حەمەئازاد بەرزنجی: ئاگاداری ئەم سەرۆکە بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مێژوی هەمو وڵاتانی جیهاندا سەرۆکێ یان چەندین سەرۆک دەردەکەون. کە دەبنە پێشەنگ بۆ گەل و نەتەوەکەیان و بەرەو ئاقارێک هەنگاوەکانیان ئاڕاستە دەکەن کە ئاسودەیی و دڵنەوایی و ئارامی تاک بە تاکی میللەتەکەیان بەدی بهێنن.
ئیتر ئەم سەرکردانە، ئەم پێشەنگانە، ئەم خۆنەیستانە، پسپۆر و شارەزا بن لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری، سەربازی یا خاوەن هزرو ڕۆشنبیری پێشکەوتوخوازبن، یان یان نوسەرو هونەرمەند بوبن، گەلەکەیان لەقۆناغێکی تاریکییەوە گواستۆتەوە، بۆقۆناغێکی پرشنگدار و ڕوناک. گەر سەرکەوتنی تەواویشیان بەدەست نە هێنابێ، ئەوا ئەوی لە توانایاندا هەبوبێ پێشکەشیان کردوەو تا دوا هەناسە هەر بەردەوام بون و زۆریشیان گیانی خۆیانیان لە پێناو ڕێبازەکەدا بەختکردووەو بونەتە مەشخەڵانێکی باڵا بڵند بۆ ڕۆشنایی دواڕۆژی گەل و نەتەوەکەیان.
بەم سەرکردانە دەتوانرێ بوترێ سەرکردەی ڕاستەقینە. چونکە ئەمانە خۆنەویست بون، ڕاست پێرەو و گەل ویست بون، نەک درۆزن و درۆزان و بەرژەوەند پەرست و خۆویست بوبن بۆ خزم و خوێشی خۆ و دەستوپێوەندی خۆ و حەشاماتی خۆ.
وەک وتمان گەر ئەم پێشەنگ و سەرکردانە لە خەباتەکەیاندا سەرکەوتو بوبن ئەوا بەری ڕەنجی خۆیان و هاوەڵە هاوخەباتەکانیان بە چاوی خۆیان بینیوەو دەرون ئاسودە بون. بێگومان ئەمانە ئەو شۆڕشەی بەرپایانکردبو ئەو ڕیبازەی گرتبویانە بەر بۆ ڕزگاربون بوە لە دەست و چنگی داگیرکەرێ ،ڕژێمێکی دکتاتۆری. یان دەربازبون بوە لە ژێر ڕکێفی حزبێک یان سەرکردەیەکی سەربازیی نەتەوەپەرستی، نەتەوە باڵادەستێ.
واتە لە بەرامبەر هەر سەرکردەیەکی شۆڕشگێری میللەتیکی بندەست، هەمو کاتێ دکتاتۆرێکی ڕەفتار فاشیی خۆ بە نوێنەرزانی گەلیکی باڵادەستی زۆرینەی زۆردار هەبووە. خەباتگێڕانی میللەتانی بندەست هیچ کاتێ پەنایان بۆ کاری توندو تیژی وشۆڕش نەبردووە گەر بەرامبەرە زۆردارە باڵادەستەکە بڕوای بەخەباتی مەدەنی و پەڕلەمانی و دیموکراسی هەبوبێ. چاکترین بەڵگەش خەباتی میللەتەکەمانە لەم بەشەی کوردستانی باشور.
هەموجۆرەکانی پڕۆسەی خەباتکردن تاقیکراوەتەوە لەگەڵ ناوەند لە بەغداد. چەندەها قۆناغیان بڕیوە ، لە شەڕ و پێکدادان، لە ئاشتی و دانوستان، لە پێکهاتن و دوبارە شۆڕشکردنەوەو شەڕهەڵگیرسان. چەندەها دانیشتن و گفتوگۆکردن دوبارەکراونەتەوەو ئەنجامی باشیشیان هەبوە و هەندێ جاریش ئەنجام بە بنبەست گەیشتن بووە، تا گەیشتوینەتە ئەم قۆناغەی ئێستا.
هەمو دەزانین لەگەڵ ئەو هەمو ناسەقامگیریەی کە لە ناوچەکەدایە و ئەو گێژاو وپشێوییەی جیهانیشی گرتۆتەوە، ناوچەی خۆمان و زۆر نزیک لەخۆشمان لە کوڵان و قوڵپداندایە . بۆیە پێویست دەکات زۆر بە هەست، بە ئاگایی و هەڵوێستکردنەوە، هەڵسوکەوت بکەین و نەبینە پریسک بۆ داگیرساندنی هیچ جۆرە ئاگرێک و تاکو دەشکرێ خۆمان بەدور بگرین لە هەر پریشکێک و نەبینە سوتەمەنی و خاکیشمان نەکەینە سوتماکی شەڕی مەسڵەحەتی زلهێزان و شەڕی نارەواو کۆنەقینی نیوان مەزهەبەکان و زاناو لێزان ئەوەیە بەسەلامەتی و کەمترین زیان لەم شڵەژاوی و شڵەقاوییە دەرچێت.
ئێستا کورد هەڵسوکەوت لەگەڵ سێ دەسەڵاتی باڵا لە ئێراقدا دەکات. دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی، ئەنجومەنی نوێنەران ( پەڕلەمان )، لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران. ئەوە لە سەرۆکایەتیەکە دەسەڵات لەدەستی سیاسییەکی پێگەیشتوی کوردایەو بەشی خۆی لێزان و کارایە. دەسەڵاتی پەڕلەمانیش لەدەستی گەنجێکی سونەی فرێشی بەهەڵپەی خاوەن تاقیکردنەوەیەکی کەمدایە. وە زۆر لەوەیش ناچێ کینو بوغزی دەمارگیری دوژمنکارانەی بەرامبەر بە کورد هەبێ. وە سونەکان بەهۆی ئەو پێگەیەی کە کۆن هەیان بووەو ئێستا لەدەستیان داوە، سەرەرای ئەو هەمو کێشانەی کە توشیان بوە لە وێرانبون وداڕمانی ناوەندی زۆربەی پارێزگا گەوەرەکانیان، لەوە ناچێ لەم قۆناغەی ئێستادا بواریان بۆ دوژمنایەتی کورد بۆ بڕەخسێ . دەتوانرێ ڕێکەوتنی باشیان لەگەڵدا بکرێ. لەگەڵ تێبینی ئەوەدا کە بەداخەوە زۆر لە نەیارانی نەتەوەو میللەتەکەمان زۆر جار ڕوخۆشی و گەرمی چاکوچۆنیان لە سڕبونیانە و وەک ماری سڕ چاوەڕوانی بەهاری تین پەیداکردن دەکەن بۆ خۆ ئامادەکردنێکی نوێ بۆ پێوەدانمان.
ئەوی دەمێنێتەوە شیعەکانن، کە ئێستا زۆربەی دەسەڵاتەکانیان لە دەستدایە، بەڕەسمی بێت یان ناڕەسمی، بە حکومی بێت یان ناحکومی و لەڕێگەی چەندەها میلیشیای سەربازییەوە. وەکێشەی هەنوکەیی کورد ڕازیکردنی ئەو هەمو گروپ و لایەنانەی شیعەکانە. بەتایبەتی باڵا دەستەکانیان، تا یەکێکیان ڕازی دەکەی ئەوی دیان لێت هەڵدەگەڕێتەوە. تاپشتی یەکێکیان دەگری و دەیگەیەنیتە دەسەڵات، لە پاداشتدا ، لێت هەڵدەگەڕێتەوە و لە پێشەوە بەر لە هەمو نەیارانی بە ئێمەوە دەدات و چەندانیشمان لێتاقیکردونەتەوە.
سەرۆکایەتیەکەی ئێستای ئەنجومەنی وەزیران و حکومەت، کەسەرەکیترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە ئێراقدا ، دوا ڕۆژی توندوتۆڵی پەیوەندیکانمان دیاریدەکات بە ناوەندەوە. وە سەرۆکی ئەم حکومەتە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ لە پیادەکردن و بەردەوامی ئەم پەیوەندییە .
ئەم سەرۆکە وەک دەردەکەوێ و بەپێی ئەو میژوی حزبایەتی و شەخسی و تاکەکەسییەی کەخودی خۆی هەیەتی، ئەو هەڵسوکەوتانەی ئەم چەند مانگەی حوکمڕانییەکەی کە لێمان بینیوە ( دور لە بیرکرنەوەیەکی ساویلکانەی دڵسافانە و سەرزارەکی ڕوانین بۆ سیاسەت ) هەڵنەگەڕانەوەی ئەمیش وەک ئەوانی دی، تا ئێستا لە سەرکردەیەکی خراپ ناچێ و زۆرباشە.
جێگەی ڕەزامەندی زۆربەی زۆری حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە. لە مێژوی چەپرەویی و ئیسلامییدا ، لە شاخەکانی کوردستان ژیاوەو خەباتی کردووە و ، هاوڕێی زۆر لە کەسایەتیەکانی کوردەو دانی خێری پێدا دەنێن و هیچ کاتێ هەڵوێستی دوژمنکارانەی نەبووە. لەو گفتوگۆیەشیدا کەوتبوی تا من لەسەر کورسی حوکم بم، نایەڵم موچەی فەرمانبەرانی کوردستان ببڕدرێت و ئامادەیشم کورسیەکەمی لە پێناودا دابنێم ، ئەم ووتەیە گەر بۆ مجامەلەی سیاسیش بێت ، گفتێکی کەم نییە. لای خۆمان ژمارەی دۆستەکانی زیاد دەکات و لە بەرامبەریشدا لەو بەری کورد لای ڕەگەزپەرست و ڕکابەرەکانی نەیاری زۆرتری بۆ پەیدا دەبێ. لە دوا گوتاری یەکێ لە کەسایەتیە سیاسیە دیارەکانی حزبێکی کوردستان کە پلەی ئەندامیتی مەکتەبی سیاسیشی هەیە دەڵێ: لەوە دەچێ ئێستا خەریکە کۆدەنگییەک لای هەندی سەرکردەو حزبە ئیسلامییە شیعییەکان پەیدا بوبێ بۆ لابردنی سەرۆک وەزیران بەڕێز ( عادل عەبدولمەهدی ).
بۆیە دەبێ کورد لەم کاتەدا کۆدەنگییەکی هەبێ وئەم ‌هەڵوێستەی هەندێ لەو حیزبە ئیسلامییە شیعانە بەهەند وەربگرێ ( گەر چی دەنگۆش بێ ). نەیەڵن بەهیچ جۆرێ گرۆڵەی سەرۆک وەزیران (عادل عەبدولمەهدی ) بکەوێتە لێژی . جارێکی دی دوبارەی دەکەینەوە ( گەر بیری دڵسافانە و ساویلکەیی سیاسیانە نەبێ ) نەیەڵین ئەم سەرکردە شیعەیە ئەم سەرۆک وەزیرانە لە شوێنەکەی لاببرێ. چونکە لە ناو هەمو سەرکردەکانی ئێستای ئێراقدا بە شیعەو سونەشیانەوە، بڕواناکەین سەرکردەیەکی ئێراقی وا دەستوپەنجە نەرم هەبێ لەگەڵ کوردا. وە ئەمە ئەرکی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان و هەمو حیزبە کوردستانیەکان و شەقامی کوردیشە کە دەستی لە پشت بەرنەدەن و کار ئاسانیشی بۆ بکرێ بۆ زوو تەواوکردنی کابینەکەی و ئێمە لایەنی هاوکار بین نەک کێشە دروستکەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت