دکتۆر کەمال میراودەلی: هەڵبژاردنە لۆکالییەکانی تورکیا: پرۆسە مێژوویی یەکە و پرسە مەزنەکە! بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر وەک بۆچوونێکی میتۆدیی/ مەنهەجیی باوەڕم وایە کە هەر رووداوێک و دیاردەیەک تەنیا ئەو کات شایانی تێگەیشتن و ئەگەری دەرخستنی ڕاستییەکان دەبێت، کە وەک پرۆسە واتە پیوەندیی ئێستا بە رابردووەوە و وەک دیمەنە گەورەکە واتە پیوەندی تیکهەڵكیش و ئاڵۆزی فاکتەر وهۆکارەکان، سەرنجی بدەین و شییبکەینەوە. بۆیە بۆ تێگەێشتنی ئەو ئەنجامە ئینقیلابییەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا چار نییە دەبێ ئاوڕێکی مێژوویی تەواو لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی رەگەزپەرستی تورک بدەینەوە. گەرچی نوێنەری پارتی گەلی کۆماریی بە 28000 دەنگ بردوویەتییەوە، هیشتا باوەڕ ناکەم ئەردۆ و پارتە فاشیستەکەی ڕیگە بدەن ئەستەمبولیان لە دەست بڕوات، ئەوە قسەی ئەردۆ خۆیەتی: ئەو پارتەی ئەستەمبول بباتەوە تورکیا دەباتەوە، ئەوەی ئەستەمبول بدۆڕێنێ تورکیا دەدۆڕێنێ. کەوایە دەبێ چاوەڕێ بکەین. بەلام لە رووی سیاسیی و ئەخلاقییەوە دۆڕاوە و فێل و فوتی گێرانەوەی لە ڕاستیی رێڕۆی رووادوەکان و گۆڕانکارییەکان لە ناو هەناوی کۆمەلگای تورکیایی و پرۆسە سیاسییەکاندا ناگۆڕێت.

 
پرۆسەی سیاسیی تورکیا و ئەردۆگان
ڕاستیی سەد سال لە مێژووی مرۆڤایەتیی و سیاسەتیی جیهانیی و بەتایبەتی ئاڵوگۆڕییەکانی خۆرهەلاتی نێوەندا ئەوەندە میژوویەکی دوور نییە. بۆیە پرۆسەکە لە بنیاتە سەدساڵییەکەیەوە بەردەوامە. واتە لە دامەزراندنی دەولەتی نەتەوەیی بە زۆر دروستکراوی تورک/ تورکیا لە لایەن ئەتاتورک و تۆرانییەکانی هاوەڵیەوە.
راستی هیشتا دەولەتی ئەتاتورکی تورک تەمەنی سەد ساڵەی تەواو نەکردووە. ئەتاتۆرک دەوڵەتە نەتەوەییەکەی لە 29 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1923دا راگەیاند و تا مردنی لە ساڵی 1938 دا هەر خۆی سەرۆک کۆمار بوو، واتە بۆ ماوەی پازدە ساڵ بەلام لەم ماوەیەدا بناغە بەهێزەکانی دەولەتی نەتەوەیی نوێگەریی عەلمانیی تورکی دانا و پرۆسەی مێژوویی تورکیا ی لە پرۆسە و دەوروبەری مێژوویی و دینیی و زمانیی و کەلتووریی وسیاسیی ولاتە عەرەبیی و ئیسلامییەکانی رۆژهەلاتی نێوەند جیا کردەوە. بۆیە گرنگە بزانین ئەو بنەمایانە چی بوون و لە سەر دەستی ئەردۆگان چیان بە سەر هاتووە و چییان بە سەر دێت؟

1- ئاوڕێکی مێژوویی
دەوڵەت بە ئیرادە و نەخشەی ئایدیۆلۆجیی و سیاسیی و هێزی سەربازیی دروست دەکرێت.
ئەتاتورک ناوی خۆی مستەفایە. لە شاری سالۆنیکا لە یۆنان لە سالی 1881 لە دایکبوو. باوی ناوی عەلێ ڕەزا بوو، فەرمانبەرێکی باجسەندن بوو دوایی بوو بە بازرگان. مچە هێشتا مناڵ بوو باوکی مرد وو زوبیدەی دایکی بەخێوی کرد. زوبێدە دیندار بوو یەکەم جار خستییە قوتابخانەیەکی دینیی یەوە تا قورئان بخوێنێ و، بە وهیوایەی خەتم و لەبەریشی بکات.. بەلام مچە خۆی گواستەوە بۆ قوتابخانەیەکی مۆدێرن و لە سالی 1983 دا واتە تەمەنی 12 ساڵیدا چووە قوتابخانەی بەرزی عەسکەریی. لە بەر ئەوەی لە ماتماتیکدا زۆر باش بوو، مامۆستاکەی ناوی کەمال ی بۆ زیاد کرد و بەم جۆرە جووتناوی مستەفا- کەمالی بەسەردا بڕا (واتە کەمال ناوی بابی نییە)… ناوی ئەتاتۆرکیش هەر خۆی بە ئیرادە و توانستی خۆی بەدی هێنا. لە سالی 1905 ئەکادیمی جەنگ ی لە ئەستەمبول بە روتبەی کەپتان [رەئیس عورەفا] تەواو کرد و ناردیان بۆ دیمەشق. لەو ماوەیەدا لەگەڵ هاوەڵە نزیکەکانی رێکخراویكی نهێنییان بە ناوی [نیشتیمان و ئازادیی] دژی سسیتمی ستەمگەری سوڵتانی عوسمانی دروست کرد. لە سالی 1908 دا پاڵپشتی کۆدیتایەکی سەربازیی کۆمەلە ئەفسەرێکی کرد کە توانیان سوڵتان لابدەن. دوایی بەشداری زۆر جەنگی گرنگی کرد لە ئەمسەر وئەوسەری ئیمپراتۆریی عوسمانییدا .. لەوانە لە ئەلبانیا و لە لیبیا. بەڵام کۆلۆنێل مستەفا کەمال وەک سەرکردەیەکی سەربازیی و پالەوانێکی نەتەوەیی بە یاتیبەتی لە جەنگی [ داردەنێلز ] لە 1915 دا دەرکەوت دوای ئەوەی چەند سەرکەوتنێکی سەربازیی یەک لە دوای یەک و دوایی سەرکەوتنی تەواوی بەدەستهێنا و وەک پالەوانی نەتەوەی تورک ناسرا.

2- کامپەینی / هەڵمەتەکانی دەردەنیل یان جەنگی گالیپۆلی
کە بمانەوێ نموونەیەکمان هەبێت چۆن پرۆسە و ئەنجامی تاکە حەملەیەکی سەربازیی، تاکە جەنگێک، هەموو میژووی جیهان دەگۆڕێت ئەوە حەملەی سەربازیی رۆژاوا بۆ داگیرکردنی دوورگەی گالیپۆلی لە عوسمانییەکان لە سالی 1915 دا باشترین نموونەیە کە تا ئیستا کاریگەرییەکەی بە توندیی لە کاردایە. ئەوە لای رۆژاواییەکان بە جەنگی گالیپۆلی و لای تورکەکان بە جەنگی (چاناکال) ناسراوە. ‌هێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا ویستیان بە گرتنی تەنگاوی گالیپۆلی کە ڕیگەی گەیشتنی دەریایی بوو بە روسیا، ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی بێهێز بکەن. ئەم حەملەیان بە هیرشێکی دەریایی دەستپێکرد، دوایی بە دابەزاندنی هیزی زەریایی و زەمینیی لە سەر دورگەکە بە ئامانجی داگیرکردنی ئەستەمبول. تورکەکان توانییان هیرشە دەریاییەکە بەرپەرچ دەنەوە و جەنگێکی سەخت و خوێناویی بۆ ماوەی هەشت مانگ بەردەوام بوو. ئاخری هێزەکانی هاوپەیمانی رۆژاوایی دوای خەسارەتێکی گیانیی زۆر بەزین و وازیان لە کەمپەینەکە ‌هێنا و کەمال ئەتاتورک کە سەرکردایەتی جەنگەکانی دەکرد بە هەق وەک پالەوانی جەنگی نەتەوەیی دەرکەوت و روتبەی جەنەرالی پێدرا.
ئەمە تێشکانیکی قورس و جەگبڕ بوو بۆ هێزەکانی رۆژاوا.
کوژراو و بریندارەکانی دەولەتە رۆژاواییەکان لەم جەنگەدا ئەمانە بوو:
27000 فەرەنسیی ، 72485 ئینگلیز و ئێرلەندیی، 28150 ئۆسترالی،
7991 نیوزلەندیی، 4779 هیندیی، نیوفاوندلاند 142، هەمووی: 141547 کوژراوو بریندار.
خەسارەتی مرۆیی عوسمانلییەکان: 251309 کوژراوو بریندار./nzhistory.govt.nz/media
زۆربەی قوربانییەکانی سوپای عوسمانی عەرەب بوون. بە پێی هەندی سەرچاوە فیرقەی نۆزدە لە ژێر سەرکردایەتی کەمال ئەتاتورک دا دوو لە سێ بەشیان عەرەب بوون. راستیی ئەو کات شتێک نەبوو بە ناوی تورک تەنیا سوپای عوسمانی هەبوو کە لە هەموو گەل و گرۆ و میللەتێکی تێدا بوو. میللەتی تورک دوایی مستەفا کەمال بە زۆر و بە پلان دروستی کرد.

3- زیندوویی و ئێستایی ئەم مێژووە لە زۆر رووەوە ئاشکرایە:
ئەو کابرایەی تاوانی ڕەشبکوژییەکەی 50 مسڵمانی نوێژکەری لە نیوزلەندا ئەنجام دا ئۆسترالی بوو.. ئۆسترالییەک لە نیوزلەندا لە ساڵی 2019 دا مسڵمانان کۆمەلکوژ دەکات. بۆ؟
سەیری ژمارەی کوژراو بریندارەکانی ئۆسترالی و نیوزلەندیی بکەن تەنیا لە جەنگی گالیپۆلی دژی عوسمانییەکان: 28150 ئۆسترالیی و 7991 نیوزلاندیی بوونە قوربانی. نیوزلاندیی و ئۆسترالییەکان یەکەمین گروپ بوون کە بتوانن لە دەردەلین خۆیان قایم بکەن و ئازایانە بجەنگن و هاوکارییەکی نموونەیی یەکتر بکەن. بۆیە ئێستا باوەڕ وایە کە ئەو جەنگەی گالیپۆلی سەرەتای دروستبوونی هەست و هوشیاریی و شانازیی نەتەوایەتیی نیوزلاندیی و ئۆسترالییەکانە کە تامی تاڵی شکست و تێشکانی پرۆژەکە بیرەوەری ئەم کارەساتەی پتر لە دەروونی نویزلاندیی و ئۆسترالییەکاندا هەڵکەندووە.. بکوژە ئێرلەندییەکە ئاماژە بەم کارەساتە دەکات و داوای گرتنەوەی ئەستەمبول دەکات. زیاتر کارەکەی دژی تورکیا و ئەردۆگان بوو لەوەی دژی ئیسلام و نوێژکەران و راستییتر تاوانەکەی دژی حکومەت و سیستمی ولاتەکەی خۆی و ولاتە رۆژاواییەکانە کە بە لێکدانەوەی ئەو ڕێگا بە دەیان هەزار کەس و خێزان لە ولاتانی ئیسلامییەوە دەدەن بێن و ببنە خاوەن ماڵ و کاروکاسبیی و بە ئازادیی چەندەها مزگەوت و دوکان بکەنەوە و شیوەژیانی خۆیان بسەپێنن لە کاتێکا لە ولاتانی ئیسلامییدا نەک رێگەی کردنەوەی کەنیسەکان و ئازادی دینەکان نادەن بەلکو مەسیحییەکان دەجەوسێنرێنەوە و دەکوژرێن و لە خاکی خۆیان دەردەپەڕێندرێن. هەزاران مسڵمان لە پاکستان گەورەترین و ترسناکترین خۆپیشاندانیان ئەنجام دا دژی هەڵگرتنی حوکمی ئیعدامکردن لە سە کچێکی هەژاری مەسیحیی گوایە کوفری کردووە. بەڵام ڕاستڕەوەکان بە لایانەوە گرنگ نییە کێ چ دێنێکی هەیە و نوێژ دەکات یان نا؟ ئەوان / راسترەوەکان و راستی زۆری خەلکی ولاتانی رۆژاوا دژی ئەوەن شوناس و کەلتوور و بەرژەوەندیی ئابووریی و دەرفەتی کاری خۆیان بە رێگەدان بە هاتنی دەیانهەزار پەنا بەر بە تایبەتی لە ولاتانی ئیسلامییەوە قوربانی پێبدرێت. بەهێزبوونی حیزبە راستڕەوەکان لە هەر هەموو ولاتانی ئەوروپاییدا ئەنجامی ئەم ڕەوش و هەستکردن و بیرکردنەوە نوێیەیە کە لە لایەکەوە بەرە بەرە بەرەو بەکارهینانی توندوتیژیی دەچێت، لە لایەکی تریشەوە خەڵکێکی زیاتر و زیاتر دەنگیان پێدەدات کە بە پێی راپۆرتێکی ئەمڕۆی تایمز [04- 04- 2019 رەنگە لە هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئەوروپیدا بگاتە سەدی سیی %30. ئێمە دەزانین کە راسترەوە فاشیستەکەی نەرویج (ئەندرێ بێهرینگ برایڤیک) ، کە بوو بە نموونەیەک بۆ ئەوەی نیوزلانداش، ئەو دژی ئەم هەلومەرجە لە 22ی تەمووزی 2011 دا ، پەلاماری مسلمانان یان خەلکی بێگانەی نەدا بەلکو پەلاماری دەزگای حکومەتەکەی و خەلکی مەدەنی داو 77 کەسی بێتاوانی لە گەنج و مندالانی سپیی و مەسیحیی نەرویجی ڕەشبکوژ کرد. بەلام بەیاننامە دوورودرێژەکەی دژ بە سیاسەتی پەنابەریی ولاتەکەی بوو نەک دژ بە ئیسلام و دین.wikipedia
راستڕەوێکی بەریتانیاش لە کاتی کەمپەینی براکسیتدا ژنە ئینگلیزێکی سپی ئەندامی پەرلەمانی تاوانکارانە کوشت، چونکە پشتگیری پەنابەران و کۆمەلگای فرەکەلتووری دەکرد.
پێچەوانەی ئەمەش دروستە. سەدی 99 ی قوربانیانی تێرۆریزمی فاشیزمی ئیسلامی سوننی، مسلمانن. دەیان مزگەوت لە رۆژی جومعە و کاتی جەماعەتدا لە عێراق و پاکستان و ئەفغانستان و نیجیریا و مالی هێرشیان کراوەتە سەر و خۆتەقاندنەوەیان تێدا کراوە و کراون بە قەسابخانە و گۆمی خوێن بە لام ئەوانە نابنە باس وخواس و جێی نارەزایی و خۆپیشاندانی مسلمانان لە هیچ شوێنیکی دنیادا. ئەوە جگە لە خۆتەقاندنەوە و قەسابخانە-نانەوە لە ناو بازار و مەیدان و شوێنە قەلەبالغەکاندا کە بە زۆری خەلکی کاسبکار و هەژاری مسڵمان لێی کۆ دەبنەوە.

4- ئەردۆگان و ڕەگەزپەرستیی
ئەمە لایەکی زیندوو بوونی ئەم مێژووەیە کە ئەردۆگان سەد جار لە بکوژە نیوزلەندییەکە رەگەزپەرستانەتر و دینییانەتر لە هەڵبژاردنە لۆکالییەکاندا قۆستییەوە.. کاتێ لە نیوزلەندا تەنانەت ناوهێنانی موجریمەکەش قەدەغەکرا و فەیسبووک و گوگل هەزاران ڤیدیۆیان لابرد، و ژنەسەرۆکی ئەو ولاتە سەرپۆشیی پۆشیی و بە چاوی فرمێسکاوییەوە باوەش و ماچی دەیان ژنە مسڵمانی کرد و پەرلەمانیان بە ئایاتی قورئان دەسپێکرد و بانگی ئیسلامییان دا، و تفەنگی ئوتوماتیکیان قەدەغەکرد، لای ئەردۆگان ژیاندنەوەی جەنگی دەردەلین بوو.. جەنگی ئیسلام و کوفر، جەنگی نەتەوەیی تورکی ئازا و نیوزلەندی کافر و ترسنۆک: وەرنەوە، وەرنەوە، ئەی نیوزلەندییەکان گەر غیرەتتان هەیە وەرنەوە، وەک دەردەنیلتان لێ دەکەینەوە! و هەڕەشەی کرد کە کاتیدرای قەدیس سۆفای مەسیحی کە کەنیسەیەکی مەسیحی بوو ، عوسمانییەکان دوای داگیرکردنی ئەستەمبوکل کردیان بە مزگەوت، و کەمال ئەتاتورک کردی بە مەتحەف، بیکاتەوە بە مزگەوت.
بێگومان سەرکەوتنی مستەفا کەمال لە دەردەنیل دوو مانای میژووی دیاری دژ بە یەکی هەن کە ئەردۆگان هەلپەرستانە و مونافیقانە هەردووکیان بەکار دێنێ: سەرکەوتنی دەردەنیل پاراستنی ئەستەمبول و سەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی تورک و رێگەخٶشکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکپەسرتیی ئەتاتۆرکی بوو. هەروەها سەرکەوتنێکی ڕیخٶشکەر بوو بۆ لە گۆڕنانی یەکجارەکی خەلافەتی ئیسلامیی لە سەر دەستی تورک خۆی و بە وردیی لە سەر دەستی پاڵەوانی نەتەوەیی تورک ئەتاتورک. بەلام ئەردۆگان لە لایەک خۆی بە سولتان و خەلیفەی مسلمانانی دنیا و رێبەری ئیخوانییە قەتەریی-قەرزاوییەکانی دنیا دەزانێت لە لایەکی تریشەوە هاوپەیمانی ڕۆحی لەگەل پیسترین حیزبی نەتەوەیی رەگەزپەرستیی تورک حیزبی نەتەوەیی تورکی بەهجەلی هەیە کە بە بێ ئەو سەڵتەنەتەکەی هەرەس دێنێت. ئەو هەموو سال یادی ئەتاتورک دەکاتەوە و سوجدە بۆ گۆڕەکەی دەبات و جگە لە حیجاب، یەک یاسای نەتەوەپەرستیی و عەلمانیی ئەتاتورکی هەلنەوەشاندۆتەوە! راستی تورکیا بۆتە پایتەختی لەشفرۆشیی دنیا و لە هەموو لایەکی جیهانەوە کرێکارانی سێکس و کڕیارانی سێکس ڕووی تێدەکەن تا ئاستێک کە تورکیا لە سالی 2017 دا چوار ملیار دۆلاری لە بازرگانی سیکس داهات بووە. هەموو ئەو پیاوە داعشانەی بۆ گەوادیی و ئەو ژنە داعشانەی بۆ جیهادی نیکاح چوون بۆ سوریا بە تورکیادا هاتن و چوون و ئاسانکارییان بۆ کرا.. لەگەڵ ئەمەشدا بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی هەوڵی بەردەوام بۆ ئیسلاماندنی عوسمانلییانەی کۆمەلگای تورکیی و دامەزراوەکانی دەدات.

5- بەڵێ یەک جەنگ مێژووی دنیای بە لایەکی تردا برد:
بەر لەوەی بچمە سەر باسی بنەما ئەتاتورکییەکانی دەولەتی تورکان، دەمەوێ زیاتر گرنگی جەنگی دەردەنیل یان گالیپۆلی بکەم. کە لە ڕوانگەی ئێستاوە سەیر بکەین، سەیر ئەوەیە هاوپەیمانان ئەو جەنگەیان لە سەر داوا و بۆ پشتگیری ڕوسیا کرد بۆ کەمکردنەوەی گوشاری هێرشەکانی تورکیا لە سەر قۆقاس. وەک دەزانین لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا تورکیا چووە پاڵ بەرەی ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریا وە… بەلام روسیا لەگەڵ هاوپەیمانان بوو.. حەملەکە لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە هیزەکانی تورکیای لە بەرەی شەری روسیا راکێشایەوە بەلام لە ئامانجی گرتنی ئەستەمبولدا شکستی ‌هێنا.. بەڵام بوو بە رووداوێک و لەحزەیەکی چارەنووسساز لە میژووی خەباتی نەتەوەیی تورک و رۆژهەلاتی نێوەندیشدا. ئەمە بوو بە بنەمایەکی نەتەوەیی گرنگ بۆ سەرکەوتن بە سەر هەوڵی هاوپەیماناندا و ئاخری دروستبوونی دەولەتی ئەتاتورکیی تورکیا.
بۆیە دەلێم بۆ مێژووی هەموو دنیا و دیارە بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە چونکە ئایا ئەگەر بەریتانیا و فەرەنسا بیانتوانیبایە لە ساڵی 1915 دا ئەستەمبول بگرن، ئێستا دنیا چۆن دەبوو؟ بێگومان سەد سال مێژووی جیاوازمان دەبوو، دنیایەکی تری تەواو جیاوازمان دەبوو، نە هەوالی ئەردۆگان و نە هی کۆمەلکوژەکەی نیوزلەندامان دەبیست، نە هی داعش. ئەستەمبول و ڕەنگە هەموو تورکیای ئەوسا، دەکەوتنە ژێر دەسەلاتی رۆژاوا و ڕوسیا، دەبوونە بەشێک لە سیاسەت و کەلتووریی ئەوروپیی و ئەستەمبول دەبۆوە بە کۆنستانتینی بێزنتی مەسیحی و مەڵبەندێکی شارستانیی جیهانیی و ئەرمەنییەکان جێنۆساید نەدەکران و کوردستانیش تەتریک نەدەکرا..
بەڵا، ئەوە پرۆسە و بەختی مێژوو و جۆگرافیایە،، یەک سەرکەوتن بە هۆی هەر هۆکارێکەوە بێت دەشێ رێڕۆی مێژوو بۆ زۆر گەلان بگۆڕێت.. واتە جەنگ و جۆگرافیا تا ڕادەیەکی زۆر سروشت و ڕەوشی مێژوو و چارەنووسی گەلان دیاری دەکەن. نموونەیەکی تری خۆمانە: گەر باوەڕبەهێزیی و خۆراگریی و گیانبەخشیی کچەکان و کوڕەکانی پەیەدە لە کۆبانێ نەبایە دیارە هەموو رۆژاوا شکستی دێناو بە باغوز نەدەگەیشتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت