ئاودێر لوقمان: دیاکۆی مەزن دامەزرێنەری دەوڵەتی مادەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیاکۆ یەکەمین پاشای دەوڵەتی مادەکان بووە، دامەزرێنەری دەوڵەتی مادەکان بووە . لەساڵی 708 -655پێش زاین حوکمی دەوڵەتی مادەکانی کردوە، هیرۆدۆت ئەو پاشایەی بە دیوکس ناوبردوە.
بەپێی وتەی هیرۆدۆت دیاکۆ لە هۆزی موغەکان بووەو بە مرۆڤێکی خۆشەویست و خاوەن ڕێز ناسرابوو، پێشتر دادوەری گوندێک بووە، ئەویش لەبەرئەوەی سەروەری ڕەچاوگرتبوو بەردەوام بە دادپەروەری و بێلایەنانە هەڵوێستی دەگرت. ئەوندە ناوبانگی مەزنی و بێلایەنی پەیدا کرد، خەڵکی گوندەکانی دیکە، کە زووتر تووشی بێدادی بووبوون و دەیان بیست کە دیاکۆ تەنها کەسە بڕیاری دادپەروەرانەیە، بە شادیەوە بۆ دادپرسی ڕوویان لێ دەنا. هەتا دەهات ژمارەی ئەو کەسانە زیاد بوو کە پەنایان بۆ دەهێنا لەبەر ئەوەی دەیانزانی بڕیاری ئەم دادپەروەرانەیە.
هەمووهۆزەکانی سەرانسەری وڵاتی ماد،لەگەڵ یەکدا کۆبوونەتەوەو کەوتونەتە ڕاوێژ کردن بۆ ئەوەی فرمان ڕەوایەک بۆ خۆیان دەستنیشان بکەن، چونکە هەستییان بەوەکردوە ،ئەگەرفرمان ڕەوایەکیان نەبێت، ناچاردەبن سەرزەمینەکانی خۆیان، لەترسی پەلامارو داگیر کاریەکانی لەشکری ئاشووریەکان بەجێبهێڵن. بۆیەکەم جار لەساڵی 708 پ ز، هەموان بڕیاریان داوە، دیاکۆ وەکو ڕابەرو ڕیش سپی، لەنێوهۆزەکانی ماد هەڵبژێرن. هیرۆدۆت ئەوی بەپیاوێکی خاوەن ویژدان و دادپەروەر لەبەرامبەر لێکۆڵینەوەی سکاڵای خەڵکی داناوە ،چونکە هەرگیز فرمانی ستەمکارانەی دەرنەکردوە . دوای ئەوەی دیاکۆ بەفەرمی وەکو پاشای ماد جێگیر بووە ، داوای لە خەڵکەکەی کردوە کۆشکێکی پاشایەتی بۆ دروست بکەن . دواتر لەدەوروبەری کۆشکەکەدا، شارێک بۆ نیشتەجێبونی خۆیان بنیاد بنێن، وەکۆشکەکەیان بەسەر گردێکەوە بنیاد ناوە بۆئەوەی کۆشکەکە بەسەرشارەکەدا بڕوانێت و لەهەموو لایەکەوە دیاربێت. دیاکۆ ئەوشارەی بە بینای جوان و کۆشک و سەرا ڕازاندۆتەوە. کۆشکی ڕازاوەی ئەکباتان، لەوکات و سەردەمەدا نیشانەو بەڵگەی دەسەڵاتداری و دەوڵەمەندی پاشایانی مادی سەلماندوە . هەر لەوکاتەدا ئەکبەتان کراوە بە پایتەختی مادەکان کە هەمەدانی ئەمڕۆ ئەکات . دیاکۆ تاوەکو ساڵی 655 پێش زاین حوکمی کردوەو کەبۆ ماوەی 53 ساڵ حوکمی دەوڵەتی مادەکانی کردوە.
هێرۆدۆت لەم مێژوونامەیەدا، دیاکۆ وەک ڕێبەرێکی ژیر، توانا و دادپەروەر پێشان دەدات و جەختیش دەکات لەسەر ئەوەی مادەکان ڕێک لەبەر ئەو خەسڵەتانە دیاکۆ بە شاهی شکۆمەندی خۆیان دەناسن. دیاکۆی مەزن وەڵاتی ماد دادەمەزرێنێت و مادەکان ئەکباتان (هەمەدانی ئەمڕۆ) ی بە پایتەخت بۆ ساز دەکەن. وەلەدوای کۆچ کردنی دیاکۆ خشتەرتیە کەبە فرائوورتس ناسراوە وەکو دووەم پاشای مادەکان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست .لەدای ئەمانیش چەند پاشایەکی تر حوکمی دەوڵەتیان گرتۆتە دەست و وە دەوڵەتی مادەکان توانیان بەهێز ترین سوپای ئەوکاتە کە ئەشوریەکان بوون بیروخێنن و پایتەختەکەیان بیوتێنن و داگیری بکەن . دەوڵەتی مادەکان بۆ ماوەی 150 ساڵ بەردەوام بوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت