جیهاد موحەمەد: ئەو دامەزراوە بەڕێزانەی ناویان دەبەم، ئێستا، چیی دەڵێن؟

ئەو دەستەی دەستپاکییەی، خودی ئیدارەی کوردستان(حکومەتی هەرێم) خۆی دایمەزراند، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کردووە، بە گوێرەی ڕاپۆڕتەکە ساڵی 2018 گەورەترین گەندەڵی تەنها لە پارە بە هەدەردان و دزیی و فزییدا دروست بووە، […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەو دەستەی دەستپاکییەی، خودی ئیدارەی کوردستان(حکومەتی هەرێم) خۆی دایمەزراند، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کردووە، بە گوێرەی ڕاپۆڕتەکە ساڵی 2018 گەورەترین گەندەڵی تەنها لە پارە بە هەدەردان و دزیی و فزییدا دروست بووە، ساڵی 2018دە لە ساڵەکانی تر گەندەڵی زیاتر هەڵکشاوتر بووە، بە سەدان ملیار دینار دیارە نەماوە، یان لە ڕێگەی گەندەڵیەوە بە هەدەر چووە و بە بێ هیچ پڕۆژەیەکی فەرمی و قازانج گەیشتن بە ئیدارە و بە خەڵکی گشتی چووەتە گیرفانی ئەم و ئەوەوە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئەو پەرلەمانەی، کە هەڵبژێردراوی خەڵکە و بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە ساڵانە بە سەدان ملیار دینار وەردەگرن، چیی دەڵێن لەسەر ئەم گەندەڵیە گەورەیە؟چییان کردووە دژ بەم گەندەڵیە؟ چۆن لێپرسینەوەیان لە حکومەت و سەرۆکی وەزیران و وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان کردوە؟ ئایا هیچ لێپرسینەوەیان کردووە، یان نا؟ ئەگەر کردوویانە کوا ئەنجامی لێپرسینەوەکانیان؟ ئەگەر نەیانکردووە، پاساویان چییە؟ پەرلەمان چیی دەڵێت بەرامبەر بەو خەڵکەی کە ئەم هەموو دزییەی لێ کراوە؟
ئەی خودی ئیدارە و حکومەتەکەی کاک نێچیرڤان و کاک قوباد تاڵەبانی چیی دەلێن؟ ئایە بە ئاگاداری ئەوان بووە ئەم هەموو گەندەڵیە، ئەگەر بە ئاگاداری ئەوان بووە، چۆن؟ بە چ پاساوێک؟ ئەگەر بە ئاگاداری ئاوان نەبووە، ئەشێت حوکمەت و ئیدارەیەک ئەو هەموو گەندەڵیەی تیادا بکرێت و ئاگاداری نەبن؟! ئەمە ناچێت بە عەقڵی هیچ کەسێکدا، لە هەموو دنیادا ئەم پرسە بخرێتە بەردەم هەرچ کەسێک کە کەمترین زانیاری لەسەر ئیدارە و فەرمانڕەوایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەبێت ناچێت بە عەقڵیدا کە خودی ئیدارە و حکومەت ئاگاداری گەندەڵییەکی وا گەورە نەبێت.
ئەی دادوەرە گشتییە بەڕێزەکان چیی دەڵێن؟ بە ڕاست هیچ کام لەم گەندەڵیانە خراوەتە بەردەم دادگاکان؟ ئەگەر سکاڵا لە لایەن دەستەی دەستپاکییەوە تۆمارکراوە، چۆن لێپرسینەوەیان نەکردوە؟ ئەگەر هیچ سکاڵایەک نەخراوەتە بەردەم دادگاکان، حەقی وایە دادگاکان ئەستۆی خۆیان پاک بکەنەوە و ڕایبگەیەنن کە هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە، ئەگەر کراویشە و دەسەڵاتی دادگا و دادوەرە گشتییەکان قۆرخ کراوە لە لایەن خودی حیزبەکان و دەسەڵاتی سیاسیی و فەرمانڕەوا سیاسییەکەی کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک قوبادەوە، حەق وایە بوێرانە ئەمە ڕابگەیەنن، کە هەر بە ناو دادگاکان و دادوەرەکان دەسەڵاتیان هەیە و، دەستێوەردانێکی گەورە لە لایەن حیزب و خودی ئیدارەکەی کاک نێچیر و کاک قوبادەوە هەیە.
من وەک هاوڵاتیەک دەزانم، ئەم دەسەڵات و ئیدارەیەی کوردستان بە ستەمکارە، بەڵام بڕوا ناکەم، ستەمکاریی گەیشتبێتە ئەو ئاستەی، کە دادوەرە گشتییەکان و دادگا بە گشتیی، هەروەها پەرلەمانتارەکان و پەرلەمان بە گشتی، نەتوانن دان بنێن بە دەستێوەردان و فشاری گەورەی حکومەت و هەڕشەی راستەوخۆیانەوە. بڕوا ناکەم حوکومەت لەسەر گوتنی ڕاستیەکان تا ئەو ئاستە ترسناکە بێت، کە کەس نەوێرێت فزە بکات.
بۆیە من وەک هاوڵاتیەک، لێرەوە ڕایدەگەیەنم، کە دادگاکانی کوردستان بە گشتیی و دادوەرە بەڕێزەکان و بە تایبەتی دادوەرە گشتییەکان و خودی پەرلەمانتارەکان و پەرەلەمان و وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، هەموویان پێکەوە لەگەڵ ئیدارەکەی کاک نێچیرڤان و کاک قوبادا هاوبەشن لەو هەموو دزییکردن و گەندەڵییەدا. بەرپرسیاریشم لەم نووسینەم و ملم لە موو باریکترە لە بەردەم دادگادا. بەڵام منێکی هاوڵاتی چۆن بتوانم، ئەو کەسە بەڕێزانەی کە دەستپاکن جیایان بکەمەوە، بۆیە داوای لێبوردن دەکەم لەوان، ئەوە دەسەڵاتی منی تیا نیە، کە هەموو کەس ناچارە، وەک یەکەکەیەکی تایبەتی سەیری ئیدارەی کوردستان بکات، لە ڕاستیشدا هەموو ئیدارەی کوردستان یەکەیەکی تایبەتی و یەکگرتووە. بۆیە لە حاڵەتێکی وادا، لە لایەن هاوڵاتیانەوە، هەموو ئیدارەکە پێکەوە تۆمەتبار دەکەرێن.
دەقی ڕاپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکیی، لە کوردستاندا.

 

http://www.awene.com/detail?article=3330

 

 

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
جیهاد محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: جیهاد محەمەد