لوقمان مصطف: بۆچی سیستەمی پەڕلەمانی بۆ هەرێم گرنگە.؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکی زۆر مشتومڕ لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکاندا بوو دەربارەى سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان ئەم کێشەیە هەتا ئەم دواییەش لەوپەڕی گەرموگوڕیدابوو، کە ئایا سیستەمی حوکم لە هەرێمی کوردستان جۆری سەرۆکایەتى بێت یاخود پەرلەمانی. لەسەر ئەم بابەتە لایەنە سیاسییەکان بەسەر دوو ڕا دابەش ببوون، لایەنێک لەگەڵ سیستەسیستەمی پەرلەمانی لایەنی دووەم سیستەمی سەرۆکایەتی.
سیستەمی پەڕلەمانی.. مۆد ێلێکی دیموکراسی حوکمکردنە کە تێیدا حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر) شەرعیەت لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان) وەردەگرێت‌و بەرپرسیشە لە بەرانبەری، واتە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە نوێنەرایەتی گەل دەکات چاودێری‌و لێپێچینەوە لە حکومەت دەکات. لەم حاڵەتە حکومەت‌و پەرلەمان تەواوکەری یەکدین. لە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی سەرۆکی دەوڵەت کەسێکی جیایە لە سەرۆکی حکومەت. لەم جۆرە سیستەمەدا دەکرێت پاشا/ئیمپراتۆر یان حاکمێک ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت (هەرێم) ‌و رۆڵێکی تەشریفاتی وەربگرێت (وەک مالیزیا، بەریتانیا، سوید، یابان)، یان کەسێکی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە ببێت بە سەرۆک‌و ڕۆڵە تەشریفاتییەکە بگێڕێت (وەک ئێرلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا)، سەرۆک وەزیرانیش دەبێت بە سەرۆکی حکومەت. هەرچۆنێک بێت، لە سیستەمی پەرلەمانیدا حکومەت‌و پەرلەمان پشتبەیەکدی دەبەستن چونکە دەبێت حکومەت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە پشتیوانی لێبکرێت‌ و دەشڕووخێت ئەگەر متمانەی لێوەربگرێتەوە، هاوکات حکومەت، زۆرجار بە هاوکاری لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە‌و دەتوانێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
بەڵام…سیستەمی سەرۆکایەتیی پێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانیە کە فەزای ئازادی تارادەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، وەئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی ئەو سیستەمە دەکرێن( سیستەمی سەرۆکایەتی) لەوانە:
یەکەم/ سەرۆکایەتی لەڕوانگەی بنچینەیاساییەوە (دەستوریەوە) سەقامگیر نییە و دەکرێ سەرۆکایەتی بەرەو تۆتالیتاری و دەسەڵاتی داسەپێنەرانەدا بەرێت .
دووەم/ سیستەمی سەرۆکایەتی، دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادانان وەکو دوو سترەکتوری تەریبی لەیەکترجودا دادەمەزرێنێت. ئەوەش دەکرێ ببێتەهۆی گیرخواردن و چەقیبەستنی نەخوازراو، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی پێشنیار بکات و یاسادانان ڕەتیکاتەوە. ئەوە لەئەگەری نەبوونی پشتگیری زۆرینەی پەرلەمان بۆ سەرۆک.
سێیەم/ سەختی لابردنی سەرۆکی خراپ لەسەرکار پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواوبێت .
بەراستی خاڵی سێیەمە کە هێزوولایەنەسیاسیکان وکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کەهەمیشە لەدڵەراوکێومەترسیدان لەم سیستەمە کە بەسیستەمی سەرۆکایەتی ناسراوە، چونکە خراپ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە لەووڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان کەپاشماوە دەرەبەگایەتی ودیکتاتۆرەکانی تری ناوچەکەین، ئاسایی یەو مافێکی راوایشە ئەگەر گومان بکەین کە پێداگرانی سیستەمی سەرۆکایەتی ونیەتی خودی سەرۆکی ووڵات مەبەست لێی قۆرخکردنی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی بەرێوەبردن بکات لە چوارچێوەی سنوری دەسەڵاتەکەیدا ،لەگەڵ خۆ بەخاوەنزانینی سەرجەم بوارەکانی بەرهەم هێنان کەخۆی لەداهاتی گشتیدا دەبینێتەوە، هەرلە کۆمانیا زەبەلاحەکانەوە بگرە تا دەگاتە داهاتی تاکەکەسی.
تایبەتمەندیەکی تری سیستەمی سەرۆکایەتی ئەوەیە خەڵک لە ڕێگای دەنگدانی نھێنی و ئاشکراوە سەرۆک ھەڵدەبژێرن, واتا سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە متمانەی پێ دەدرێ, پێگەی بەھێزی سەرۆک وا دەکات ھیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نەتوانێ متمانە لە سەرۆک وەرگرێتەوە, تەنیا لە چەند حالەتێک نەبێ ئەگەر ھاتوو سەرۆک ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بوو, یاحود ناپاکی بکات و بەڵگەی ناپاکیەکەی لەبەر دەست دابێ, یان توشی نەخۆشیەکی درێژ خایەن بێ و توانای ڕایی کردنی کارەکانی نەبێ, یان عەقڵی لە دەست دابێ, تەنھا ئەو ڕێگایانە دەتوانن سەرۆک لە دەسەڵات دوورخەنەوە, لە سیستەمی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن و دەسەڵاتی یاسا دانان بە جیا کاری خۆیان ئەنجام دەدەن, دەسەڵاتی یاسا دانان (پەرلەمان) دەست لە کارو باری سەرۆک وەرنادات و ناتوانێ متمانە لە سەرۆک و یاریدەدەرەکانی یاخود وەزیرەکانی وەربگرێتەوە, لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن دەست وەرنادات لە کارو باری پەرلەمان و دەسەڵاتی دواخستنی دانیشتنەکان و ھەڵوەشانەوەی پەرلەمانی نیە لە سیستەمی سەرۆکایەتی جیاکاری ڕەھا لە نێوان دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن و دەسەڵاتی یاسادانان ھەیە, بەجۆرێ لەو سیستەمە سەرۆک دەسەڵاتی فراوانە, فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانە, دامەزراوە گشتی و باڵاکان ئاراستە دەکات, داڕێژەری ستراتیژی دەرەوە و ناوەوەیە, دەسەڵاتی لێپرسینەوە و لابردنی وەزیر و یاریدەدەرەکانی ھەیە, مافی دەرکردنی لێبوردنی گشتی و تایبەتی ھەیە, مافی ئەوەی ھەیە پێشنیاری پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان بکات..
بۆیە سیستەمی سەرۆکایەتی هەر شکست و نەهامەتیی بوە لەرۆژهەڵاتدا بەگشتی وە کوردستان بەتایبەتی. لە وڵاتێک دا کە سەرچاوەی سەرەکیی بودجەی وڵات و داهاتی هاوڵاتییان زیاتر بەروبومەکانی نەوت و غاز بێت، کارەساتە سیستەمی بەرێوەبردنی ووڵات سەرۆکایەتی یبێت و چارەنووسی میللەتێک بخرێتە ژێر مەترسییەوە. چونکە هەمیشە سەرۆکەکان بەتایبەتی لەوڵاتە دواکەوتوەکاندا وابەئاسانی دەست بەرداری کورسیەکانیان نابن، لەمێژووی ناوچەکە دا رووی نەداوە دەسەڵاتیان بەشێوەی دیموکاسیانە جێهێڵابێت، دواتر بونەتە دیکتاتۆر چونکە خۆیان لە سەروی گەلەوە بینیوە. کاتێک کەسێک لە دەرەوەی لێپێچینەوەی پارلەمان بێت، سەرۆکی هێزە چەکدارەکان بێت، دەزگای هەواڵگریی لەژێر چەتری خۆیدابێت، بودجەی وڵاتیش لەڕێی سەرچاوە سروشتییەکانەوە بێت، بە هێچ شێوازێک بەوەرازی نابێت وقبوڵناکات لە داهاتو دا ئەو پۆستە بەجێبهێڵێت. بۆیە پێداگرتن لەسەرسیستەمی سەرۆکایەتیەکی لەم چەشنە بەراستی خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت چونکەزۆرجارشارەزایانی بواری یاسایی بەکارهێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی بەشێوەی ناتەندرووست کەلە خزمەتی خۆی و داروودەستەکەیدا بێت بە (کلیپتۆکراسی) دەچوێنن.
زاراوەی{ کلپتۆکراسی، (جاروبار بە Cleptocracy دەنووسرێت) (رەگی ئەم وشەیە لە کلپتۆ Klepto واتە دزوجەردە کراسی Cracy واتە فەرمانڕەوایەتی ھاتووە بە مانای فەرمانڕەوایەتی دەوڵەت لەلایەن دزوجەردەوە)، زاراوەیەکی نەخوازراوی نافەرمیە و بەکاردەھێندرێت بۆ حکومەتێکی گەندەڵ لە بەڕێوبردنی داھاتی گشتیدا بە مانای ئەوەی بەڕێوبردنەکەی وا نەخشە بۆکێشراوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی ھەڵدەستێت بە بەخێوکردن و پشتگیریکردنی دەوڵەمەندی تاکەکەسی و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە حکومیەکان و دارودەستەکانیان (کلپتۆکراتەکا ) دروست کردنی سیستەمێکی کلپتۆکراسی پشتگیریکراو لەلایەن دکتاتۆریەتەوە بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێتە مایەی چەندین ساڵ لە قاتوقڕی و ئێش و ئازار بۆ بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان وەک لەناوچونێک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و سەروەری یاسا دادەنرێت. سەرەڕای ئەمەش، کلپتۆکراتەکان بەشێوەیەکی رۆتینی گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان پشتگوی دەخەن لە رێگەی گەڕانیان بەدوای کۆکردنەوەو بەدەستھێنانی سامان و دەسەڵاتی زیاتر.
ھەندێک لە چاودێران زاراوەی (کلپتۆکراس) بەکاردێنن بۆ بە بێبایەخدانانی ئەو پرۆسە سیاسیانەی رێگە بە کۆمپانیا گەورەکان دەدەن تا کاریگەر بن لەسەر سیاسەتە سیاسیەکان. (رالف نادر) بە پیَ ی ئەم مانایە بۆ ئەم وشەیە، ولایەتە یەکگرتوەکان بە کلپتۆکراس لە ماوەی ھەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2000دا ناودەبات.
دەرەنجام… بەڕای زۆربەی پسپۆڕانی بواری دەستووری و یاسایی سیستەمی پەرلەمانی گونجاوترین جۆرە بۆ هەرێم، کەواتە بۆرێگرتن لەسیستەمێکی لەم جۆرە واتە( Cleptocracy هەمووجۆرە فشارێک بەگرنگ دادەنرێت، بۆسەقام گیرکردنی ئاسایشی ووڵات وئاشتی وتەبایی تەنها جێگرەوە سیستەمی پەرلەمانی یە کەزامنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەکات و لەسەر بنەمای دیموکراسی ووڵات بەرەو پێشەوە دەبات.
پارێزەری ڕاوێژکار/ لوقمان مصطفی صالح

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت