عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: 19ی ئایار, دوو کەرنەڤاڵی گەش و ڕەش.

گەر بە وردی سەیرێکی مێژووی دورو نزیکی گەلی کورد بکەین ئەوا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت کە کەم سات و ڕۆژی تێدایە ڕوداو یان کارەساتێک تێیدا ڕووینەدابێت ‌‌‌‌‌‌ئیتر ئەو ڕۆژە گەش بوبێت […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

گەر بە وردی سەیرێکی مێژووی دورو نزیکی گەلی کورد بکەین ئەوا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت کە کەم سات و ڕۆژی تێدایە ڕوداو یان کارەساتێک تێیدا ڕووینەدابێت ‌‌‌‌‌‌ئیتر ئەو ڕۆژە گەش بوبێت یان ڕەش، کەبەداخەوە لەڕۆژژمێری کوردیشدا ڕۆژە ڕەشەکان گەلێک زێدەترن لەو ڕۆژانەی کەبە گەش هەژمارکراون لەمێژووی دورو نزیکماندا.
( 19- 05- 1992 ) ئەو ڕۆژە بوو کە دوای چەندین ساڵ لەژێردەستەیی و چەوساندنەوە، و دواتر سەرکەوتن و سەرخستنی ڕاپەڕینی کومەڵانی خەڵک لەباشوری کوردستان لەبەهاری سالی(1991)دا کە نەوشیروان مستەفا بەداڕێژەرو ئەندازیارەکەی دادەنرێت.
کومەڵانی خەڵکی کوردستان بەگەشبینی و دڵێکی پڕ لە جۆش و خرۆشەوە، و ئاپۆراو کەرنەفاڵێکی گەورەو بێشومار ڕوویانکردە ناوەندەکانی دەنگدان و هەڵبژاردن بەمەبەستی دروستبون و پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کە بۆ ئەو سەردەمەو لەو دۆخەناسەقامگیرو ئاڵۆزەی ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕی وەرچەرخانێکی گەورەو گرنک و مێژوویی بوو.
بۆیە دەکرێت سەرەڕای سەرنج و تێبینی زۆر دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەکی حوکومڕانی خۆماڵی، بەڵام ( 19- 5- 1992) بەڕوژێکی گەش لەمێژووی کورد وێناو ناوزەند بکرێت، وەک یەکەم ئەزمونی هەڵبژاردن.
بەڵام دوای [25]ساڵ واتا چارەکە سەدەیەک لەهەمان ڕۆژو بەرواردا واتا (19- 5) ی ساڵی (2017) ڕۆژژمێری کوردی ڕۆژێکی تری ڕەشی خستە سەر ڕۆژە نەهات وڕەش و بێزراوەکان کە تێیدا [نەوشیروان مستەفائەمین]ی نوسەرو سەرکردەی خاوەن نیوسەدە خەباتی کوردایەتی و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆدواجار ماڵئاوایی لەخاک و خەڵکی کوردستانکرد، کە جگە لەتاسە باربوونی میللەتێک، جەماوەرێکی بێشوماریش بەدڵێکی پڕ لەگریانەوە بەشدارییانکرد لەماڵئاوایی مرۆقێک کەپڕبونەوەی جێگاکەی زۆرئەستەم و قورسە.
ئەو یەکێک بوو لەو سەرکردە بێ وێنانەی کە خاوەنی مێژوویەکی زێڕین و بێگەردبوو، لەخەباتی چەکداری و شارستانیشدا سەرقافڵەو سەرمەشق بوو، نەوشیروان مستەفا خاوەنی چەندین خەسڵەت و بەهای بەرزبوو کە ئەمەش جگە لەوەی خاڵی بەهێزی ئەو بوو، بەو هۆیەشەوە هیچ کاتێکیش نەیارەکانی نەیانتوانیوە ڕووبەڕووی ببنەوە.
ئەو بەهاو خاسیەتانەی لەنەوشیروان مستەفادا هەبوون وایکردبوو کە یارو نەیارو دۆست و دوژمنی پێی سەرسامبن، ئەمە جگە لەوەی کەچەندین نازناوی پێدرابوو لەوێنەی ( سەرکردەی خاکی، یەک ڕووڕاشکاو، باوکی هەژاران، کاکەنەوەو پیاوە مەردەکە) و… هتد.
لێرەدا تەنها دوو نمونە دەخەینە بەرچاو لەسەر کەسایەتی و گرنگیەکەی کە چۆن و چی بوە؟ یەکەمیان هەڵسەنگاندنێکی کورتی نەوشیروان مستەفایە لەلایەن حیزبی بەعسی فاشت کەهەڵسەنگاندنیان بۆ زۆرێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی کورد کردوە لەباشوری کوردستان، لەیاداشتەکەدا کە لە ئەمنەسورەکەی سلێمانی بووە٫ و شوێنی داپڵوسینی گەنجان و تێکۆشەرانی کوردبوو لەلایەن ئەو ڕژێمەوە، هاتوە کە [ نەوشیروان مستەفا کەسێکە نەمەیلی بۆ ماددە هەیە نەبۆ سێکس و ئافرەتیش ] کە لەسەر زەمینی واقیعدا کەمن ئەو بەرپرسانەی کەلەئێستادا هەن لەبەرامبەریان خۆڕاگر بوبێتن و چۆکیان بۆ دانەدابێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە نەوشیروان مستەفا کاریگەرترین سەرکردەی شۆڕش بوە لەوئان و ساتەی کەناوی لەو یاداشتەدا بەوشێوە هاتوە بۆ دژایەتی کردنی ڕژێمی بەعس وسیاسەتەکانی.
نمونەی دووەمیش هی چەند ڕۆژێک دوای کۆچیدوایی نەوشیروان مستەفایە لەمانگی ئایاری (2017)دا ، کە ( نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا٫ فەرەنسی و بەریتانیەکانیش زۆر بەڕاشکاوی ڕایانگەیاندبوو کە ئێمە هەرگیز چاوەڕوانمان نەدەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەسێک هەبێت بەو شێوەیە جەماوەری بێت لەکاتێکدا کەسەکەش هەم بێ چەک بێت هەم بێ پارەش ).
دیارە لەلایەن کەسایەتیە ناوخۆیی و بیانیەکانیش بەچەندین شێوازی جۆراوجۆر پێناسەی نەوشیروان مستەفاکراوە، بەڵام تەنها ئەو دوو نمونە بەسە بۆ تێگةیشتنی تەواو لێی.
یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانی نەوشیروان مستەفا چەند ڕۆژێکی کەم پێش کۆچیدواییەکەی سەردانی کردبوو، هاوڕێکەی ووتی: سەرەڕای خراپی باری تەندروستی، کاک نەوشیروان هێندەی سەرکەوتنی بزوتنەوەکەی لا گرنگ و مەبەست بوو هێندە بەتەنگ تەندروستی خۆیەوە نەبوو.
بۆیە پێویستە و گرنگیشە کەچۆن نەوشیروان مستەفا لەسەرەمەرگیشدا سەرکەوتن وپاراستنی بزوتنەوەکەی بەلاوە مەبەست وگرنک بوە، دەبێت بەرپرسان و هەڵسوڕاوو گۆڕانخوازانیش سەرخستن وسەرکەوتنی بزوتنەوەکە بکەنە خاڵی بەهێزو هاوبەش، وە نابێت بەرپرسانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانیش هێندە بێ باک و خەمساردبن لەئاست ڕەخنەو سەرنجی هەڵسوڕاوان، جونكە نیازو مەبەستی هەموان پاراستنی بزوتنەوەکەو گەشەکردن و سوربونیەتی لەسەر دروشمە سەرەکیەکانی کەبۆی دروست بوە یان دامەزراوە.
گرنگترین کاریش کە بەرپرسانی باڵای گۆڕان بیکەن پەلەکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنی کۆنفرانس و کۆنگرەیە لەماوەیەکی دیاریکراوداو، گەر بشتوانرێت تاکو ( 25- 7) کەساڵڕۆژی یەکەمین بەشداری کردنی بزوتنەوەکەیە دوای دروستبونی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەوا کارێکی شیاووبەجێیە.
وە پێویستە لە کونگرەشدا ڕێز لەهەموو پڕۆژەو پێشنیارێک بگیرێت، چونکە بەدڵنیاییەوە هەر پڕۆژەو پێشنیارێک کە هەڵسوڕاوو گۆڕانخوازان بەبێ جیاوازی پێشکەشی دەکەن مەبەست لێی بەهێزبونی بزوتنەوەکەو مانەوەیەتی بەگەورەیی٫ نەک خوێندنەوەو شیکردنەوەی جودا جودای بۆ بکرێت، و بەو هۆیەوە وەلابنرێت وپشتگوێ بخرێت.
ماوەتەوە بڵێین گەر[19- 5] ی (1992) کەزیاتر لەچارەکە سەدەیەکی پێش ئێستایە لاپەڕەکانی مێژووی کورد ڕۆژێکی گەشی لای خۆی تۆمارکردبێت، ئەوا لەساڵی (2017)شدا ئەو بەروارە بۆتە ڕۆژێکی ڕەش لەو تۆمارەمێژویەدا.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ئەرشیڤی بەڕێز: عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا