌و ئاستى ملكه‌چى و جۆرو خه‌ستى ماستاوكردن و راده‌ى كۆيله‌بون و گوێڕايه‌لى كانديده‌كان بۆ خاوه‌ن برياره‌ حزبيه‌كان.
له‌خوێندنه‌وه‌ى سه‌ڕه‌تايى هه‌ندێ ناوى‌ دزه‌پێكراوه‌وه‌، بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌وا جارێكيتر ده‌موچاوه‌ ناشرينو قێزه‌ونه‌كان دووباره‌ ئه‌بنه‌وه‌و، له‌ كابينه‌ى داهاتووشدا گۆڕانكارييه‌كى ئه‌وتۆ به‌دى ناكرێ و، به‌هه‌مان تاسو حه‌مامه‌وه‌ حكومه‌تى داهاتوشمان به‌ڕيوه‌ ئه‌برێ، وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌و تاخمه‌ى پێشوتر كه‌سى شياوتر نه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌ بردنى پۆسته‌كانى حكومه‌ت.
كه‌سى وا ناوى ئه‌هێنرێ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ى زياتر له‌ چل په‌نجا ساڵه‌ مه‌سئول و پله‌دارو ده‌سه‌ڵاتدار بوه‌ له‌ناو حزبدا، له‌كابينه‌كانى حكومه‌تيشدا وه‌زيرو پله‌دارى به‌رز بوه‌و، رۆژانه‌ سێ ژه‌مه‌ى خواردن له‌سه‌ر شاشه‌كاندا بينيومانه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ به‌رهه‌مێكى هه‌بێ.
براده‌رێك باسى واقيعى حكومه‌ت و پۆسته‌كانى هه‌رێمى كردو، زۆر به‌جوانى شووبهادنى به‌ دروستكردنى‌ بينايه‌كه‌وه‌و وتى ” له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانى دونيادا كاتێك كه‌سێك ئه‌بێته‌ وه‌زير ، ئه‌ركى ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌وه‌يه‌ خشتێك بخاته‌ سه‌ر بيناى وه‌زاره‌ته‌كه‌يه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ى دواى ئه‌ويش دێ خشتێكى ترى ئه‌خاته‌ سه‌ر، ئيد‌ى به‌م شێوه‌يه‌ بيناى وه‌زاره‌ته‌كه‌ كابينه‌ له‌دواى كابينه به‌رزترو جوانتر ئه‌بێ. له‌لاى خۆشماندا واته‌ له‌هه‌رێمه به‌دبه‌خته‌كه‌ى كوردستاندا، كاتێك وه‌زيرێك پۆسته‌كه‌ى وه‌رئه‌گرێ خشتى وه‌زيره‌كه‌ى پێشوترى خۆى فڕێ ئه‌دات و خشتى خۆى دائه‌نێ! ئيدى به‌مشێوه‌يه‌ هه‌ميشه‌ ته‌نها يه‌ك خشت‌ له‌سه‌ر بيناكه‌يه‌و هيچى زياد ناكات”. ئه‌م ته‌شبيهاته‌ زۆر جوانه‌و رێك له‌گه‌ڵ وه‌زعى كابينه‌كانى حكومه‌ته‌كانى ئێمه‌دا ده‌گونجێت.
تۆ وه‌ره‌ پرسيار بكه‌ بزانه‌ كام له‌وه‌زيره‌كانى ئێمه‌ توانيويه‌تى يان ويستويه‌تى ببێته‌ ته‌واوكه‌رى پلانه‌كانى وه‌زيره‌ى پێشوترى خۆى؟. كاتێك كه‌سێك ئه‌بێته‌ وه‌زير يه‌كه‌م ئيجرائاتى ئه‌وه‌يه‌ سكرتێرو حيمايه‌ى وه‌زاره‌ت وبگره‌ چايچيه‌كانى وه‌زاره‌تيش بگۆڕێ وه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى پێشوتر هه‌مويان له‌عه‌هدى بائيد بووبن، يان گومان له‌دڵسۆزيان بۆ كاره‌كانيان هه‌بێ !.
وه‌زيرى واشمان هه‌يه‌ وه‌كو ئه‌بولهۆلى په‌يكه‌ره‌ به‌ردينه‌كه‌ى وڵاتى ميسرى لێهاتوه‌، هيچ هێزێك نيه‌ له‌شوێنى خۆى بيجۆڵێنێ، وه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ ئه‌نيشتاين وئه‌ديسون و فۆكۆياما بن، ميلله‌ت به‌بێ ئه‌وان سه‌رگه‌ردان بنو وڵاتيش به‌بێ ئه‌وان‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چێت !! وه‌زيرى واشيان تێدايه‌ له‌چوار ساڵى وه‌زاره‌ته‌كه‌يدا گه‌وره‌ترين شكستى هێناوه‌و هيچ ده‌سكه‌وتێكى ئه‌وتۆى بۆ ميلله‌ته‌كه‌ى و ته‌نانه‌ت حزبه‌كه‌شى نه‌بوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌حسوبيه‌ت ومه‌نسوبيه‌ت وكوتله‌بازى چوار ساڵى ترى بۆ درێژكراوه‌ته‌وه‌!.
كه‌سايه‌تى حيزبى وا هه‌يه‌ ده‌ دوانزه‌ مه‌سئولياتى بينيوه‌، هه‌ر له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانيه‌وه‌ بۆ وه‌زيرى، له‌سه‌ركردايه‌تييه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بى سياسى، له‌هه‌ر وه‌زيفه‌يه‌كيشى مووچه‌يه‌كى خانه‌نشينى زه‌به‌لاحى بۆ بڕاوه‌ته‌وه، كه‌چى له‌هه‌ر كابينه‌يه‌كى نوێشدا كێبڕكێى پۆستى تازه‌ش ئه‌كات.‌ ئه‌مه‌ش هه‌م ناعه‌داله‌تييه‌كى گه‌وره‌يه‌ و كاڕێكى زۆر بێ ماناشه‌ له‌ناو حزبه‌ گه‌وره‌كاندا ته‌نها چه‌ند ده‌موچاوێكى كه‌م دووباره‌و ده‌باره‌ مه‌سئوليات وه‌ربگرنه‌وه‌، هه‌م رێگريشه‌ له‌گۆڕانكارى له‌ناو حزبو ده‌سه‌ڵات و‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى گه‌نجان و خه‌ڵكانى خاوه‌ن كه‌فائه‌ت وشاره‌زا له‌بواره‌ جيا جياكانى‌ ئيداره‌ى ده‌وڵه‌تدا.
حاڵى خراپى ئه‌م هه‌رێمه‌ى ئێمه‌ له‌وه‌دايه‌ كه‌ چه‌ند ده‌موچاوێكى ناشرين و كه‌سانى بووده‌ڵه‌و بێ ئيمكانيه‌ت پۆستو پله‌كانى حكومه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌گرن و رێگه‌ ناده‌ن نه‌وه‌يه‌كى نوێ بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ى شتێكى تازه‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌زمونه‌كه‌مان بكه‌ن .
ئه‌مه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى كارى حكومه‌ت و كابينه‌كانيدا دووباره‌ نابنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستى حزبه‌كانيش ئه‌م ديارده‌يه‌ ره‌واجى هه‌يه‌و، بۆته‌ هۆكارى سه‌ره‌كى شكستى زۆربه‌ى حزبه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتيه‌كاندا. ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسيو سه‌ركردايه‌تى وا هه‌يه‌، چل په‌نجا ساڵه‌ له‌شوێنى خۆى نه‌جوڵاوه‌. حزبى واش هه‌يه‌ پانزه‌ ساڵى جارێكيش كۆنگره‌ نابه‌ستێ، چونكه‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌ترسن پۆسته‌كانيان له‌ده‌ست ده‌ربچێ !!
به‌كورتى وبه‌كوردى ئه‌و ده‌موچاوانه‌ى چه‌ندين ساڵه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان دانيشتوون ئه‌وانه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى شكستى ئه‌زمونى حكومه‌ت و حزبه‌كانمانن‌، بۆيه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ گۆڕانكارى گه‌وره‌ له‌ئيداره‌ى حكومه‌تو حزبه‌كانيشدا بكه‌ين، ئه‌بێ ئه‌م ده‌موچاوانه‌ دوور بخرێنه‌وه‌و نه‌وه‌يه‌كى نوێ بێنينه‌ پێشه‌وه‌، به‌ مه‌رجێك كوڕو نه‌وه‌و وه‌چه‌ى هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ شكستخواردووانه‌ نه‌بن، چونكه وه‌كو مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌ڵێ ” سێبه‌رى دار راست نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر داره‌كه‌ خۆى له‌ئه‌سڵدا خواروخێچ بێت “.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی