جیهاد موحەمەد: منداڵانی توخمی پیاوە داعشییەکان بێ تاوانن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ناو کولتووری ئیسلامدا، قسەیەک هەیە، دەڵێت”بەزۆرگاین لەش پیس ناکات”، لەم ئیدیۆمەوە دەمەوێت بچمە ناو بابەتەکەوە!
پێش هەموو شت، ئەم ئیدیۆمە، تەنها بە قسەیە و بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت، ئەوتا وەک چۆن ئەو ژن و کچانەی لەسەر خۆشەویستیی و عەشق دەکوژرێن، بە هەمان شێوە ئەو کچ و ژنانەشی، کە دەستدرێژیی سێکسیان دەکرێتە سەر، ئەگەر نەشکوژرێن، چ لای خەڵکی بێگانە، چ لای کەسوکاری خۆیان،بە چاوێکی نزم تەماشا دەکرێن، واتا تیرۆری کەسایەتیان دەکرێت.
ئەم کولتوورە باو و ناشیرینەی کۆمەڵگای ئیسلامیی لە ناو ئێزیدیەکانیشدا هەمان کولتوورە، لە بیرمان ناچێت، چۆن دۆعایان بەردباران کرد. ئێستاش بەرامبەر بە ژنە ئێزیدییە سکپڕەکانی پیاوە دڕندەکانی داعش و ئەو ژنانەی منداڵیان لە داعشەکان بووە، ئێزیدیەکان هەمان ڕەفتار دەکەن.
داعش، لەسەر بنەمایەکی زەقی ئیسلام، کە هەموو سەروەت و سامان و کچ و ژنی ئێزیدیەکانی حاڵ کرد و بە دەستکەوت(غەنیمە)ی دانا. کارەسات و تاوانێکی هێندە قێزەون و گەورەیان ئەنجام دا، ڕووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو دین و بیروڕا ئایدۆلۆجییەی دژی ئەم بێ ڕەوشتیی و ئابڕوویە نەوەستانەوە، ڕەش کرد. هەرچ کەسیک و هەرچ ئایدۆجیی و دین و ئاینزایەک لایەنگری ئەم کارە قێزەونە بووبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو پەڕی دڵڕەقیی و بێ ویژدانییە.
ئایا تەنها داعش، یان ئەو گروپە تووندڕوە تیرۆریستییە ئیسلامییانە خاوەنی ئەم عەقڵیەتە دڕندەیەن؟ یان لای ئێزیدیەکانیش هەمان دڕندەیی و عەقڵیەت هەیە. بە بڕوای من لای زۆرێک لە دین و ئایدۆلۆجییە دۆگماتیزمییەکان، لای هەموو گروپە تیرۆریست و سیکتاریزمیەکان هەمان عەقڵیەت هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی و جێبەجێنەکردنی کەوتوەتە سەر ئەوەی تا چەند ئەو دینە، یان ئەو گروپە تیرۆرستی و سیکتاریزمیانە دەسەڵاتیان هەیە. هەرچ کات دەسەڵاتیان هەبوو لە هیچ جۆرە ستەم و تاوانێک بەرامەبەر بە دین و بە بیروباوەڕەکانی دەرەوەی خۆیان سڵ ناکەنەوە.
دڕندەیی و تاوان لای هەرچ گروپێکی سیکتاریزمیی، لای هەرچ نەتەوەیەکی نەژاد پەرست، لای هەرچ ئاینزایەکی وەک سوننیەکان و شیعەکان بەرامبەر بە یەکتری، لەسەر کات و دەسەڵات وەستاوە، هەرچ لایەنێک لەم لایەنانە دەسەڵاتی هەبوو، هەستی بە هێز کرد، سڵ لە هیچ نامرۆڤبوون و تاوان و دڕندەییەک ناکاتەوە بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی، تا دەگاتە ئەوەی کە تاوانی پاکتاوکردنیش بکات.
داگیرکارییەکانی ئیسلام، هەر لەسەر دەمی پەیامبەر(محەمەد)ەوە تا دەگات بە 600 ساڵەی تەمەنی عوسمانیەکان، جگە لەوەی سەدان وڵاتانیان داگیرکرد، دەیان دین و ئاینزایان پاکتاو کرد، دەیان گروپ و نەتەوەیان پاکتاو کرد، هەزاران مەکتەبە و شوێن و پێگەی ڕۆشنبیرییان سوتاند، بە هەزاران و دەیان هەزار ژن و کچیان حەڵاڵ کرد بۆ خۆیان و کردیانن بە کەنیزەک، یان بە گوێرەی شەرعەکەی خۆیان مارەیان بڕین. ئەمانە هەمووی لەو کاتەوە بوون کە دەسەڵاتیان پەیدا کرد، پێش ئەوە نەرم و نیان بوون و داوای پێکەوە ژیانێکی دیموکراتیانەیان دەکرد و ڕێزیان لە هەموو دین و بیروباوەڕێکی دیکە دەگرت.
کاتێکیش دەوڵەتگەلێکی عەرەبیی ئیسلامیی و دەوڵەتی سەفەویەکان و فارسەکان و تورکەکان دروست بوون و هەڵگری دینی ئیسلام بوون، ئەمانیش هەر یەکەیان لای خۆیەوە و لە ژێر قەڵمڕەویی خۆیدا دەیان نەتەوە و کەمەنەتەوییان پاکتاو کرد. کورد یەکێک بووە لەو نەتەوانەی هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندا بووە، بۆ چەندین جار لێرە و لەوێش گروپی گەورە و ژمارەی گەورەی لێ پاکتاو کراوە، تەنانەت زمانەکەی لێ قەدەغە کراوە، تا ئێستاش تاوان بەرامبەر بە گەلی کورد نەوەستاوە. کەمەنەتەوایەتی عەرەب لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدایە، ئازەریەکان کە نەتەوەیەکی گەورەن لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەرشە و چەوساندنەوەدان، لە تورکیادا چەرکەسەکان پاکتاو کران، ئەرمەنیەکان بە سەدان هەزاریان لێ پاکتاو کرا، گەلی کورد نەک چەندین جار پاکتاو کراوە، تا ئێستاش لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندایە.
سوننیەکان و شیعەکان، کە دوو ئاینزای ئیسلامن و یەک خوا و یەک قورئان و یەک پەیامبەریان هەیە، 14 سەدە زیاتر لە شەڕ و پێکداداندان و تیرۆر و پاکتاوی نەک زیندووکانی یەکتری دەکەن، تیرۆری کەسایەتی ئەوانەی چەندین سەدەشە مردوون بەردەوامە.
فینیقیەکان و کلدانیەکان و ئاشوریەکان و قبتیەکان و ئەماغیزیەکان، بە تەواوەتی لە لایەن داگیرکاریی ئیسلامەوە پاکتاو کراون.
ئەگەر تۆزێک وردبینەوە لە مێژووی خوێناوی دینەکان و نەتەوەپەرستەکان، بە چاوێکی بێ لایەنییەوە سەیر بکەین، هیچ نەتەوە و دین و ئاینزایەک، چ وەک خۆیان دەڵێن ئاسمانی بێت یان زەوینیی لە کاتی دەسەڵاتیدا سڵی نەکردوەتەوە لە تاوان و دڕندەیی بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی. کەواتە ئەمە عەقڵێتێکی نەخۆشی نامرۆڤییە هەموو ئەمانەی گرتوەتەوە. هەتا ئەم عەقڵیەتە بەردەوام بێت، دڕندەیی و سڕینەوە و پاکتاوکردن و تاوانی مرۆڤیی بەردەوام دەبێت.
زۆربەی خەڵک، وا سەیری ئێزیدیەکان دەکەن، کە گوناح و بێ تاوانن، وەلێ ئەگەر لە سۆنگەیەکی عەقڵانییەوە سەیری تاوان بکەین، سەیری کۆمەڵگە و گروپی مەدەنیی بکەین، سەیری عەقڵیەتی مرۆڤبوون بکەین، هەڵسەنگاندنمان لەسەر بنەمانی مرۆڤبوون و عەقڵانیی و پێکەوە ژیان بێت، ئێزیدیەکانیش هەر ئەوەندە ستم و زوڵم ناکەن، کە دەسەلاتیان نییە، بەڵام کە دەسەڵاتیان هەبوو ئیسلام چیی دەکات، ئەوانیش کەمتر ناکەن. لایەنداریی ئێزیدییەکان و هەرچ دین و ئاینزا و گروپ و نەتەوەیەک، دەبێت لەسەر بنەمای دژایەتی چەوساندنەوەیان بێت، نەک لایەندارێتیەکە سەرمان لێ بشێوێنێت و ئەم دین و ئاینزا و گروپە سیکتاریزمیی و نەتەوە پەرستییانە برەو پێ بدات. ئازادیخوازان، ئەوانەن کە بە بیرکردنەوەیەکی مرۆڤییانە و عەقڵانییانە دژایەتی هەرچ جۆرە چەوساندنەوە و تاوانێک دەکەن، نەک لایەندارێتیە کە ئەوە لە بیر بەرێتەوە، کە لە ڕاستیدا،عەقڵیەتی هەموو ئەمانە، یەک عەقڵیەتە،لە کاتی دەسەڵات و هێزیاندا هەمان شتن.
بیروباوەڕیکی دینیی وەک ئێزیدیەکان، ئەگەر دڵی نەسوتێت بەو کەسانەی لە گۆشت و ئێسکی خۆیین، دڵی نەسوتێت بە جگەرگۆشەکەی خۆی وەک ئێزیدیەکان، ئەبێت چۆن جێگەی بڕوا و متمانە بن کە دەسەڵاتیان هەبوو لە داعش خراپتر ناکەن؟
ئاخر وەک ئەو ئیدۆمەی ئاماژەم پێدا: “ئەوی بە زۆر بیگێن لەشی پیس نابێت” لەو ڕووەوە زۆر ڕاستە، کە کەسانێک بە زۆر دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەریان، بە زۆر دزیی پێ بکرێت، بە زۆر سواڵی پێ بکرێت، بە زۆر هەرچی پێ بکرێت گوناحبار و تاوانبار نییە. کچ و ژنێکی داماو و بێ دەسەڵات کە کەوتوونەتە دەستی داعشە دڕندەکان، بە زۆر سکیان پڕکردوون، کردوونیان بە ژنی خۆیان، ئەبێت چ تاوانێکیان هەبێت، ئێستا بە چاوێکی قێزەونەوە لە لایەن دایک و باوکیانەوە سەیر دەکرێن و وەریان ناگرنەوە. ئەم تاوانە بە بڕوای من هیچی کەمتر نییە لە تاوانی داعشەکان، هیچیش کەمتر نییە لەو منداڵانەی لە پیاوە ئەڵەمانیاکان لە دایک بوون لە وڵاتانەی داگیریان دەکردن، بەڵام کۆمەڵگا و وڵاتانی ئەوساش بە منداڵی”نەشیاو” دایان دەنان و وەریان نەدەگرتنەوە ـ لە بابەتێکی دیکەدا باسی کۆمەڵێک لەو منداڵانە دەکەم ـ .
ئەوەی ئەمرۆ ئێزیدیەکان دەیکەن بەرامبەر بە کچ و خوشکەکانی خۆیان، کە منداڵە باوک داعشەکانیان پێ فڕێ دەدەن گەورەترین تاوانە، ئەم تاوانە لە سەربڕینی منداڵ و ژن خراپترە. ئەم تاوانە دەمێکە ساڵە دەگوزەرێت و هۆکارێکی سەرەکیشە بۆ چاندنی دڵەڕەقیی و نامرۆڤیی لە هەموو جیهاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت