گوندی سەراوی سوپحان ئاغا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردن: ئاودێر لوقمان
گوندی سەراوی سوپحان ئاغا، گوندێکی جوان و ڕازاوەی شارەزورە و، لەڕووی جوگرافیەوە دەکەوێتە سەر ڕێگای سلێمانی سەیدسادق. کەوتۆتە ڕۆژئاوای قەزای سەیدسادقەوەو ماوەی سێ کیلۆمەتر لەناوەندی قەزاکەوە دوورە. مێژووی ئاوەدانکردنەوەی گوندی سەراو زۆر کۆنەو تا ئێستا بەتەواوەتی نەزانراوە بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەگوێرەی وتەی شارەزایان مێژووی گوندەکە زۆر کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەدەشتایەکاندا ئەویش بە بەڵگەی ئەوەی کە گردێکی مێژووی لەم گوندەدا بوونی هەیەو، بەپێی ئەو پارچە گڵێنەو بەردە ئەسێ یانەی لەم گردەدا دۆزراونەتەوە، مێژووی گوندەکە بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
گوندی سەراو لەساڵی 1627ز موڵکی سوپحان ئاغای کوڕی سلێمان ئاغای کوڕی سوار ئاغای بڵباس بووە. گوندی سەراو ڕێگەو هەوارگەی هەندێک لە خێڵە کۆچەرەکانی جاف بوە بۆ گەرمیان و کوێستان کردن بەتایبەتی لەوەرزی بەهاراندا بۆئاژەڵ لەوەڕاندن خۆدەرباز کردن لەگەرمای هاوین لەپێدەشتەکانی گەرمیانەوە کۆچ و باریان کردوەتە کوێستانەکانی پێنجوێن و سنە ، لەساردی پایزدا بارگەو بنەیان پێچاوەتەوەو بەهەمان شوێنی خۆیاندا گەڕاونەتەوە هەوارگەکانی خۆیان لەگەرمیان و لەم گوندەشدا زۆر بەی جارەکان لایان داوە بۆ پشودان، لەبەرئەوەی کەوتبوە نێوان هەردووناوچەی گەرمیان و کوێستان و وە سەرچاوەی ئاوی هەبوە بۆ ئاژەڵەکانیان و پشودان،

سەبارەت بەناوی سەراو چەند بۆچونێک هەیە:
ناوی سەراو لە شوێنەکەیەوە هاتوە کەوا لەسەر سێ سەرچاوەی گەورەی ئاو (سەترەکە -قەڵابۆ -چاوگەکە) هەڵکەوتوە . هەرەها سەرا یشی پێدەوترێت چونکە شوێنێکی تێدابوە کەلەکۆندا شوێنی وەستانی ئەوکەسانە بووە کە گەرمیان و کوێستانیان کردوە، ئەو شوێنەیان وەکو سەرایەک بەکار هێناوە بۆیە پێی دەگوترا سەرا . هەروەها ڕایەکی تریش هەیە دەڵێت سەراو لە سێ ئاوەوە هاتوە لەبەر ئەوەی سێ سەرچاوەی گەورەی ئاوی تێدایە. لەسەرەتای سەدەی بیستدا دیاردەی کۆچکردن بەهۆی بەهێز کردنی سنوورەکانەوە لاوازبوەو خەڵک حەزی لەنیشتەجێبوون کردوە، ئیتر سەراو لەلایەن عەشیرەتەکانی یوسوجانی و شێخ سمایلیەوە ئاوەدان کراوەتەوە، ئیتر ورودە وردە ماڵی بۆ هاتوە . گوندی سەراو زەوی و زارێکی بەپیتی هەیەو بەسەرچاوە ئاویەکانی سترکە قەڵابۆ چاوکەکە ئاو دەدرێن ،هەر لەڕێگەی ئەم سەرچاوە ئاوانەوە زەوی و زارێکی زۆری گوندەکانی تاسلوجە قلرخ سۆیلەمیش هەیاس … ئاو دەدرێن. گوندی سەراو بەهۆی شەڕی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دژی گەلی کورد چەند جارێک ئاوارەبوون و توشی زەرەرو زیان هاتوون. لەساڵی 1963 دا بەهۆی شەڕی بەعسی نەتەوە پەرستەکانەوە گوندەکە سوتێنراوەو دراوەتە بەرتۆپ و چەند کەسێکی تێدا شەهیدبوون . دووبارە بەهۆی بۆم بارانی فڕۆکەوە لەساڵی 1974 چەند کەسێک شەهیدو برینداربوون .هەروەها ئەم گوندە یەکێکە لەوگوند دانەی کوردستان کەژمارەیەکی زۆر شەهیدیان هەیە لەڕێگای پارێزگاری کردن لەخاکی کوردستان و سەرجەم شۆڕش و ڕاپەرینەکاندا شەهیدو قوربانیانداوە. کەژمارەی شەهیدەکانیان زیاتر لەپەنجا شەهیدە ،لە ناودار ترینیشیان (کریم محمد- حسین محمد- خالد رۆستەم-ئەرکان مستەفا – محمد مارف-محمد فتاح-محمد حمە علی -ملازم تاهیر محمود- کاوە قادر – عومەرمحمود-سامان عبدللە -ئاراس عزیز -قاسم مجید-نەوزاد علی-محمود قادر- فتاح کریم…..) لەپاش کیمیابارانی هەڵەبجە لە
16/ 3 /1988 خەڵکی سەراو ڕاگوێزرانەتەوە بۆ ئۆردووگای زۆرەملێی باریکە و گوندەکە بەسەربازگە کراوە . دوای ڕاپەڕینەکەی 1991 خەڵکی سەراو گەڕاونەتەوە گوندەکەیان و ئاوەدانیان کردۆتەوەو هەتاوەکو ئێستا ژیان تێیدا بەردەوامە،و ئێستا زیاترلە 500 ماڵی تێدایە. هەروەها گوندی سەراو یەکێکه لە ناوچە گەشتیاریەکانی کورستان کەساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لەم گوندە دەکەن بۆ مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش . هەروەها لەبەر ئەوەی ئاوی زۆرە خاوەنی سەوزای و باخ و باخاتێکی زۆرەو هەروەها لەڕووی کشتوکاڵەوە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر سەوزەو میوە بەرهەم دێت تێیدا . وەڕێژەیەکی زۆر حەوزی ماسی شی تێدایە کەساڵانە دەیان تەن ماسی دەخەنە بازاڕەکانی هەرێمەوە. ئەگەر حکومەت هاوکاری دانیشتوانی ئەم گوندە بکات ئەوا ساڵانە دەتوانن ڕێژەیەکی زۆر سەوزەو میوە بۆ بازاڕەکانی هەرێم بەرهەم بهێنن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت