دکتۆر کەمال میراودەلی: تورکیا و جەنگی جیهانیی یەکەم. بەشی حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سایکسپیکۆ چی بە سەرهات؟
پەیمانەکە و پیلانسازییەکانی بەریتانیا
شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیی یەکەم لە باربردن
یەکەم لەباربردنی سایکسپیکۆ وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، شۆرشی بەلشەفی روسیای ئۆکتۆبەری 1917 بوو. ئەمە سروشتی رێکەوتنەکەی لە پەیمانیکی نهێنییەوە گۆڕی بە پیلانسازییەکی ئاشکراکراو، روسیای لە هاوکێشەکان و کێشەکانی دابەشکردنی میراتی عوسمانی بردە دەرەوە. دوو یاریزانی گەورە بەریتانیا و فەرەنسا مانەوە.

( 1 )
فێڵی ئینگلیز
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئینگلیز وەک لە ئەزموونی مێژووییدا نیشانی دابوو، هەمیشە فێڵسازترین و پیلانبازترین و ناپاکترین بوون لە هەموو پرۆسە و پەیمانە جیهانییەکاندا چ لە هەلسوکەوتیان لەگەڵ هاوپەیمانە جیهانییە بەهێزەکانیان وەک فەرەنسا و روسیا و ئەلمانیا و… هتد، چ لە ڕەفتار و بڕیاریاندا لەگەل گەلانی ناوچەکە وەک عەرەب و کورد و تورک و ئەرمەنی و یۆنانیی، بۆیە گەرچی بەریتانیا سایکسپیکۆی واژۆ کرد، دیارە بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوو وەک خۆی جێبەجێی بکات و بەشی پەشیمانبوونەوە و پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوەی تێدا هێشتٶتەوە.
بەریتانیا دەوڵەتێکی گەورەی ئیمپریالیستی جیهانگیر بوو، دیمەنە گەورەکەی جیهان لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا و ئاسیا و رۆژهەلاتی نێوەند، دروستکراوی خۆی بوو، باش دەیبینی و چاودێریی دەکرد، ستراتیجییانە دەیڕوانی، حیسابی بۆ هەموو فاکتەرەکان لە گەورەترینەوە وەک هیزە گەورەکانی وەک روسیا و گٶرانی جیۆپۆلیتیکی دەسەلات و توانستی جەنگیی، بۆ بچووکترین وەک فاکتەرە لۆکالیی و گروپە نەتەوەیی و فاکتەرە دینییەکان دەکرد، زانکۆ و دەزگای زانستیی و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی بە وردەکارییەوە بەدواداچوونیان بۆ هەموو پرسە ورد و درشتەکانی رۆژەلات دەکرد.
جگە لەوەش وەک هێزیكی سنعەتسازیی پێشڕەو و زاڵ و گەڕۆک بە دوای تەکنۆلۆجی جەنگیی و داهێنانی نوێ و کەرەسەی خاوی نوێدا بە تایبەتی نەوت، و خاوەن هێزی دەریایی و زەمینی مەزن و پێشینەی مێژوویی تیکەڵیی سیاسیی و دیپلۆماسیی ڕۆژهەلاتناسیی دێرین لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا و… هتد. دیارە باش دەیزانی چ دەکا یان دەبێ چ بکاو چۆن هەموو سەوداکان بە قازانجی خۆی کۆتایی پێ بێنێت بێ گوێدانە هۆکاری ئەخلاقیی و پرسی ماف و ویژدان وا چارەنووسی گەلانی کەمکار لە هاوکێشەی هێز و سیاسەت دا..

( 2 )
مەرجی فێلاویی
ئەو مەرجەی وەزیری دەرەوەی روسی سازانۆڤ باسی دەکا کە ئەو تەنیا وەک مەرجێکی جیای زیادەی شکڵیی بۆ ریکەتنەکەی سازانۆڤ- سایکس- پیکۆ وەسفی دەکات، وا دیارە ئەوەندە شکلی و زیادەڕۆل نەبووە وەک سازانۆڤ رەنگە دڵپاکانە یان ساوێلکانە یان هێشتا نە شارەزایانە لە سروشتی ئینگلیز، تێیگەیشتبێت. مەرجەکە ئەوە بوو: بۆ ئەوەی هەر سێ لایەنەکە بەپێی رێکەوتنەکە بەشی خۆیان بە یاسایی بەرکەوێت، دەبێ تا سەرکەوتن و کەوتنی دوایی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگدا بەردەوام بن. هەر نەبێ ئەمە دەبوو ئەو پرسیارە دروست کات: ئەرێ کام دەولەتە لە هەمووان زیاتر توانستی بەردەوامبوونی هەیە؟ کە بێگومان بەریتانیای گەورە بوو!
جگە لەمە پرسیاری فەلسەفی دووربینی قووڵتر: ئایا دەشێ شتێ لە قەدەریشەوە بێت ڕوو بدات کە وا لە لایەک بکات نەتوانێت لە جەنگەکە بەردەوام بێت و بەپێی ئەم مەرجە هەموو شتێ بدۆڕێنێت؟
بەلام سازانۆڤ کێشە لەم مەرجەدا نابێنێت، چونکە خۆی نوێنەری دەوڵەتی قەیسەری بوو، گومانی نەبوو لە ئیرادەی پۆلایینی جەنگان تاسەرکەوتنی حکومەتی قەیسەریی، بەلام ئاگاداری ئەو گۆران و پێشهاتە ، بەلای ئەوەوە کارەساتییانە نەبوو، کە ئەلمانیا و ئەوروپا بەلشەفییەکان دەنێرنەوە و شۆڕشی پرۆلیتاری روو دەدا و بەلشەفییەکان نەک هەر لە مەیدانی جەنگ دەچنە دەرێ و و بەمە مەرجی هەقبەشیی روسیا لە سایسپیکۆ بەتال دەکەنەوە، بەلکو هەموو جەنگەکە و پەیمانەکە وەک پیلانسازسازییەکی ئیمپریالی و جەنگی دزە جیهیانییەکان ئیدانە دەکەن.

( 3 )
کام پیلانسازیی؟
ڕاستیی بەلشەفییەکان لەمەدا راستبوون: ئەمە پیلانسازییەکی ئیمپریالی بوو، بەلام هی ئیمپریالییەکی فێلباز و بە هێز و بە ئەزموون کە بەریتانیا بوو بەرامبەر ئیمپراتۆریەتێکی لاواز و پر کێشەی ئابووریی و ناکۆکیی ناوخۆیی و دواکەوتووتر لە سنعەتکاریی و هێزی ئابووریی و دارایی و ئیدارەی دەسەلاتدا.کە روسیای قەیسەریی بوو،. وەک بەلگەنامەکان و چاودێری جووڵە میژوویەکانی ئەو سەردەمە نیشانی دەدەن رەنگە هەر سازانۆڤ سادەکار و خۆشباوەڕ و زێدەگەشبین نەبووبێت، ڕەنگە لینین یش بە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت بە شێوەیەکی خەیالیی و خەتەرناک، زیاد لە پێویست کەوتبێتە ژێر کارتێکردنی ئایدیۆلۆجیا و ریتۆریکی [وتارگەری] شۆڕشگێڕیی پرۆلیتاری خۆیەوە، کە نەتوانێت لە دیمەنە گەورەکەوە بۆ دیمەنە ناوخۆییەکەوە بروانێت، و دەوری خۆی لەو چوارجیوەدا تێبگات. بە جەختکردن و چەقبەستنی لەسەر رووخانی ڕژێمی قەیسەریی، گەرانەوەی تەوقیتکراو بە پارەو پشتیوانیی و سواری شەمەندەفەری زرێپۆشی ئەلمانی، لەگەڵ گرۆیەک لە جوولەکەی نەناسراودا و، هاندانی سەربازان کە لە گەرمەی جەنگدا فەرمانی ئەفسەرەکانیان هەڵگەرێنەوە و دەرچوون لەجەنگ و بەتاڵکردنەوەی سایسپیکۆ، دیارە ئەویش لەگەڵ ترۆتسکی، بە مەبەست یان بێ مەبەست، دەوریکی کاریگەریی لە بوون بە زێدەئامرازیكی تری تەوقیتکراو و جارەنووسسازیی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بینیبێت. ئەم دەورە دوای رووخانی رژێمی قەیسەریی پتر بوو نەک کەمتر بە تایبەتی بە پشتیوانکردنی گەرم و بەهێزیی بەلشەفییەکان لە شۆڕشی کەمال ئەتاتورک و هەولدان بۆ سەرخستنی بزاڤەکەی و هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و سەپاندنی پەیمانی لۆزان.

( 4 )
خێراکردنی هەرەسی حکومەتی قەیسەریی پێش هەرەسی ئیمپراتۆریەتی عەسمانیی
لەلایەکی تریشەوە، گومانی نییە بەریتانیا [هەروەها ئەلمانیا و فەرەنساش] کە کۆنسۆل و نوێنەر و رۆژنامەگەر و دیارە دەیان جاسووس و چاودێریشی لە پیترۆگراد هەبوون و تێکەڵیی لە نێوان بنەماڵەی قەیسەری روسیی و ئەلمانیی و پادشایەتی بەریتانیادا هەبوو، ئۆپۆزیسیۆنی روسیش لە ئەوروپا خۆی مەلاسدابوو، و لەبەردەستی خۆیان بوو، ئاگاداری ڕۆژبەڕٶژی کێشەی سەختی ئابووریی و ئەمنیی و هەلومەرجەکانی شەڕی ئەهلیی و لەبەریەکهەڵوەشانی ڕوسیای قەیسەری بوون و [.بەتایبەتی دوای دۆرانی روسیا لە شەری لەگەڵ یابان 1905و ئەو شۆڕشە ناوخۆییەی بە دوایدا هات، ئەوسا دوای کۆدیتای شوباتی 1917 و دامەزراندنی حکومەتی کاتیی] چاوەڕێی هەرەسهێنانی حکومەتی قەیسەرییان کردووە، [خەرجکردنی ئەلمانیا 30 ملیۆن مارک لەو کاتەدا بۆ ئاژاوەنانەوە و تێکدانی نیزام] و ئەوسا ناردنەوەی ترۆتسکی و لینین و بەلشەفییەکان و پارەدارکردنیان و یارمەتیدانیان لە دامەزراندنی کۆمەلە و میدیادا و… هتد، بۆ خێراترکردنی ئەم پرۆسەیە بوو. لەمەدا بەرژەوەندییەکانی تەنانەت دوو دوژمنە گەورەکەش ئەلمانیا و بەریتانیا یەکیان دەگرتەوە؛: ئەلمانیا لە ‌هێزی هەرە خەتەرناکی دوژمنی لە رۆژهەلات رزگاری دەبێت، بەریتانیا لە شەریکەبەشێکی بە‌هێزی سایکسپیکۆ ڕزگاری دەبێت!

( 5 )
ناردنەوەی خومەینی
ڕابردوو قەت رابردوو نییە!
بەراوردی هەلومەرجی شۆڕشی 1917 رووسیی و شۆڕشی 1979ئێرانی و ناردنەوەی خومەینی لە کاتیکدا شۆڕشی خەلک لە سەرکەوتندا بوو، زۆر لایەنی هاوبەش دەردەخەن، گەرچی لە روسیا رۆژاوا پشتگیری هێزی چەپی شۆرشگێربوون دژی هێزە قەیسەریی و بۆرژوا دیمۆکراتەکان، بەلام لە ئێران پشتگیری ‌هیزی دینیی کۆنەپەرست بوون دژی شا و هێزە چەپە شۆرشگێڕەکان، گرنگ ئەوەبوو دەولەتەکان وەک دەولەت و سیستمی ناوخۆیی و گەشەسەندنی سیاسیی و ئابووریی سەربەخۆ، بکەون و هەڵنەستنەوە!
دیارە هەر لەوکاتەوە تیۆری [ئاژاوەی دا‌هێنەر] – فەوزای خەللاق- لە کاردابووە بێ ئەوەی هێشتا ئەو ناوە ئەمریکییەی هەبێت!

( 6 )
ئاژاوەی داهێنەر
ئاژاوەی داهێنەر، بە مانای جیۆپۆلیتیکی، بریتییە لە تێکدانی هەڕەەمەكیی و بێبەرنامەی بنیات و بناغە و دیوار و سیستمەکۆنەکان و لەبەر یەکهەڵتەکاندن و هەڵوەشاندنەوەیان بێ ئەوەی پلانی پێشوەخت هەبێت و پێشبینی کرابێت تەواو چ روودەدا و چۆن زەبت دەکرێت. تەنیا رووخاندنەکە خۆی لە خۆیدا مەبەستە بەو نیازەی بەدیلی باشتر دەرکەوێت یان دابهێنرێت. جەنگی رووخاندنی سەددام لە 2003 دا باشترین نموونەیە و رەنگە ئەوانەش پێیان دەوترێت بەهاری عەرەبی کە تا ئێستا بەردەوامن، بەشێک بووبن لە مانای جیۆپۆلیتیکی ئاژاوەی داهێنەر. بێگومان کاتێ ئەم تیۆرە بۆ تێکدان و وێرانکردنی شار وگوند وکۆمەلگاکانی نەتەوەکان بەکاردێت، ئەوپەڕی مڕندەگەریی و نامرۆڤایەتیی و بێباکی لە کارەساتەکانی جەنگ و ژیانی مرۆڤ و بەهای شارستانیی دەردەخات.
جگە لەمەش بێ بەرنامە و مەبەست و پێشبینکراو نین. مەبەست وێرانکردنی ژیرخانی ئابووریی و پیشەسازیی و شارستانیی و ئەمنیی و پەروەرەدیی و کۆمەڵیی گەلانە و ‌هێنانەوەیان بۆ سەر سفر تا لە سفرەوە بە جەستەیەکی وێرانەوە، دەستپێبکەنەوە.

( 7 )
شۆڕشی بەردەوام یان جەنگی بەردەوام
مادام بە هۆی شۆڕشی 1917 ی ڕوسیاوە گەڕانەوەی خومەینیم وەک بەراورد هێنایەوە یاد، بە پێویستی دەزانم بەراوردێکی تری گرنگیش لەم مێژووە زیندوو کەمەوە. وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد، ترۆتسکی خاوەنی تێڕوانگەی [شۆڕشی بەردەوام ] ە: شۆڕش لە هەموو کات و هەموو شوێنێکدا کە پرۆلیتاریا بتوانێت دەستی خۆی لە بۆرژوا و هێزە کۆنەپەرستەکان بوەشێنێت و بە هاوکاری چینی وەرزێران، دەسەلاتی سیاسیی و ئابووریی و کۆنترۆلی کۆمەڵ بگرێتە دەست.
بەباوەڕی من دوای ناردنەوەی خومەینی بۆ ئێران لە 1979 دا، ئەم تیۆرە لای هیزە رۆژاواییەکان بوو بە تیۆری [جەنگی بەردەوام].. جەنگ لە هەر شوێن و هەموو شوێنێکدا کە بەرژەوەندی رۆژاوا بپارێزێ و مەترسی جەنگ لە ئەوروپاو ڕۆژاوا دوورخاتەوە. دوای ئەزموونی کارەساتاوی دوو جەنگی یەکەم و دووەمی ئەوروپایی-جیهانیی، سەربژاردەی/نوخبەی سیاسیی و سەربازیی ڕۆژاوا گەیشتنە ئەو بریارەی کە هەر جەنگیكی جیهانی نوێ نابێ لە ئەوروپا روو بدات بەلکو [هەناردە] بکرێن بۆ دەرەوە: ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و بە تایبەتی دوای ناردنەوەی خومەینی: ڕۆژهەلاتی ناوەراست
لەو ڕۆژەوە کە خومەینی لە 1 ی شوباتی 1979 دا وەک دیارییەکی شۆڕش لە پاریس ەوە ناردرایەوە بۆ تاران، [جەنگی بەردەوام] لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا بە فەرمیی دەستیپێکرد:
1- ژیاندنەوەی دۆژمنایەتی مێژوویی شیعەو سوننە،
2- تیۆری شۆرشی ئیسلامیی و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە،
3- شەڕی عێراق و ئێران [سەرەتا 22ی ئەیلوولی 1979] و بەردەوامی بۆ هەشت ساڵ [ کۆتایی 20ی ئابی 1988] ،
4- شەری خەلیجی یەکەم /کوەیت [ ی ئابی 1990 – 28 ی ئۆکتۆبەری 1991]،
5- جەنگی ڕووخاندنی سەددام و تاقیکردنەوەی تیۆری [ئاژاوەی داهێنەر] و [جەنگی بەردەوام] 2003- تا ئێستا،
6- جەنگەکانی بەهاری عەرەبی، داعش، یەمەن، لیبیا، سوریا، لوبنان، جەزائیر، سودان و.. بەردەوامە.
ئێستاش بە کردەوە جەنگی [ئیسرائیل-ڕۆژاوا-ولاتانی ناونراو بە ناتۆی عەرەبی] دژی ئێران کە هەمان تیۆری ئایدیۆلۆجی جیهادیی ئیسلامیی خومەینی بە شێوەیەکی زیاتر سەربازییکراو و دامەزراوەییکراو لە رێگەی حەرەسی ثەوری ئێرانیی و میلیشیاکانی لە سوریا، لوبنان و عێراق، پیادەکردووە:
وەک جەنگی میدیایی، ئابووریی، سیاسیی، دیپلۆماسیی، جیۆپۆلیتیکیی، دروستکردنی هاوپەیمانی سیاسیی و سەربازیی، هێرش و عەمەلیاتی سەربازیی [ئیسرائیل لە سوریادا و رەنگە لەمەودواش لە لوبنان و عێراقدا] بە گەرمی بەردەوامە و دیار نییە بەرەو کوێ دەچێ بەلام هەموو هەلمەرجەکانی ئامادەن تەنیا چاوەروانی تەقینەوە یان تەسلیمبوونەوەیە. ئامانجیکی زێدە و هەمیشە ئامادە و خەتەرناکی ئەم جەنگە جگە لە بەرژەوەندییەکانی رۆژاوا، بە پلەی یەکەم ئامانجی پاراستن و بەهێزکردنی ئیسرائیلە.
– هێشتنەوەی داعش و گروپە ئیسلامییە تێرۆریستەکانی تر وەک جەبهەی نوسرە، بە پشتیوانی تورکیا و ئیسرائیل و ئیخوانەکان، هۆکاریكی ترە بۆ بەردەوامکردنی [جەنگی هەمیشەیی] لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا بە ناوی جەنگی دژ بە تێرۆریزم.
لە بیرتان نەچێ بنکەو گەرای هەموو ئەم سیاسەتانە بەریتانیایە ئەمجار ئەمریکا و میکانیزمە عەقلییەکەش بێگومان سەهیۆنیزمە.
ئەمە دیمەنە گەورەکەیە، بیگومان لە ناو ئەو دیمەنەدا ناکۆکیی و خەت و خواریی جیاواز هەن بەلام لە راستییەکەی ناگۆڕیت.

( 8 )
سایکسپیکۆ و حازری بزر
بگەڕێینەوە بۆ ئاکامی سایکسپیکۆ!
هەرچۆنێ بێ سەبارەت بە سایکسپیکۆ، ئەوە روسیا: فت!
. دەبێ ئەوەش بڵێین کاتێ وتمان سازانۆڤ ی رووسیش لەگەل سایکس و پیکۆدا لە ڕێکەوتنەکەدا بەشداربوو، ئەوە هێشتا تەنیا ئەو سێ کەسە نەبوون! چونکە هەمیشە حازری بزر یان بزری حازر هەیە. کە بێگومان ئەو لایەنەی ئامادەنەبوون بەلام چەقی باسەکان بوون بەرەی[ هێزەکانی نێوەند – سێنترال پاوەرز] بوون لە پێشیانەوە ئەلمانیا. کەینوبەینی سایکسپیکۆ لە سەر بنەمای ئەو گۆترە و گرەو و گریمانە کرا کە بەرەی ئەلمانیا دەیدۆرێنێ یان بەلای کەمەوە دەولەتی عوسمانی لەتوپەت دەبێت. لەتوپەتبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی مانای هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو رێکەوتنانەیە هەر دەوڵەتیک لەگەلی کردووە مادام وەک قەوارەی دەولەتیی نامێنێت. واتە ئەلمانییەکان هەر کۆنتراکتێکیان لە خەتی ئاسنی بەرلین و بەغدا و ئیمتیازاتە نەوتییەکان هەبوو، دێتەوە سەر سفر، بەکورتی لە ڕوانگەی بەریتانیاوە ئەوە لەگەڵ ڕوسیا ئەلمانیاش فت. ماوەتەوە سەر فەرەنسا!
کە روسیا چووە دەر، رکەبەری گەورە فەرەنسا بوو، بە تایبەتی کە بە پێی سایکسپیکۆ دەبوو موسڵ بۆ فەرەنسا بێت، موسڵیش ئەو ناوچەیە بوو کە نەوتی هەبوو، نەوتیش لەو کاتەدا بۆ بەریتانیا کەرەسەیەکی ستراتیجی سیاسیی جەنگیی و پرسی مان و نەمان بوو وەک ‌هێزێکی ئیمپریالی جیهانیی هەرە مەزن ! ئەمە دواتر لە بەشیکی تایبەتییدا دەربارەی نەوت زیاتر روون دەکەمەوە.

( 9 )
گێڕانەوەی موسڵ بۆ بەریتانیا
بە پێی سایکسپیکۆ موسل و سوریا وەبەر فەرەنسا کەوتن.
بەلام دارەدەستەی حکومەتی بەریتانی هەموو بە سایسکپیکۆ رازی نەبوون.
گرنگترین ناڕەزایی لە‌ هێزی دەریاوانییەوە/ نەیڤی هات. کاپتن هۆل بەرپرسی ئیستیخباراتی دەریایی بەریتانی وەک [ بەشکردنی پێستی وڕچ لە کاتێکدا هێشتا زیندووە ] وەسفی کرد. ئەو بە توندی دژی ئەوە بوو کە موسڵی نەوتدار بدرێت بە فەرەنسا چونکە هەموو ئۆستۆلی کەشتییەکانی بەریتانی لە 1911 ەوە گۆرابوونە سەر بەکارهێنانی نەوت لە جیاتی خەڵووز و زامنکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران و مێسۆپۆتامیا یەکێک لە هەرە ئامانجەجیۆ- ستراتیجییەکانی بەریتانیا بوو لەو کاتەدا. گەرچی سوریا بە تەواوی و بێ دوودڵیی ئینگلیز، دەسکەوتی پیکۆ بوو بۆ فەرەنسا، بەریتانیا لە ئۆکتۆبەری 1918 دا، هێزی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەکارهێنا و پشتگیری ئەمیر فەیسەلی کرد کە بە پشتیوانی هێزەکانی بەریتانی دیمەشق داگیر بکەن و بەمە کۆتایی بە 400 سال دەسەلاتی عوسمانی بێنن. بۆیە سوریا بوو بە وەرەقەیەک بە دەست ئینگلیزەوە و ئەمەی بەکارهێنا فەرەنسییەکان ناچار بکات بۆ مانەوەی دەسکەوتی سوریا، رازی بن کە دەست لە داواکارییان بۆ موسل هەلبگرن. لە لایەکی تریشەوە فەرەنسییەکان گەر موسڵیشیان دەستکەوتایە نەیاندەتوانی نەوتەکەی وەبەربێنن چونکە ئیمتیازاتی نەوتەکە درابوو بە کۆمپانیای نەوتی تورکی کە زۆربەی پشکەکانی هی بەریتانیا بوون.
لە 19 ی حوزەیرانی 1920 دا کۆنفرانسی سان ریمۆ سوریا-لوبنانی خستە ژێر ئینتیدابی فەرەنسییەوە و مانگێک دوای ئەوە مەلیک فەیسەل پێش دەستپێکردنی هێرشی فەرەنسا بۆ سەر دیمەشق قووجاندی.

( 10 )
پەشیمانبوونەوە لە فەلەستین و دەوری خەتەرناکی زایۆنیزم
بە پێی سایکسپیکۆ فەلەستین لە بەر مێژووی بەربەرەکانی نیونەتەوەیی و شوێنە ئایینییەکانی، بریار درا ببێ بە ناوچەیەکی نیونەتەوەیی و لە ژێر چاودێری هیزەکانی نێونەتەوەییدا بێت.
ئەمە گەورەترین دژایەتی لای دارودەستەی سەسەلاتی بەریتانی و لۆبی بەهیز و خاوەن دەسەلاتی سەهیۆنیی دروست کرد.
لە جیاتی ئەوەی ببێتە ناوچەیەکی دەسەلاتی نێونەتەوەیی سەهیۆنییەکان دەیانەویست یەکەمجار فەلەستین بیتە ژێر ئینتیدابی بەریتانی وەک هەنگاوێک بۆ هێنانە دی بەلینەکەی بەلفۆر بۆ ئەوەی لە ئاخریدا ببێتە نیشتمان و دەوڵەتیک بۆ هەموو جووەکانی دنیا.
بەلام ئەم بریارە سایکسپیکۆیە لە نیوان بەلینی فێلاوی جیاواز و پیکناکۆکی بەریتانیا تێما بوو.

( 11 )
پەیمانی سالی 1915 ی بەریتانیا بە شەریفی مەککە
تەنیا بەلێنی بەلفۆری بەریتانیا بە جوولەکە زۆر زانراوە،
ئەوە نەزانراوە کە پێش ئەوە بۆ بەەدستهێنانی پشتگیری عەرەبەکانی حیجاز بەریتانیا بەلێنیكی زۆر خەتەرناکتری بە عەرەبەکان دابوو کە زۆر ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست بێگوێدانە جیاوازی نەتەوەیی و ئاینییان بکەن بە دەوڵەتیکی یەکگرتووی سەربەخۆی عەرەبی بە عوکمڕانی شەریفی مەککە.
ئەم بەلینە لە ساڵی 1915 دا لە ڕێگای قۆمیساری بالای بەریتانیاوە لە میسر کە لە نامەگۆڕینەوەدا بوو لەگەڵ حوسەین شەریفی مەککە دا بە عەرەب درا. www.balfourproject.org
[ لە سالی 1915 دا بەریتانیا بەلێنی بە حوسەین شەریفی مەککە دا، کە پشتگیری مەملەکەتیکی سەربەخۆی عەرەب لە ژیر دەسەلاتی ئەودا دەکات، لە بری ئەوەی کە ئەو شۆڕشێکی عەرەبی دژی دەوڵەتی عوسمانی بەرپا بکات. کە ئەوکات دەوڵەتی عوسمانی هاوپەیمانی ئەلمانیا بوو لە جەنگدا. بەلێنەکە لە نامەیەکدا هاتبوو، کە لە 24 ی ئۆکتۆبەری 1915 دا لە لایەن قۆمیساری بالای بەریتانیا لە قاهیرە سێر هێنری مکماهۆن بۆ شەریفی مەککە دوای جەندین نامەگۆڕینەوە ، نێردرا بوو.
لە نامەکەدا هاتووە:
[ بە مەرجی ئەو چەند دەسکارییکردنەی سەرەوە، بەریتانیای مەزن، ئامادەیە ئیعتیراف بکات و و پێبەند بێ بە سەربەخۆیی عەرەبەکان لە هەموو ئەو ناوچانەی [هەرێمانەی] دەکەونە ناو ئەو سنوورانەوە کە شەریفی مەککە پێشنیازی کردوون]
]That subject to the modifications stated above, Great Britain is prepared to recognise and uphold the independence of the Arabs in all the regions lying within the frontiers proposed by the Sharif of Mecca.
بڕوانە:balfourproject

( 12 )
راگەیاندنی بەلفۆر
دوو ساڵ دوای ئەمە لە 1917 دا بەریتانیا راگەیاندنی بەلفۆر [وەزیری دەرەوەی ئەوسای بەریتانیی] بلاوکردەوە کە تێیدا پشتیوانیی لە دامەزراندنی نیشتمانێک بۆ گەلی جوولەکە لە فەلەستین دەکات.
ئەم راگەیاندنە باسی دەولەت ناکات و مانای نیشتیمان شایانی لێکدانەوەی جیاواز بوو. بەلام بریارەکە بە هۆی مەترسی لە ئاکامەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دابەشکردنی دەولەتی عوسمانی بوو. سەهێۆنیستەکان لە ناو حکومەت و دەستەی دەسەلاتی بەریتانیدا دەوری زۆریان هەبوو. سایکس، ئەندازیاری رێکەوتنەکەی سایکپیکۆ، خۆی سەهیۆنی بوو لەگەڵ کۆمەڵئ کەسی بالادەست. ئامانجیکی بەریتانیا ئەوە بوو کە ئەو دەستپێشخەری بکا بەرلەوەی ئەلمانییەکان، کە بیرۆکەیەکی ئاوایان هەبوو، بریاری بەخشینی فەلەستین بە جوولەکەکان بدەن و پشتگیریی سەهیۆنیزمی جیهانیی بەدەستبێنن، ئەوان دەسپیشخەری بکەن، هەروەها بۆ بە دەستهینانی پشتگیری جوولەکەکانی ئەمریکا کە بە دوو ملیۆن دانرابوون و کاریگەری زۆریان لە سەر سەرۆکی ئەوسا ویدرۆ ویلسۆن هەبوو، ئەم بڕیارەیان دا.
بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی پر بەلگە و وردبین بروانە academicworks
بەلام پەیمانی بەلفۆری بەدناو نەبووە هۆی دامەزراندنی دەولەتێک بۆ جوو هەتا لە ئەوروپا ئیبادە نەکران، لە کاتیکدا بەڵینی مکماهۆن بە عەرەب ئاخری بووە هۆی دروستکردنی دەرزەنیک دەوڵەتی عەرەبیی یان بە زۆر بە عەرەبکراو، باشووری کوردستان بوو بە قوربانی ئەم سیاسەتە عەرەبخوازییەی ئینگلیزەکان.
کەواتە دیسان ئەوە سایکسپیکۆ نەبوو کە بووە هۆی نەگبەتیی و دابەشبوونی کوردستان، ئەوە بەریتانیا ی دایکی هەموو سایکسپیکۆیەکان و پێوەندی مێژوویی ڕۆژهەلاتناسیی و سیاسیی و جیۆپۆلیتکی و نەوتیی لەگەڵ عەرەب و دەوری ئینگلیزە کۆلۆنیالیستە عەرەبیستەکانی دژ بە کورد بو، و کە ئەوسا و دواتریش بووە هۆکاری دابەشکردن و ژێردەستکردن بێناسنامەکردن و سەرکوتکردنی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت