دکتۆر کەمال میراودەلی: تورکیا- پرۆسەی مێژوویی و پرسە مەزنەکان. بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تورکیا و جەنگی جیهانیی یەکەم
جەنگی جیهانیی یەکەم لە 28 ی تەمووزی 1914 دا دەستی پێکرد و لە 11 ی نۆڤەمبەری 1918 کۆتایی هات. بەلام جەنگی نێوان دەوڵەتی عوسمانلی و ئەوروپا نە لەو ساڵەدا دەستی پێکرد و نە لەم ساڵەشدا کۆتایی هات. هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە ولاتە ئەوروپاییە داگیرکراوەکان دەستیان بە جووڵەی نەتەوەیی و خەباتی ڕزگارییخوازیی دژی عوسمانییەکان کرد. سێربەکان لە نێوان سالانی 1804- 1817 دا، گریکەکان/ یۆنانییەکان لە نیوان 1821- 1823 دا.. جگە لەمەش و لەوە گرنگتر هەر لە سەدەی حەڤدەمەوە تا سەرەتای سەدەی بیست و کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم، ناو بە ناو، جەنگی گەورە و درێژخایەن، لە نیوان ڕوسیا و تورکیا دا هەبووە. ئەم جەنگانەی نێوان روسیا و تورک بە درێژماوەترین زنجیرە بەربەرەکانی جەنگیی لە مێژووی ئەوروپادا دەژمێردڕین. بۆ بەڵگەی ئەمەش ئەمە لیستێکی ساڵەکانی جەنگەکانی تورک و ڕووسە وەک لە ویکیپیدیادا هاتووە:
1568-70 1676-81 1686-1700 1710-11 1735-39 1768-74 1787-92 1806-12 1828-29 1853-56 1877-78 1914-18
گەر کۆیان بکەینەوە:
2 +5 +14 +1+4 +6 +5+6+1+3+1+4 = 52 years
دەبینین کە روسیا و تورک لە ناوەراستی سەدەی شازدەوە تا کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم ماوی 52 ساڵ لە حاڵەتی جەنگدا بوون.
روسیا ئەمڕۆش یاریکەری دووەمە گەر یەکەم نەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی پاشماوە سەدەبیستییە ئەتاتۆرکییەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی. بۆیە زانینی ئەم مێژووانە گرنگە. ئەزموونی مێژوویی پەنجا و دووساڵ جەنگ و دوژمنایەتیی بەو هەموو کارەسات و تێشکان و قوربانییانەوە، دەبێ چ کاریگەرییەکی سایکۆلۆجیی و ترس و وریاییەکی سیاسیی و دیپلۆماسی پرسی ستراتیجیی و فێڵی تاکتیکی و بێباوەڕیی و گومان لە نێوان خەڵکی ئاگادار و سەرانی ئەو دوو دەوڵەتەدا دروست بکات؟ دەبێ ئەم مێژووە لای کامیان: پۆتین یان ئەردۆگان ئامادەتر و بەرچاوتر بێت؟
جەنگی سێ ساڵەی 1853- 1856 جەنگی قرم /کرایمیا بوو، ئەو دوورگە هەرێمە دەریاییەی لە مارتی 2014 دا روسیا خستییەوە سەر خۆی و هێشتا تورکیا، لەگەڵ گوایە پێوەندی دۆستانە و ستراتیجی نوێی لەگەل روسیای پۆتین دا، دانی بە خاوەنێتیی ڕوسیادا نەناوە و خۆی بە خاوەنی تەتەرەکان دەزانێت. ئەمە خاڵێکی گرنگی پێوەندییەکانی تورکیا-روسیایە. [گەرچی پۆتین ناڕاستەوخۆ داوەتی ئەردۆگانی کرد کە بچێت مزگەوتیکی گەورەی تازە لە کرایمیا بکاتەوە، تا ئێستا ئەردۆ بێدەنگە.]
لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا ئیمراتۆریەتی روسیی و ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی هەردووکیان خولیای داگیرکاریی و بەرفراوانکردنی ئیمپراتۆریەکانیان هەبوو. زۆربەی جەنگەکانی نێوانیان بە شکان و پاشەکشەی عوسمانییەکان تەواو دەبوون. ڕووسەکان ڕۆخی باکووری دەریای ڕەش یان لە دەست تورکەکان دەرهێنا و بەرە بەرە ناوچەکانی عوسمانییان لە ئەوروپای ڕۆژهەلات و بەلقان بۆ خۆیان دادەبڕی.. شەڕی قرم لە سالانی 1850 دا، یەکێک بوو لە جەنگە هەرە دڕندانەکانی نێوانیان. لە ترسی پێشکەوتنی بەردەوامی رووس لە ئەوروپادا و بۆ رێگەگرتن لە زیاتر فراوانبوونی، ولاتە ئەوروپییە مەسیحییەکان لەوانە فەرەنسا، بەریتانیا و سەردینیا بوونە هاوپەیمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیسلامیی و بۆ ماوەی سێ ساڵ یەکەم جەنگی وەحشییانەی خوێن و خەندەق و سەنگەری بەرامبەر لە سەر زەمینی ئەوروپادا ڕوویدا. کۆی ‌هێزەکانی هاوپەیمانانی ئەوروپی و عوسمانی 603132 شەڕوان بوو. روسیا بە تەنیا 889000 سەربازی ڕشتە مەیدانی جەنگەوە.. ئاخری دوای بەرگریی و موقاوەمەیەکی زۆر و بەهێز، ڕوسیا جەنگەکەی دۆڕاند و دیارە خەسارەتی بەشەریی زیاتریشی دا.
بە پێی سایتی [فایند مای پەست] ی بەریتانیی واتە رابردووم بۆ بدۆزەوە، لیستی خەسارەتی بەشەریی /کوژراو و بریندار/ بەم جۆرە بوو:
ئیمپراتۆریەتی رووسیی: 125450 مرۆڤ – ئیمپراتۆریەتی بەریتانیی: 22182
ئیمپراتۆریەتی فەرەنسیی: 95615 – مەملەکەتی سەردینیا: 2166
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی: 45،400
ئەوەی شایانی باسە زۆربەیان بە برسێتیی و نەخۆشیی مردن نەک بە هۆی پێکدادان. بۆ نموونە لە قوربانیەکانی بەریتانیا تەنیا 2755 لە بەرەی جەنگدا کوژران بەلام 58017 بە دەرد و نەخۆشیی مردن.
findmypast.co.uk
هەردوو ئیمپراتۆریەتی رووس و عوسمانی خۆیان بە هەلگری پەیامی دینیی و دنیایی دادەنا.. رووسەکان پاڵەوانی پێشخەری کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسیی بوون و خۆیان وەک میراتگری شارستانی و سەڵتەنەتی بێزەنتییە کۆنەکان دەناسیی. قەیسەرەکانی مۆسکۆ هەمیشە چاویان بڕیبووە ئەستەمبول و، داگیرکردنی ئەستەمبولیان بە ڕێگای گەیشتن بە ئاوی گەرمی دەریای ناوەراست و گرتنەوەی خاکی پیرۆزی مەسیحییەکان دەزانی. عوسمانییەکان خۆیان بە خەلافەتی ئیسلامی سوننی و میراتگر و درێژەپێدەری غەزەوات و فتوحاتی ئیسلامیی دەزانیی و چاویان بڕیبووە داهاتی غەنیمەی جەنگ و سەرمایە و بەرهەمی ولاتانی ئەوروپایی و جزیە. زۆر جار شەڕەکانی نێوانیان ڕەشکوژیی و جێنۆساید و بە زۆر گواستنەوەی دانیشتوانیان تێدەکەوت. وەک کۆمەڵکوژیی هەزاران لە چەرکەسە مسڵمانەکان لە دەروبەری سۆچی لە سالی 1864 لە لایەن ڕووسەکانەوە.. ئەم میراتی جەنگی وەحشیی و جینۆسایدە بۆ سەدەی بیستیش مایەوە.
لە سەدەی نۆزدەدا رووسەکان دەوریکی گەورەیان هەبوو لە خۆشکردنی بڵێسەی ناسیۆنالیزم لە هەنذی ولاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بەلقان دا کە هێشتا یان پێشتر لە ژێر کۆنترۆلی عوسمانییەکاندا بوون. ئەوان دەستیان هەبوو لە بزاڤە دیارەکانی رزگاریخوازیی نەتەوەیی لە یۆنانەوە بۆ سربیا بۆ بولگاریا.. ئەم دەورەی روسیا لە کاتێکدا دوژمنایەتی بوو بەرامبەر عوسمانییەکان، بوو بە هۆی مونافەسەیەکی جیۆپۆلیتیکیش لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی نەمسایی-هەنگاریایی و دوایی بوو بە هۆکارێکی جەنگی جیهانی یەکەم.washingtonpost.com
ئەو جەنگانەی لە سەدەی نۆزدەیەمدا کڵپەیان سەند وەک جەنگی رووسی-تورکیی ساڵەکانی 1877- 1888 پێشینەی جەنگی جیهانی یەکەم بوون و بوونە هۆی دیاریکردنێکی ڕوونتری سنووری نەتەوەیی و نەخشەی نۆبەرەی دەولەتانی نەتەوەیی ئایندەیی ئەوروپای ڕۆژهەلات.. هەروەها بوونە هۆی هەڵکەندن و ئاوارەبوون و گوازتنەوەی فراوانی دانیشتووان: هەلاتنی دەربەدەربووان و پەنابەرانی مەسیحیی، جوولەکە، مسڵمان هەر یەکە بە لایەکدا و هەرەسهێنانی ئەو پێکەوەژیانە کۆسمۆپۆلیتەی کە تا رادەیەک لە ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانلیدا هەبوو بە تایبەتی لە شارەکاندا.. [هەمان سەرچاوە].
کە جەنگی جیهانی یەکەم دەستی پێکرد پێوەندی نێوان روسیا و دەوڵەتی عوسمانی درێژەی ئەو مێژووە پر جەنگ و کارەسات و دوژمنایەتییە جوگرافیی/ جیۆپۆلیتیکیی و دینیی و ئایدیۆلۆجییە بوو. روسیا مەسیحییەکانی ناو دەولەتی عوسمانی کە زۆربەیان ئەرمەنیی بوون، بە ‌بنکە و پاڵپشتی ئەگەربەندی (موحتەمەلی) خۆی دەزانی. کە ئاگری جەنگ خۆش بوو، عوسمانییەکان دڕندەترین حەملەی ئیبادەکردنیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەرهەق ئەرمەنییەکان، مەگەر کۆمەلکوژی (شەڕی قرانی) تۆمارنەکراوی غەزاکانی زەمانی زوو نەبێت، ئەنجامدا.. ئەمە لە سالی 1915 دا ڕوویدا: کۆمەلکوژیی، زیندەبەچالکردن، ڕەشبکوژی ژن و منداڵ، لاقەکردن و شەرەفشکاندن، هەلواسینی ژن و منداڵ بە ڕووتیی و بە زیندوویی، رووتکردنەوە و لەزەتوەرگرتن لە ئازاری جەستەی رووت و پارچەپارچە کردنی مرۆڤ، بە کۆمەل گواستنەوە و نەفیکردن بۆ بیابان و برسییکردن تا مردن، ئەمانە هەندێک لەو میکانیزمانەبوون کە بۆ قڕانکردنی ئەرمەنییەکان بەکارهێنران بە ناوی ئیسلام و غەزا و بە دەنگ و سەدای ئەللاهوئەکبەرەوە ئەنجام دەدران. ئەرمەنییەکان زۆربەیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژهەلاتی تورکیای ئێستادا دەژیان. ڕەشبکوژیی و کۆمەلکوژیی ئەوان لە نیسانی سالی 1915 دا دەستی پێکرد. لە 15 ی نیساندا ئەرمەنییەکان هاواریان بۆ قونسولی ئەڵمانی لە ئەستەمبول برد کە بیانپارێزیت، بەلام هەر وەک ئێستا و ئەزموونە زۆرەکانی دوای ئەو کارەساتە بە روونی سەلماندوویەتی، پرسی بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی و دەسەلاتیی، لە لێکدانەوەی دینیی و مۆرالیی هەمیشە لە پێشترن. ئەڵمانییەکان بە بیانووی ئەوەی کە عوسمانییەکانی هاوپەیمانیان نەڕەنجینن بە هانای ئەرمەنیە هاودینەکانیانەوە نەچوون. تا 15 ی مانگی نیسان تەنیا لە هەرێمی وان دا، 500000 ئەرمەنیی ئیبادە کران.genocide
[رۆژمێری هەنگاو بە هەنگاوی قڕانکردنی ئەرمەنییەکان و کاردانەوەی سیاسیی سەردەم لەم سایتە تایبەتییەدا دەبینی]
ڕاستیی هیتلەر هەر ئەو نموونەی ڕەگەز‌قڕانکردنی ئەرمەنییەکان و بێدەنگیی ئەڵمانیا خۆی بەرامبەریان کرد بە بەهانە و نموونە بۆ بڕیار و پرۆسەی قرانکردنی پۆلەندییەکان و جوولەکەکان لە ئەلمانیا و ئەوروپادا لە جەنگی جیهانی دووەمدا: سەیری جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان بکەن لە لایەن تورکەوە؟ ئایا کەس بە دەنگ هات؟ ئایا کەس لە بیری ماوە؟meforum
وا مەزندە دەکرێ لە ماوەی ساڵیکدا ملیۆن و نیوێک ئەرمەن قڕانکرابن. ئێستا لە لایەن زۆر دەولەتی دنیاوە ئەم کارەساتانە بە جێنۆساید ناسراون و سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ ناساندنی جینۆسایدەکە رۆژی 24 ی نیسانی وەک ساڵرۆژی یادکردنەوەی نەتەوەیی قڕانکردنی ئەرمەنییەکان لە فەڕەنسادا بڕیاردا. armenia-genocide
پرسی جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان وەک پرسێکی سیاسیی و مێژوویی زیندوو ماوەتەوە و بۆتە کێشەیەکی ئایدیۆلۆجی و سیاسیی گرنگ نەک تەنیا لە نیوان تورکیا و ئەرمینیا دا بەڵکو لە نیوان تورکیا و زۆربەی گەلانی جیهان و ویژدانی مرۆڤایەتییدا. ئەرمەنییەکان ئەم تاوانەیان لە بیر نەچۆتەوە. دەولەتی ئەرمینیا و لۆبی ئەرمەنیی لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕوسیادا بەردەوام کار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە و داد و هەق بۆ قوربانییانی بێ تاوان دەکەن.
جەنگی جیهانیی یەکەم و هەرەسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، بولگاریا و یۆنان و مۆنتینێگرۆ و سێربیا سەربەخۆبوونیان لە دەولەتی عوسمانی بەدەستهێنا بوو، بەلام کەمایەتییە خەڵکێکی زۆریان لە ژێر سایەی دەسەلاتی عوسمانییدا جێمابوو… لە سالی 1912 دا ئەو کۆمەلە دەوڵەتە کۆمکارێک یان پێکهێنا بە ناوی کۆمکاری/ لیگی بەلقان بۆ رزگارکردنی خەلکەکانیان و فراوانکردنی ناوچەی دەسەلاتیان. دەوڵەتی عوسمانی نەیتوانی بوو کێشەی پەڕەسەندنی هوشیاری نەتەوەیی و داخوازی مافی نەتەوەیی نەتەوە جیاوازەکانی ناو خۆی چارەسەر بکات و دان بە جیاوازیی و مافی نەتەوەییاندا بینێت، لە ئەنجامدانی چاکسازیی ئیداریی و ئابووریشیدا فەشەلی ‌هێنا و تەواو لاواز بوو بوو. کۆمکاری بەلقانەکان دەیانزانی دەیانتوانی لە جەنگی دژ بە دەولەتێکی ئاوا داتەپیودا سەرکەون و خۆیان رێکخست و دەرفەتیان قۆزتەوە. wikipedia

بەم جۆرە شەڕ و بەربەرەکانییەکانی بەڵقان بەردەوامیی مێژوویی خۆیان سەلماند. لە سالانی 1912 و 1913 دا خەباتی نوێیان دژی ئیمراتۆریەتی عوسمانی پەڕە پێدا.. گرۆپی بەلقانەکان یەکەم جار مەکدۆنیا و زۆربەی ثراس/ تراکیا/ تراقیا یان ڕزگار کرد. ئەلبانیا لە سالی 1912 دا سەربەخۆبوونی خۆی لە دەولەتی عوسمانی راگەیاند. ئەمە ناوچەکانی دەسەلاتی تورکیای لە ئەوروپا بۆ سنوورەکانی ئیستایان کەمکردەوە…
ئاوا جەنگەکانی بەلقان لە 1912 و 1913 دا بوونە هۆی لە دەستدانی زۆربەی خاکی ئەو ولاتانە و هاتنی شالاوی پەنابەرانی تورک و مسلمان بۆ ناو خاکی بەدەستەوەماوی تورک. تا ساڵی 1914 نزیکەی دوو ملیۆن و نیو تورک لە ولاتەکانی بەلقانەوە هەڵاتن بۆ ناوچەکانی ژیر دەسەلاتی تورکە لاوەکان. دەولەتی عوسمانی لە ڕووی دارایی یەوە پەکی کەوتبوو، سەرکردایەتی تورکە لاوەکان، بە ناچاری، بریاری هاوپەیمانیان لەگەڵ ئەڵمانیا دا. گەرچی وەک پێشتر باسم کرد لە 1915 دا لە جەنگی گرنگی گالیپۆلی و دوایی لە 1916 دا لە جەنگی کوت و عەمارەدا سەرکەوتن، ئەمە دادی نەدان و تاساڵی 1918 بە هەموو مانایەک جەنگیان دۆڕاند.. شکستەکەیان دوای لە دەستدانی بولگاریا لە 1918 دا بوو بە ڕاستییەکی ناچاریی. کە بولگاریا کەوتە دەست هاوپەیمانەکان خەتە ڕێگای [کۆریدۆری] نێوان ئەلمانیا و نەمسا- هەنگاریا و دەولەتی عوسمانی پچڕا و بەسترا. چیدی یارمەتی ئەلمانیایان پێنەدەگەیشت و هێزی سەربازی پێویستیشیان بۆ بەرگری لە ئەستەمبول نەمابوو… لە لایەکی تریشەوە گەرچی نەمسا-هەنگاریا بە چالاکی بەشداری جەنگ نەبوو، بە هۆی خەباتی سلاڤییەکان بۆ فراوانکردنی ناوچەکەیان و یەکخستنەوەی گەلانی سلاڤی خواروو، تا رادەیەک لاواز بوو بوو. تورکەکان لە تەسلیمبوون زیاتر هیچیان بۆ نەمایەوە.
ئەمە 100 ساڵ و چەند مانگێک لەمەوبەر لە 30 ئۆکتۆبەری 1918 دا ڕوویدا. ئەو دەوڵەتە عوسمانییە زەبەلاحەی زەمانێک لە سێ قارەدا حوکمی دەکرد، لە دوورگەی یۆنانی لێمنۆس لە سەر پشتی کەشتییەکی جەنگیی بەریتانیی ئەگامێمنۆن، نوێنەری حکومەتی عوسمانی وەزیری دەریاوانیی رەئوف بەگ، پەیمانی خۆبەدەستەوەدانی بۆ ئەدمیرالیکی بەریتانی بەناوی سۆمریست ئارثەر کالثرۆپ واژۆ کرد. ئەو کەشتییە لە بەندەری مودرۆس لە سەر دوورگەی لێمنۆس راگیرابوو. لێمنۆس ئەو دوورگە بوو کە پێشتر هاوپەیمانان حەملەی سەربازیی سەرنەکەوتوویان بۆ داگیرکردنی گالیپۆلی و ئەستەمبول لە 1915 دا دەستپێکرد. ئەم رێکەوتنە بە ڕێکەوتنی ئاگربەستی مودرۆس ناسرا. بە پێی ئەو ئاگربەستە دەوڵەتی عوسمانی دەبوو فەورەن تەسلیم بێت و هێزەکانی هاوپەیمانان کۆنترۆلی بۆسفۆر و دەردەنیل و خەتەکانی شەمەندەفەر و تەلەگراف بکەن و ‌هێزە سەربازییەکانی عوسمانی چەک بکەن و ڕێگاشی بۆ دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی ئەو بەشە ماوەی دەوڵەتی عوسمانییش خۆش کرد.
جەنگەکانی بەلقان لە مێژووی تورکا بە گەورەترین کارەساتی نەتەوەییان دادەندرێت. کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر سایک و دەروونی تورکان بە تایبەتی نەتەوەیی و شۆڤێنییەکانیان جێهێشتووە بە تایبەتی لە بەر لە دەستدانی ناوچەکانی دەسەلاتیان لە ئەوروپا. سەرۆکی ئەرکانی ئەوکاتی سوپای عوسمانیی نازم پاشا بە هۆکاری ئەو شکستە کارەساتییانە بەرپرسکرا و لە 23ی کانوونی دووەمی 1913 دا لە کۆدیتای عوسمانی سالی 1913 دا تێرۆر کرا.dailysabah.com

راستییەکەی ئەوە نازم پاشا نەبوو کە بووە هۆی هەرەسی پیرە ئیمپراتۆری عوسمانیی .. ئەوە دواکەوتنی بوو لە سەردەم، لە جیهانی نوێ، لە حوکمی نوێی ژیان و زەمان، لە جیاوازی فراوانی پێشکەوتنی زانستیی وهزریی و سنعەتیی و تەکنۆلۆجیی ئەوروپا و وەستان و بۆگەنبوونی سسیتمی خەلافەتی عوسمانیی، بە تایبەتی لە بێئاگایی و ىێباکی لە ژیانەوەی گەلان و کڵپەسەندنی بیر و هوشیاریی نەتەوایەتیی و پێویستی دەولەتێکی گەورەی کۆسمۆپۆلیتیی وەک دەولەتی عوسمانی بە سیستمێکی حوکمرانیی و ئیداریی نوێ و بیری نوێ و دامەزراندنی بەلای کەمەوە سییتمیکی ئیداریی نانێوەندیی فیدرالی کە مافی گەلان بە بیرکردنەوە و دەستوور و یاسای نویوە واتە ناسینی شوناس و زمان و تایبەتمەندی کەلتووریشیان نەک تەنیا وەلای دینیی، زامن بکات. بەلقانەکان ئەم دەرسەیان بە تورکە عوسمانییەکان و تورکە لاوەکان دا، بەلام بە داخەوە فێری نەبوون و زیاتر و زیاتر شۆڤێنیی و نەتەوەیی و ستەمگەر بوون بە تایبەتی بەرامبەر ئەرمەن و کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکەی ناو دەوڵەتی عوسمانیی. ئەوە سسیستمی فیدرالی ئەمریکی لە ناودا بوو کە لێی فێر بن بەلام لە جیاتی ئەوە لە سیستم و ئایدیۆلۆجیای نەتەوەپەرستی یاکۆبیزمی فەرەنسی فێربوون و ئەتاتورک و دارودەستەکەی ئەو سسیتمەیان سەپاند کە تا ئێستاش تورک بە دەستییەوە گیری خواردووە و نەتەوەی کوردیش کراوەتە قوربانی. ئەمە لە بەشی داهاتوودا ڕوون دەکەمەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت