موختار کەریمی: دیسان شۆڤینیزمی کوێری زاراوەی بەرامبەر بە زاراوەی هەورامی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەک لەمەو پێش لە ساڵیادی شیمیایبارانی هەڵەبجەدا بابەتێکم بە زاراوەی دایکیم، زاراوەی هەورامی لە ژێر سەردێڕی:”شیمیاییوارانوو ھەڵەبجەی و وەرپەرسی وەڵاتە زلھێزە جەھانیەکا”، واتە “کیمیایبارانی هەڵەبجە و بەرپرسیاریەتی وڵاتە زلهێزە جەهانیەکان” لە فەیسبووک و چەند سایتێکیتری ئینترنێتی بڵاوکردەوە. ئەم بابەتەم بۆ سایتی „NNS ROJ“ یش نارد و تکام لێکردن کە ئەوانیش بڵاوی بکەنەوە. سەرەتا بێدەنگیان لێ کرد. دوایی کە لێم پرسینەوە کە هۆکاری بڵاو نەکردنەوەی بابەتەکەم چی بووە، وەڵامێان دامەوە.
وەڵامی یەکەمی „NNS ROJ“ وەکوو خۆی:” ئێمە وتار بڵاوناکەینەوە”. ئەم وەڵامەم زور پێ سەیر بوو. ئەم وەڵامە کاڵ و بێمانایە لە کاتێکدا بە پەلەو هەڵنەسەنگێدراو دەدرێتەوە کە سایتەکەیان لێوانلێوە لە وتار و دەیان وتار سەبارەت بە کێمیایبارانی هەڵەبجەشیان بڵاو کردوەتەوە، بەڵام هەر بە سۆرانی و فارسی. کاتی خۆی کە هەورامی زمانێک لەو سایتە بەرپرسیاریەتی هەبوو، بابەتەکانم بڵاو دەکرایەوە(تا ساڵی 2015). لەو کاتەو ئەو نەماوە، هەر بابەتێکم بۆ ناردوون بڵاویان نەکردوتەوە و بەگشتی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک بە زمانی هەورامی پاراستوە.
منیش دیسان لێم پرسیەوە: ” بەڕێزم، ئەی ئەو هەموو وتارە چیە بڵاوی دەکەنەوە؟ کارەساتی هەڵەبجە بایەخی ئەوی نیە کە بڵاوی بکەنەوە؟ یان چوون بە زمانی هەورامیە بڵاوی ناکەنەوە؟ ”
وەڵامی ئەمجارەی وەکوو خۆی: ” ئێمە هەم شت بە زمانی هەورامی بڵاو ناکەینەوە هەمیش وتار بڵاوناکەیەوە. واتا لە دوو لاوە کێشەیە”!!
لێرەدا وەڵامدەری „NNS ROJ“ ڕاستیە سەرەکیەکە دەردەخات. هەرچەند بۆ خڵەفاندن و کەمکردنەوەی باری بیرۆکە شۆڤینیستیەکەی، دیسان “بلاونەکردنەوەی وتاریش” بە گشتی دووپات دەکاتەوە(فارس گوتەنی: قافیە چو بە تنگ آید، شاعر بە جفنگ آید)، بەڵام لە ڕاستیدا و لە ڕوانگەی شۆڤینیستی ئەوانەوە بڵاو کردنەوەی وتار یان هەر شتێک بە زمانی هەورامی، با سەبارەت بە کارەساتی هەلەبجەش بێت، هەر کێشەیە. چوون ئەوان وەکوو کەمال ئاتاتورک و ڕەزاشا و … لە بنەڕەتدا بوونی زمانە جیاوازەکان، کە دیاردەیەکی سرووشتی و ئاساییە و ئاساییە و مایەی دەوڵەمەندی زمانی و فەرهەنگی هەر وڵاتێکی فرەزمانییە، بە کێشە دەزانن. ئەئەمەیە هۆکاری سەرەکی.!!
ئەم شێوە ھەڵسوکەوتە ڕەگەزپرستانە لە وشەنامەی سیاسیدا بە “شۆڤینیزمی زمانی” پێناسە کراوە. شۆڤینیزم بە مانای لەخۆبایی بوونی لەڕادەبەدەر و خۆبەباشتر زانینێکی بێ بنەما و مەترسیدارە بەرامبەر بە ڕەگەز، نەتەوە، کەمینیەی زمانی و یان ھەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی تر. شۆڤینیستەکان ھەمووشتێکی خۆیان بە باشترین و پیرۆزترین دەدەنە قەڵەم و ھی کەسان یان کۆمەڵە خەڵکانیتر بە خرابترین و بێبایەخترین پێناسە دەکەن و بە چاوێکی زۆر نزمەوە سەیریان دەکەن و حازریشن بەرهەڵستی و تەنانەت خۆنواندنی ئە و کەسوو گرووپانە بە ھەموو شێوە و ئامرازێک سەرکوت بکەن و تەنانت لە نێوێشیان بەرەن. پەراوێز خستن، قەدەغە، سووکایەتی، تواندنەوە و زمانبڕین…….لەو ئامرازانەن کە شۆڤینیستەکان بەرامبەر بە زمان و کولتور و تایبەتمەندی گرووپەکانیتر بەکاریان دەھێنن.
جارێکیتریش لێ دەپرسمەوە: ” تکایە پێم بڵێ، بۆ چی بابەت بە هەورامی لای ئێوە کێشەیە؟ تکایە با منی هەورامی زمان تێبگەم ”
وەڵامدەری „NNS ROJ“ دەڵێ: ” چونکە ئێمە بە زمانی سۆرانی و کرمانجی و عەرەبی و تورکی کارەکانمان بڵاودەکەینەوە. واتا بە هەورامی و کەلهوڕی و زازاکی و خانەقینی و… هتد، بڵاویان ناکەینەوە”.
لێرەدا بە ئاشکرا دەبینین کە وەڵامدەری „NNS ROJ“ چۆن بەرەبەرە بیر و مەبەستە شۆڤینیستانەکەی بە زەقی ئاشکرا دەکات و بە هەورامیشەوە ڕاناوەستێت و کەلهۆڕی و زازاکی و خانەقینی و …هتد دەخاتە ڕێزی قەدەغەی زمانی سایتەکەیەوە. لە بەرامبەردا بە ئاشکراش کرنۆش بۆ زمانە داسەپاوەکانی داگیرکەرانی وڵاتەکەی دەبات و بۆ خەباتە چەوتەکەی پیویستی بەوانە و کار بەوان دەکات. دەبێ لەو شۆڤینیستانە بپرسین ئەمە چ خەباتێکی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتیە کە کڕنۆش بۆ زمانی داسەپاوی داگیرکەری وڵاتەکەت دەبەیت، بەلام زمانی هاوخەباتەکارەکانی خۆت قەدەغە دەکەیت؟ ئەمجار چاوەڕێ ئەوەیش هەیت کە منی هەورامی و کرمانجی و کەلهۆڕی و لەکی و لۆڕی و زازاکی متمانەت پێبکەین و هاوسەنگەرت بین؟ دوایش کە بە دەسەڵات گەئیشتیت هەموو ئەو دەسەڵاتە بۆ سەرکوت و بیبەش کردن و زمانبڕینی من و ئێمەمانان بەکار بێنیت، وەکوو لە قسەکانی خالێ عەزیزی دیارە و حکوومەتی 28 ساڵەی باشووریش هەر ئەو سیاسەتە پێڕەۆ دەکات؟ زهی خیال باطل ‼

لە کۆتاییدا لە „NNS ROJ“م پرسیەوە کە ئەم هەلوێستەی ئەو چ جیاوازیەکی لە هەڵوێستی زمانبڕانەی داگیرکەرانی وڵاتەکەی خۆی هەیە؟. ناوبراو بە بێڕێزی کردن کۆتایی بە قسەوباسەکەی هێنا.
ئەم ھەڵوێستەی سایتی„NNS ROJ“ بەرامبەر بە زمانی ھەورامی و کەلهۆڕی و زازاکی و…. هیچ جیاوازیەکی لە وتە شۆڤینیستانەکانی خالێ عەزیزی نیە کە هەڕەشەی خڕکردنەوەی زمان و زاراوەکان دەکات و دەڵێ:
“ئەرێ سبەی لە کوردستانی ئێران شکاکم هەیە، هەورامیم هەیە، جافم هەیە، کەلهۆڕم هەیە، یارسانم هەیە، لەکم هەیە، هەمووی ئەوانە، هەر گرووپێک پەیدا دەبێت هۆویەتێک بۆ خۆی دروس دەکات. ئاوا مێللەت دروس دەبێتن؟ نە. ئاڵمان کە بوو بە مێلەتێکی موقتەدێر، تەنەوعاتی زمانی و لەهجەیان خڕ کردەوە، فەرانسە کە بۆ بەوە خڕیان کردەوە…… بۆیە دەبێ بە ئیقتێدارەوە کۆمەک بەوە بکەین یەک نەتەوە، یەک ئادرەس و یەک زمان دروس بکەین”‼
و یان شۆڤینیستیکیتر بە ناوی ئەمجەد شاکەلی کاتی خۆی، ساڵی 2011 سەبارەت بە کۆنفەرانسی “زمانی کوردی” لە ھەولێر نوسیویەتی:
” ئەگەر بڕیار بێت ئەم زمانە ستانداردەی ئێستای کوردی نەمێنێت و ببێتە جووتستاندارد(بە دیدی جووتزانایان و جووتسیاسییان و جووتمۆدێرنان و جووتپرۆفێسسۆران و جووتمامۆستایانی کورد) و ئەگەر بڕیار بێت، لە تەنیشت ئەم زمان و ئەلفبێیە ستانداردەی ئێستای زمانی کوردیدا، ئەلفبێ لاتینی بەکار ببرێت و زاراوەگەلی ھەورامی و فەیلی و کرمانجی و دملی و ھەموو ئەوانی دیکەش ببنە زمانی ستاندارد و ڕەسمی، ئەوا من بەشبەحاڵی خۆم زۆرزۆرم پێ باشترە و پێ خۆشترە و پێ ڕاستترە، کە کورد دەستبەرداری ئەم زمانۆکانەی خۆی ببێت و زمانانی عەرەبی و فارسی و تورکی ببنە زمانی خەڵکی کورد و شتێک بە ناوی زمانی کوردی تەنێ لەنێو ماڵاندا بمێنێتەوە و ئەویش بە تێپەڕبوونی کات و ساڵان بەرەبەرە نەمێنێت و لەبەین بچێت. من ھیچ لەم قسەیەم پەشیمان نیم، چونکە نەتەوەیەک، بەتایبەت خوێندووانی، ھێندە بیرکۆڵ و نەزان و گێل و گەوج بن، ھەرگیز شایستەی ژیان و مانەوە و سەربەخۆیی و ئازادی نییە. (سەرچاوە: ماڵپەڕی دەنگەکان – ئەمجەد شاکەلی – 23\9\2011).”‼
وەکوو ئاماژەم پێکرد، ئەم جۆرە بیرۆکە و هەڵوێستە ڕەگەزپەرستانە بە ئاشکرا شۆڤینیزمی زمانییە و زۆر مەترسیدارە و بە هیچ شێوازێک و لە هیچ شۆڤینیستێک لە هەر لایەنێکەوە بێت، قبووڵ ناکرێت و هاوکات لە تەک خەبات بۆ دادپەروەری و ڕزگاری و دژی داگیرکاری و شۆڤینیزمی داگیرکەر، خەبات دژی شۆڤینیزمی زمانی ناوخۆییش بە ئەرکی سەرەکی شۆڕشگێڕانە و مرۆڤیانەی خۆمان دەزانین. ئەمانە دەبێ بزانن کە یەکەمین ئاکامی ئەم بیرۆکە چەوتە و نامرۆڤیانە دژوار کردنی پێکەوەژیانێکی ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانەی ئەم قەوارە و زمانە جۆراوجۆرانەن کە بە درێژایی مێژوو دراوسێ یەکتری بوون و هەن و لە زور شار و گوندیشدا تێکەڵاون. ئەم قەوارە و زمانە جۆراجۆر و ڕەنگینانە، کە سەرمایەی فەرهەنگین، دەبێ هەرکامیان هەموو ئەو مافانەیان هەبێ، کە بۆ نموونە سۆران بۆ خۆی بە ڕەوای دەبینی، نە زیاد، نە کەم. ئەمەش یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و مامەڵەی لە سەر ناکرێت و پێشێل کردنی ئەم مافە ڕەوایە تاوانە و پێشلکەرانی ئەم مافەش وەکوو تاوانبار مامەڵەیان لە تەک دەکرێت. ‼
✌ خەبات بۆ دادپەروەری و ڕزگاری گشت لایەنە و دژی داگیرکاری و شۆڤینیزمی داگیرکەر جیا لە خەبات دژی شۆڤینیزمی ناوخۆیی نیە.✌

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت