مەحمود عەبدوڵڵا: کۆتایی سەردەمی ڕەخنە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕەخنەگرتن هەست کردن بەبەرپرسیارێتییە، لە پێناو کەمکردنەوەی هەڵە و ژیانێکی ڕاست. ڕەخنە کاتێک سود دەگەیەنێت کە ڕەخنە لێگیراویش هەمان ڕەوشتی بەرپرسیارێتی ڕەخنە گری هەبێت و گوێبگرێت. وەک چۆن قسەکردن بەرپرسیارێتییە گوێگرتنیش بەر پرسیارێتییە. وەک چۆن قسەکردن هات و هاوار نییە، گوێگرتنیش گوێ قوتکردن نییە. چ لە بواری کۆمەڵایەتی و ،چ لە بواری ژیانی سیاسیدا دەبێت ڕەوشتی گوێگرتن هەبێت، نە ک گوێ قوتکردن، گوێ قوتکردن چییە؟ ئەوەی کە ئاژەڵێکی کێوی گوێ قوتدەکات کە گوێبیستی دەنگێک دەبێت بۆ خۆ قوتارکردن و خۆئامادەکردن، ئەو ئاژەڵە لە دەنگەکە تێناگات تەنها دەیبیستێت. بەڵام گوێگرتن تایبەت مەندی مرۆڤە و، مرۆڤ لە کاتی گوێگرتندا هەست بە بەر پرسیارێتی دەکات و ئەو هەستی بەر پرسیارێتییە مرۆڤ دەخاتە بیرکردنەوە، ئەگەر وانەبێت تەنها گوێقوتکردنە بۆ تێگەیشتن لەمەترسی دەنگەکە و ڕاکردن لێی. مرۆڤ کە ڕەوشتی گوێگرتنی نەبو لەکاتێک گوێبیستی ڕەخنە دەبێت، مێشکی لە شوێنێکیترە، لە جیاتی بیرکردنەوە لە خودی ڕەخنە و مەبەستەکەی بیر لە خۆ قوتار کردن دەکاتەوە.
گوێقوتکردن ئاسانە، ئاژەڵێکیش گوێقودەکات ، بەڵام موڕاڵی گوێگرتن مرۆڤێک واداری بیرکردنەوە دەکات. گوێگرتن مرۆڤ دەخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی بیرکردنەوە. لەدۆخێکی وەک کوردستان نەڕەخنەگر جدییە نە ڕەخنە لێگیراو .
کەس لەکەس تێناگات هەموان حەقیقە تێکیان لەسەر سێیڤ کراوە، کەس گوێ لەکەس ناگرێت ئەگەر یەکێک گوێ دەگرێت تەنیا وەک نۆبە پێدان نە و هیچیتر، جاری وایە ئەو کەسەی وا ئەزانی گوێت لێدە گرێت لەشوێنێکیترە، گوێگرتن شتێکە پەیوەندی بەشعورەوە هەیە، مرۆڤی بێشعور گوێ ناگرێت، تەنها ئەوکاتەی قسەی بۆ دەکەیت بێدەنگ دەبێت و گوێقوتدەکات. جیاوازی زۆرە لەنێوان گوێگرتن و بێدەنگبوون بێدەنگبون لەکاتێکدا یەکێک قسەدەکات ئە تەکێت و ڕێز نیشان دانێکە و هیچیتر، بەڵام نەک ئەتەکێتێک کەتاکی شارستانی هەیەتی. بەڵام گوێگرتن موڕاڵە، بیرکردنەوەیە لەوەی گوێت لێدەبێت هەڵسەنگاندن و وردبونەوەی دەوێت، تۆ لەکاتی گوێگرتن دەکەویتە نێوان دانپیانان و ڕەتکردنەوە. گوێگرتنێک لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەبێت گوێگرتن نییە. من بە دەیان کاژێر لەگەڵ دەیان توتی گفتوگۆمکرد، بۆتەنها جارێک توتییەکم نەبینی گوێی لێگرتبم، بۆ ئەوەی بزانێ چی دەڵێم ،گوێت لێ ئەگرن بۆ ئەوەی بزانن چۆن وەڵامت بدەنەوە چۆن رەتت بکەنەوە چۆن خۆیان قوتاربکەن. لەمەملەکەتی توتیەکاندا هەموو کەس جەنگاوەرێکی ئازایە لە مناقەشەدا هەموان فێری پاساو هێنانەوە بوون بۆ هەڵەکانیان بۆژیانێکی هەڵە. لەڕووی ساسییەوە، سیاسیەکان وەک گورگێک کە داویەتی لەڕانە مەڕێک کاتێک گوێبیستی ڕەخنە دەبن دەزانن کەکەتنیان کردوە تەنها هەوڵی خۆ قوتار کردن ئەدەن. چونکە موڕالی گوێگرتنیان نییە تەنها وەک گورگ گوێقوت دەکەن و ڵامەکەشیان لە لورە لور زیاتر نییە. ئیدی لەدۆخێکی وەهادا ئەوەی دەیبیستین ژاوە ژاوە و هیچیتر، کەس لەکەس تێناگات و دەنگەکان تێکەڵ دەبن. لە و دۆخەدا دەبێت ڕەخنە بوەستێت، چونکە ڕەخنەگری جدی کاتێک ڕەخنە دەگرێت پاساوی ئەوە دادات کە ئەوانەی هەڵەدەکەن بەزانایی نایکەن و خۆیان بە بەر پرس دەزانن، بەڵام ئێستا ئێمە هەمومان دەزانین هیچ هەڵەیەک لە ئارادا نییە، ستراتیژێکی تێکدان و پڕۆژەیەکی گەورەی خیانەت هەیە کە کۆمەڵێک وەک گورگ پەلاماری کۆمەڵگا دەدەن و دەلورێنن. ئێستا ئیدی دەبێت موڕالی بەرپرسیاریەتی لە قسەکردنەوە بگۆڕێت بۆکردار و وەستاندنی ئەوەنەی تەنها گوێ قوت دەکەن کاتێک قسە دەکرێت، کە گوێگر هەبێت دەبێت تا ئەوکاتەی فێری گوێگرتن دەبن لە گەڵیان بڕۆین نرخەکەی هەرچی بێت لە ڕەخنەی ڕۆشنبیرانەوە بۆ یاخیبونی ڕۆشنبیران، لەمافی قسەکردنەوە بۆ مافی شۆڕش. ڕەخنە گر وەک ئەوداوەڵەی لێهاتوە کە شوانێک دروستی دەکات بۆ ئەوەی مەڕەکانی پارێزراوبن، یان وەک ئەو تەنەکەیەی کە باڵندە کانی پێ دەڕەوێنەوە بۆ پاراستنی داغڵ و دان، بەڵام لە ئەنجامی ئەزمون و دوبارەکردنەوە گورگ دەزانێت کە ئەوە داوەڵە و مرۆڤی ڕاستی نییە، و تەنەکە کوتانەکەش تەنها دەنگێکە و هیچیتر، کاتێک دەسەڵاتدار دەزانێت ڕەخنەگر وەک داوەڵێکە و هیچیتر گیانی جوڵەو یاخیبونی تێدانییە، ڕەخنەگرێکی مردووە و تەنها دەنگێکە و هیچیتر، ئەوا دەسەڵات لەگەڵ ئەو دەنگە ڕادێت نەک هەر ئەوە بەڵکو بارک اللە ی بۆدەکات و لاسایشی دەکاتەوە ئیتر کەس نازانێ دەبێ کێ قسەبکات و کێ گوێبگرێت.
دەوترێ کاتێک ڕۆشنبیر یاخی دەبێت دەسەڵات دەڕوخێت. بۆیە ئەوەی ئێمە پێویستممان پێیەتی یاخیبونە، نەک ڕەخنەگرتن. کاتێک ڕەخنەگر هەست دەکات گوێی لێناگیرێت و ڕەخنەکانی گوێگریان نییە، دەبێت جدیەتی هەبێت، جدیبون گۆڕانە لە قسەکردنەوە بۆ یاخیبون، لەوەی دەمەوێت کەروبار ئاوابێت، بۆ ئەوەی دەبێ ئاوابێت.
دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکە موڕالی گوێگرتنی نییە، ئیتر ڕەخنەکردنی بێسودە، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لەجیاتی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەبن بەڕەخنەگر، ئەوە نەک وەک خۆ ڕەخنەکردن، بەڵکو بۆ چەواشەکردن و خۆدزینەوە لەوڵامی ڕەخنەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت