بورهان شێخ ڕەئوف: جەزائیر لە پاسەوانە کۆنەکانەوە بۆ نەوەیەکى نوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار عەبدولعەزیز بو تەفلیقەى سەرۆکى جەزائیر بڕیارى دا پاشەکشە بکات لە خۆکاندیدکردن بۆ خوولى پێنجەمى سەرۆکایەتى وڵات لە دواى ناڕەزایەتى و نیگەرانى و خۆپیشاندانەکانى وڵات بۆ ماوەى سێ هەفتەى لەسەریەک لە زۆربەى شارە گەورەکانى جەزائیر کە ئەمەش بە هەنگاوێکى دروست لە قەڵەمدرا لەلایەن خەڵک و هێزەسیاسیەکانى وڵاتەوە جگە لەوەى بەسەرکەوتنى گەل هاتە ئەژماردن لەلایەن چالاکوانانى مەدەنى و هێزە ئۆپۆزەسیۆنەکانەوە.
جەزائیر ئەو وڵاتەى کە لەدواى بەدەستهێنانى سەربەخۆیى لە فەرەنسالە ساڵى 1962 تا ئێستا ئەو سەرکردەو سەرۆکانەى حوکمى ئەو وڵاتەیان کردووە لە ئەندامان و سەرکردەکانى حزبى بەرەى نیشتمانى ڕزگارى جەزائیر بوون کە سەرکردایەتى و ڕابەرایەتى شۆڕشى ڕزگارى نیشتمانیان کردبوو دژ بە داگیرکەرى فەرەنسا کە یەکەم سەرۆک کۆمار ئەحمەد بن بیلا بوو کە کەسێکى مەدەنى بوو سەربازى نەبوو دواى ئەویش هەوارى بومدین کە وەزیرى بەرگرى بوو توانى لە شێوەى کودەتایەکدا کۆتایى بە دەستەڵاتى ئەحمەد بن بیلا بهێنێت و خۆى لە شوێنى دابنیشێت.
لە ڕاستیدا ئەوەى ئەزموونى جەزائیر لە سودان و یەمەن جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جەزائیر سەرکردە سەربازییەکان دەستەڵاتیان نەگرتۆتە دەست ژمارەیەکى کەم نەبێت بە پێچەوانەوە لە یەمەن و سودان سەرکردەو فەرماندە سەربازییەکان دەستەڵاتیان دەگرتە دەست و کودەتایان دژى یەکتر دەکرد ، بەڵام جەزائیریش هەرچەندە سەرکردە سەربازییەکان ڕاستەوخۆ نەدەهاتنە سەرشانۆى سیاسەت و حوکمڕانى بەڵام لە پشتى پەردەوە دەستوەردان و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان هەبوو.
لە بەرئەوە چۆنیەتى هەڵسووکەوتى سوپاى جەزائیر لە گەڵ سەرۆک بوتەفلیقە جیاواز بوو لە هەڵسووکەوت و هەنگاوەکانى سوپاى سودان دژ بە عومەر حەسەن ئەحمەد بەشیر، لە جەزائیر سەرۆکى ئەرکانى سوپا فەریق ئەحمەد قاید ساڵەح داواى لە سەرۆک عەبدولعەزیز بو تەفلیقەکرد دەست لە کار بکێشێتەوە لە بەرئەوەى تواناى سەرۆکایەتى و بەڕێوەبردنى وڵاتى نەماوەو دەبێت لە چوارچێوەى دەستوورى وڵاتدا چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە بدۆزینەوەکە هەڵبژاردنى سەرۆکێکى نوێ یە بۆ وڵات، بەڵام لە سودان بە پێچەوانەوە سوپاى ئەو وڵاتە چوونە سەر سەرۆک بەشیر و لەکار دووریان خستەوەو وتیان لە شوێنێکى پارێزراو دامان ناوە.

پاشەکشەى بوتەفلیقە
هەرچەند عەبدولعەزیز بوتەفلیقە بڕیارى ئەوەى دا کە خۆى کاندید نەکاتەوە بۆ خوولێکى تازەو وولایەتێکى نوێ ى حوکمڕانى و بەڵێنى ئەوەى بەگەل دا کە ئیتر ئەو بەهۆى تەمەن و بارى ناجێگیرى تەندروستى ناتوانێت بەردەوام بێت بەڵام هەوڵدەدات کۆمارێکى نوێ دروست بکات بۆ جەزائیر کە ئایندەیەکى جوان و بەرنامەیەکى کارا بۆگەشەکردن و پێشووەچوونى بەردەوامى وڵات دابنێت کە ئەویش خۆى لە نووسینەوەى دەستوورێکى نوێ و دامەزراندنى کۆمیسیۆنێکى پیشەیى و بێلایەن بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن لە وڵاتدا بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونەجوانەکانى جیهان، هەموو ئەمانەش لە ئەنجامى کۆبوونەوەیەکى نیشتمانى گەورە بە بەشدارى هەموو لایەن و پێکهاتەکانى وڵات بڕیارى لەسەر دەدرێت.
لە هەمانکاتدا و لە ژێر فشارى زۆرى ناڕەزایەتى خەڵکدا بوتەفلیقە بڕیارى دابە دەستنیشانکردنى نورەدین بەدوى بەسەرۆکى حکومەتى نوێ دواى ئەوەى ئەحمەد ئویەحیا سەرۆک وەزیرانى پێشوو دەستى لەکارکێشایەوەو بەڵێنى دا کە گۆڕانکارى گرنگ ئەنجام بدات و هەروەها ئەم کابینە وەزارییە نوێ یە سەرپەرشتى کاروبارى گشتى وڵات بکات و ئاسایش و ئارامى هاوڵاتیان بپارێزێت کۆمەک و هاریکارى و ئاسانکارى بۆ کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بکات.

سەرکەوتنى خواست و داواکارییەکانى گەلى جەزائیر
ئەم بڕیارانەى سەرۆک بوتەفلیقەو حکومەتەکەى چ پاشگەزبوونەوە لە خۆکاندید کردن بۆ ولایەتى پێنجەم و ئەو هەنگاوانەى کە بڕیارە بهاوێژرێن بۆ گۆڕانکارى و وەڵامدانەوەى داواکارییەکانى کۆمەڵانى خەڵک کە چاکسازى و باشترکردنى گوزەرانى خەڵکە لە هەموو ڕوویەکەوە ئەمە سەرکەوتنێکى مەزنە بۆ خواستى گەلى جەزائیر ، سەرکەوتنى مەزنتر ئەوەیە کە ئەڵتەرنەتیفى گونجاو بۆ سیستمى کۆن دیارى بکرێت و گەل هەنگاو بەهەنگاو چاودێرى گۆڕانکارى و بڕیارەکان بکات بە ئاشتیانەو بەبێ توندوتیژى چۆن لە سەرەتاوە بە هێمنى و مەدەنییانە دەستى پێکرد هەربەهەمان ڕیتم و هەناسە تا گەیشتنى بە مەنزڵ بەردەوام بێت .
هەموو ئەو دەستکەوتە گرنگانە دواى چەندین هەفتە لە خەباتى مەدەنى و هێمنانەو شارستانییانە هاتە بەرهەم.
بەڵێ هەر لە درێژەى خەباتى شارستانى و هێمنانەى گەلى جەزائیر بەو هەنگاوە سەرەتایى و گۆڕانکارییانە قایل نەبوون و لە دواجاردا لە ژێر فشارى سوپاو گەلدا سەرۆک عەبدولعەزیز بو تەفلیقە ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا لە 2/ نیسان 2019 کە تەمەنى 82 ساڵەو نزیکەى 20 ساڵ فەرمانڕەوایى جەزائیرى کرد کە حەوت ساڵى دوایى دەستەڵاتەکەى نەخۆش و ناتەواو بوو لەبەرئەوەى تووشى جەڵتەى دەماغ بوو بوو.

جێ بەجێکردنى مادەى 102 ى دەستوور
لە دواى دەست لەکار کێشانەوەى بوتەفلیقە پۆستى سەرۆک کۆمارى جەزائیر بەتاڵ بوو بۆیە لە لایەن پەرلەمانى جەزائیرەوە مادەى 102 ى دەستوور خرایە بوارى جێ بەجێکردنەوە مادەى 102 دەڵێت لە دواى بەتاڵ بوونى پۆستى سەرۆک کۆمار سەرۆکى ئەنجوومەنى گەل بۆ ماوەیەکى ڕاگوزەر کە 90 ڕۆژە دەبێتە سەرۆکى دەوڵەت و لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن ڕێکدەخرێت و سەرۆک هەڵدەبژێرێت بەڵام ئەو سەرۆکە واتە سەرۆکى ئەنجوومەنى گەل کە 90 ڕۆژ سەرۆک دەبێت بۆى نى یە خۆى کاندید بکات بۆ سەرۆکى جەزائیر .

عەبدولقادر بن ساڵەح بووە سەرۆکى کاتى
لە دواى حەوت ڕۆژ لە دەست لەکارکێشانەوەى بوتەفلیقە واتە لە 9/نیسان 2019 ئەنجوومەنى گەلى جەزائیر عەبدولقادر بن ساڵحى بە سەرۆکى کاتى جەزائیر هەڵبژاردبۆ ماوەى 90 ڕۆژبەدەنگى 453 ئەندام لە کۆى 455 ئەندامى ئامادەبوو.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بەشێکى زۆرى خەڵک و شەقامە ناڕازى ئەو وڵاتەدژى هەڵبژاردنى بن ساڵەح بوون چونکە ئەوان بن ساڵەحیان بە یەکێک لە سەرە دیارەکانى ڕژێمى بوتەفلیقە دەزانى و هەربۆیە حزبەکانى ئۆپۆزەسیۆن بایکۆتى کۆبوونەوەکەىئەنجوومەنى گەلیان کرد.
لەلایەکى تریشەوە جەماوەرى بەرینى خەڵکى ناڕازى شەقامەکانى جەزائیر داریکردنى بن ساڵەحیان بە پێچەوانەى ئامانج و ئاواتەکانى شۆڕشە جەماوەرییەکەیان دەزانى کەلە 22 شووباتى ئەمساڵەوە بەردەوامە داواى ڕۆیشتن و سزادانى هەموو سەرکردەو سەرە زللەکانى ڕژێمى بوتەفلیقە دەکەن کە سەروەت و سامانى ئەو وڵاتەیان بۆخۆیان بە تاڵان بردووەو گەلى جەزائیریشیان لێ بێبەش کردووە.
بن ساڵەح بەڵێنى ئەوەى دا کە دەستوور جێبەجێ بکات و وتى ئەرکێکى قورسم لە سەرشانەو ئێمە بەرەو قۆناغێکى نوێ هەنگاو دەنێین و دەبێت زەمینەسازى بۆ بکەین و ئامانج و داخوازییەکانى گەل بەدى بهێنین لە کورتترین ماوەدا.
ئێستا جەزائیر لە قۆناغێکى ڕاگوزەردایە لە دواى دەست لەکار کێشانەوەى بوتەفلیقە لە سەرۆکایەتى وڵات، وادیارە ئیتر کۆتایى نەوەىیەکەمى جەنگاوەرە دێریینەکانى شۆِشى جەزائیر دێت کە بە موجاهیدەکان دژ بە ئیستیعمارى فەرەنساجەنگابوون لە ساڵانى 1954 تا 1962 کە بە پاسەوانانى کۆن ناسرابوون.

سیاسەتى دەرەوەى جەزائیر
ئێستا لە دواى ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەى لەو وڵاتە هاتۆتە ئاراوە پرسیارى ئەوە دێتە پێشەوە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرى دەبێت لە سەر سیاسەتى دەرەوەى دەوڵەتى جەزائیر لە کۆڕوکۆمەڵى نێودەوڵەتى و ئیقلیمى لە ئێستا و داهاتووى نزیکیشدا ئەوەى شارەزایانى کاروبارى جەزائیر پێشبینى دەکەن ئەوەیە کە پێناچێت گۆڕانکارى گەورەو جەوهەرى لە سیاسەتى ئەو وڵاتەدا بە خێرایى بێتە ئاراوە لە ئێستادا، بەڵکو بە هێواش و پلە بە پلەڕوودەدات.
جەزائیر لە ساڵى 1962 تاوەکو ساڵى 1988 کە ڕاپەڕینێکى جەماوەرى تێیدا ڕوویدا لەسەر سیستمى سۆسیالیستى بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە دواى ئەو ڕاپەرشینەى 5 ئۆکتۆبەرى 1988 سیستەمەکەیان گۆڕا بۆ سەرمایەدارى لە ژێر چاودێرى دەوڵەتدا بەڵام سیاسەتى دەرەوەیان هیچ گۆڕانکارییەکى ئەوتۆى بەسەردا نەهات، بۆیە جەزائیر لەو کاتەوەتا ئێستا یەکێک لە کڕیارە کانى بەرهەمى پیشەسازى سەربازى ڕووسیە و خاوەن پەیوەندییەکە بەهێزە لەگەڵ مۆسکۆ دژى دەستوەردانە لە کاروبارى وڵاتانى عەرەبى و ئەفریقیا، بەڵام کورد نا دواتر دێمە سەرئەو باسە. پشتیوانى بزوتنەوە ئازادیخوازەکانى کردووە جگە لە کورد بەتایبەتى بەرەى پۆلیساریۆ کە دژ بە مەغریب لە جەنگدایە و خوازیارى سەربەخۆیى بیابانى ڕۆژئاوان لە مەغریب.

کورد و جەزائیر
بیرەوەرى کورد زۆر تاڵە لە گەڵ جەزائیر باوەڕناکەم هیچ کوردێک هەبێت نەوەى کۆن و نوێ ڕێککەوتننامەى جەزائیرى شوومى نەبیستبێت یان لە بیر نەبێت کە لە 6 / ئازارى 1975 شاى گۆڕبەگۆڕى ئێران حەمەڕەزا پەهلەوى و سەدام حسین کە ئەوکات جێگرى سەرۆکى عێراق بوو بە ناوبژى سەرۆکى ئەو کاتى جەزائیر هەوارى بومدێن ئەو ڕێککەوتننامە نەگریسەیان لە جەزائیر مۆر کرد کە عێراق نیوەى شەتولعەرەب بدات بە ئێران و ئێران هەموو جۆرە کۆمەک و هاریکارىیەک لە شۆڕشى کوردستان ببڕێت کە ئەوکات شۆِڕشى ئەیلول دواى نۆ ساڵ خەبات و قوربانى پێشمەرگە بەیانى 11 ئازارى ساڵى 1970 دەرچووبوو کە ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستان جێبەجێ بکرێت لە ماوەى چوار ساڵدا کورد بەشدار بوو لە حکومەتى عێراقداو دواتر لە جەزائیر بە پیلانێکى نێودەوڵەتى کۆتایى بە شۆِڕشێکى مەزن هات و حکومەتى عێراقیش لە هەموو بەڵێن و ناوەڕۆکى بەیاننامەى 11 ئازارى ساڵى 1970 پاشگەزبووەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت