بورهان شێخ ڕەئوف: بەهارى عەرەبى دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەهارى عەرەبى یەکەم زۆر کۆن نەبووە و لە بیرەوەرى زۆربەماندا تا ئێستا زیندووە بە تایبەتى ئەوانەى مەیل و ئارەزووى چاودێرى ڕووداوە سیاسیەکانى ئەم ناوچە ئاڵۆزو هەستیارو پڕلە کێشەو ململانێمان هەیە.
موحەمەد بوعەزیزى ئەو گەنجە توونسیەى ى کەدەرچووى زانکۆ بوو بە عەرەبانەیەک و دەستگێڕى دەکردو خۆى دەژیاند کاتێک بوارى کارکردنیان نەدا، خۆى سووتان و. دواتر گیانى لە دەستداو بووە پزیسکى شۆڕشێکى گەورە نەک هەر ڕژێمى دکتاتۆرى زەین ئەلعابدین بن عەلى سەرۆکى تونسى ڕاماڵى، بەڵکو بوو بە شەپۆلێکى گەورەى شۆڕش و ڕاپەڕینى جەماوەرى کە وڵاتە عەرەبیەکانى میسرو لیبیاو یەمەن و سوریاى گرتەوە کە لە میسر حوسنى موبارەک ناچار بە دەست لە کارکێشانەوە کراو شۆڕش سەرکەوت و دواتر ئیخوان موسلمین دەستەڵاتیان گرتە دەست و شۆڕش لە ئامانجە پیرۆزەکانى داماڵراو شەڕوململانێ ى گەورەى بە دواى خۆیدا هێنا .
لە لیبیا عەقید موعەمەر قەزافى دواى چەندین مانگ بەرەنگاربوونەوەى خەڵک کوژراو لەوساوە تائێستا شەڕو ململانێ ى خوێناوى یە لەو وڵاتە دەوڵەمەندە کە بەشێکى زۆر ى وێرانو کاول بووە و تا ئێستاش لە ئاسۆەوە ئومێدێک نى یە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئاڵۆزە.
سوریاش لەدواى هەشت ساڵ شەڕوململانێ ى خوێناوى لە نێوان تاقم گروهە تیرۆریستەکان و ڕژێمى ئەسەد لە دەستدانى بەشى زۆرى خاکى سوریالەلایەن ڕژێمى ئەسەدو کۆنترۆڵکردنى لە لایەن هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆنەوە کە هەموو هێزى توندڕەو وتیرۆریستن دواتر ڕژێمى ئەسەد بەرەنگارییان بووەو توانى هەموو خاکى ئەو وڵاتەیان لێ بسێنێتەوەو لە گۆشەیەکى تەسک لە پارێزگاى ئەدلب کۆیان بکاتەوە جگە لە ناوچە کوردییەکان کەتا ئێستا هەسەدە بە پشتیوانى ئەمریکا پارێزگارى لێدەکات.
لە یەمەنیش بارودۆخ لە سوریا باشتر نى یەو سەرئەنجام شۆڕشەکە بووە بە شەڕێکى ناوخۆیى بە وەکالەت لە نێوان حووسیەکان بە پشتیوانى ئێران و حکومەتى شەرعى بە سەرۆکایەتى سەرۆک عەبد ڕەبە مەنسور هادى کە هاوپەیمانى عەرەبى بە سەرکردایەتى عەرەبستانى سعودیە پشتیوانیان دەکات .
بەهارى عەرەبى یەکەم ئەگەر بۆ ئازادى و یەکسانى و نان و کۆتایى هێنان بە ڕژێمە تاک حزبى و دکتاتۆرە بنەماڵەییە پشتاوپشتەکان بووبێت ئەوا بەهەوڵى حزب و تاقمە ئایینیەکان و ڕژێمە دکتاتۆرەکانى عەرەب و دەستێوەردانى وڵاتانى ڕۆژئاوایى و تەنانەت ناوچەکەش کە هیچیان لەگەڵ سیستمە دیموکراسى و کرانەوە نەبوون لە بەرئەوە کەوتنە پیلانگێڕان بۆ لەناوبردنى ئەو شۆڕشانەو ئامانجەکانیشیان بەدى هات.
بەڵێ زۆر ڕاستە توندوتیژى توندوتیژى بەرهەم دەهێنێت ئەو سەنگەر بەندییەى کە لە نێوان بزوتنەوە ئیسلامییە سیاسیەکانى میسرو لیبیاو تونس و یەمەن و سوریالە لایەک و ڕژێمە عەرەبیە کانى ناوچەکە لەلایەکى ترەوە ئەوەى بەرهەم هێنا کە بینیمان بووە مایەى وێران بوونى بەشى زۆر ى ژێرخانى ئەو وڵاتانەو کوشتن و برینداربوونى سەدان هەزار کەس و هیچ گۆڕانکارییەکى جدى نەهاتە ئاراوە کە بارودۆخى مافى مرۆڤ وخزمەتگوزارى باشتر بکات ئەو گرەوەى کە گەلانى ئەو وڵاتانە کردیان بۆ ئازادى و ژیانێکى باشتر دۆڕاو هێزە کۆنەپارێزەکان سەرکەوتوو بوون لە بێئومێدکردنى خەڵک بە گشتى.

بەهارى عەرەبى دووەم
ئەوەى لەم دواییەدا لە هەندێک وڵاتى عەرەبى تر سەرى هەڵداوە وەکە لە جەزائیرو سودان لە میدیاى عەرەبیدا بە بەهارى عەرەبى دووەم ناسراوە ، ڕاستە ئەوەى لە جەزائیر دەگوزەرێت جیاوازە لە تونس و میسرو سوریاو یەمەن تائێستا خۆپیشاندانى ئاشتیانەیەو کەس زیانى پێنەگەیشتووە و جەزائیر ژانى دیموکراسى و ئازادى گرتووە و هاوار دەکەن بە ئاشتى بەئاشتى و سوپا تائێستا بێ لایەنە هەرچەندە لە سەرەتاى دروستبوونى ئەو دەوڵەتەوە لەکاتى سەربەخۆبوونیەوە پشتیوانى حکومەت بووە بەڵام ئێستا لە بەردەم ئەزموونێکى سەختدایە ئایا سیسیەکى وەکو میسر بەرهەم ناهێنێت سوپاى جەزائیر؟
ماوەتەوە سودان ئەگەرچى سودان پێش کودەتاکانى جەعفەر نمیرى و عومەربەشیر خاوەنى حزب و تاقمى ئیدیۆلۆجى و فرە چەشن و ڕەنگ بوون بەڵام لە لایەن ئەم سەربازە ئیسلامیە سیاسیانەوە هەموو شتێک قۆرخکراو ئێستاش ئەم بزوتنەوە نوێ یە دژبە توندوتیژییە و بە حەرامى دەزانێت و سووپاش زاتى ئەوەناکات دەست بۆ توندوتیژى ببات هەرچەندە قوربانیش بووەلەبەرئەوەى دەستبردن بۆ چەک و کاردانەوەى سەربازى و ئەمنى ئاکامەکەى ڕوونە وەکو سوریاو یەمەن و لیبیایە .
دووا وتەم ئەوەیە ئەگەر توندوتیژى بەهارى عەرەبى یەکەمى نابووت کردوو کردى بەپاییزو خەزان ئەوا بەهارى عەرەبى دووەم دەبێت دەست بۆ چەک و توندوتیژى نەبات ئەوا گۆڕانکارى ڕوودەدات و ە بەڕێوەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت