پەیام عەزیزی: جێگای فیستیڤاڵێک بە ناوی مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی خاڵییە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەنسوور جیهانی ـ “پەیام عەزیزی” گۆرانیبێژی کورد لە کۆنسێڕتی خێرخوازیی شاری سنە گوتی: جێگای فیستیڤاڵێک بە ناوی مامۆستا سەید “عەلی ئەسغەر کوردستانی” لە ئێران خاڵییە.
“پەیام عەزیزی” گۆرانیبێژی پاوەیی لە کۆنسێڕتی خێرخوازیی شاری سنە بۆ پشتیوانی کردن لە منداڵانی بێ سەرپەرەست کە بڕی پارەی 300 میلیۆن تمەن لە لایەن کەسانی خێرخوار بۆ ئەم منداڵە ئازیزانە کۆکرایەوە، ڕایگەیاند: جێگای فیستیڤاڵێک بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و پێگەی مامۆستا سەید “عەلی ئەسغەر کوردستانی” ئەفسانەی مۆسیقای کوردستان خاڵییە.
کۆنسێڕتی خێرخوازیی “پەیام عەزیزی” بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە منداڵانی بێ سەرپەرەست و کۆکردنەوەی یارمەتی، بە هاوکاری ئەندامانی کوردیی گروپی موزیکی “ئەوین” و بە ئامادەبوونی “هورموز شوجاعی میهر” پێشکەشکاریی ناودار و بەتوانای ئێرانی لە هۆڵی گەورەی ئازادی لە شاری سنە بەڕێوەچوو کە لە لایەن هۆگرانی موزیکی کوردیی و لایەنگرانی ئەم گۆرانیبێژە کوردەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا، بە شێوەیەک کە نزیکەی 2500 کەس لە نزیکەوە ئەم کۆنسێڕتەیان بینی و هەروەها لە لایەن کەسانی خێرخوار و مرۆڤ دۆستیشەوە بڕی پارەی 300 میلیۆن تمەن بۆ ئەم منداڵە ئازیزانە کۆکرایەوە.
“پەیام عەزیزی” لە سەرەتای دەسپێکی ئەم کۆنسێڕتەدا گوتی: شاری سنە زێدی مامۆستا سەید “عەلی ئەسغەر کوردستانی” ئەفسانەی مۆسیقای کوردستانە کە شکۆ و گەورەیی ئەم بلیمەتەی مۆسیقای جیهانم بۆ نایەتە سەر زمان. بەداخەوە بەڕێزیان بە باشی بە کۆمەڵگای مۆسیقای ئێران و دنیا نەناسێندراوە. بە بڕوای من جێگای فیستیڤاڵێک بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و پێگەی مامۆستا سەید “عەلی ئەسغەر کوردستانی” ئەفسانەی مۆسیقای کوردستان لە وڵاتی ئێران خاڵییە. ئەگەر ئەم کارە گرینگە بکرێت، موزیکزانانی ناوداری ئێران و دنیا لەگەڵ ئەم کەسایەتییە بێوێنەیەی مۆسیقای کوردستان ئاشنا دەبن و بە ناسینی زیاتری ئەم هونەرمەندە کوردە یارمەتی دەبەخشێت، کە 100 ساڵ پێش ئێستا مەقامەکان و گۆرانییە کوردییەکانی بە باشترین شێوە پێشکەش کردووە.
گوتیشی: هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی مامۆستا سەید “عەلی ئەسغەر کوردستانی” ببینین و من لێرەوە بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم کە قوتابی مەکتەبی ئەم مامۆستا بێوێنەیەی مۆسیقای کوردستانم.
لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنسێڕتەدا “هورموز شوجاعی میهر” پێشکەشکاریی ناودار و بەتوانای ئێران گوتی: خەڵکی کوردستان، خەڵکانێکی شیرین و مێهرەبانن و من ئەوانم زۆر خۆش دەوێت، لە ساڵانی پێش ئێستادا سەردانی مەهابادم کردووە و هەمیشە لە بینینی کوردستان چێژ وەردەگرم. نزیکەی 20 ساڵە کە لەگەڵ “پەیام عەزیزی” برادەرین و کاتێک کە داوای لێکردم کە لە کوردستان ئامادەبن بە شانازییەوە بانگهێشتەکەیم قەبووڵ کرد و ئێستاکەش زۆر بەختەوەرم کە لە ناو ئێوە خەڵکی هونەردۆستی کوردستاندام.
ئەم کۆنسێڕتە خێرخوازییە کە لە لایەن تەلەڤیزیۆنی کوردستان ـ ناوەندیی سنەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاکرایەوە، بە ئامادەبوون و هاوکاریی چەندین کەسایەتی پارێزگای کوردستان بەڕێوەچوو، لەوانە: “بەهمەن مورادنیا” پارێزگاریی کوردستان، دکتۆر “مێهدی فەڕشادان” نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران لە پەڕڵەمانی ئێران، “حامید جەولایی” بەڕێوەبەڕیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای کوردستان، “جەلال قەلعەشاخانی” بەڕێوەبەڕیی گشتیی فەرهەنگ و ڕۆشنبیری پارێزگای کوردستان، “حیشمەتوڵڵا سەیدی” شارەوانی سنە، سەید “سەباح قوڕەیشی” بەڕێوەبەڕیی گشتیی بێهزیستی پارێزگای کوردستان، “ئەبوالقاسم ئەمانوڵڵاهی” بەڕێوەبەڕیی گشتیی تەلەڤیزیۆنی کوردستان ـ ناوەندیی سنە، “ئەمین مورادی” سەرۆکی حەوزەی هونەریی پارێزگای کوردستان، ڕێکخراوەی “تەرانە سەرای ئاوییەر”، کۆمەڵێک لە کەسانی خێرخواز و خەڵکانی مرۆڤ دۆست و هەروەها خەڵکی هونەر دۆستی شاری سنە.
“پەیام عەزیزی” لەم کۆنسێڕتەدا کۆمەڵێک پارچە موزیک و گۆرانی کوردیی لەوانە: “الله مەدەد”، “یا رەسوالله یا شاهی مەدینە”، “ساقی وەرە”، “ئاگر کەتییە دڵی من”، “یار میگوید الله”، “همە جا بروم” و هەروەها چەندین گۆرانی لە گۆرانیبێژانی ناوداری کوردیی پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە: “یارم چەندە جوانە”، “باوانەکەی بابم”، “جانێ، جانێ” و “مەگریی مەگریی”.
ئەندامانی گروپی موزیکی “ئەوین” کە هەموویان لە هونەرمەندانی بەئەزموون و بەتوانای شاری سنە بوون، لەم کۆنسێڕتە خێرخوازییەدا لە تەنیشت “پەیام عەزیزی” بە باشی هونەریی خۆیان ئاراستە کرد کە بریتی بوون لە: “هیوا ڕەحمانی” ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، “زانیار پێندار” ـ ژەنیاری دیوان، “ئەشکان ئەندرێ” ـ ژەنیاری کیبۆڕد، “حامید پیرا” ـ ژەنیاری نایە و زوڕنا، “تەبیب مەعسووم پوور” ـ ژەنیاری عوود، “کاروان عەزیمی” ـ ژەنیاری گیتاربێیس، “ئارام هالەکی” ـ ژەنیاری گیتار، موختار زەندسەلیمی ـ ژەنیاری دەف، “پەیام قەرەنەی” ـ ژەنیاری پێڕکاشێن و “ئەفشین خەرامان” ـ ژەنیاری دڕامز و سەرپەرەستی گرووپ.

فۆتۆکان: مەنسوور جیهانی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت