لوقمان غەفوور: ئێران و شیعە تەمبێکردنیان ئەوێت.

ئەمریکا لەسەر کەس ناوەستێت، سیاسەتوانەکانی ئەمریکاش گەنجی ئەمریکی ناکاتە سووتەمەنی بۆ خۆشگوزەرانی میللەتێک دواتر ببێتە دۆستی دوژمنەکەی. دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، ئەمریکا ئومێدی گەورەی لەسەر نەتەوەیەک و مەزھەبێکی عیراق ھەڵچنی، […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەمریکا لەسەر کەس ناوەستێت، سیاسەتوانەکانی ئەمریکاش گەنجی ئەمریکی ناکاتە سووتەمەنی بۆ خۆشگوزەرانی میللەتێک دواتر ببێتە دۆستی دوژمنەکەی.
دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، ئەمریکا ئومێدی گەورەی لەسەر نەتەوەیەک و مەزھەبێکی عیراق ھەڵچنی، کەئەویش کورد و شیعەی عیراق بوو، کورد تا ڕادەیەک بەپێی خواستەکانی ئەو جوڵاوەتەوە، بەڵام شیعە ھێندە لاسارە، دوێنێی بەعسی بیرچۆتەوە. ئێستا یاری بە ئاگرێک ئەکات دەشێت تەواوی عیراقییەکان بسوتێن پێوەی.
شیعە و جارجار کوردیش ڕستەیەکی شەقوشڕ لێدەدەنەوە و باسی سەروەری عێراق ئەکەن، زوو زوو ناماقوڵییەک دەرەپەڕێنن و باسی دەرکردنی ئەمریکا ئەکەن لەعیراق. لێدوانی سەرکردە ھیچ لەباردا نەبووەکانی عیراق ھەڕەشە لە ئەمریکا ئەکەن، ئەمریکا بۆی نییە خاکی عیراق بەکاربھێنێت دژی ئیران، لەکاتێکدا ئەمریکا بە سەدان ملیار دۆلاری خەرجکردووە و بە سەدان گەنجی کردۆتە قوربانی لەبەر چاوە ڕەشەکانی حەکیم و سەدر و عەبادی و جەعفەری نییە، ئەمریکا بۆ خۆشی لەعیراق نییە، ئەمریکا عێراق بەموڵکی خۆی ئەزانێت. چۆن ناتۆ بە موڵکی خۆی ئەزانێت و بەئاشکراش دەڵێت ئەوەی لەناتۆ بێت ئەبێت لەژێر ھەیمەنەی ئەمریکا بێت.
بەداخەوە زۆرجار سەرکردەکانی کوردیش کاڵفامانە دوای وتاری شیعەی عەرەبی دەکەون، کە ڕێک وەک ئەوەیە دەماری قورگی ئەمریکا بگرن. دەبوو ھەموو ھێزێک دڵی بە ئێران خۆشبوایە کورد بەقەد یەک گەرد دڵی لای ئێران نەبوایە. من ماوەیەک لەمەوبەر بۆ پرۆجێکتێکی زانکۆ لە ئەمریکا، بابەتی ئەنفال-م ھەڵبژارد. سەرچاوەی زۆرم خوێندەوە، بەڵام 60 ٪ی ئۆباڵی ئەنفال ئەکەوێتە ئەستۆی ئێران و پێشمەرگە، چونکە لە ساڵی 1987 ەوە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراق بەرەو باش بوون چووە دژی ئێران، کەچی بە پێچەوانەوە کورد لەگەڵ ئێران لەو ساڵەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێران باش دەکات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد یان خوێندنەوەی نییە بۆ ڕووداوەکان یان بە ئارەزوو دەیەوێت ئەمریکا نیگەران بکات. خۆ ئەگەر ئەوکات گریمان کورد پاڵپشتی بلۆکی خۆرھەڵات و سۆڤیەت بوو، ئێستا بۆ بە ئاشکرا لە بەرۆکی ئێران نایەتە خوارەوە!
سەرکردە شیعەکان و بەشێک لە کوردەکان بیریان بۆ ناچێت بۆ دوای جەنگی دووەمی جیھان! کە چۆن ئەڵمانیا و ژاپۆن بوونە بەشێکی گەورە لە سیاسەتی ئەمریکا و تا ئەمساتە ئەم دوو وڵاتە لە پرۆژەی ئەمریکا لانادەن. تۆ بڵێی ئەڵمان و ژاپۆنییەکان لە شیعەی عیراق و کورد کەم عەقڵ تر بن.
ئەمریکا بە کورتی و بە زمانی سادە پێتاندەڵێت واز لەئێران بێنن، واز نەھێنان لە ئێران و بەتایبەتی مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران لەم کاتەدا ترسناکترین سیاسەتە، عێراق و کوردستان تووشی کارەساتی گەورە دەکات، ھەمان سزا ئەسەپێت بەسەر عیراقدا، وەک سێ ڕۆژ لەمەوبەر زە نیویۆرک تایمز نووسیبووی؛ عێراق-یش یەک دڵۆپ نەوتی ناچێتە دەرەوەی بازاڕەکان، ھەموو مامەڵەیەکی ھاوردەکردنی کەلوپەلی پیشەسازی بۆ عیراق دەوەستێت، جگە لەوەی بەھای دیناری عیراقی لەتومەن بێ بەھاتردەبێت، چونکە ھیچ بانکێک مامەڵەی پێوە ناکات. لەھەمووی ترسناکتر ئەمریکا ھەموو ئەو ڕێکەوتنامانە ھەڵەوەشێنێتەوە کە لەگەڵ عیراق کردوونی.
جا بۆ ئەوەی ئەم کارەساتانە بەسەر عیراقدا نەیەت یان ئەبێت شیعەی عیراق ملکەچ بێت یان ئەبێت دەستی ئێران لەناو عیراق ببڕدرێت. بۆئەوەی ئەو دەستەش ببڕدرێت، ئەبێت سوونەی عیراقی بێتەوە مەیدانەکە.
بۆ ئەمریکا گرنگ نییە، سووننە چەند خوێنی شیعە ئەڕژێت، بۆ ئەمریکا گرنگ نییە، ھێزێکی توندڕەو یان میانڕەو دێتە پێشەوە یان نا، بۆ ئەمریکا ئەمڕۆ ئەوە گرنگە ھێزێکی پەڕگیر بێت دژی عەمامە بەسەرەکانی تاران و قوم. ئیتر دواتر چەند خوێن ئەڕژێت ئۆباڵەکەی لەئەستۆی کاڵفامی شیعەی عیراقە کە بە کلک و گوێی ئیرانەوە نووساون. ئەمریکا ئەمڕۆ دژی ئێرانە، ئەبێت ئێوەش دژی ئێران بن. ئەگەر کورد ژیر نەبێت، خەباتی زیاتر لە 40 ساڵی بەھەدەر دەدات. سیاسەتەکە سیاسەتی گاڵتەو گەپ نییە، ئەمریکا جدییە لەوێرانکردنی ئابوری ئێران، لەم قۆناغەدا ئەگەر شیعەی ئێران_یش پشتگیری نەکات، پێویستە کورد 100٪ پشتگیری بکات.
ئەوەی یەک ھەنگاو لار بجوڵێتەوە و یەک لێدوان دژی ئەمریکا بدات، باجەکەی ئەدات، بەڵام مەرج نییە باجەکەی قورس بێت، دەشێت تەنیا سوکە خۆپیشاندان و ھوھاکێشانێک بێت لەسەر لێدوانێت، دەشێت شەقکردنی حزبەکە بێت، دەشێت لەدەستچونی بەشێک لەخاک بێت. دەشێت دروستکردنی ھێزێکی توندڕەوی تر بێت. دەشێت زۆرە بەڵام لەسەر ھەموو ئەمانەوە بەھێزکردنەوەی سوونەی عێراقە بەرلەوەی عێراق لەکیس ئەمریکا بچێت.
بۆ زیاتر بیرخستنەوەش ساڵی 1945 کاتێک ئەمریکا داوا لە ژاپۆن دەکات تەسلیم بێت، ژاپۆن تەسلیم نابێت بگرە شەڕی مانونەمان دەکات. ئەمریکاش نایەوێت لەدوای کەوتنی نازی درێژە بە شەڕ بدات و ڕوسیا ببێتە ھاوبەشی لە ژاپۆن، بێ ھیچ ئەملاولایەک بە دوو بۆمبی ئەتۆمی ژاپۆن تەسلیمی ژێرکەوتن ئەکات و دواتریش سەرکردەکانی ژاپۆن دەداتە دادگایی، لەکاتێکدا ئەوان قوربانیش بوون.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
لوقمان غەفور

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان غەفور