شێرزاد شێخانى: چایخانەی شەعب سيمبولى ميلله‌تێك.

به‌پێى هه‌واڵێكى سايته‌كان، كۆمه‌ڵێك دزو مافياى مێشك بۆگه‌ن و تارییکپەرست به‌نيازن چايخانه‌ى شه‌عب تێكبده‌ن و له‌شوێنیدا پرۆژه‌يه‌كى بازرگانى جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى حیساب بۆ به‌هاو قييمه‌تى ئه‌م چايخانه‌ كلتوورى و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

به‌پێى هه‌واڵێكى سايته‌كان، كۆمه‌ڵێك دزو مافياى مێشك بۆگه‌ن و تارییکپەرست به‌نيازن چايخانه‌ى شه‌عب تێكبده‌ن و له‌شوێنیدا پرۆژه‌يه‌كى بازرگانى جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى حیساب بۆ به‌هاو قييمه‌تى ئه‌م چايخانه‌ كلتوورى و ميێژووييه‌ له‌ناو دڵى ميلله‌ته‌كه‌ياندا بكه‌ن!.
شەعب بوه‌ته‌ سيبمولێكى زيندووى ده‌يان ساڵه‌ى شارى سڵيمانى. له‌ پانتايى خاكى ئه‌م كوردستانه‌شدا، رۆشنبيرانى كورد بەگشتى خاوه‌نى ته‌نها دووسه‌د مه‌ترێك ئه‌رزه‌ن، ئه‌ويش سه‌د مه‌تره‌كه‌ى هەر یەک لەچايخانه‌ى مه‌چكۆى هه‌ولێرو، شه‌عبه‌كه‌ى سلێمانييه‌. بەڵام چاوچنۆك و دزو جه‌ردەو تاڵانکەرانى خاکو نیشتمان، چاوى ته‌ماعيان تێبڕيوه‌ و به‌خيلى به‌م دوو شوێنه‌ش ئەبەن.
مه‌چكۆى هه‌وڵير به‌شێكى دانەبڕاوە له‌قه‌ڵا دێرينو سەربەرزه‌كه‌ى، بۆيه‌ مه‌گه‌ر قه‌ڵاكه‌ بروخێنن، ئەگینا ناتوانن دەستى بۆ بەرن، به‌ڵام بەداخەوە رەنگە له‌سڵيمانى ئه‌مه‌يان بۆ بچێتە سەرو، ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ رۆشنبيريه‌ کە به‌شێكە له‌مێژووى شارەکە تێکبدەن و، دڵى شاره‌كه‌ له‌لێدان بخه‌ن. جا نازانم سلێمانى به‌بێ ( شه‌عب ) و هه‌ولێریش بەبێ ( مه‌چكۆ ) چ جوانیەکیان تیا ئەمێنێ؟.
لەساڵى 2009 سەردانێکى وڵاتى سویدم کرد . برادەرێک بردمیە شارە کۆنەکەى ستوکهۆڵم، بەناو کووچەو کۆڵانە تەسک و تەنگەبەرەکاندا سەیرى خان و بینا کۆنەکانم ئەکرد کە لەسەر هەمان شێوازە کۆنەکە پارێزراو بون، هەستم ئەکرد ئەکتەرێکى ناو فلیمە تاریخییە کۆنەکانم بەناو ئەم شارە جوانەدا گوزەر ئەکەم. بۆنى مێژووى کۆنى ئەوروپام ئەکرد.
كاتێك كه‌نيسه‌ى نۆتردامیش له‌فه‌ره‌نسا لەمڕۆژانەدا گرى گرت، دەیان كه‌سى ده‌وڵه‌مه‌ندو کۆمپانیاى گەورە له‌گشت سووچه‌كانى دونيا سه‌دان مليۆنان دۆلاريان باراند به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌ بۆ رزگاركردنى ئه‌م شوێنه‌واره‌ دێرينه‌ى ئه‌وروپا، میللەتى فەڕەنساش بەگشتى هەستانە سەرپێ و ئەوانیش بەشێک لە مووچەو داهاتى خۆیان بەخشى بەمکارە، بۆ ئەوەى له‌هه‌مان شوێندا كه‌نيساكه‌ نۆژه‌ن بكه‌نەوه‌، جوانتر لەپێشان بنياتى بنێنه‌وه‌.
ئێمه‌ ئه‌توانين هه‌مان ئه‌و قه‌ڵاته‌ى ئێستاى هه‌ولێر له‌ دەشتى کەندیناوە دروست بكه‌ينه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌توانين به‌رزتر و جوانتريش بینەخشێنین، به‌ڵام هيچ به‌هاو قييمه‌تێكى مێژويي نابێت وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستا لەناو جەرگەى شاردا هەیە. ئه‌وانەى ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە ( شەعب ) بگوازنەوە جادەى ئۆرزدى سلێمانى، له‌ ئه‌لفو بێى مێژوو تێناگه‌ن، بۆيه‌ پێيان وايه‌ قييمه‌تى شه‌عب له‌ كورسى ومێزه‌كانيه‌تى و له‌هه‌ر كوێیه‌ك بێت ئه‌توانن بينايه‌كى تازه‌ى بۆ دروست بكه‌نەوەو مێزو كورسى بۆ دانين.
چايخانه‌ى شه‌عب، هەر وەک مه‌چكۆى هه‌ولێر به‌شێكە‌ لەويژدانى شارو هێمايه‌كە بۆ كلتوورى ميلله‌تێك، تێكدانى گه‌وره‌ترين تاوانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ميلله‌تو مێژوو كلتووره‌كه‌ى، ئه‌بێ هه‌مومان به‌يه‌كده‌نگ به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانه‌ بوه‌ستينه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ولێر به‌بێ مه‌چك، سلێمانيش به‌بێ شه‌عب هيچ جوانيه‌كیان تیا نامێنێ.‌

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی