دکتۆر کەمال میراودەلی: تورکیا، پرۆسەی مێژوویی و پرسە مەزنەکان. بەشی پێنجەم

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمەیە سایکسپیکۆ و لەبارچوونی یەکەم لەدایکبوونی!
[ سایتی دەزگای بیرخانەی ناوداری بەریتانی [چاتامهاوس] کە چاودێریی پرسە سیاسییە نیونەتەوەییەکان دەکات، هەڵبەتا لەو ڕوانگەوە کە سایکسپیکۆ بۆتە ئەفسانە و زۆر کەس، لە روانگەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆجییەوە، دەیلێن و دەیلێنەوە، چەند پرسیارێک دەپرسێ تا ئەو کەسانە و هەر کەس مەبەستێتی ئاستی زانیاریی خۆیان دەربارەی سایکسپیکۆ تاقیبکەنەوە. بۆ زانیاری خویندەواری کوردیش تەنیا پرسیارەکان دەنووسمەوە و هەندێ پرسیاری خۆشمی بۆ زیاد دەکەم:
1- سایکسپیکۆ لە کوێ ئیمزا کرا؟
2- سێیەم ئیمزای سایکسپیکۆ کێ بوو؟
3- پێتەختی دەوڵەتی عوسمانی ئەستەمبول درا بە کام ولات؟
4- کوردستان و ئەرمەنستانی رۆژهەلات دران بە کام ولات؟
5- ئەو خاکەی کە ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و دەسەلاتی فەلەستینی دابەشکراوە، درا بە کام ولات؟
6- کۆنترۆڵی شاری موسڵ درا بە کام ولات؟
7- گۆڕی کام [ ئیمزاکەری] سایکسپیکۆ لە سالی 2008 دا هەڵدرایەوە؟
نازانم داخۆ فسفسپالەوانانی جەهالەت و خیانەت کە هێندە دەهۆڵی داعشانەیان دژی سایکسپیکۆ لێدەدا، وەڵامی هیچ کام لەم پرسیارانە دەزانن؟
بەلام پرسیاری هەرە گرنگ بۆ ئێمە کە دەبوو زانکۆکان و ئەکادیمییەکان دەمێک بوو وەلامیان بدابایەوە و لێرەدا زیادی دەکەم ئەوەیە:
8- ئایا جێبەجیکردنی سایکسپیکۆ بە قازانج و بەرژەوەندیی کورد وکوردستان دەبوو؟
هەروەها هەر بۆ خولیای زانین پێنج پرسیاری تریش زیاد دەکەم:
9- سایکس و پیکۆ و سازۆنۆڤ چۆن و لە کوێ کۆتایی بە ژیانیان هات؟
10- ئایا سایکسپیکۆ یاسایی بوو [ واتە بە پێی یاسای نێونەتەوەیی شایانی جێبەجیکردن بوو؟
11- تەمەنی ڕاستەقینەی رێکەوتنەکەی سایکس و پیکۆ چەند بوو؟
12- چ دەوڵەتیک گەورەترین قازانجی لە سایکسپیکۆ کرد؟
13- چ دەوڵەتێک هەموو دەسکەوتەکانی سایکسپیکۆی دۆڕاند؟
بۆ وەلامی پرسیارەکان، یان بۆ سەرچاوەکان بگەڕێوە یان ئەم بەشە بە وردی بخوێنەوە.

پێشینەی سایکسپیکۆ: ڕۆلی نێوەندیی ڕوسیا
باشە ئەوە وەبیر خۆمان بهێنینەوە کە دەوڵەتی عوسمانی لە بەر ترس و لە ژێر گوشاری ڕوسیا و نەخشە داگیرکارییەکانی، هاوپەیمانی لەگەڵ ئەلمانیا و هێزە ناوەندەکان لە ساڵی 1914 دا کرد. دوای ئەوەی روسیاش بە جددی مەترسی لە هێزەکانی تورک بە پاڵپشتی ئەلمانیا لە قۆقاز بەدییکرد، هاواری بردە بەر بەریتانیا و فەرەنسا. ئەوسا ئەوان جەنگیان دژی عوسمانییەکان راگەیاند و بەم جۆرە شەڕ و پێکدادانە بەردەوامەکانی بەلقان بە تەواوی بوون بە جەنگی دنیاگر بە تایبەتی دنیای ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەند.
پەیمانی سێقۆڵیی [تریپل ئینتانت] بەریتانیا، فەرەنسا و ڕوسیا، لە هەرەسهینان و ئاشبەتاڵی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی دڵنیابوون. ئەو پیرەئیمپراتۆریەتە، [1516- 1924] چەند دەیەیەک بوو لە پرۆسەی هەرەسهێنان و پارچەلێبوونەوەدا بوو. فەرەنسییەکان کۆنترۆلی جەزائیریان کرد (1830) و تونس (1881). ئیتالیا لیبیای داگیرکرد (1911)، بەریتانیا پارێزگەی عەدەن (1939) و عومان (1861)، میرنشینانی خەلیجی عەرەبی (1820) و کوەیت (1899). لە لایەکی ترەوە حوکمڕانیكی بەهێزی عوسمانییەکان محەممەد عەلی پاشا سەربەخۆیانە حوکمی میسری دەکرد و دوای خۆی کورەکانی جێیان گرتەوە تا میسریش لە ساڵی 1881 دا کەوتە دەست بەریتانیا. ئەو ولاتانەی هیشتا لە سالەکانی دوایی تەمەنیدا وەک بنکەی هێز و دەسەلاتی عوسمانی مابوونەوە بریتیبوون لە ویلایەتەکانی دیمەشق، حەلەب، رەققە، بەغدا و بەسرە و موسڵ. بۆیە پلانی نوێ عوسمانی ئەردۆگان زیاتر خولیای گێرانەوەی هەر نەبێ هەندێ لەو ناوچانەی هەیە.
ئاشکرایە بەریتانیا جیهانگیرترین و بەهێزترین و بە ئەزموونترین و فیڵسازترین یاریکەر بوو لە پرۆسەی دانوستانەکانی سایکسپیکۆ دا. لە کاتێکدا خەریکی ئەم دانوستانانە لەگەڵ فەرەنسا و ڕوسیا بوو، بۆ دابەشکردنی خۆرهەلاتی نێوەند، لە هەمان کاتدا پێوەندیی توندی لەگەڵ میر و شەریفی مەککە حوسینی کوڕی عەلی بەستبوو، هێنابوویە سەر خەت لە دژی عوسمانییەکان شۆڕش بکا و بجەنگێ و بەلێنی دامەزراندنی مەملەکەتێكی عەرەبی یەکگرتووی پێدا بوو. لە هەمان کاتدا، بەڵێنی بە سەهیۆنییەکان دابوو کە [دەولەتێکی نەتەوەیی بۆ جوولەکە]. لە فەلەستین دابمەزرێنێ، ئەم بەڵینە وەک زانراوە لە نامەیەکی وەزیری دەرەوەی بەریتانی ئارثەر بەلفۆر بۆ بارۆن ۆلتەر رۆثچیلد دۆستیکی نزیکی سەرکردەی بزاڤی سەهیۆنیزم چایم وایزمان. لە 2ی نۆڤەمبەری 1917 دا، فەرمیی کرا.

ئەو فاکتەرانەی پەیمانەکان دەگۆڕن
بەلام لەگەڵ ئەمەشدا، لە لایەکەوە دەوری ئیمپریالیستەکان لەگەڵ هێز و هۆکار و فاکتەرە لۆکالییەکان کارتێک دەبوو و دەگۆڕا، لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ جیهانیبوونی جەنگەکە و بڕیاردانی ئاکامەکانی، فاکتەری جیهانیی، پێشهاتی نوێ و هاوتایی ‌هێزەکان و پێویستیی داپۆشینی دەسکەوتەکانی جەنگ و بەرژەوەندییە دوورخایەنەکان، بە پەردەی یاسای نێونەتەوەیی، وەک فاکتەری سیاسیی گرنگ لە بریاردانی پرۆسەکاندا خۆیان دەنواند بە تایبەتی کە وەک یەکێک لە ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و پرۆسەی چارەسەری کێشەکان لە ئاستی جیهانییدا، [کۆمکاری نەتەوەکان] – لیگ ئۆف نەیشنز/ عصبە الامم- لە پەیمانی ڤێرسای لە 28 ی حەزەیرانی 1919 دا، بە واژۆی 44 دەولەت، لەوانە 31 دەولەت، کە وەک لایەنگیری پەیمانی سیقۆلیی بەشداری جەنگیان کردبوو ، دامەزرا.
ڕوسیای قەیسەری هەمیشە فاکتەرێکی گرنگ بوو لە پاراستنی پرۆسەی هاوتایی ‌‌هێز چ لە ناو هێزە ئەوروپاییەکاندا چ لە ئاستی رۆژهەڵات-ڕۆژئاوادا. بۆیە بوونی روسیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا [دەشزانین گرنگتریش لە جەنگی جیهانی دووەمدا] هەرەگرنگ و چارەنووسساز بوو و وەک لە پێشەوە وتم هێزێکی گرنگی پەیمانە سیقۆڵییەکە: [بەریتانیا، فەرەنسا، روسیا] بوو..
هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە 1914، ئەو سێ دەوڵەتە چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆیان دەربارەی چارەنووسی ئەو هەموو دنیا فراوانەی ژێر ركیفی دەولەتی عوسمانی لە خۆرهەلاتی نیوەند، جزیرەی عەرەبی، و خوراووی نێوەندی ئەوروپا، دەستپێکرد. لە مارتی 1915 دا بەریتانیا رێکەوتنیکی نهێنیی لەگەل روسیا واژۆکرد، بە پێی ئەو ڕێکەوتنە کۆنستانتین [ئەستەمبول] دەکەوتە ژیر دەسەلاتی روسیا لەگەڵ کۆنترۆلی دەردەنیل و دوورگەی گالیپۆلی- مەیدانی ئەو جەنگەی 1915 کە لە بەشی یەکەمدا باسم کرد، ئەمەش ئامانجی لەمێژینەی ستراتیجی جیۆپۆلیتیکی ڕوسیا بوو. لە بەرامبەر ئەوە ڕوسیا ڕازیبوو کە بەریتانیا کۆنترۆلی ناوچەکانی تری ئیپراتۆریەتی عوسمانی و ناوەراستی فارسیا/ئێران بە ناوچە نەوتییە دەولەمەندەکانی میسۆپۆتامیاشەوە، بکات. ئەمەش، خولیای سەرچاوە نەوتییەکان، ئامانجێکی ستراتیجی ئینگلیز بوو..دوای کەمێ پتر لە پێشینە و تێکەولێکەی سیاسیی دابەشکردنەکە دەدوێم.www.history.com

پێشینەی ڕێکەوتنەکە
هەر سێ دەولەتە بەشدارەکە دەوڵەتی ئیمپریالی بوون و بەرژەوەندی لەمێژینە و جیایان لە دەولەتی عوسمانییدا هەبوو. جارێ گۆڕانێکی ستراتیجی گرنگ لە هەڵویستی بەریتانیا و فەرەنسادا درووست بوو بوو، کە ڕێگەی دا لەگەڵ ڕوسیا ڕێکبکەون و بەدەم داواکارییەکانیەوە بچن. ئەویش ئەوە بوو کە وازیان لە ستراتیجی دوو سەد ساڵەیان ‌‌هێنا، بە تایبەتی بەریتانیا، کە پاڕێزگاری دەوڵەتی عوسمانی بکەن و هەولی مانەوەی بدەن وەک بەربەستیک بۆ فراوانبوونی دەسەلاتی رووس لە بەلقان و دەریای ڕەش و کۆنترۆلی دەردەنیل و ئەستەمبول. هەردوو دەولەتە ئیمپریالییەکەی فەرەنسا و بەریتانیا دەستیان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی شتبوو، و هەڵپەی تەمای هەرچی زووە دابەشکردنیان هەبوو. بۆ ڕوسیش ئەمە ئامانجێک بوو دەمێک بوو بۆی دەکۆشان.
[ بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش کلیلە-بڕیارسازێک هاوپەیمانی بوو لەگەڵ روسیای قەیسەری کە سەرلەنوێ سیاسەتکاریی [پرسی رۆژهەلاتیی – ئیستێرن کوێسشن] ی داڕشتبۆوە و پاشەکشێیەکی بەردەوامیی لە پابەندبوونی ئەنگلۆ-فەڕەنسیی بە هێشتنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی ‌هێنابووە گۆڕێ. بەریتانیا ئەوەی قبوڵ کرد کە فەرەنسا داواکاریی لەپێشتری بۆ سوریا هەیە کە دەگەرایەوە بۆ ساڵی 1904، کاتێ هاوپەیمانی دۆستایەتی [ئینتان کۆردیال] پێکهێنرا، لە بری ئەمە داوای کرد فەرەنسا دەسەلاتی نیو-کۆلۆنیالی بەریتانیا بە سەر میسر را قبوڵ بکات. لە لای خۆیەوە فەرەنسا هەوڵی دەستکەوتنی دەسەلاتی ئیمپریالی لە شام دا و بەشێكی گەورەی قەرزی گشتیی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەدا. بە پشتیوانی بەریتانیا دەیویست وەبەرهێنەری پێشڕەو بێت لە تۆڕی خەتی شەمەندەفەردا کە ئەناتۆلیای بە هیلالی بەپیتەوە دەبەستەوە.

A key determinant was the alliance with Tsarist Russia, which reconfigured the politics of the Eastern Question and precipitated a steady retreat from the traditional Anglo-French commitment to preserving the Ottoman Empire. Britain accepted that France had prior claims to Syria as early as 1904, when the Entente Cordiale was formed, trading its acceptance of them for French recognition of its neo-colonial domination of Egypt. For its part, France pursued a Levantine imperial sphere and a large share of the Ottoman public debt. With British support, it sought to become the leading investor in the network of railways that was to span Anatolia and the Fertile Crescent.

لە کاتێکدا بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە ڕۆژهەلاتی نێزیکدا تا رادەیەکی زۆر بە بەدەستهێنانی میسر لە ساڵی 1881 و دەسەلاتگرتن بە سەر خوارووی ئێراندا، بەدیهاتبوون، پیاوەکانی لەوێ، لە شوێنی مەبەست، لە قاهیرە و دەلهی، نەخشەی تەماعکارانەتریان سازکرد بوو بۆ درێژکردنەوەی ئیمراتۆریەت [ی بەریتانیای مەزن] بۆ عێراق و شام. ستراتیجیستە ئیمپریالییەکان باوەڕیان وا بوو ئەمە پێویستە بۆ پاراستنی ڕێگاکانی سەروو بۆ کەنالی سوێس [ و لەمەشەوە ڕیگاکان بۆ هیندستان] و هەروەها بۆ هێشتنەوەی کۆنترۆلی کێڵگە نەوتییەکان، لە دەوروبەری عەبادان. [ کە دوای ئەوەی هێزی دەریایی بەریتانیی [بە ڕەسمی] بریاریدا [ بۆ بەکارخستنی ئوستۆلی دەریایی بەریتانیی] لە بەکارهێنانی خەڵووزەوە بچێتە سەر بەکارهێنانی نەوت] ئەو کێڵگانە گرنگی ستراتیجییان یەکجار زیادی کرد] . زۆربەی [ستراتیجیستە ئیمپریالییەکان]، بوونە ناحەزی ئەو رایەی کە ناسیۆنالیزمی عەرەب دەشێ بۆ دامەزراندنی هەژموونی بەریتانیا بە سەر هەرێمە عەرەبییەکانی ئیمراتۆریەتی عوسمانییدا بەکاربێت. لە لای خۆیانەوە، گروپی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسیش، کەیسێکیان بۆ خۆیان لە سەر بنەمای کەلتوور و هەستی هۆگریی و هەروەها بەرژەوەندی هۆنیبۆوە. [لەوانە پێوەندی مێژوویی بە تاجی شاهانەی فەرەنسییەوە کە واگۆی ئەوەیان دەکرد تا سەردەمی سەلیبییەکان درێژ دەبۆوە.] بۆ ئەوەی فەرەنسییەکان [سوریای مەزن] بەدەست بێنن – سوریایەکی گەورەتر کە چیاکانی توروسەوە تا خەلیجی عەقەبە و سینا درێژ دەبۆوە.]
سەرچاوە: ئینسکلۆپیدیای نێونەتەوەیی جەنگی جیهانی یەکەم encyclopedia.1914-1918

داواکارییەکان دوای دەستپیکردنی جەنگ
بەلام تا عوسمانییەکان بە ڕەسمی نەچوونە ناو جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە نۆڤەمبەری 1914 دا، هیچ کام لە بەریتانیا و فەرەنسا ئامانجی دیاریکراویان نەبوو.. نەخشەی پراتیکی لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستان و سەوداکان لە سەر دەولەتی هەرەسبردووی عوسمانیدا گەڵالەبوون. ئەم پرۆسە سەوداگەرییە بە داخوازییەکانی ڕوسیا بۆ بەشی خۆی لە دابەشکردنی دەولەتی عوسمانیی دوای ڕووخانی دەستی پێکرد. ئەوان ، وەک هەمیشە، خوازیاری ئەوە بوون کە کۆنترۆلی ئەستەمبول و ئەو تەنگاوانە بکەن کە دەردەنیل و بۆسفۆر پێکەوە دەبەستنەوە. هەروەها دەسەلاتێکی فراوانیان لە رۆژهەلاتی ئەنادۆلیا [ کە ئەو وەختە ئەرمەنستان و باکووری کوردستانی دەگرتەوە] هەبێت. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هەر پێش سایکسپیکۆش، لە 15 ی مارتی 1915 دا، لە ڕێکەوتنی کۆنستانتینۆپل [کۆنستانتینۆپل ئەگریمێنت] فەرەنسا و بەریتانیا رازیبوون کە ئەستەمبول و ناوچەکانی دەور و بەری بدەن بە ڕوسیا، کە ئەمە ڕێگای بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاستێش دەکردەوە.encyclopedia.1914-1918

پرۆسەی دانوستانەکان: دەوری ڕوسیا
وەک پێشتر چەند جار، لەم باسەدا، جەختم کردووە دەوری ڕوسیا سەرەکی، پاڵنەریی و دەستپێشخەریی و بەهێز بوو. ئەوان دەستپیشخەر بوون لە پێشکەشکردی پرۆژەی خۆیان بۆ دابەشکردنی دەوڵەتی عوسمانیی پاش ڕووخانی و لە پرۆسەی گەیشتن بە ڕێکەوتنی سایکسپیکۆ، وەزیری دەرەوەی روسیا دەورێکی چالاک و شێلگیرییانەی هەبوو ، هەم لە رووی ئایدیۆلۆجی دینییەوە هەوڵی بۆ مسۆگەرکردنی کۆنترۆلکردنی ئەستەمبول و گێڕانەوەی شارستانێتی بێزەنتی دەدا، هەم لە ڕووی ستراتیجی ئابووریی و جیۆپۆلیتیکی یەوە هەولی مسۆگەرکردنی کۆنترۆلی دەردەنیل و بۆسفۆری دەدا، لەگەل ناوچەکانی ئەرمەنی و کورد. ئەم ئەنجامەشی لە ڕێکەوتنەکەدا بۆ هاتە دی.

ناوەرۆکی ڕێکەوتنی نهێنیی سایکسپیکۆ
ڕاستی ئاسان نییە بزانین وردەکاری دابەشکردنەکان لەو تێکستەوە بزانین کە لە نێوان سایکس و پێکۆدا گۆڕدراوەتەوە. وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، دابەشکردنە بە قەلەم و لە سەر نەخشە بوو، بەشەکان بە ڕەنگ و پتی [ئەی] و [بی] و هی تر لە سەر نەخشە نیشانە کروان لە بەر ئەوە تەنیا کەسێک تەواو شارەزای جۆگرافیای ئەو دەمە بێت و وردەکاری دواتر شارەزابێت، دەتوانێ بە وردیی بەش بەشەکان دیاری بکات. بۆیە پەنام بۆ جێی متمانەترین سەرچاوەی بەریتانی برد کە ئیسکلۆپیدیای بەریتانییە بۆ پوختەیەکی زانیاری دروست دەربارەی نەخشە و بەشەکان.
بە پێی ئینسایکلۆپیدیا-بریتانیکا – دابەشکارییەکەی سایکسپیکۆ بەم جۆرە بوو:
1- ڕوسیا ناوچەکانی ئەرمەنی ئەرزەروم، تریبزۆن، ڤان و بیتلیس و بەشێک لە ناوچەخاکی کورد لە خوارووی رۆژهەلات دەبات.
2- فەرەنسا کەناری لوبنان و سوریا دەبات بۆ خۆی، لەگەڵ ئەدەنە و سیلیسیا و ئەو ناوچە هاوسێیەی بە بەشی ڕوسیاوە لکاوە، کە عەینتاب و ئورفەو ماردین و دیاربەکر و موسڵ ی دەگرتەوە.
3- بەریتانیای مەزن خوارووی میسۆپۆتامیا، بە بەغدا و [کوەیت] ، و بەندەرەکانی دەریای ناوەراست هەیفا و ئەکا [عەکا] دەبات.
4- لە نێوان ناوچەکانی بەریتانیی و فەرەنسیی، پێویستە کۆنفیدراسیۆنێکی دەولەتانی عەرەبیی یان یەک تاکە دەوڵەتی عەرەبی سەربەخۆ هەبێت کە دابەشبووبێت بە سەر قەڵەمڕەوی فەرەنسیی و بەریتانییدا
5- ئەلیکساندرێتا [ئەسکەندەرونە] پێویستە بەندەرێکی ئازاد بێت
6- فەلەستین، لە بەر شوێنە پیرۆزەکانی، پێویستە بخرێتە ژێر سایەی رژێمێکی نێونەتەوەیی یەوە.
دەقەکە لە سایتی ئیسکلۆپیدیا-بریتانیکا.

Its provisions were as follows:
(1) Russia should acquire the Armenian provinces of Erzurum, Trebizond (Trabzon), Van, and Bitlis, with some Kurdish territory to the southeast;
(2) France should acquire Lebanon and the Syrian littoral, Adana, Cilicia, and the hinterland adjacent to Russia’s share, that hinterland including Aintab, Urfa, Mardin, Diyarbakır, and Mosul;
(3) Great Britain should acquire southern Mesopotamia, including Baghdad, and also the Mediterranean ports of Haifa and ʿAkko(Acre); (4) between the French and the British acquisitions there should be a confederation of Arab states or a single independent Arab state, divided into French and British spheres of influence;
(5) Alexandretta (İskenderun) should be a free port; and (6) Palestine, because of the holy places, should be under an international regime.
www.britannica.com

بێگومان ئەو بەشەی ڕوسیا سەرباری ئەستەمبول و دەربەندەکانی دەردەنیل و بۆسفۆر بوو، کە پێشتر پێیدرابوو. کەوایە ئەویش بەشی شێری بەرکەوت. ئەمەش لەبەر خەباتی دیپلۆماسی مەزن و لێزان و شیلگیری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سازۆنۆڤ بوو.
ئەوەی کە ئێستا بە دەگمەن باس دەکرێ ئەوەیە کە ڕیکەوتنەکە لە پێترۆگراد/ سەینتپیترسبێرگی روسیی کە دوایی ناونرا لینینگراد، ئیمزا کرا و یەکیک لە ئیمزاکەران سێرجی سازانۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیی بوو. لە بەر ئەوە باسکارانی جددیی، ناوی سایکسپیکۆ بە هەلە یان ناهەق دەزانن و دەبێ پێی بوترێ: سازۆنۆڤ-سایکس-پیکۆ.
سایتی دەزگای بەناوبانگی [چاتامهاوس] ی بەریتانی بۆ چاودیریی پرسە جیهانییەکان، لە بیرخستنەوەیەکی دەربارەی سایکسپیکۆ دەنووسێ:

The point is to show that the 1916 carve-up should be called the Sazonov-Sykes-Picot agreement. The Russian foreign minister, Sergei Sazonov, was the prime mover. At the time, the Russian Empire was victorious on the Eastern Front while Britain had suffered a catastrophic defeat in Iraq. That all changed in 1917 when the Russian revolution toppled the Tsar, making many of the provisions of the treaty void

مەبەست ئەوەیە کە پارچەکارییەکەی 1916 پێویستە پێی بوترێ ڕێکەوتنی سازۆنۆف-سایکس-پیکۆ. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی سازانۆڤ، بزوێنەری سەرەکیی بوو.. لەو کاتەدا ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا لە بەرەی ڕۆژهەلاتی [ئیستێرن فرەنت] سەرکەوتوو بوو، لە کاتێکدا بەریتانیا تووشی تێشکانێکی کارەساتاوی بوو لە عێراق. ئەمە هەمووی لە ساڵی 1917دا گۆڕا کاتێ شۆڕشی ڕووسی قەیسەری لادا و زۆر ماددەی ڕێکەوتنەکەی بەتاڵکردنەوە.www.chathamhouse
ڕاستی پاڵنانی هەموو پرۆژەکە و پرۆسەکە بەرەوە ئەم ئەنجامە هەوڵی ئەو بوو، هەر بۆیەس ڕیکەوتنەکە لە پیترۆگراد هاتە واژۆکردن.

کورتەیەک لە خەباتی دیپلۆماسی سازانۆڤ
بۆ ئەوەی بەراستیی بزانین روسیا چ هەوڵ و هەژموونێکی گەورەی لە جەنگی جیهانییدا هەبوو و چۆن ئەم هەژموونە لە خەبات و ئیرادە و چالاکی دیپلۆماسیی و سیاسیی بەردەوامی سێرجی دیمیتریڤچ سازۆنۆڤدا بە شێوەیەکی بەهێز و کاریگەر بەرجەستە ببوو، پێویستە لایەک لە بایۆگرافیای سەرنجڕاکێشی سازاۆنۆڤ بکەینەوە و بۆ پوختەیەکی ئەمە، پشت بە ئینسکلۆپیدیای بەریتانیی دەبەستم.
سازۆنۆڤ لە ساڵی 1883 دا بووە فەرمانبەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، زاواکەی [پیۆتر ستۆلیپین] لە ساڵی 1906 تا 1911 سەرەکوەزیرانی ڕوسیا بوو. سازۆنۆڤ پۆستی دیپلۆماسی لە سەفارەتەکانی ڕوسیا لە لەندەن، و واشنتۆن و ڤاتیکان لە نێوان ساڵانی 1904 – 1909 وەرگرت، تا لە مایسی 1909 دا بوو بە جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە و لە 28 ی ئەیلوولی 1910 دا بوو بە وەزیری دەرەوە.
سازۆنۆڤ سیاسەتی دەرەوەی ڕوسیای بە پلەی یەکەم بەرەو بەردەوامکردنی پێوەندییەکی نزیک لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەدەبرد. هەروەها پێوەندی لەگەڵ ئەڵمانیا هێمن کردەوە [نۆڤەمبەری 1910] و هەولی دەدا باری باو [ستاتسکۆ] لەبەلقان بپارێزێت. بەلام دەستوپێوەندەکانی بەتایبەتی کرێگرتەکانی لە بەلقان هەنگاویان بەرەو دامەزراندنی کۆمکاری بەلقان [بەلکان لیگ] دا کە بریتیبوو لە هاوپەیمانییەک لە نێوان سێربیا، بولگاریا، یۆنان و مۆنتینیگرۆ، گەرچی نیازی ڕوسیا لەم کۆمکارە ئەوە بوو دژی نەمسا کاربکا، دەولەتەکانی بەلقان بۆ هاوپەیمانییەک دژی دەوڵەتی عوسمانی پەڕەیان پێدا و سازانۆڤ بە ناچاریی چیتر نەیتوانی خۆی وەک دۆستی تورکەکانیش نیشان بدات و لەجیاتی ئەمە ناچاربوو [ بە ئاشکرا] یارمەتی دیپلۆماسیی بە کۆمکاری بەلقان بدات.
کاتێ گەورەسەرداری نەمسایی فرانز ئیردیناند تێرۆر کرا [ 28 ی حوزەیرانی 1914] و نەمسا ئینزارێکی بە سێربیا دا [ 23ی تەمووز] ، سازۆنۆڤ بە ئاشکرایی ڕوونی کردەوە کە ڕوسیا رێگە نادات نەمسا سێربیەکان لە ناوبەرێت. بە هاندانی سەرکردە سەربازییەکانی ڕووس و دڵنیابوونی لە پشتیوانیی فەرەنسا، ئەو شێلگیریی کرد کە ئیمپراتۆر نیکۆلای دووەم تەواوی سوپای ڕووس بخاتە ئامادەباشییەوە، [30 ی تەمووز] . لە یەکی ئابی 1914 دا، چوار ڕۆژ دوای ئەوەی نەمسا، جەنگی دژ بە سێربیا راگەیاند، ئەلمانیا جەنگی دژی روسیا راگەیاند.
لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا، سازۆنۆف خەریکی گەلالەکردن و روونکردنەوەی ئامانجەکانی روسیا بوو لەو جەنگەدا.. دوای ئەوەی تورکیا لە نۆڤەمبەری 1914 دا چووە بەرەی جەنگەوە دژ بە رووسیا، ئەو توانی رازیبوونی هاوپەیمانەکانی روسیا بەریتانیای مەزن و فەرەنسا بەدەستبێنێت بۆ داواکاریی ڕوسیا کە ئەستەمبول و تەنگاوەکانی دەردەنیل و بۆسفۆر ببنە مڵکی ڕوسیا کە ئەمە یەکێک بوون لە ئاماجە سەرەکییەکانی روسیا.”www.britannica.com

شۆرشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا هەموو شتێکی هەڵوەشاندەوە
لە کاتێکدا سازۆنۆڤ ئاوا دیپلۆماسیانە و نیشتمانپەروەرانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مێژووییەکانی ولاتەکەی هەوڵی بێ وچانی دەدا و توانی ئەو ئامانجانە بێنیتە دی کە بە لای گەلی ڕووسەوە هەم پیرۆز و هەم ستراتیجیی و زامنی ئەمنی نەتەوەیی و شوێنیان وەک نەتەوەیەکی مەزن لە جیهاندا بوو، قەیسەری ئەوسای رووس نیکۆلاسی دووەم لە لایەن گروپە شۆڕشگێرەکانەوە لادرا. یەکەمجار حکومەتیکی کاتیی پێکهێنرا، بەلام دوایی لە نۆڤەمبەری 1917 دا، لە هەمان مانگدا کە راگەیاندنەکەی بەلفۆر نێردرا، ئەو حکومەتە کاتییە لە لایەن بەلشەفییەکانەوە رووخێنرا و ئەوان دەسەڵاتیان گرتە دەست. لە ئەرشیفی حکومەتدا ڕێکەوتنەکەی سایکسپیکۆ کەوتە بەردەستیان. لە 24 ی نۆڤەمبەردا، 556 ڕۆژژ دوای واژۆکردنی سەودایەکە، لە پراڤدا و ئیزڤێستیادا بلاویان کردەوە. سێ ڕۆژ دواتر مانچێستەر گاردیانی بەریتانیی بڵاوی کردەوە.
ئەو کەسەی لە ئیزڤێستیادا بلاوی کردەوە هەڤالی لینین [1870-1924] لیۆن ترۆتسکی بوو. مەبەستی ئەوە بوو پیلانی ئیمپریالیزمی جیهانیی بۆ دابەشکردنی میراتی دەولەتی عوسمانی ئاسکراو شەرمەزار بکات. لینین ڕیکەوتنەکەی ناونا: ڕێکەوتنی دزە کۆلۆنیالییەکان.interactive.aljazeera
ئەو گروپە کۆمۆنیستە [کە ئێستا دوای دەرکەوتنی ئەرشیڤەکانی دەولەتی روس و فەرەنسا و ئەمریکا دەبێ بڵێین’] گومانلێکراوە’ لە ڕووی ئایدیۆلۆجییە شۆڕشگێڕییەکەیانەوە مارکسیست بوون. لەم ڕووەوە دین وەک پیرۆزیی و [ تەنانەت وەک ئایدیۆلۆجیەتێکیش کە هەمیشە دەسەلاتە ئیمپریالییەکان و دیکتاتۆرەکان بەکاریان هێناوە] لای ئەوان گرنگ نەبوو.. بۆیە مێژووی خەباتی چەند سەد ساڵەی بە پیرۆز دانراوی رووسەکان بۆ گێرانەوەی دەسەلاتی مەسیحی بۆ قودس و ئەستەمبول بەلای ئەوانەوە هیچ بوو. لە لایەکی تریشەوە، هەر لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە، جەنگە نێونەتەوەیەکانیان دەربڕی ستەمگەری سەرمایە و سەرمایەدارەکان بوون و بە پلەی یەکەم دژ بە گەلان و کۆمەلانی خەلک بوون. بۆیە بەڕواڵەت باوەڕیان بە جەنگ و بەرهەم و دەستکەوتی جەنگەکان نەبوو، ئەمەش وای لێکردن واز لە دەسکەوتەکانی ڕوسیای قەیسەری، کە بە یەکیک لەو قوتبە ئیمپریالیانەیان دادەنا، بێنن. هەڵبەتا گەر ئەمە بیرکردنەوەیان بووبێت دەبوو ئەوە بزانن کە واز لەو دەسکەوتە مێژووییەی ئیمپراتۆریەتە ڕووخاوەکەی خۆیان، تەنیا بۆ بەهێزکردنی ئیمپراتۆرییەتە ماو و بەهێز و خەتەرناکەکانی ڕۆژاوا دێنن. بەلام ئێستا دەرکەوتووە کە پرسەکە هێندە ساکار و سۆزی شۆڕشگێریی بی گوناح نەبوو، بە تایبەتی دەوری ترۆتسکی لە پرۆسەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا گومانی گەورەی لە سەرە. ئەمە لە چەندین لێکۆڵێنەوەی ئەکادیمیی و بەرنامەی گرنگ و سەرنجڕاکێشی [گەشتێک بە یادەوەرییدا- [رحلە فی الذاکرە] ی کەنالی [ئار.تی] عەرەبیی روسیادا خراوەتە ڕوو. لە بەشیکی تردا ئەنجامەکان و ڕاستییەکان وەک لەو بەرنامانەدا باسکراون، دەخەمە ڕوو..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت