شێرزاد شێخانى: ئه‌و كاته‌ى كاك نه‌وشيروان تووشى شۆكى كردم.

هيچكات گومانم له‌ئاستى رۆشنبيرى و فيكرى ره‌وانشاد كاك نه‌وشيروان نه‌بوه‌. به‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كانيشى ئه‌مزانى ئاستى رۆشنبيرى ئه‌م پياوه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌ كه‌ شايسته‌ى سه‌ركردايه‌تى كردنى شۆڕشێكى تازه‌و مۆدێرن بێت و، شكست […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هيچكات گومانم له‌ئاستى رۆشنبيرى و فيكرى ره‌وانشاد كاك نه‌وشيروان نه‌بوه‌. به‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كانيشى ئه‌مزانى ئاستى رۆشنبيرى ئه‌م پياوه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌ كه‌ شايسته‌ى سه‌ركردايه‌تى كردنى شۆڕشێكى تازه‌و مۆدێرن بێت و، شكست به‌ده‌ر ئه‌نجامه‌كانى نسكۆى شۆڕشێكى گه‌وره‌ى كورد بێنيت و، به‌رۆحيه‌تێكى تازه‌وه‌ شۆڕشێكى نوێ ده‌ستپێبكاته‌وه‌. دواى خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كانيشى، له‌لاى من گه‌يشته‌ ئاستى بيرمه‌نده‌ گه‌وره‌كانى مێژوو، كه‌ پێموايه‌ تا ئێستاش هيچ سه‌ركرده‌يه‌كى كوردو سياسه‌تمه‌دارێكى نه‌گه‌يشتونه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ فيكريه‌ى ئه‌و، مه‌گه‌ر رابه‌رى سياسى كورد مام جه‌لال و سه‌رۆك ئاپۆى‌ مه‌زن شانيان له‌شانى بدايه‌.
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان چه‌ندينجار بوارم بۆ ره‌خساوه‌ له‌حزوورى ئه‌م زاته‌ مه‌زنه‌دا ئاماده‌بم و زۆرجار به‌بێ ئيش سه‌ردانم ئه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى شتێكى تازه‌ى لێ فێر ببم. به‌ڵام له‌دواى ساڵى‌ 2010 ئيدى زوو زوو سه‌ردانم ئه‌كردو هه‌موو جارێكيش ئه‌كه‌وتينه‌ ناو موناقه‌شه‌وه‌ له‌باره‌ى رووداوه‌كانى رۆژو سياسه‌ت و حزبايه‌تى و په‌يوه‌نديه‌كانى له‌گه‌ڵ حزبه‌كانيتر كه‌ زۆر شتم له‌لايه‌ بيلێم له‌سه‌ر ئاستى بيركردنه‌وه‌و سياسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانى له‌م باره‌يه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌ڵئه‌گرم بۆ كاتێكيتر، ئه‌گه‌ر چى له‌به‌شێك له‌وتاره‌كانمدا باسى هه‌ندێكيانم كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆ خوێنه‌ران روون بكه‌مه‌وه‌ ئه‌م پياوه‌ چه‌نێ سياسه‌تمه‌دارێكى پاك و ميلله‌تپه‌رست بوه‌وه‌، تا چه‌نديش به‌ته‌ك خه‌مو ئازاره‌كانى ميلله‌ته‌كه‌يدا بوه‌. به‌ڵام له‌م وتاره‌مدا ته‌نها باسى لايه‌نێكى ئه‌م زاته‌ ئه‌كه‌م كه‌ به‌راستى تووشى شۆكى كردم.
له‌دانيشتنى ئێواره‌يه‌كى ساڵى 2014دا له‌ماڵه‌كه‌ى خۆيدا سه‌ردانم كردو وه‌كو عاده‌ت كه‌وتينه‌ موناقشه‌وه‌ كه‌ پێموايه‌ خۆى زۆر حه‌زى له‌موناقه‌شه‌ى خه‌ڵكه‌ رۆشنبيره‌كان بو، باسه‌كه‌مان هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ بۆچى ئه‌م شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ى كورد له‌دواى نسكۆى ئه‌يلول و رزگارى ميلله‌ته‌كه‌مان له‌ده‌ست ديكتاتۆرييه‌ت، ئه‌م گه‌نده‌ڵى وسيسته‌مه‌ ديكتاتۆرييه‌ى ئێستا به‌رهه‌مى بێت؟!. له‌وه‌ڵامدا لێى پرسيم” تۆ قورئانت خوێندۆته‌وه‌”. وتم ” به‌ڵێ ” وتى له‌سووره‌تى سبأ خواى گه‌وره‌ باسى سلێمان پێغه‌مبه‌ر ئه‌كات كه‌ چۆن ساڵێك بوو به‌سه‌ر گۆچانه‌كه‌يه‌وه‌ مرد بوو، به‌ڵام جنۆكه‌كان نه‌ئه‌وێران سه‌ر بكه‌ن به‌ژووره‌كه‌يا، تا مۆرانه‌يه‌ك گۆچانه‌كه‌ى له‌ژێره‌وه‌ خواردو كه‌وته‌ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ ئه‌وه‌نده‌ ترسى خستبوه‌ ناو دڵى خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت سه‌ر جنۆكه‌كانيشه‌وه‌ كه‌ نه‌وێرن له‌كاتى مردنيشيا توخنى ژووره‌كه‌ى بكه‌ون. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارا‌نه‌ى ئێمه‌ش به‌هه‌مان ره‌فتارى ديكتاتۆره‌كانى مێژوو ترسى وايان له‌ناو دڵى خه‌ڵك چاندوه‌ كه‌ نه‌وێرن له‌ ده‌رگاكانيشيان نزيك ببنه‌وه‌. سه‌ير بوو ده‌قى ئايه‌ته‌كه‌شى به‌عه‌ره‌بييه‌كى ره‌وان بۆمى خوێنده‌وه‌.
ئينجا هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ چۆن چۆنى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ عه‌شييره‌تگه‌رييه‌ى كوردستان په‌يدا بوو، هه‌ر له‌سه‌رده‌مى مه‌لا مسته‌فاوه‌ تاكو ئه‌مڕۆ ، باسى له‌وه‌ش كرد كه‌وا كێشه‌ى ئه‌و ميلله‌ته‌ى ئێمه‌ له‌وه‌دايه‌ كه‌وا سه‌رۆكى عه‌شيره‌ت ئه‌مڕۆ بوه‌ته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌كوردستاندا، به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌وه‌دايه‌ به‌هه‌مان عه‌قڵييه‌تى سه‌رۆكى عه‌شييره‌ته‌وه‌ حوكمڕانى هه‌رێمه‌كه‌مان ئه‌كات، نه‌وه‌ك عه‌قلييه‌تێكى ئيدارى و سياسى، بۆيه‌ ئه‌بينى ره‌فتاريان له‌گه‌ڵ ميلله‌ته‌كه‌يان ره‌فتارى پاشاو ره‌عييه‌ته‌ ، خواش له‌قورئانا ئه‌فه‌رموێ ” ان الملوك اذا دخلوا قرية أفسدوها وجعلوا أعزة‌ أهلها أذلة‌ وكذلك يفعلون”. ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌يبينى له‌زه‌ليل بوونى ميلله‌ت‌ به‌ده‌ست‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ عه‌شايه‌ريه‌كه‌وه‌‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ خۆيان به‌ پادشاى سه‌ر ئه‌رز ئه‌زانن!.
له‌مه‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م پياوه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ى كه‌زه‌مانێك به‌ ماركيسيزمێكى لينيى تۆخ ناسراو بو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتيشدا خوێنه‌رێكى باشى قورئانى پيرۆزيش بو به‌ راده‌ى ده‌رخكردنيشى، كه‌ ئه‌مه‌ش يه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانى بيرمه‌ندى فيكرى و سياسى. به‌داخه‌وه‌ زۆر كه‌سيش پێى وابوو كه‌وا كاكه‌ نه‌وه‌ زۆر بايه‌خ به‌ ئايين وقورئان نادات.
كاك نه‌وه‌ پياوێكه‌ كه‌ هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانى بيرمه‌ندى و كاريزماى سياسى و دڵسۆزى بۆ قه‌زيه‌ى ميلله‌ته‌كه‌ى تێدا بوه‌، پياوێكى خاكى و ساده‌ كه‌ هه‌مو ژيانى‌ بۆ ئازادى و خۆشگوزه‌رانى ميلله‌ته‌كه‌ى ته‌رخانكرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بو تا بتوانێ ئه‌م ميلله‌ته‌ بگه‌يه‌نێته‌ كه‌نارى ئارامى و به‌خته‌وه‌رى، بۆيه‌ وتومه‌و جارێكيترش ئه‌يڵێمه‌وه‌، چۆن شييعه‌كانه‌ى دونيا چوارده‌ قه‌رنه‌ شيوه‌ن بۆ حوسينه‌كه‌ى خۆيان ئه‌كه‌ن ، ئه‌بێ ئێمه‌ى ميلله‌تى كورديش چوارده‌ سه‌ده‌ شيوه‌ن بۆ ئه‌م زاته‌ گه‌وره‌يه‌ بكه‌ين كه‌ ناوى نه‌وشيروان مسته‌فايه‌.

 

تێبینی/ وێنەکە کێشراوی دەستی دەستڕەنگین کاکە ڕێبوار تاهیرە

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی