شێرزاد شێخانى: روشدى و شاسوار دوو هه‌رزه‌كارى سياسى.

ده‌ ساڵيك پێش ئێستا له‌پڕ ئه‌كته‌رێكى ره‌زاقو‌ڕس ناشرين هاته‌ سه‌ر شانۆى كوردايه‌تى و، شانۆگه‌رييه‌كى بێزه‌له‌تى پێشكه‌ش كردين . ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ ره‌زاقوڕسه‌ پێشگرى دكتۆريشى دايه‌ به‌ر ناوه‌كه‌ى و به‌ته‌ما بوو به‌هه‌شتێكمان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ده‌ ساڵيك پێش ئێستا له‌پڕ ئه‌كته‌رێكى ره‌زاقو‌ڕس ناشرين هاته‌ سه‌ر شانۆى كوردايه‌تى و، شانۆگه‌رييه‌كى بێزه‌له‌تى پێشكه‌ش كردين . ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ ره‌زاقوڕسه‌ پێشگرى دكتۆريشى دايه‌ به‌ر ناوه‌كه‌ى و به‌ته‌ما بوو به‌هه‌شتێكمان بۆ دروست بكات له‌ده‌وروبه‌رى شارى هه‌ولێر. رۆژانه‌ هه‌واڵى پرۆژه‌كانى ئه‌م زاته‌ له‌شاشه‌كاندا بڵاو ده‌كرايه‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ى مه‌هاتير محمد و لي كوان و محمه‌د راشدى ئيمارات بێت و خوا بۆ ئێمه‌ى ناردبێ بۆ ئه‌وه‌ى ئابوورى هه‌رێمه‌كه‌مان بگه‌يه‌نێته‌ ترۆپكى ئاسمانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش وايكرد رۆژ له‌دواى رۆژ ئه‌م براده‌ره‌ فوو له‌خۆى بكاو زلتر خۆى پيشانى خه‌ڵك بدات، ئيدى كه‌وته‌ نمايشى رۆڵێكى سياسى قێزه‌ون و دواتريش خۆى خزانده‌ ناو كايه‌ى سياسييه‌وه‌ له‌رێگه‌ى هه‌ڵبژارده‌نه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عيراق. له‌گێلى ئه‌و ميلله‌ته‌ش كه‌ به‌ شانۆگه‌رييه‌كه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرابون توانى سێ كورسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ به‌ده‌ست بێنێ. دواى ئه‌وه‌ش ديوه‌خانێكى بۆ خۆى كرده‌وه‌و پێشوازى له‌ خه‌ڵكى عه‌شايه‌رى ئه‌كرد.
له‌م عانه‌دا براده‌رێك لێي پرسيم ” رات چييه‌ به‌رامبه‌ر به‌و نمايشه‌ى دكتۆر روشدى سه‌عيد ئه‌يكات “. پێموت ” ته‌مه‌نى كورته‌ و به‌ فه‌زيحه‌ت كۆتايى دێت “. چونكه‌ پێموابو ده‌سه‌ڵاتداره‌ ديكتاتۆره‌كانى‌ هه‌رێم قه‌ت رێگه‌ ناده‌نه‌ كه‌سايه‌تيه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى خۆيان رۆڵى سياسى ببينێ. ئه‌وه‌ بو دواى ماوه‌يه‌ك به‌ فه‌زيحه‌تى قۆڵبڕينى ده‌يان كه‌س له‌پرۆژه‌ى” ده‌شتى به‌هه‌شت ” كۆتايى به‌ شانۆگه‌رييه‌كه‌ هات، روشدى سه‌عيديش به‌ 180 ساڵ حوكمدراو، له‌سه‌ر شاشه‌كه‌و ته‌نانه‌ت له‌ناوچه‌كه‌ش ئه‌سه‌رى نه‌ما!.
ئه‌م شانۆگه‌رييه‌ جارێكيتر به‌هه‌مان سيناريۆو چيرۆكه‌ ناشرينه‌كه‌يه‌‌وه‌ دوباره‌ بوه‌و، به‌ڵام ئه‌مجاره‌يان ئه‌كـته‌رێكتر هاته‌ سه‌ر شانۆ، ئه‌ويش”شاسوار عه‌بدولواحيد” بوو، كه‌ ئه‌ويش سه‌ره‌تا به‌ناوى كۆمپانياو‌ دواتريش له‌رێگاى كه‌ناڵێكى ته‌له‌فزيۆنييه‌وه‌ هاته‌ سه‌ر شانۆى‌ كوردايه‌تى، هه‌ڵه‌كه‌ى ريفراندۆميش خزمه‌تێكى باشى كردو، به‌ نه‌خێره‌كه‌ى بۆ ريفراندۆم بوو به‌ پاڵه‌وانى شانۆگه‌رييه‌كى تازه‌. ديسان له‌گێلى هه‌نده‌ك ده‌نگده‌ران پاڵه‌وانى شانۆگه‌رييه‌كه‌ هاته‌ ناو كايه‌ى سياسى و هه‌شت كورسى په‌رله‌مانى كوردستان وچوار كورسى په‌رله‌مانى عيراقى به‌ده‌ستهێنا. ده‌نگده‌ره‌ ناڕازى و تووڕه‌كه‌ى شه‌قامى كوردى وايانزانى ئه‌مه‌ى ئه‌مجاره‌يان ئه‌توانێ رۆڵێكى هه‌بێ له‌ گۆڕانكارى سيسته‌مى سياسى له‌كوردستاندا. ئه‌و گۆڕانكارييه‌ى خودى سه‌ركرده‌ى مه‌زنى ميللى ره‌وانشاد نه‌وشيروان مسته‌فا نه‌يتوانى بيجوڵێنێ و بيگه‌ينێته‌‌ ئامانج.
كاره‌ساته‌كه‌ش له‌ودايه‌ زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌نگيان به‌ حيزبه‌كه‌ى شاسوار دا له‌هه‌ردوو هه‌ڵبژاردندا، له‌ئه‌سڵدا ده‌نگده‌رى حيزبه‌كه‌ى كاك نه‌وشيروان و خه‌ڵكه‌ناڕازييه‌كه‌ى حيزبه‌كانى‌ ده‌سه‌ڵات بون. وايان زه‌نكرد كه‌وا به‌دێلێكى باشتريان له‌كاك نه‌وه‌‌ دۆزيوه‌ته‌وه‌. هه‌ر لێره‌شدا شاسوار هه‌مان نمايشى رو‌شدى سه‌عيدى دووباره‌ كرده‌وه‌ كاتێك باڵه‌خانه‌ى سه‌رۆكايه‌تى حيزبه‌كه‌ى به‌شێوه‌يه‌ك رازانده‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى كۆشكى سپى ئه‌مريكا بێت، به‌ شه‌پقه‌ى كاوبۆو جلو به‌رگى سوارچاكانى به‌ريتانياو بزه‌ى سه‌رلێوان وێنه‌ى خۆى له‌ميدياكاندا بڵاوكرده‌وه‌و، تووشى هه‌مان غرور بوه‌وه‌. ته‌نانه‌ت غروره‌كه‌ى گه‌يشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتداران بكات كه‌ له‌پێش ده‌ركى سه‌راى سليمانى وه‌كو مفه‌وه‌ز موحسين هه‌ڵيانئه‌واسێ. ئه‌وه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى بو بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتداران به‌خۆياندا بێنه‌وه‌و، كۆتايى به‌م شانۆگه‌رييه‌ش بێنن و، حاڵو حيساب له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ش بكه‌نو، بينێرنه‌وه‌ لاى روشديه‌كه‌ى جاران و حزب و كوتله‌كه‌شى ته‌فروتونا بكه‌ن.
كێشه‌ى ميلله‌تى ئێمه‌ له‌وه‌دايه‌ كه‌وا به‌هۆى ئه‌و لادانه‌ گه‌وره‌يه‌ى حزبه‌ ره‌سه‌نه‌كانى كوردايه‌تى له‌ پره‌نسيبو ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانه‌وه‌و خزانيان بۆ ناو زێرابى گه‌نده‌ڵى، سياسه‌ت بوه‌ به‌ كارێكى زۆر قێزه‌ون و ناشرين، ئه‌وه‌ى ئه‌خلاق و مه‌بادى بێت له‌زۆربه‌ى حزبه‌كاندا نه‌ماوه‌. بۆيه‌ زۆر به‌لامه‌وه‌ ئاساييه‌ ئه‌و فه‌زيحه‌ته‌ له‌شاسوار رووبدات، چونكه‌ ئه‌ويش‌ به‌رهه‌مى ئه‌و كلتووره‌ سياسيه‌‌ قێزه‌ونه‌يه‌ كه‌ خه‌ڵكانێكى هه‌رچى و په‌رچى له‌پڕێكا ئه‌كاته‌ كوڕێ، بێ ئه‌وه‌ى ئه‌م كه‌سايه‌تى و سه‌ركردانه‌ هيچ باكگراونێكى سياسى و رۆشنبيريان هه‌بێت، ته‌نها به‌پاره‌و پوولى دزراو دێنه‌ ناو كايه‌ى سياسييه‌وه‌.
له‌لايه‌كى تريشه‌وه‌ قه‌ت ته‌سه‌ور نه‌كه‌ن حزبه‌كانى تريش بێبه‌رى بن له‌م هه‌ڵوێست و ئاكاره‌ ناشرينانه‌ دژ به‌ نه‌ياره‌كانيان، ئه‌و كلتوور‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌خلاقى و ئابرووبردنه، سيفه‌ت و خه‌سڵه‌تى زۆربه‌ى حيزبه‌كانى‌ ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ياره‌كانيان، شاسواريش كاتێك هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌خلاقى له‌ئافره‌تێكى په‌رله‌مانتارى حيزبه‌كه‌ى خۆى ئه‌كات، ئه‌ويش ته‌عبير له‌و كلتووره‌ ئه‌كات كه‌ بۆن بۆگه‌نى لێدى و، بوه‌ته‌ به‌شێك له‌سياسه‌تكردنى حزبه‌ گه‌وره‌كان. گومانم له‌وه‌دا نيه‌ ده‌زگا موخابه‌راتى و جاسوسييه‌كانى ئه‌م حزبانه‌ش سه‌دان و هه‌زاران گرته‌ى ئابروبه‌رانه‌ى نه‌ياره‌كانيان لاى خۆيان گلدا‌وه‌، يان هيچ نه‌بێ ئه‌توانن بۆيان دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان وه‌كو شاسوار بێ عه‌قل نين به‌نامه‌ى مۆبايل هه‌ڕه‌شه‌ له‌ نه‌ياره‌كانيان بكه‌ن، بۆيه‌ لێره‌وه‌ ئه‌توانم بڵيم ئه‌وه‌ى شاسوار كردى كارێكى هه‌رزه‌كارانه‌يه‌ كه‌ باجه‌كه‌شى پێموايه‌ زۆر قوڕس ئه‌بێ و به‌كۆتايى خۆى و حزبه‌كه‌و كه‌ناڵه‌كه‌شى ته‌واو ئه‌بێ.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی