به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: عه‌بدولكه‌ریم قاسم و یاساى چاكسازى كشتوكاڵى.

بیرهێنانه‌وه‌ى مێژوو بۆ میلله‌تانى ژێرده‌سته‌ و خۆ-به‌راوردكردنیان به‌ قۆناغه‌كانى ڕابردوو، گرنگیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ له‌ “ئێستا” تێ بگه‌ن تا بناغه‌ى “داهاتوو” یه‌كى باش دابڕێژن و، فریو نه‌خۆن له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و مافه‌ هاكه‌زاییانه‌ى ئێستا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

بیرهێنانه‌وه‌ى مێژوو بۆ میلله‌تانى ژێرده‌سته‌ و خۆ-به‌راوردكردنیان به‌ قۆناغه‌كانى ڕابردوو، گرنگیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ له‌ “ئێستا” تێ بگه‌ن تا بناغه‌ى “داهاتوو” یه‌كى باش دابڕێژن و، فریو نه‌خۆن له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و مافه‌ هاكه‌زاییانه‌ى ئێستا هه‌یانه‌ “یان گوایه‌ پێیان ئه‌درێت”، مێژوو هه‌ر ئه‌وه‌ى نوسیوه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌مى قاسمدا شۆڕشى (11ى ئه‌یلولى 1961) هه‌ڵگیرساوه‌، ڕاسته‌ ئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و توخمانه‌ى تیادایه‌ كه‌ به‌شۆڕش ناو ببرێت، وه‌ یه‌كێك له‌هه‌ره‌ سیفاته‌ گرنگه‌كانى بۆ زانستى مێژوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شۆڕشى ئه‌یلوله‌ درێژترین ته‌مه‌نى شۆڕشه‌ له‌ مێژووى كورددا، هیچ شۆڕشێكى كورد نییه‌ (14) ساڵى خایاندبێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وورد سه‌یرى ئه‌م شۆڕشه‌ بكه‌ین، یه‌كه‌م ته‌قه‌ له‌ده‌ربه‌ندى بازیانه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌كات هۆیه‌كه‌ى و سه‌رهه‌ڵدانه‌كه‌ى تاوانى قاسم نه‌بووه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى تاوانى ڕێك نه‌كه‌وتن و نا ڕێكخراوه‌یی هێزى پێشمه‌رگه‌و، هه‌روه‌ها فیت و فاتى شیوعیه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى عێراق بووه‌:
زه‌روره‌تم زانى، هه‌ندێ له‌كاره‌ باشه‌كانى قاسم بۆ كه‌ركوك و بۆ كورد لێره‌دا به‌یان بكه‌م:
یه‌كه‌م: له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا بڕیاردرا “دائیره‌تولمه‌عاریفى كورد” له‌ كه‌ركوكا دابنرێ، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ته‌واوى ناسنامه‌ى كه‌ركوكى بۆ كورد یه‌كلا ئه‌كرده‌وه‌.
دووه‌م: له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا، بڕیاردرا ڕیبه‌رى ئه‌وساى شۆڕش و پارتى دیموكراتى كوردستان “مه‌لامسته‌فاى بارزانى” له رووسياوه بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق، ڕێزى لێناو، له‌قه‌سرى سه‌باحى نورى سه‌عید له‌ به‌غدا نیشته‌جێبونى بۆ داناو، بودجه‌یه‌كیش كه‌ نزیكه‌ى 620 دینارى ئه‌وكات بوو پێى ئه‌درا.
سێهه‌م: له‌سه‌رده‌مى قاسمدا پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌ك یه‌كه‌م حیزبى كوردى ئه‌وكات مۆڵه‌تى كاركردنى پێدرا، ڕێگه‌ به‌ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كانى وه‌ك قوتابیان و ئافره‌تان دراو مۆڵه‌تیان پێدرا كاربكه‌ن، وه‌ ڕۆژنامه‌ى خه‌بات مۆڵه‌تى پێدراو كارى خۆى كرد.
چواره‌م: له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا مادده‌ى (3) له‌ “ده‌ستورى كاتى” دا چه‌سپێندرا كه‌ ئه‌ڵێ ” كوردو عه‌ره‌ب شه‌ریكن له‌م خاكه‌دا”. بۆ یه‌كه‌مجار له‌عێراقدا دان به‌ بونى كورددا نرا.
پێنجه‌م: له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا قانونى ئیسلاحى زراعى “یاساى چاكسازى كشتوكاڵى” نه‌ك بۆ كه‌ركوك به‌ڵكو بۆ هه‌موو عێراق كارى له‌سه‌ركرا، كه‌ ئه‌مه‌ كارى گه‌وره‌ى كرده‌ سه‌ر دابه‌شكردن و به‌رهه‌مهێنانى كشتوكاڵى “توزیع و انتاج”. به‌كورتیه‌كه‌ى جوتیارانى كرده‌ خاوه‌ن زه‌وى خۆیان.
شه‌شه‌م: له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا هه‌ر له‌ یاسى ژماره‌ (30) دا تایبه‌ت به‌ چاكسازى كشتوكاڵى قه‌ده‌غه‌ى ده‌ستى ده‌ره‌به‌گ و نفووسى سیاسی كرد به‌ سه‌ر جوتیاراندا.
حه‌وته‌م: له‌سه‌رده‌مى قاسمدا یاساى ژماره‌ “60” ى ساڵى (1961) ى تایبه‌ت به‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كان ده‌ركرد كه‌ تیایدا بایه‌خ به‌ هاوبه‌شى ئه‌دات له‌ هه‌موو عێراق داو، دوورخستنه‌وه‌ى داگیركارى و قۆرخكارى ناوخۆیی و بێگانه‌ به‌ هه‌ند وه‌رئه‌گرێت.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى قاسم، خۆى تا بڵێى كه‌سێكى ده‌ستپاك و خۆنه‌ویست بو، تا مرد (كوژرا) له‌ كرێچى دا بو. ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییه‌كان شاهیدن كه‌ ئه‌كاته‌ كێشه‌ى گه‌وره‌ كوردو عه‌ره‌بیش نه‌بووه‌ له‌كه‌ركوكدا، به‌ڵكو له‌ 14ى ته‌مموزى 1959 دا ” گاورباخى” یه‌كان له‌ كه‌ركوك و هه‌ندێكى ترى فه‌وزه‌وى هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر گازینۆیه‌ك چه‌ند توركمانێكیان كوشت، قاسم خۆى هاته‌ كه‌ركوك گوتى ” ئه‌وه‌ى ئازادى و دیموكراتیه‌ت ئه‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، ئه‌وه‌ى برایه‌تى له‌م شاره‌ تێكدا ئه‌دات سزاى گه‌وره‌ى خۆى وه‌رئه‌گرێت”. دواى ئه‌وه‌ به‌ڵێنه‌كانیشى به‌جێگه‌یاندو، ئه‌وه‌بو ئه‌و به‌یته‌ هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ تا ئێستاش بووه‌ به‌ وێردێك ئه‌ڵێن ( ماكو زعیم الا كریم).
ئێ به‌ڵام خۆزگه‌ كورد چوار لێكۆڵه‌رى ئه‌بو، ئه‌چوو بزانێت له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادیه‌وه‌ هه‌ر به‌رپرسانى كورد له‌ كه‌ركوكدا چه‌ند زه‌وى كشتوكاڵیان داگیركردووه‌و، ئیفرازكردووه‌و، فرۆشتویانه‌، به‌رپرسى هاكه‌زایی حیزب هه‌یه‌ (200) دۆنم زه‌وى له‌وشاره‌ داگیركردووه‌. هه‌موو كه‌ركوكیه‌كان ئه‌مه‌ باش ئه‌زانن و له‌مه‌ش زیاتر…به‌ ئێستاشه‌وه‌ به‌رپرسانى كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ركوكیان داگیركردووه‌ بازرگانى به‌ زه‌وى و به‌ نه‌وته‌وه‌ ئه‌كه‌ن، به‌رتیلى گه‌وره‌ش ئه‌ده‌ن و، ده‌یان به‌ڵگه‌ى ئاشكرا به‌رده‌سته‌ (ته‌نانه‌ت به‌رپرسه‌كانى خۆیان له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆنیش باسى ئه‌كه‌ن). كه‌ركوك كێشه‌ى یاساى چاكسازى كشتوكاڵى نییه‌ و، لیژنه‌كارى بۆ ئه‌مه‌ خۆ-خه‌ڵه‌تاندنه‌، كه‌ركوك كێشه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ ڕووى جوگرافى و ئیدارى و سه‌ربازى و ده‌ستورى و ئابورى و سیاسیه‌وه‌ له‌ ده‌ست كوردد سه‌نراوه‌ته‌وه‌و، كوردیش خۆى ئه‌م كه‌تنه‌ى كردووه‌. ئیتر بۆ ده‌ست بۆ برینه‌ گه‌وره‌كه‌ نابه‌ن؟!. كورد وتویه‌تى ” گوێز به‌ ژماره‌ مایه‌كه‌ى دیاره‌” ئه‌وه‌تا له‌و هه‌موو بوعده‌وه‌ كورد (یه‌كَێتى به‌دیاریكراوى) كه‌ركوكى دۆڕاندووه‌، هێشتا خه‌له‌و خه‌رمانى ئه‌سوتێنرێ و، عه‌ره‌به‌كان له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق كورده‌كان له‌سه‌ر خاك و ماڵى خۆیان له‌ده‌یان شوێن ده‌ربه‌ده‌ر ئه‌كه‌ن!. ئه‌وه‌تا له‌ بابه‌تى په‌ڵكانه‌دا، په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانى به‌غدا ئه‌یانه‌وێ به‌هاناى خه‌ڵكى په‌ڵكانه‌وه‌ بچن، سه‌ربازى عێراقى له‌ بازگه‌ى دوبز-سه‌رگه‌ڕان چه‌نه‌ها كاتژمێر ڕایان ئه‌گرن، له‌باتى ئه‌وه‌ كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانى له‌ ناحیه‌ى سه‌رگه‌ران ئه‌كه‌ن (واى نیشان ئه‌ده‌ن په‌ڵكانه‌یه‌).
هه‌موو جارێك به‌هه‌شتى (فاتیح شوانى – باوكى شه‌هید لیوا شێركۆ) بۆى ئه‌گێڕاینه‌وه‌ كه هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك یه‌خه‌ى باوكمان ئه‌گرت بمانبات بۆ گه‌راجى حه‌ویجه‌ له‌كه‌ركوك بۆ ئه‌وه‌ى سه‌یرى عه‌ره‌ب بكه‌ین!. ته‌نانه‌ت له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه‌ عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركوكدا نه‌مابون گه‌ره‌كى (عروبه‌و مه‌ندوده‌ نه‌بێت) ئێ به‌ڵام ئاماره‌كان پێمان ئه‌ڵێن له‌ دواى (2005 بۆ 2019) له‌ نێوان (65 بۆ 70) هه‌زار خێزانى عه‌ره‌ب هاتونه‌ته‌ كه‌ركوكه‌وه‌و، له‌به‌رانبه‌ردا ده‌یان هه‌زار خێزانى كورد شاره‌كه‌یان به‌ هۆكارى جیاجیا به‌ جێهێشتوه‌!.
مایكل نایت – Michael Knights توێژه‌ر له‌په‌یمانگه‌ى واشنتۆن له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر تێزێكى بۆ چاره‌سه‌ركردن پێشكه‌ش به‌ ئیداره‌ى ئه‌مریكا كرد سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌بێت ئه‌مریكا پرۆژه‌ى گه‌وره‌ گه‌وره‌ى ئابورى له‌كه‌ركوكدا ده‌ستنیشان بكات، تا پێكهاته‌كان پێكه‌وه‌ كارى تیابكه‌ن و، به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شیان ئه‌بێت و، دوورئه‌كه‌ونه‌وه‌ له‌شه‌ڕو پێكدادان. نمونه‌كه‌شى ئه‌وه‌بو كه‌ چه‌ند پاڵیوگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى نه‌وت و موشته قاته كانى بێت. ئێ سه‌ركردایه‌تى سیاسى عێراق ئه‌گه‌ر ئه‌یانه‌وێ چاره‌سه‌رى ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن چاكسازى كشتوكاڵى پرسه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ نییه‌ كه‌ له‌ زه‌مانى قاسمدا جوانتر و ڕێكوپێكتر بووه‌.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر