دکتۆر کەمال میراودەلی: تورکیا: پرۆسەی مێژوویی و پرسە مەزنەکان. بەشی شەشەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوسیا: لە سەرکەوتنی سایکسپیکۆ وە بۆ شکستی ‘خیانەتی’ بەلشەفیی
چۆن ئیمراتۆریەتی رووسی کە دەورێکی کاریگەر و بەهێزی لە هەرەسهێنانی دەولەتی عوسمانییدا هەبوو، لە شەڕەکانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هیچی لە سایکسپیکۆ دەستنەکەوت و بە پێچەوانەوە خۆشی بوو بەئیمپراتۆریەتیکێ دۆڕاو هەرەسهێناوی هاوشێوەی دەوڵەتی عوسمانیی؟ ئایا ترۆتسکی و لینین لەو سەرکردانە بوون کە رۆژاوا بۆ ئەو خیانەتەی ئامادەکردبوون؟

بەرەکانی جەنگ
جەنگی جیهانیی یەکەم بە سەر دوو بەرەی جەنگیی سەرەکییدا دابەش بوو بوو:
یەکەم/ بەرەی جەنگی رۆژاوا، [وێسترن فرەنت] کە مەیدانەکەی بەلچیکا و فەرەنسا بوو.
دووەم/ بەرەی جەنگی ڕۆژهەلات [ئیستێرن فرەنت] کە جوگرافیایەکی فراوانی گرتبووە خۆی و روسیا بەڕیوەی دەبرد، مەیدانی جەنگێك بوو تەواوی سنوورەکانی نێوان ئیمپراتۆریەتی ڕووسیی و رۆمانیا لەلایەکەوە و ئیمراتۆریەتی لەلایەکی ترەوە دەگرتەوە. لە دەریای بەلتیکەوە لە باکوور، تا دەریای ڕەش لە باشوور دڕێژدەبۆوە و زۆربەی ئەوروپای رۆژهەلاتی بە خۆ دەگرت و درێژ دەبۆوە بۆ قوولایی ئەوروپای ناوەراست.
لای بەریتانیا و فەرەنسا گرنگی بەرەی جەنگی ڕۆژهەلات دەوری کاریگەری هێزی زەبەلاحی ئیمپراتۆریەتی رووس بوو بۆ خەریککردن و لاوازکردنی پەرتەوازەکردنی لایەکی گەورەی هێزی ئەلمانیا و نەمسا-هەنگاریا و کەمکردنەوەی مەترسی لە سەر بەرەی جەنگی رۆژاوا.
”بەرەی جەنگی ڕۆژهەلات تەنیا بۆ ئەوە گرنگ مایەوە چونکە بوونی بەردەوامیی رێگەی لە ئەلمانییەکان دەگرت کە ژمارەیەکی زۆر ‌هێزی سەربازیی بۆ بەرەی ڕۆژاوا بگوێزنەوە، هەر قورسایی سوپای ڕوسیی و توانای سەرسور‌ینەری لەوەی حەملەکانی سەربازیی بەردەوام بکات و خەسارەتی گەورە بە هیزەکانی نێوەند [ئەلمانیا و نەمسا- هەنگاریا] بگەیەنیت، سەرچاوەی گرنگی لە هەوڵە جەنگییەکانی ئەلمان [لە رۆژاوا] دادەبڕی]
the Eastern Front remained important simply because its continued existence prevented the Germans from transferring large numbers of troops to the Western Front. he sheer weight and surprising ability of the Russian Army to sustain military operations and inflict damage upon the Central Powers siphoned valuable resources from the German war effort
https://encyclopedia.1914-1918-online.net/article/eastern_front

فاکتەرەکانی جەنگ
جیۆپۆلیتک و ترسی هەلقولاو لە ئەزموونی خوێناوی و وێرانباوی ڕابردوو و مونافەسەی بەردەوامی دەسەلاتی ئیمپراتۆریی جیهانگیریی، هۆکاری هەمیشە ئامادەی دیمەنە گەورەکەی جەنگ بوون، بەلام لە ناو ئەو دیمەنە گەورەدا. فاکتەرە لۆکالییەکان بەتایبەتی گەشەسەندن یان کڵپەسەندنی بزاڤە نەتەوەییەکان و سروشتی هاوپەیمانییەتەکان زۆرجار لە فاکتەری تەکتیکییەوە دەبوون بە هۆکارێكی ستراتیجی خەتەرناک. ناسیۆنالیزمی سێربەکان و پێوەندی نەژادیی و دینییان لەگەڵ ڕوس و هاوپەیمانی سەربازییان ئەم دەورەی بینی.
ئەڵمانییەکان لە مەترسی فراوانبوون و بەهێزبوونی هەرچی پتری ئیمراتۆرییەتی ڕوسیا، جووڵەی سێربەکانیان لە دیمەنە گەورەکەدا دەبینی و تەنێ وەک بیانوویەک بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژی ڕوسیا بەکاریان هێنا. بۆیە مەسەلەی سێربی بوو بە هۆکاری سەرەکی تەقینەوەی جیۆپۆلیتیکی جەنگی جیهانی یەکەم.
[ فراوانبوونی خێرای دەسەلاتی روسی بەر لە دەستپیکردنی جەنگ، ئەوەندە بەلای نەخشەدانەرانی سەربازیی ئەلمانەوە ترسهێنەر بوو، کە گوشاریان خستە سەر سەرکردایەتی سیاسییان تا بیانوویەکی شەڕهەڵایساندن لەگەل رووسەکان بە زووترین کات بدۆزنەوە.”‘
The rapid expansion of Russian power prior to the war was so alarming to German military planners that they pressed their political leadership to find a casus belli with the Romanovs as soon as possible
encyclopedia.1914-1918-online.net
بەم جۆرە بۆ لایەنە جیاوازەکانی جەنگ، هۆکاری فاکتەریکی لۆکالی دەشێت گەورەبیت بۆ ئامانجێکی جیۆستراتیجی گەورە و مێژوویی. روسیاش لای خۆیەوە ئەم چوونە ناوجەنگەی بۆ پاراستنی سیربییەکان کرد بە هۆکاریکی ستراتیجی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە مێژووییەکانی روس: زامنکردنی دەستبەسەرداگرتنی دەردەنیل و بەسفۆر و داگیرکردنی ئەستەمبول. ئەمە ئەو ئامانجە ستراتیجییە بوو کە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سازانۆڤ کردی بە ئامانجی لەپێشینەی پرۆژەی بەشداری روسیا لەجەنگی جیهانیی یەکەمدا.

خەباتی ڕوسەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەستەمبول
لە سەرەتای جەنگی 1806- 1812، روسەکان نەخشەیەکی سەربازییان بۆ دابەزین لە بۆسفۆر و پەلاماردانی ئەستەمبول هەبوو. [لە چارەکی دوایی سەدەی هژأدەدا ئوستۆلی رووسی هەژموونی تەواوی لە رۆژهەلاتی ناوەراست هەبوو و ئالای روس لە سەر قەلای لوبنان دەشەکایەوە.] بڕوانە بەرنامەی دۆکیمێنتاری www.youtube.com/watch
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا دیسان ئەم پلانەیان ژیاندەوە. بەلام لە بەشداری لە جەنگی جیهانی یەکەمدا یەکەمجار روسیا تەنیا دەیویست بەر بە پەڕەسەندنی هەژمونی ئەلمانیا لە ئەوروپا و بە هێزبوونی نەمسا-هەنگاریا لە بەلقان بگرێت. بەلام لەگەل چوونی تورکیاوە بۆ ناو بەرەی ئەلمانیا و نەمسا-هەنگاریا، ڕوسیا داوای ئەوەی کرد کە پێویستە تێپەڕبوونی ئازاد بۆ هەتا هەتایە بە دەربەندەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل دا زامن بکات و ئەو ئەرک و خەونە مێژوویی یە بگەیەنێتە ئەنجام کە قەیسەرەکانی پێشینەیان پێیوە خەریک بوون واتە داگیرکردنی بەندەرەکان و ئەستەمبول و ئەمە دواکاریی ئەوان بوو لە دانوستەکانیان لەگەڵ سایکس و پیکۆ دا. russiancouncil.ru
کەواتە ئەوەی روسیا، لە سەدەی نۆزدەوە بە تایبەتی، خولیای بوو: کێشەی ستراتیجیی ئاسایی بوون و ئاسانبوونی تێپەڕبوونی ئازادی کەشتییەکانی رووس بە دەربەندەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل دا بوو، جونکە ئینگلتەرا بەردەوام هەوڵی بلۆککرنی روسیای دەدا. بۆ ئەم مەبەستەش دەیویست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ بەرەورووبوونەوەی ڕوس وەک هێزیکی کاریگەر بمێنیتەوە. هەر کاتێ روسەکان لە بەر دەروازەی ئەستەمبول/ کۆنستانتین دەوەستان بەریتانیای مەسیحی هاوپەیمانی لەگەل ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیسلامی دژی ئیمپراتۆریەتی روسیای مەسیحی ئەرسۆدۆکسی دەبەست.
بۆیە فەیلەسوفی میژووی ئەڵمانی ئۆسفالد سپینگلەر وتوویەتی: بدات حقبە الحروب العالمیە من 1878 عندما وقف الروس علی ابواب القسطنطنیە
ماوەکانی جەنگی جیهانیی لە 1878 دا کاتێ روسەکان لە بەر دەروازەی کۆنستانتین/ ئەستەمبول وەستان، دەستیان پێکرد. هەر بە ئاماژە بەم مێژووە، شاژنی بەریتانی ڤیکتۆریا وتوویەتی: گەر ڕوسەکان کۆنستانتین داگیربکەن، شاژن ئەوەندە شەرمەزاردەبێت کە واز لە تەختەکەی دێنێت.

گۆڕانی هەڵوێستی بەریتانیا
بەلام دوای ئەوەی عوسمانییەکان دوای جەنگەکانی بولقان هەموو ناوچەکانی دەسەلاتیان لە ئەوروپادا لە دەست دا، ئەو دەورە جیۆستراتیجییەی بەرامبەر رووس لە ئەوروپا دانەما و بەریتانیا لە هەرەسهێنانی دڵنیابوو، بە ناچاری بۆ مسۆگەرکردنی هاوپەیمانی ئیمراتۆریەتی رووس و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە ئیمپریالییە ستراتیجیی و نەوتییەکانی خۆی لە ڕۆژهەلاتی نێوەندا، بە داواکاری ڕوس بۆ کۆنترۆلی دەربەندەکانی دەردەنیل و بەسفۆر و داگیرکردنی ئەستەمبول رازیبوو، بە تایبەتی دوای ئەو سەرکەوتنە گەورانەی رووس لە 1916 دا بەدەستیان هێنا و رۆژهەلاتی ئەنادۆلیا و باکووری فارسیا [ئێران] یان داگیرکرد.
کۆبوونەوەکەی سایکس و پیکۆ و سازۆنۆڤ تەواوکەری پرۆسەیەکی دانوستانی پێشتر بوو کە لە نۆڤەمبەری 1915 دا دەستی پێکرد. لە کۆبوونەوەی دواییدا لە پێترۆگراد [ مایسی 1916) (سێرجی دیمیتریەڤیج سازۆنۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وەک لە بەشی پێشوودا ڕوونم کردەوە توانی ئامانجە ستراتیجییە دڵخوازەکانی بەدیبێنیت و فەرەنسا و بەریتانیا بە قبوڵکردنیان، لە سەودایەکی بەشبەش کردندا، رازی بکات. بەم جۆرە دوای هەم شکستی گەورە و هەم سەرکەوتنی گەورە لە پرۆسەی جەنگدا و بەخشینی ملیۆنەها قوربانی، ڕوسیا لە پەیمانی سایکسپیکۆدا ئامانجەکانی خۆی بە زیادەوە هێنانە دی.

قوربانیەکانی ڕوسیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا
دیارە سروشتی شەڕەکە و نەبوونی تۆماری ئاماری نوێ و باوەڕپێکراو، وای کردووە ژمارەی ورد و راستەقینەی تەواوی قوربانییەکانی جەنگەکە بە زەبتکراوی نەزانرێت، بەلام بەپێی ئینسکلۆپیدیای بەریتانی:
* ڕوسیا دوازدە ملێۆن سەربازی خستە ناو ئاگری جەنگەوە،
* ملیۆنێک و ٧٠٠،٠٠٠ کەسی لێکوژران،
* چوار ملیۆن و نۆسەدوپەنجا هەزار بریندار و
* دوو مڵیۆن و نیو دیل و ونبوو.
واتە کۆی قوربانییەکانی ڕوسیا لە کوژرا و بریندار و دیل و ونبوو نۆ ملیۆن و سەدو پەنجا هەزار کەس بووwww.britannica.com
لەگەڵ ئەمەشدا ڕوسیا لە گروپی دەوڵەتە براوەکانی جەنگ نەبوو! بەلام روسیا بە هۆی لاوازیی و خراپشەڕکردن جەنگەکەی نەدۆڕاند.
[ ئیمە دەتوانین ئەو بیرە بدەینە دواوە کە ڕوسەکان بە هۆی فەشەلی سەربازییەوە جەنگیان دۆڕاند، چونکە راستییەکەی ئەوەیە تەنیا لە چەند شەڕێکدا سوپای روس خراپ جەنگا. لە جەنگی تانێنبرگ لە 1914 و لە جەنگی گۆرلیس-تامۆ لە 1915، روسەکان لەشکری سەربازیی تەواویان لە دەست داو تووشی شکستی ستراتیجی جددیی بوون. هەرچۆنێ بێت، لە ماوەی دوور و درێژی جەنگدا ڕوسەکان تەواو سەرکەوتوو بوون، رۆژهەلاتی گالیسیایان گرتەوە، رۆژهەلاتی ئەناتۆلیا و سەرووی ئێران [پێرسیا] یان داگیر کرد، وردتر بڵێین، تەنانەت شکستەکانی گەورەی مەیدانی شەڕ مانای دۆڕان و بەزینی روسەکان نەبوو.. وەک سەرۆکی ئەرکانی ئەلمانی ئێریک ڤۆن فۆلینهاین (1861- 1922) سکالای کرد، ” رٶژهەلات هیچمان ناداتەوە”.. سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئەلمان نەبوون بە سەرکەوتنی سیاسیی، بەلای ئەوەوە ڕوسیا نەک تەنیا شایانی بەزاندن نەبوو، بەلکو لە روانگەی ئۆپەراسیۆنی [سەربازییەوە] شایانی تێکشکاندن نەبوو. کەوایە چۆن ئیمپراتۆریەتەکە دۆڕا؟]encyclopedia.1914-1918

باری ناوخۆیی و شۆڕشی ئۆکتۆبەر
ئەوە رووداوەکانی ناو خودی ڕوسیای قەیسەری و تەقینەوەی شۆڕشی دژ بە حوکمی قەیسەری بوو لە شوبات و بە تایبەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 ی بەلشەفییەکان بوو، کە لە سەروبەری کۆتایی جەنگ و سەرکەوتنی روسیا لە بەدیهێنانی ئامانجە میژووییەکانییدا، روسیای کرد بە دەولەتێکی دۆڕاو و تێکشکاو.
گومانی نییەجەنگ، بە تایبەتی جەنگێکی زەبەلاح و ئینسانخۆر و وێرانکاری وەک جەنگی جیهانیی یەکەم و شەڕە زۆر و فراوانەکانی خەندەق و خوێن و ئاسن و تۆپ و مەرگ و لاشە و دەردی کوشندە، کاریگەریی ڕووخێنەری خۆشی لە بەرەی ناوخۆ و پەیکەری کۆمەلایەتیی و ژیانی ئابووریی دەنوێنێ و سیستمەکانی حوکمرانی لە بنەوە دەلەقێنی و دەشێ لەبەر یەک هەڵیشیانوەشێنێ.
بۆیە گومانی نییە شۆڕشەکانی ناوخۆیی ڕوس: 1905، شوباتی 1917 و شۆڕشی پرۆلیتاری بەلشەفییەکان لە ئۆکتۆبەری 1917 دا هۆکار و بنەما و زەمینەی ئابووریی و کۆمەڵیی بەهێزی ناوخۆییان هەبوو.

پێویستیی پێداچوونەوەی مێژوو
بەلام پێداچوونەوەی ئەو مێژووە لە بەر رووناکایی فاکت و دۆکیومێنتە میژووییەکان کە لە ئەرشیڤی حیزبی شیوعیی سۆڤیەتییدا دوای هەرەسهێنانی سۆڤیەت ئاشکرا بوون، نیشانی دەدا کە شۆڕشی مارکسیستی ئۆکتۆبەر هەروا لۆکالیی و خۆکرد نەبووە و لە پیلانسازیی لە مێژینەی هێزە سەرمایەدارەکانی رۆژاوا بەدوور نەبووە، بە تایبەتی لە ئاستی ئامادەکردنی ئەو کەسانەی سەرکرادیەتییان کردووە و ئەو ڕیکخراوانەی کاریان بۆ کردووە.
زۆر لەو دۆکیومێنت و دووبارەخوێندنەوەی رووداوەکان لە بەرنامەکانی گرنگ و سەرنجراکیشی ‘رحلە فی الذاکرە’ ی کەنالی ئار.تی رووسییدا بەرچاوخراون. ئەم دۆکیومێنتەرانە بە ڤیدیۆ لە سەر یوتیوب – یش بەردەستکراون. www.youtube.com
ئەم زانیارییانەی خوارەوە لە دوو بەرنامەی ئەو زنجیرەیە یەکێکیان لەسەر ترۆتسکی و یەکێکیان لە سەر سایکسپیکۆ و دەور و چارەنووسی روسیا و وەزیری دەرەوەکەی سازانۆڤ وەرگیراون بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە:
چۆن ئیمراتۆریەتی رووسی کە دەورێکی کاریگەر و بەهێزی لە هەرەسهێنانی دەولەتی عوسمانییدا هەبوو، لە شەرەکانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هیچی لە سایکسپیکۆ دەستنەکەوت و بە پێچەوانەوە خۆشی بوو بەئیمپراتۆریەتیکێ دۆڕاو هەرەسهێناوی هاوشێوەی دەوڵەتی عوسمانیی؟
بەلام بەر لەوەی دوورتر بە پرۆسەی مێژوودا بڕۆین، شایەتنامەی سازارۆڤ خۆی وەک لە یاداشتەکانی خۆیدا هاتوون و لە بەرنامەی [گەشتێ بە ناو یادەوەریی ] دەقەکەیان وتراو یان نووسراوە، دەربارەی سایکسپیکۆ دەخەمە ڕوو: خیانەتی بەلشەفییەکان لە خوێنی سەربازانی روس.
وەک لە وتاری پێشوو و لە سەرەوەشدا روونم کردۆتەوە، دوای سەرکەوتنەکانی روسیا، بەریتانیا و فەرەنسا بە بەشە-دەسکەوتەکانی روس لە میراتی دەولەتی عوسمانی رازیبوون.
بیروڕای بەڕێوەبەری بەشی دیراساتی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە روسیا، لە بەرنامەکەدا لە قسەکانی بەڕیوەبەری بەشی دیراساتی ڕۆژهەلاتی ناوەراست و ولاتانی ناوەراستی ئاسیا هاتووە:
لە زستانی سالی 1961 دا ‌هێزەکانی قۆقازی روسی بە سەرکردایەتی جەنەرال نیکۆلای ئودینیج شاری ئەرزەرومی تورکی گرت. دوای ئەوە [ فەرەنسیی و بەریتانییەکان] بە پێی ڕیکەوتنی سازانۆڤ- سایکس- پیکۆ ئعیترافیان بە مافی ڕوسیا لە لە کۆنستانتین و دەردەنیل و بۆسفۆر و ئەرمەنستانی ڕۆژاوا و بتلیس و وان ئەرزرۆم و ناوچەی کوردستان تا زەوییەکانی خوار رووباری دیجلە کرد.. گەر شۆڕشی ی 1917ی بەلشەفییەکان نەبایە ئەمانە دەبوونە ملکی روسیا.
بەڕیوەبەری بەشی دیراساتی رۆژهەلاتی ناوەراستی ڕووسی لە بەرنامەکەدا جەخت دەکاتەوە کە ئەمە فێل نەبوو، ئەمە دابەشکردنی سیقۆلیی ئیمپراتۆریەتێکی زەبەلاح بوو لە نیوان گەورەترین سێ هێزی سەرکەوتوو و زاڵی جیهانی ئەوسا، کە هەر یەکە بەشێکی گەورەی پێبڕدرا. [ بەلام لێرەدا وەک دوایی رووندەبێتەوە، وا دیارە هێزیكی چوارەم کە ئەمریکا بوو، چاودێر و خاوەن پلان خۆی بوو].
بەلام ئەو دوای لێکۆڵینەوەی دۆکیومێنتەکان هەڵوێست و کاری رووخێنەرانەی بەلشەفییەکان بە خیانەت ناو دەبا، خیانەتێک کە شایانی لێبوردن نییە. دەڵێ:
– ڕوسیا هەموو شتێکی دۆڕاند کە پێشتر لە سەری رێککەوتبوون.
– بۆ خاتری مارکسیزم کە ئایدیۆلۆجییەتیکی ڕۆژاوایی غەریب بوو لە ڕوسەکان و کۆمەلگای روسیی، شەری دوژمنانی دەرەوەیان ڕاگرت و شەڕی ئەهلییان بە گەرمی هەڵگیرساند.
– دەرفەتی مێژوویی پێشکەوتنی سوپای روسیان بەرەو خوار دەردەنیل و بۆسفۆر و ئەستەمبول لە دەست دا.
– بە قسەی ئەو خوێنی دوو ملێۆن کوژراوی سەربازی روسییان بە هەدەر دا.
– ڕوسیا یەک ملیۆن چوارگۆشە خاکی ئیمپراتۆریی لەدەست چوو.
– شایەتنامەی وەزیری دەرەوە و بەرپرسی دانوستانەکان و واژۆبەندی ڕێککەوتنەکە سازانۆڤ ئەویش بە دڵشکاوییەوە کاری بەلشەفییەکان بە خیانەت و پشتکرنە ئەرکی شەرەفی نەتەوەیی ناو دەبات.
یاداشتەکانی سایکسپیکۆی سیزانۆڤ بە وشەی خۆی بۆ ئەو یاداشتانە بە ئینگلیزیی گەڕام بەداخەوە بە دەستم نەکەوت، ئەم وەرگیراوانەی خوارەوە لە بەرنامەکە کە بە زمانی عەرەبی پێشکەشی دەکا، وەک خۆیان وەرگیراون. سیزانۆڤ نووسیوێتی:
[ لە ماوەی دانوستانی کەسیی خۆم لە نێوان من و سێر مایک سایکس و جۆرج پیکۆ .. ئەرکی ئامادەکردن و وردبینیی دەسکەوتە ئیقلیمییەکانمان لە مڵکەکانی دەولەتی عوسمانی تەواو کرد. لە نیسانی 1916 دا بە کۆتایهاتنی دانوستانەکان و روونکردنەوەی ئارەزۆکان پێمراگەیاندن بە رازیبوونی ئیمپراتۆریەتی روسیی لە سەر داواکاری هەردوو لای ئینگلیزیی و فەرەنسیی کە ولاتی میسۆپۆتامیا/ بلاد الرافدین ببێ بە هی ئینگلتەرا و سوریا و کیکیا بە فەرەنسا و بەو مەرجەی روسیا لە ئاسیای بجوک ئەرزەروم و تورابزون و ڤان و بتلیس تا خاڵیک لە کەناری دەریای ڕەش و ناوچەی کوردستان لە خوارووی بتلیس و وان ببێت بە مڵکی ڕوسیا لە جیاتی ئەو هەموو ناوچانەی کە فەرەنسا لە ئاسیای ناوەراست وەریگرتوون لەوانە شاری خەربوت. ئەمەیە بە هێڵی درشت ئەو ریکەوتنەی حکومەتی روسیا لەگەل نوێنەرانی فەرەنسا و بەریتانیا پێی گەیشت. ڕێکەوتنەکە مەرجیکی جیاکراوەی تێدا بوو، ئەوەبوو کە مەرجی سەرەکی زامنی جێبەجیکردنی ریکەوتنەکە ئەوەیە کە هەر سێ لایەن بەردەوامبن لە جەنگەکەدا هەتا بە سەرکەوتن [بە سەر عوسمانییەکاندا] کۆتایی دێت، من باوەریکی پتەو و نەلەقیوم بە ئیرادەی هەر سێ لایەنەکە هەبوو کە رێکەوتنەکە بگەیەنینە کۆتایی یە پتەوەکەی. من چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد کە ولاتەکەی خۆم روسیا تاکە دەولەتێک بێت کە مەرجە سەرەکییەکە [بەردەوامبوون لە جەنگ تا سەرکەوتن بە سەر عوسمانییەکاندا] جێبەجێ نەکات. لە سەر خواستی سەرکردەکانی شۆڕش لە جەنگ کشایەوە لە کاتیکدا هیچی لە بەرەمدا نەمابوو ئەوە نەبێت هەولێکی دوایی بدات بۆ ئەوەی بەری خەباتی تاڵی سێ سالەی بخوات.. .من وام بۆ دەرکەوت کە مەرجی شەڕکردن تا سەرکەوتنی دوایی شکڵی بوو، ئێمە هەر سێ لایەنمان سەرکەوتنمان بە سەر دوژمندا دەویست، بەلام قەدەر وای کرد کە ڕووداوێک ڕوویدا کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر نسیبێکی هەبێت جێگەی حەسوودییپێبردن نەبێت. لەوەدا دەرکەوت کە ناوەرۆکێکی کرداریی بەم مەرجە شکڵییە بدات.
ئەو کارەساتەی لەم ڕووداوەوە سەری هەڵدا، لە زۆربەی ڕۆڵەکانی نیشتیمانەکەمان شاردراوەتەوە.. ئەوەش لەبەر خەم و ئازاری ڕۆژانەی خۆیان و دیمەنی خەراباتی گشتیی لە ڕوسیا.. بەڵام حەقیقەتی ئەو بارە قورسەی کە لە ئەنجامی ناچاریکردنیی گەلی روس کە پشت لە ئەرکی شەرەف و پەیمانەکانی پێشووی بکات، دەکەوێتە سەری، بۆ نەوەکانی داهاتوو نەبیت روون نابێتەوە.
ڕووداوێک ڕوویدا زەحمەتە گرنگییەکەی بزانرێت، روسیا نەچووە پاڵ گروپی دەوڵەتە سەرکەوتووەکانەوە ..ئەو کات، شۆڕشی بەلشەفیی خەریکی بنیاتنانی کۆمارە پرۆلیتارییەکەی بوو، کە لە سەر لاشەی باشترین ڕۆڵەی ڕوسیای قەیسەریی بنیاتنرا.. مارکسیزمی ڕوسیی، خۆی خۆی لە بازنەی دەوڵەتانی شارستانیی بردە دەرەوە ، بە جۆرێ ئەو تاوانانەی دەرهەق گەل کردی، میللەت ناچار بکات خۆی خۆی ژەهرخواردوو بکات، لە کاتێکدا وڵاتەکەمان ، لە هەموو کاتێکی پێشتر زیاتر پێویستی بە هەموو هێزی ڕۆحیی و ماددییەکانی هەبوو.
من باسی خۆژەهرخواردووکردن دەکەم، باسی خۆکوشتن ناکەم، چونکە لە چاکبەختییمان، هیچ ژەهرێک نییە کە جەستەی گەنج و پتەو وبەهێزیی گەلی ڕوس، توانستی ئەوەی نەبیت بەسەریدا زاڵ بێت.]
جێی خۆیەتی بڵێین دوای شۆرشی ئۆکتۆبەر سازانۆڤ چوو بۆ فەرەنسا وەک وەزیری دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕوسی کاری دەکرد، لە ساڵی 1923 دا هەر لە مەنفا لە فەرەنسا، یاداشتەکانی بلاوکردەوە، پێنج سال دوای ئەوە لە ساڵی 1928 دا لە تەمەنی 67 ساڵیدا بە نامرادی سەری نایەوە.

ترۆتسکی 1879- 1940
ئایا ترۆتسکی یەکیک لەو سەرکردانە بوو کە رۆژاوا بۆ ئەو خیانەتەی ئامادەکردبوو؟
ترۆتسکی ئەو شۆڕشگێڕە مارکسییە بوو کە 17لە ی مایسی 1917 دا، لە مەنفاوە لە ئەوروپا گەرایەوە روسیا و چووە پاڵ بەلشەفییەکانەوە، وەک دووەم کەس دوای لینین دەسەلاتی گرتە دەست و ڕیبەرایەتی شەڕی ئەهلی کرد و پەیمانی سایکسپیکۆی توور هەڵدا.
مارکس و مارکسییەکان باوەڕیان وایە کە سۆشیالیزم تەنیا لە ولاتانی سەرمایەداریی سنعەتسازیی گەورە کە چینی کرێکار یان پرۆلیتاریا تا رادەیەکی باش پێگەیشتبێ و دەوری کاریگەری لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا هەبێت، دەتوانرێ ئەنجام بدرێت.
ترۆتسکی لە سالی 1905 دا کتێبی [شۆرشی هەمیشەیی] نووسی کە تێزیكی جیای هێنایە گۆرێ: دەشێ شۆرشی سۆشیالیزم لە ولاتانی نیـمچەدواکەوتووی وەک روسیا و ئەوانەی تازە دەستیان بە سنعەتسازیی کردووە بەرپابکرێ و دوای ئەوەی پرۆلیتاریا دەسەلات دەگرێتە دەست، ئیدی چەکی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بۆ بڕینی قۆناغە مێژووییەکان و گۆڕێنی هەلومەرجەکان بە هۆی ئیرادەی پۆلایینی خۆی چارەسەر دەکات.
بەڵام بە پێی بەلگەنامە نهێنییەکان شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕشێکی تەواو ڕەسەنی ڕووسیی نەبوو، بەلکو شۆرشێک بوو کە لە ولاتە رۆژاواییەکان بۆ روسیا وەک پیلانێک ئامادەکرا بوو بۆ کەڵک وەرگرتن لە ناکۆکیی و هۆکارە کۆمەلایەتیی ناوخۆیی یەکان و پەکخستنی حکومەت و هێزی روسیای قەیسەریی. ئەمەش بە چاندنی کرێگرتە و سیخوڕی خۆیان لە ناو دەستەی حوکمران و هەروەها ئۆپۆزیسیپۆنی روسیاش بەو تەمایەی لە دواییدا بتوانن ئیمپراتۆریەتی ڕووسی پەک بخەن و پارچە پارچەی بکەن.

پێگەیاندنی ترۆتسکی قارەمانی شەڕی ئەهلی ڕوسیا
چۆن و بۆچی ترۆتسکی بۆ ئەم پەیام و ئەرکە خەتەرناکە ئامادە کرا؟
جۆن ترۆتسکی لە منالەجوولەکەیەکی زیت و زیرەکەوە بوو بە سەرکردەیەکی شۆرشگێری جیهان و دیاریکەری چارەنووسی روسیا؟
لەم بەرنامەیەدا وەلامەکان وەردەگرنەوە.
یەکەمجار لە قوتبخانەیەکی دینیی یەهودیی خوێندی و دوایی لە قوتابخانەی ئامادەیی لەمە زیاتر هیچ خویندەوارییەکی بالای نەبوو. لە قوتابخانەی دینی یەهودیی بابەتی هەرە گرنگ ئەوە بوو فێری وتاردان و جەدەلیان بکەن. ئەوانەی دەردەچوون شارەزایی و بەهرەیەکی گەورەیان لەم مەیدانەدا نیشان دەدا. ترۆتسکی کە ناوی خۆی نییە و ناوی ئەسلی لیۆ برۆنشتاین بوو، لەم بوارەدا بەهرەیەکی زۆر سەرنجراکێشی نیشان داو بووە جێگەی چاودیریی و گرنگیپێدان هەڵبەتا لە ولاتانی زۆر دووریشەوە!.
هونەری جەدەل ئەوەیە کە بکەویە ئاخاوتن لەگەل کەسێک دەربارەی هەر پرسێک و بتوانی هۆ و بەلگەی عەقلی زیاتر و بەهێزتر بۆ سەلماندنی بیرورای خۆت بدۆزیەوە و بە زمانێکی دروست و ئاسان بەکاریبێنی [ لە جەدەلی سۆکراتی یۆنانی یەوە]
وتاردان / خوتبە، ئەوەیە بۆ کۆمەلێکی گەورە و گەورەتر بتوانی وتار بدەی و ئەو بیرورایەی هەتە دەربارەی کێشەکانی ژیان و بێدادیی و زوڵمە کۆمەلییەکان بۆیان باس بکەی و سۆزیان بجووڵێنی و پشتگیرییان بەدەست بێنی. لە هەردووکیاندا لیۆی کوڕە جوولەکە وەک بەلگەکانی بایۆگرافیەکەی نیشانی دەدەن کارامە و کاریگەر و کاریزمایی بوو.
ئەو مەیدانەش کە ترۆتسکی لە سەرەتادا بەهرە و کارامەیی خۆی تێدا دەردەخست موجادەلە و وتاردان بوو لە ئەڵقەکانی فیرکردن و بلاوکردنەوەی مارکسیزمدا بە تایبەتی لە ناو جوولەکەکاندا، باوکیشی مارکسیست بوو. ئەو کات جوولەکەکان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ لە ڕوسیا نەدەناسران و مارکسیزم داوای یەکسانی نێوان نەتەوەکان و دادی کۆمەلایەتیی و مافی کرێکارانی دەکرد. جوولەکەکان لە ناوەراستی سەدەی هەژدەهەم کە رۆژاوای پۆلەندا خرایە سەر ڕوسیای قەیسەری بوونە یەکێک لە نەتەوەکانی ڕوسیا.
بلاوکردنەوە و پروپگاندەکردن بۆ مارکسیزم بە پلەی یەکەم لە نیوان حەلەقاتی دیراسیی و نادییەکانی جوولەکەکانی روسیادا باو بوو، ئەوانیش زیاتر لەگەڵ خۆیان کاریان دەکردو دوورە پەرێزبوون لە ڕووسەکان. ئەوان جەختیان لە سەر بەدەرخستنی خاڵی لاوازیی و نایەکسانی کۆمەلگای رووسی دەکرد و هەوڵیان بۆ تێگەیاندنی خەلک و زیادکردنی نارەزایی و توورەیی لە سیستمی ئیمپریالی قەیسەریی دەدا. لە دوای تێشکانی روسیا لە جەنگی لەگەل یابان لە 1905 دا و بریاردانی روسیای قەیسەری کە ئازادییە سیاسیەکان لە روسیا بدرێن بە خەلک، ترۆتسکی زیاتر بە ئاشکرایی وەک وتاردەرێکی شۆڕشگێر دەرکەوت و ئەو دەسکەوتانەی بە ئەنجامی خەباتی شۆرشگێریی جەماوەر دانا، نەک بەزەیی و بەخشندەیی دەسەلاتی قەیسەریی. لە هەمان کاتدا ترۆتسکی لە ژێر چاودێری دەزگا و ڕیکخراوە سیاسییەکانی رۆژاوا دا بوو کە تایبەتی بۆ بەدواکەوتنی چالاکی شۆرشگێرە رادیکالییەکان و یارمەتیدانیان بۆ هەلاتن لە کاتی گرتنیاندا دروست بوو بوون. گرنگترینیان لەمانە لە ئەمریکا [‘کۆمەلەی ئەمریکی بۆ دۆستانی ئازدیی لە روسیا] .. بوو کاری نهێنیی ئەم ڕێکخراوە کڕینی ڕۆژنامەنوسە چالاک و ناسراوەکان بوو. کە زیاتر پروپاگاندەیان دژی روسیا بلاو دەکردەوە.. هەورەها رێکخراویان بۆ بەدواداچوونی گیراوە سیاسییەکان دامەزراندبوو. خالی ترۆتسکی دەولەمەندێکی سەرمایەدار بوو و پێوەندی بە بانکەکان و نوخبەی دارایی رۆژاوایی یەوە هەبوو.
لە کاتێکدا نەفیکرابوو بۆ ئۆبدۆرسک لە سیبریا، ترۆتسکی لە کانوونی دووەمی 1907 دا، توانی هەڵبێت و بگاتە لەندەن کە پێشتریش لێی بوو. حەوت ساڵ لە ئەوروپا ژیا. بە پێی بەڵگەنامەکان، لە ئەوروپا باش دەژیا و زوو زوو شوێنی خۆی دەگۆڕیی و سەفەری دەکرد و منالەکانی لە قوتابخانە دا دەیان خویند . ئەمە هەموو پارەی دەویست . کە سەرچاوەکەی دیار نەبوو. بەلام کۆمەلە پارەدارکەرێکی دەولەمەندی هەبوون. لە لایەن دەستەی دارایی جوولەکە لە ئەلمانیا، نەمسا و بەریتانیا و ئەمریکا پشتیوانی دەکرا. ئەو یەهودانەی لە روسیاوە هەلاتبوون بۆ ئەمریکا توانیبوویان لە سیستمی دارایی ئەمریکادا دەسەلاتدار بن.. جوولەکەکان لەوێ ئازاد بوون و هیچ کۆتوبەندێکیان لەسەر نەبوو، لەبەر ئەوە ترۆتسکی دوای سەردانێکی بۆ ئەمریکا بانگەوازی بۆ دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەوورپا لە سەر شیوەی ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا دەکرد. بەهانەی ئەوە بوو کە گەشەسەندنی ئابووریی لە ویلایەتەکان بە بوونی سنوورەکان رێگەی لێدەگیرێ و نەمانی سنوور ریگایە بۆ گەشەسەندنی سەرمایەداریی. سەبارەت بە ڕوسیا لای وا بوو کە دەسەلاتسەندن لە قەیسەر و دامەزراندنی دەسەلاتی پرۆلیتاری یارمەتی دەدا سیستمێکی ئازاد بۆ دەزگاکانی دارایی و بازرگانی جوولەکە وەک ئەوەی ئەمریکا دروست ببێت. ئەمریکا خۆی ئەوکات موحافیزکار بوو خۆی لە کاورباری دنیا نەدەگەیاند. بەلام هەندی بازنەی دەسلاتدار بە تایبەت جوولەکەکان هەولی راکێشانی ئەمریکایان بۆ ناو گێرەوکێشەی سیاسەتی ئەوروپایی و جیهانیی دەدا، هەندێ لەوانە لە سەرۆکی ئەمریکی ویدڕۆ ویلسن نزیکبوون و هانیان دەدا ئەم دەورە ببینێت. [ وەک ئەو دەورەی ئیستا جۆن بۆلتن و پۆمپیۆ لەگەڵ ترامپ دەیدەن: ناسینی قودس، مانەوە لە سوریا، ناسینی جۆلان وەک بەشیک لە ئیسرائیل].
کاتێ ترۆتسکی لە فەرەنساوە جوو بۆ نیویۆرک، لە لایەن نوێنەری ڕیکخراویک بە ناوی [رێکخراوی کۆمەلگای یارمەتیدانی جوولەکە و پشتگیری کۆچکردووان] ، پێشوازی لیکرا. ئەو کەسەی کە ئەم ڕێکخراوەی پارەدار دەکرد سەرمایەدارێکی جوولەکە بوو کە لە بەهێزترین پشتیوانان و سپۆنسەرانی ترۆتسکی بوو، لەگەڵ کۆمەڵی کەسانی سەر بە ئیستیخبارات.
دوای گەرانەوەی بۆ روسیا، لە 17 ی مایسی 1917 دا، بەلشەفییەکان بوونە حیزبیکی یاسایی ڕێگاپێدراو لینین و ترۆتسکی دەستیان کرد بە جۆشاندنی خەلک و هاندانی سەربازانی رووسی کە لە سەرکردە و ئەفسەرەکانیان هەلگەڕینەوە و ئیتاعەی فەرمانەکانیان نەکەن و شۆڕش بکەن. ئەمە لە کاتێکدا روسیا لە جەنگدا بوو لە دژی سێ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەڵمانی و نەمسایی-هەنگاریی، بالی رادیکالی سۆشیال دیمۆکراتەکان کە ئەوسا بە بەلاشیفەکان ناسران سەرکەوت. هەڵبژاردنی ترۆتسکی، دوای گەرانەوەی.، پێوەندی گرنگی بە توانای وتاردان و جۆشاندنی نەخویندەوار و چینەکانی ژێرەوە و سەربازانی بێزار لەجەنگەوە هەبوو.راپۆرتێکی ئەوکاتەی ئیستیخباراتی فەرەنسی بە تایبەتی ئاماژە بۆ کاریگەریی ترۆتسکی، کەلەکاتی مەنفادا لە فەرەنسا جێگیر بوو، لە جۆشاندنی خەلک و هاندانیان لە دژی سیستمی قەیسەری دەکات. لەکاتیکدا فەرەنسا هاوپەیمانی روسیا بوو دژی ئەلمان، لە ژێرەوە وەک ئەمریکا و بەریتانیا، هیزی دژی ئامەدە دەکرد بٶ ڕوخاندنی روسیا. هەموو بەلگەنامەکان دەربارە ی ترۆتسکی لە فەرەنسا شاردراونەوە، بەلام بنکۆلکاری ئەم بابەتە توانیوێتی کۆپی بەڵگەنامەکان لە ئەرشیفی روسیا بدۆزیتەوە

پلانی نهێنیی رۆژاوا بۆ روسیا
کە لای ئیمپریالیسەتکان ئاشکرا بوو کە سیستمی قەیسەری دەڕووخێ و شۆرشگێڕە مارکسییەکان سەردەکەون، وایزمان ی بەریتانی، پلانێکی دانا بەناوی پلانی بەڕێوەبردنی گەردەلوول ئیدارەی عاصیفە/ .. بەو حاڵیبوونەی کە گەردەلوولی شۆرشگێری نانیشێتەوە دەبێ رۆژاوا ئەوە زامن بکات کە ئەوانەی دوای شۆڕش لە رۆژاواوە بۆ روسیا دەگەرێنەوە شۆڕشەکە بەو ئاقارەدا بەرن کە رۆژاوا دەیەوێت. وایزمان راپۆرتێکی بە ناوی [کاری پروپاگەندەیی و ئیستیخباراتی] لە روسیا پێشکەس کرد کە تییدا هاتووە: ئەیجنت [عەمیل، سیخور] ێکی ئێمە کە گەیوەتەوە روسیا زۆر بە حەماسەوە لەلایەن بەلشەفییەکانەوە پێشوازی کراوە و لە سەرکردایەتیدا جێی بۆتەوە. باوەڕ وایە، مەبەست لە ئەو خزمەتکارە ترۆتسکی بوو.

پلانی ئەمریکا
لە ئەمریکاش نەخشەیەکی تیابەت بە روسیا لەلایەن [ئێدوارد هاوس] ئامادەکرابوو،
ودرۆ ویلسن پلانی ئێدوارد هاوسی بە شێوەیەکی فراوانتر پەرەپێدا و پلانێکیان بۆ دابەشکردنی روسیا بۆ چوار دەوڵەت دانا:
[نابێ ئەمریکا بچیتە ناو جەنگەوە تا ئیمپراتۆریەتی قەیسەری روسی نەڕوخێت بۆ ئەوەی جەنگەکە لە سروشتی داگیرکاری ئیمپریالیزمییەوە سروشتی خەباتی دیمۆکراتی دژی حوکمی موتلەق وەرگرێت، دنیا باشتر دەبێ گەر روسیا ببێتە چوار دەوڵەت..]]
بەریتانیاش لەم نەخشەیە بەشدار بوو.
سێر ویلیام وایزمان – سەرۆکی مەکتەبی ئیستیخباراتی بەریتانی لە نیویۆرک، ئەڵقەی ئەو پیوەندییە بوو. زۆر لە ودرۆ ویلسن – ەوە نزیک بوو، بە ئاسایی سەردانی دەکرد.
ئەمریکا ئەو نموونەیە بوو کە دەبوو دنیا لە سەر شێوەی خۆی داڕێژێتەوە.
ترۆستکی دەربارەی سەفەرەکەی بۆ ئەمریکا دەنووسێ: لە سەفەرێکی راگوازریدا بە ئەمریکادا بۆم دەرکەوت من سەرنجی کارخانەیەک دەدەم کە چارەنووسی مرۆڤایەتیی تێدا جۆش دەدرێ. .
ئەو گروپەش کە بە سەیارەی زرێپٶش لەگەڵ لینین گەڕانەوە بۆ روسیا بۆ تەواوکردنی شۆڕشی پرۆلیتاری سەدی %٨٠ یان جوولەکە بوون. هەموو ناوی خواستراویان هەبوو. هەموو ئەو دۆکیومێنتانەی پێوەندیی بە نهینییەکانی ئەوان و گەڕانەوەیان هەیە، لە ناوبردراون.
بە پێی سایستی بی.بی،سی:
anarchist and Bolshevik agitators played their own part in destroying the Russian Army’s ability to fight. Many anti-war radicals, along with the Bolshevik leader, Vladimir Lenin, were ferried home from exile in Switzerland in April 1917, courtesy of the German General Staff (which had spent roughly 30 million marks trying to foment disorder in Russia by the end of 1917)
www.bbc.co.uk/history/worldwars
[[ ئاژاوەچییە ئەنارکیست و بەلشەفییەکان دەوری خۆیان لە ڕووخاندنی توانستی جەنگانی سوپای روسییدا بینی. زۆر لە رادیکالەکانی دژ بە جەنگ، لەگەڵ سەرۆکی بەلشەفییەکان ڤلادیمیر لینین، لە نیسانی 1917 دا لە مەنفاوە لە سوێسرا [ بە نیعمەتی ئەرکانی سوپای ئەڵمانی کە 30 سیی ملیۆن مارکی بۆ هەڵگیرساندنی گڕی ئاژاوە و تێکدانی نیزامی لە روسیا تا کۆتایی 1917 سەرف کرد، ] گواسترانەوە، بۆ ڕوسیا.! ]]
ئایا ئەمە گەڕاندنەوەی خومەینی و چەندین گەڕانەوەی ترتان ناخاتەوە یاد؟
ئەنجام:
بێگومان مەبەست لەم زانیارییانە کە لەو پرۆگرامە دۆکیۆمێنتارییەوە وەرم گرتوون ئەوە نییە کە بوترێ ئەمە هەموو حیکایەتەکە بوو. شۆرش و گۆڕینی کۆمەلایەتیی و پێوەندیی و تێکەولێکەی جیهانیی و نێونەتەوەیی زۆر لەوە بەرفراوانتر و ئالۆزترن بە یەک یان دوو فاکتەر بڕیار بدرێن. هەمیشەش تیۆری پیلانسازیی/ نەزەریەی موئامەرە/ هەر بۆ هەموو رووداو و دیارەدەیەکی سیاسیی هەیە، بەلام هەمیشەش چێرۆکی نەزانراو و نەوتراو هەن کە لە کونە تاریک و برینە قوولەکانی مێژوودا شاردراونەوە. گرنگی دۆزینەوە و بە رەنگ و دەنگهێنانی دۆکیومێنتەکان ئەوەیە کە دەبنە زمانی گێرانەوەیەکی نوێی راستییە پەنهانەکان.
گەر ئەم تێزەی پیلانسازیی رۆژاوا بۆ روسیای قەیسەری دروست بێت، کە هەرچۆنێ بێت بە شایەتی وەزیری دەرەوەی سازانۆڤ و بە حەقیقەتی تەوقیتەکە و پرۆسە و ئەنجامەکان و لەباربردنی بەرژەوەندیی روسیا لە ڕیکەوتنی سایکسپیکۆدا دروست و کاریگەرە، ئەوە بۆمان دەردەخات کە:
1- بە ماوەیەکی زۆر بەر لەوەی هێزە ئیمپریالیستەکانی رۆژاوا بە ئاشکرایی بیر لە دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی دەولەتی عوسمانی بکەنەوە، پیلانیان بۆ پارچە پارچەکردن و وپەکخستنی ئیمپراتۆریەتی ڕوسی داناوە.
2- هەروەها ئەوە دەردەخا کە ئیمپریالیستە رۆژاواییەکان گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی کە روسیا لە دەرەوەرا داگیرناکرێ و ناڕووخێندرێ و دەبێ ڕووخان و هەرەسپێهێنان لەناوەوە رووبدات. هەلومەرجی دەرەوەیی [جەنگ] و ناوخۆیی [شەری ئەهلی] بۆ ئەم مەبەستە فەراهەم بکرێت.
3- وەک ئەنجامگیریی سێیەم ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ‘هەناردەکردنی شۆڕشەکان’ [تصدیر الثورات] و ئایدیۆلۆجییەکان لە بنەرەگەوە پلان و پراکتیسیكی سەرمایەداریی کۆنی رۆژاوا بووە و شتێکی تازە نییە
4- پێگەیاندنی عەمیل و کادری ئیستیخباراتیی و سیاسیی لە ڕۆژاوا و ئامادەکردنیان بۆ ناردنەوەیان بۆ حوکمڕانی ئەو ولاتانەی مەبەستیانە رژێمەکانیان بگۆڕن یان وێرانیان بکەن، ئەمیش شتێکی تازە نییە.
=================
سەرچاوەکان: ڤیدیۆ دۆکیومێنتارییەکانی بەرنامەی [رحلە فی الداکرە] ، پێشکەشکردنی خالد الرشد، کەنالی ئار،تی ڕوسی:
1- مەتەڵی تڕٶتسکی: چۆن ئەو منالە جوولەکە لیو برونشتاین لە خوێندنگەیەکی یەهودیی دینیی بووە سەرکردەی شۆڕشی جیهانیی؟youtube.com/watch?v=WTJj1SzuDCE
2- دۆکیومێنتاری؛ [ دوای سەد سال ساختەچێتیی گەورەی شۆڕشی پرۆلیتاری لە ڕوسیا و دەوری بەلشەفییەکان تێیدا.youtube.com/watch?v
3- نهێنییەکانی رێکەوتنی بەناوبانگی سازانۆڤ-سایکسپیکۆ و چۆن روسیای تێدا وەدەرنرا. چاوپیکەوتن لەگەڵ بە ڕیوەبەری دیراساتی رۆژهەلاتی ناوەراست و ولاتانی ناوەراستی ئاسیا، youtube.com/watch

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت