عەلی مەحمود: ئەركێك لە یادی 104 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی خوشك و برا ئەرمەنییەكاندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رێگات بكەوێتە مۆنمێنتی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینا, تژییە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بەشێوەی دڕندە دەردەكەون یان وێنا كراون كە بەشدار بوونە لە جینۆسایدكردنیان, ئەم وێنانە بونەتە بەشێك لە زاكیرەی ئەو گەلە, وێنەی دەرەبەگ و سەرۆك خێڵ و شێخە كوردەكان كە هیچ پەیوەندییەكان بە خەڵكە عامییەكەوە نییە, ئەم زاكیرە رەشە بە سانایی ناسڕدرێتەوە, بە دیدار و مجامەلەی كاتی دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە كۆتایی نایات, لەبەردەم هەڵوێستدا رامان دەگرێت, لە بەرامبەردا نابێت تا كۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لە ترسی هەڵوێست دەربڕین, باجی دڕندەیی و تاڵان و بڕۆی ئەو ئاغاو دەرەبەگ و سەرۆك خێڵانە دەبێت عامیەی خەڵك بیداتەوە, پێویستە هەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكان رابردوو, ئەویش دانانە بە راستیەكان وەك ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە نەك وەك ئەوەی دەمانەوێت و پینەو پەڕۆی بكەین, یاخود ناسیۆنالستە توندڕەوەكانی ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن, یان ئەوەی ناسیۆنالستەكان هەردوولا كردویانە بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پوچەكانیان, دەبێت رێگا لە ناسیۆنالیزمی هەردوولا بگرین نەوت بە ئاگری رابردوودا بكەن, ئەوان لە پاڵ توركیا سەرۆك عەشیرەتە كوردەكانی باكور و سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی سوریا بە هاوبەشی تاوان دەزانن., ئەدی ئێمە وەڵاممان چییە لە كاتێكدا وێنەو دۆكۆمێنتەكانی ئەوكات ئامادەن.
نكۆڵیكردن بۆخۆی درێژەدانە بە تاوان, رێگە گرتنە لە سارێژ بوونی بیرینەكانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باوباپیران بە نەوەی نوێ, گەلی كورد بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, بەڵام دەبێت بەرپرسیارێتی تاوانی هەندێك لە هاووڵاتیانی بگرێتە ئەستۆ, كە هاوكاری سوپای عوسمانی بوونە لە تاوانەكە, دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە بنێت وەك چۆن ئێمە داوادەكەین كەیسەكانی جینۆسایدمان بە جیهان بناسرێت, پێویستە لە بری ئەو كوردە خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەكە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەڵبگرێت, دەبێت جێگاو رێگای مرۆڤەكان لە مێژوودا وەك خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سەردەمی بە پیرۆزكردنی پاشا كۆرەكان بە كۆتا گەیشتووە, ئێستا سەردەمی دادگاییەكانی تاوانەكانی رابردوو و داوای لێبوردنكردنە لە دڕندەییەكان نەوەكان پێشوو.
نابێت هاشا لە بەشداری هەندێك لە سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بكرێت لە تاوانەكە, كە هەندێكیان تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە وەك بەشێك لە سوارەی حەمیدیە, بەڵام بەشێوەی سستامتیك وەك بڕیاردەر كوردەكان بەشداریان نەكردووە لە تاوانەكە, چونكە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, ئەوەی كراوە وەك نۆكەری بووە و هاوبەشی تاوانە, یاخود لە ژێر كاریگەری بیری ئاینیدا وەك بەشێك لە خەلافەت ئەنجامدراوە, بۆیە پێویستە تاك لایەنە نابێت سەیری روداوەكان بكرێت, نابێت هەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراكانی پۆڵەندا و فەرەنساو… هتد، دوبارە بكرێتەوە, لە كاتێكدا خۆمان قوربانی جینۆسایدین, دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی فەرەنسی ئینكاری هۆلۆكۆست دەكات,د ەڵێت بە بەشێك لە وردەكاری جەنگی جیهانی دووەمی دەزانین, تەنانەت لە یاداشتەكانی بە توندی داكۆكی لە فلیپ بیتان سەرۆكی حكومەتی فیشی پاشكۆی هیتلەر دەكات لە فەرەنسا, حكومەتی راستگەرای پۆڵەنداش بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەوانە دەركردووە كە هەندێك لە هاوكارانی پۆڵەندی نازیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست, ئەمەش وەك داكۆكیكردن لە كەرامەتی نیشتمانی دەزانن, ئەمە بۆخۆی نكۆڵی تاوانی هاوبەشانی نازییەكانە و داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێز لێنانی بەخشی بە میلواراد دودیك سەرۆك ئەركانی سوپای بۆسنە كە نكۆڵی كۆمەڵكوژی سربرنیتشا دەكات, ناسیۆنالیزم ئەمەی دەوێت, لە كوردستانیش بهانە بۆ تاوانەكانی پاشای كۆرە دەهێنرێتەوە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان, تاوان لە چ ژینگەو بەهانەیەك ئەنجام بدرێت تاوانە, دادپەروەری مامەڵە لە گەڵ ئەنجامەكان دەكان نەك بهانەكان.
نكۆڵیكردنی تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بەشێوەی نەرم, مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ دەگات بە حەقیقەتەكانی رابردوو, سسەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەكان بەسەر چووە, پیرۆز كردنی دڕندەیی لە هیچ چوارچێوەیەك ئاینی یان ناسیۆنالستی جێگای نەماوە, بۆیە رۆژێك زووتر دان نان بە حەقیقەت, ئارام بەخشترەو جوانكردنی سیمای گەلە, كریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد رایگەیاند “زانیارییە زۆرو زەبەنەكان لە سەردەمی ئەنتەرنێت, هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكات, پێویست بە زانست و تیۆری ناكات”, بۆیە نكۆڵی كردن وەك سەركردنە ژێر لمە لە سەردەمی ئەنتەرنێت و زانیارییە بێ كۆتاكاندا.
نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی چاوی مرۆڤەكان لە ئاست دانان بە راستیەكان و حەقیقەتی مێژویی كوێر دەكات, مرۆڤایەتی لە بیركردنەوەدا دەكوژێت , هەڵوەدای پاكیزەیی نەتەوەو ئاینە, بۆیە بە نەنگی دەزانێت دان بە ناشرینیەكان رابردوودا بنێت, با ئێمەش نەكەوینە داوی ناسیۆنالیزمی تورك موتوربە كراو بە ئاینەوە, سەیری هەڵوێستە شەرمەزارییەكانیان بكەن نەك لە شاری قۆنیای بگرە لە لاهای و برۆكسل,لە 2ی حوزەیرانی دا2016, بۆندستاغی ئەڵمانیا دانی نا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, پێشتریش بەلجیكا هەمان هەنگاوی نابوو, ئەوەی لای من گرنگە لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیكا, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیكە ژنی حیجاب لەسەر نەتەوەیی ئیسلامی, هەردوكیان لە دایك بووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوا, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی حەقیقەتەكان, بە بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و ئێسك و پروسكە هەڵوێست وەردەگرێت, چاو دادەخات و كاروانی قوربانییەكان نابینێت.
جیم ئۆزدەمیر لە دایك بووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەسی توركیا, سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007 بە پێی بڕگەی 301ی دەستوری توركیا سزا درابوو, بە تاوانی پێشێلكردنی ( یاسای سوكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە تاوانە دان بە كۆمەڵكوژی لە توركیا بنرێت وەك ئەوەی لە پۆڵەندای ناو یەكێتی ئەوروپا پەسەندكرا, ج ئۆزدەمیرو و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەكان كە هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری گەورەی ئەرمەنی هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادراوە, واتا ئەوەی جیناتی مرۆڤبوونی هەڵگرتبێت دەبێت سزاكەی بخوات, ج ئۆزدەمیر پارتەكەی بە بۆنەی یادی 101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی 2016 دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانی لە توركیا بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ گوێی نەدا بە هەڕەشەكان لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركە ساتی پێش دەنگدانەكە وتی: ( 80-90%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەرمەن, 98%ی پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكە لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت , ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەكەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی بە رابردووی خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قەبوڵ بكرێت وەك خۆی.
تەواو دژ بەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە گەلەكەی خۆی ئەنجامی داوە, خاتوو ئۆزدەمیر لە دایك بووی 7ی دیسەمبەری 1982 ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەرە لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDH, هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی كردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ ی تایبەت بداتەوە سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری 29ی ئایاری 2015 لە پارتەكەی دەركرا, ئەمەش روداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی گرنگ بوو, لیژنەی ئەخلاقی پارتی ناوبراو نای. هاوكات لە بەرواری 24ی نیسانی 2015 كە یادی 100 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بوو, 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لەو خولەكە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكا راگەیەنرا بۆ گیانی پاكی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری 100 ساڵەی تاوانەكە, بۆیە خۆیان دزییەوە, ئەمە چ كارێكی نا ئەخلاقیانەیە, سەیر كەن ئاین شەو رۆژ ئیدعای ئەخلاق دەكات, كەچی هەندێك جار دەبێتە فاكتەر بۆ كاری نا ئەخلاقانە.
بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبردو وەك قارەمان ناساندیان, زۆر لەو قارەمانانە كە پیرۆز كراون لەسەر هەڵوێستی شەرمنانە بە پیرۆز كراون لە مێژوودا, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی سومەیە هاتنە سەرخەت بە توندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نوسیبویان ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە, شەرەف لای ئەوان داكۆكیكردنە لە دڕندەییەكانی رابردوو.
هەر لەم بارەیە وە رۆژی پێنج شەممە 22ی شوباتی 2018, پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی 142 دەنگ لە كۆی 150 دەنگ, بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, هاوكات بڕیاری دا وەزارەتی دەرەوە 5 ساڵ جارێك بەشداری مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەكە بكات. لە دەنگدانەكە 3 پەرلەمانتار دژ بە بڕیارەكە وەستانەوە, ئەوانیش هەر سێكیان بە رەگەز تورك بوون” Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk” لە پارتی ” DENK “, ئەمە لە كاتێكدا پارتی ناوبراو خۆی بە چەپ و سۆسیال دیموكرات دەزانێت و لە 9ی فیبریوەری 2015 لە پارتی كاری هۆڵەندی جیابوەوە, ئەدی دەبێت هەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامیەكان چۆن بێت؟.
ساڵی 2015, 49 پەرلەمانتاری كورد, لەسەر پێشنیاری رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید وەك دەستپێشخەرییەك, جینۆسایدی ئەرمەنی وەك جینۆساید ناسی, كەنامەكە دراوە بە چالاكوانانی بواری جینۆسایدی ئەرمەنی, وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ ساڕێژكردنی ئەو زامە قولەی هەندێك دەرەبەگ و سەرۆك عەشیرەتی كورد ئەنجامیان داوە, وەك بەشێك لە دەزگا سەركوتكەرەكانی عوسمانی, هاوكات لە رۆژی سێشەمە 17ی یەنایەری 2018, پەرلەمانی ئەرمینیا دانی نا بە جینۆسایدی ئێزیدیەكان, دەكرێت ئەم هەنگاوانە بكرێنە سەرەتایەك بۆ دان نان بە حەقیقەتەكانی رابردوو و سارێژ كردنەوەی برینە قولەكان.
ئیتر ئێمە ئایا سەیری هەڵوێست لەسەر جینۆساید و تاوان بەرامبەر بە گەلان, وەك هەڵوێستی ئەخلاقانەی مرۆڤ دۆستانە دەكەین, یان بەرچاو تەسكانە, لە روانگەی نەتەوەپەرستی و ئاینی و نكۆڵی كردن لە ناشرینیەكانی رابردوو تێی دەڕوانین, وەك ئەو سیاسی و رۆشنبیرانەی نەتەوە سەردەستەكان كە نكۆڵی لە حەقیقەتی تاوانەكانی دەوڵەتەكانیان دەكەن بەرامبەر گەلەكەمان, یان دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشكچی و هادی عەلەوی و كازم حەبیب و ئەحمەد تورك…, یان باخچەلی و میشل عەفلەق….و نموونەكانیان, مێژوو پڕە لە هەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داهاتوو بۆ نموونە دگمەنەكانی بەشی یەكەمە, لە كردنەوەی گرێكانی گرێ كوێرەكان مێژوو, زۆر لە مرۆڤە موقەدەسەكانی رابردوو وردو خاش دەكات, مرۆڤە پیرۆزەكانی رابردوو زۆریان وەك پاشای كۆرە لە ئاست گەورەیی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان لە پیرۆزی دادەماڵرێن و چاوەڕوانی دادگایی دەكەن, بۆیە با چاوەڕوان بین مێژووش خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێت و سەرلەنوێ بنوسرێتەوە., با ئێمەش بچینە پاڵ فەرەنسییەكان, وڵاتی فەیلەسوف و دەستپێشخەرە مێژوییەكان كە سبەی دەكەنە رۆژێكی نیشتمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت