نەوزادى موهەندیس: عێراق لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا کامیان؟

لەم قۆناغى ململانێ توندەى نێوان ئەمریکا و ئێران دا، عێراق لە هەموو وڵاتانى ناوچەکە و دونیاش لە پێگەیەکى زۆر هەستیار و ئیحراجیدایە و زۆر سەختە بڕیارێکى یەکلاکەرەوە بدات کە کامیان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

لەم قۆناغى ململانێ توندەى نێوان ئەمریکا و ئێران دا، عێراق لە هەموو وڵاتانى ناوچەکە و دونیاش لە پێگەیەکى زۆر هەستیار و ئیحراجیدایە و زۆر سەختە بڕیارێکى یەکلاکەرەوە بدات کە کامیان هەڵببژێرێت لەنێوان لایەنگرى تەواو بۆ ئێران یان ئەمریکا. چونکە عێراق هەرچەندە وڵاتێکى خاوەن سیادە و سەروەرى و سنورى نێودەوڵەتى خۆیەتى و خاوەن بەناو پەڕلەمان و حکومەت و دامودەزگا شەرعیەکانى حوکمڕانیە، بەڵام لە ئێستادا توانا و هێز و پێزى ئەوەندەى نیە کە ببێتە خاوەن بڕیارێکى عێراقیانەى سەربەخۆ ، جا هەر وڵاتێکیش کە لە ڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەوە بەهێز و تواناى پێگەیەکى حساب بۆکراو نەبوو ناشتوانێت ئازادانە بڕیارەکانى خۆى بدات و تەنانەت بەرژەوەندیەکان و سیادە و سەروەرى وڵاتەکەشى بپارێزێت.
ئەوەى ئاشکرایە عێراق وڵاتێکى دراوسێى مێژوویى ئێرانە و بەدرێژایى ئەو دراوسێیەتیش هەمیشە لەجەنگ و ململانێدا بونە و هیچ کات وەک دوو وڵاتى دراوسێى باش ڕێزیان لە سیادە و سەروەرى یەکترى نەگرتوە، بەتایبەتى ئێران هەمیشە چاوى تەماعى بڕیوەتە عێراق و هەوڵى داگیرکردنى داوە لە کۆن و نوێدا و ویستویەتى لەڕێگەى عێراقەوە وەک دەروازەیەک بچێتە ناو کۆمەڵگا عەرەبى و ئیسلامیەکانى ناوچەکەوە بەتایبەتیش وڵاتانى کەنداو و سوریا و… هتد. بۆیە تۆمار و مێژوویەکى ڕەشیان پێکەوە هەیە. دواترین جەنگیش جەنگى 8ساڵەى نێوانیان بوو، لەئێستاشدا و لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسى صدامیەوە لەساڵى 2003وە ئێران بەئاشکرا و بەنهێنى و ڕاستەوخۆ خۆى و هێزەکانى یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەى دەستوپێوەندەکانیەوە لەسەرکردە و حیزب و میلیشیا سیاسى و چەکدارە شیعەکانەوە دەستیوەرداوەتە کاروبارى عێراق و ململانێیەکى توند دەکات لەگەڵ ئەمریکادا بۆ ئەوەى نفوز و هێز و دەسەڵات و پاوانخوازى خۆى لەناوچەکەدا فراوان بکات و مەزهەبى شیعە و شۆڕشى ئیسلامى ئێرانى هەناردەى وڵاتانى ناوچەکە بکات و خۆى بکاتە دەمڕاست و گەورە و ڕیشسپى وڵاتانى ناوچەکە و بەمەش جێگە و پێگەیەکى سیاسى و ئابورى و ئەمنى لەناوچەکەدا دژ بەبەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و ئەوروپیەکان و زلهێزەکانى دونیا بۆخۆى مسۆگەر بکات و لەهەوڵى گەرموگوڕیشدایە بۆ وەدستهێنانى چەکى ئەتۆمى. بەم شێوەیە ئێران نفوز و کاریگەرى گەورەى خراپى لەسەر عێراق و عێراقیەکان داناوە لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیەوە و تەنانەت دانان و لابردنى سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیر و کاربەدەستەکانى تر لە سیاسى و ئەمنیەکانیش بەدەست ئەوە، و ئێران بەهەموو توانایەکیەوە ڕۆچۆتە ناو تەواوى جومگە گرنگەکانى بڕیاردانى عێراقەوە و بەمەش عێراقى خستۆتە خولگەى خۆیەوە و ناتوانێت لێى دەربچێت.
هەرچى ئەمریکاشە وەک زلهێزێکى دونیایى و ڕزگارکەرى عێراق و پاڵەوانى عێراقیەکان بەتایبەتى سونە مەزهەبەکان و کورد و ئەوانى تر جگە لە شیعەکان لێى دەڕوانرێت و پێیان باشە بوون و دەسەڵات و هەژموونى هەبێت لە عێراقدا لەلایەک بۆ پارێزگاریکردن لە عێراق لە تیرۆریستان و لەلایەکى تریشەوە بۆ پاراستنى لە کەوتنە ژێر هەژموونى ئێرانى فارسەوە بەتەواوەتىو لەلاى سێهەمیشەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەژموونى زۆرینەى شیعەکان لە دەسەڵاتدا، هەرچەندە ئەمریکاش لە پێناو بەرژەوەندیە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى خۆى و هاوپەیمانەکانى لەناوچەکەدا عێراقى گەرەکە و دەیهەوێت پێگەیەکى بەهێزى هەبێت، چونکە عێراق خاوەن یەدەگێکێکى نەوت و غازى سروشتى زۆر وزەوەندە و پێگەیەکى جیۆسیاسى گرنگى هەیە لە باکورى وڵاتانى کەنداوى عەرەبیەوە کە هاوپەیمانى ستراتیژى ئەمریکان و هەرواش لەڕابووردوودا دوژمنێکى سەرسەختى ئیسڕائیلى هاوپەیمانى زۆر دەلالى ئەمریکا بوە، بۆیە ئەمریکا گەرەکێتى بەهەر نرخێک بوە عێراق لە خولگەى ئێران دەربهێنێت و بیکاتە دۆست و هاوپەیمانێکى گوێڕایەڵى خۆى لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندیەکانى خۆى و هاوپەیمانەکانیشى. ئەمریکا لە ئێستادا نزیکەى 50 هەزار سەربازى هەیە لە عێراقدا و تەواوى ئاسمان و دەریاشى کۆنتڕۆڵکردوەو بەوپەڕى چەکى تەکنەلۆژى نوێوە ململانێ لەگەڵ ئێراندا دەکات. گەرەکێتى بەپلەى یەکەم ئێران نەبێتە خاوەن چەکى ئەتۆمى و لەو پێناوەشدا گەمارۆى توندى ئابورى بەسەردا سەپاندوە و گەرەکێتى لەڕێگەى وەستاندن و سفرکردنەوەى هەناردەکردنى نەوتەکەیەوە ژێرخانى ئابورى ئێران دابڕمێنێت کە بە شادەمارى ژیان و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى ئێران دادەنرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە، لەم نێوەندە پڕ بارگاوى و هەژمووون و ڕاکێش ڕاکێشى ئێران و ئەمریکادا عێراق دەتوانێت چى بکات؟ چۆن بڕیار بدات؟ بەرژەوەندى لەگەڵ کام لادایە؟ و دەیان پرسیارى تریش.
ئەوەى ئاشکرایە وەک پێشتر باسمان کرد لە ئێستادا عێراق لە پێگەیەکى هێندە بەهێزدا نیە کە بتوانێت بە ئێران و ئەمریکا بڵێت بوەستن و چیتر ململانێ لەسەر خاک و گەلانى عێراق مەکەن و ململانێکانتان بەرنە دەرەوەى سنورەکانى عێراق. هەربۆیە ئەوەندەى پێى دەکرێت دەبێت پەیوەندیەکى هاوسەنگ لەنێوان هەردوولایاندا دروستبکات کە تیایدا بەرژەوەندیەکانى عێراقى تیادا پارێزراو بێت، چونکە ناتوانێت بە ئێرانێکى دراوسێى بڵێت نا کە لە مێژە دراوسێیەتى و بە حوکمى مێژوو و جوگرافیا ناتوانێت لێى دووربکەوێتەوە و هەردەبێت بە دیفاکتۆ پەیوەندى و دراوسێیەتى باش و ڕێزگرتنى هەردوولا درێژە بەپەیوەنیەکانى خۆى بدات لەگەڵ ئێراندا، لەگەڵ ئەمریکاشدا هەرچەندە نەدراوسێى یەکترن و نە خاک و نە سنوریان پێکەوەیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەمریکا زلهێزێکى دونیاییەو هەژموونى سیاسى و ئابورى و ئەمنى گەورەى بەسەر دونیاوە هەیە و بەتایبەتیش وڵاتانى ناوچەکە و هەرواش ڕزگارکەرى عێراقە و ماوەى 16 ساڵە عێراق دەپارێزێت و قوربانیشى بۆ دەدات، عێراق ناتوانێت هەموو ئەم چاکانەى ئەمریکا لەبەرچاو نەگرێت و لەچاوتروکاندنێکدا هەموانى سفر بکاتەوە و پێى بڵێت خواحافیزتان بێت، کە هەرچەندە نە ئەو بوێریە سیاسیە و نە ئەو توانا ئابورى و ئەمنیەشى هەیە. چونکە ئەمریکا نەک عێراق لەتەواوى وڵاتانى ناوچەکەدا خاوەن بەرژەوەندى ستراتیژى و گەورە و گرنگە و خاوەن بڕیاریشە بە خۆشى بێت یان بەجەنگ دەتوانێت پلان و سیاسەتەکانى خۆى پیادە بکات. هەربۆیە باشترین ڕێگە و چارەسەرى سیاسى بۆ عێراق مامەڵە کردنێتى لەگەڵ ئەمریکادا وەک دوو وڵاتى دۆست و لێکنزیک و خاوەن بەرژەوەندى بەستراوە بەیەکەوە ، هیچ عەیبەکیش لەمەدا نیە چونکە زۆر وڵاتانى تر کە لەعێراق زۆر خۆیان بەبەهێزتر دەبینن لەهەموو ڕوەکانەوە پێویستیان بە ئەمریکا و هاوکاریەکانى هەیە و ملکەچییان بۆ دەبڕیوە وخواخوایانە ئەمریکا تەنها سڵاویان لێبکات نەک دۆستایەتیشیان بکات، هەربۆیە دۆستایەتى ئەمریکا بۆ عێراق بۆ دەیان ساڵى تر گرنگە لانى کەم تا ئەوکاتەى عێراق هێز و تواناى ئەمنى و سیاسى و ئابورى خۆى بەدەستدێنێتەوە و دەتوانێت بڕیارى سەربەخۆى خۆى بدات.
بەم شێوەیە عێراق ناتوانێت دەست لە هاوکارى و یارمەتى و پشتیوانى و دۆستایەتى هیچ کام لەئێران و ئەمریکا هەڵبگرێت و لە پێگەیەکى بەهێزیشدا نیە کە بتوانێت میانگیرى لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بکات بۆ دۆزینەوەى ڕێگا چارە و ڕێکەوتن و هەڵنەیسانى جەنگ و توندنەکردنەوەى ململانێکانیان، چونکە هەمیشە میانگیر یان دادوەر دەبێت لانى کەم وەک دوولایەنى کێشەکە پێگەى بەهێزى هەبێت و هەردوولاش گوێڕایەڵى بکەن،کە بەداخەوە عێراق لەم قۆناغەدا نە هێندە بەهێزە و نە ئەوانیش گوێى بۆ دەگرن و بگرە زۆربەى ململانێکانیشیان لەسەر ئێستا و ئایندەى عێراقە لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەوە،هەربۆیە عێراق بیەوێت یان نا بۆتە بەشێک لە ململانێکان و لەهەمان کاتیشدا قوربانیەکى بەردەوامى بێچارەشە، کە تەنها ڕێگا لەبەردەمیدا بریتیە لە دۆستایەتى هەردوولا و درێژەپێدان بە پەیوەندیەکانى و ڕاگرتنى هاوسەنگى لەنێوانیاندا بەبەرژەوەندى گەلان و خاکى عێراق و پاراستنى ئەو سیادە و سەروەریەى گەر بەناویش بێت هەیەتى، گەر لایەندارى بۆ لایەکیان بکات ئەوا بەخراپترین شێوە دەشکێتەوە بەسەریدا و زیان و ماڵوێرانى گەورەتر بەسەر عێراقدا دەهێنێت و بۆ دەیان ساڵى تر عێراق گیرۆدەى ململانێ ناڕەوا و نابەرامبەرەکان دەکاتەوە و ئەوکاتیش تەنها و تەنها گەلان و خاکى عێراق زەرەرمەندى گەورە دەبن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس