ژمارەیەک لەگۆڕانخوازان: راگەیەنراوێک بۆ رای گشتی.

ئێمه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ‌‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و سیاسی و مێژوویی سه‌رشانمانه‌وه‌ ڕوو له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و له‌ ئاست ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڵه‌ كوشنده‌یه‌دا هه‌ڵوێستی خۆمان دیاریده‌كه‌ین، كه‌ دوێنێ له‌ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئێمه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ‌‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و سیاسی و مێژوویی سه‌رشانمانه‌وه‌ ڕوو له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و له‌ ئاست ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڵه‌ كوشنده‌یه‌دا هه‌ڵوێستی خۆمان دیاریده‌كه‌ین، كه‌ دوێنێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن پارتی، یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا و یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌ خواستێكی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ و نادیموكراتییانه‌ كاراكرایه‌وه‌. له‌ ساڵانی ڕابردوودا، به‌هۆی سه‌رنه‌ویكردنی هێزه‌كان بۆ سیسته‌می سوڵتانی و حوكمی ڕه‌های به‌ یاساییكراوی سه‌رۆك و بنه‌ماڵه‌كان ژیانی سیاسی و چاره‌نووسی پرسی دیموكراسی به‌ ئاینده‌یه‌كی نادیار سپێردراوه‌. بۆ ڕێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌ ترسناكانه‌، بۆ چه‌ندین جار له‌ ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی یاداشتی ئاگاداركردنه‌وه‌ و گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆوه‌ (ڕۆشنبیران، سیاسیه‌ خه‌مخۆره‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردی و هه‌ڵسوڕاوان)ه‌وه‌ هۆشداریی ڕوون به‌ سه‌ركردایه‌تی گۆڕان دراوه‌ ده‌رباره‌ی مه‌ترسییه‌كانی به‌شداریكردن له‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ده‌ركه‌وت ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ هیچ بایه‌خێكیان بۆ ناڕه‌زایی و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان نه‌بووه‌ و، ئه‌و ئه‌جێندا سیاسی و یاساییه‌یان جێبه‌جێكرد، كه‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ به‌ها و پره‌نسیپه‌ سیاسییه‌ دیموكراتییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ نییه‌.
ئێمه‌ وابیرده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بێلایه‌نكردن و جێگیركردنی ده‌نگدانی ئاشكرا به‌ به‌ربژێری سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ته‌واوی به‌شێكه‌ له‌و لادان و خراپكارییه‌ سیاسی و دیموكراسی و مێژووییانه‌ی هه‌تا ئێستا پایه‌كانی سیسته‌مێكی بنه‌ماڵه‌یی و خێزانییان زیاتر چه‌سپاندووه‌. هاوئاهه‌نگی نێوان پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان له‌ چه‌سپاندن و پێدانی ڕه‌وایه‌تی یاسایی زیاتر به‌م سیسته‌مه‌ دڵخوازه‌ی هه‌ڵگرانی ئایدیای میرنشینی بنه‌ماڵه‌كان، وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و سیاسی ته‌ماشاده‌كه‌ین دژی ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپه‌ سیاسی و دیموكراتییانه‌ی ده‌شێ دواڕۆژێكی باشتر و مرۆڤانه‌تر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌دیبهێنن. ئۆباڵی ئه‌خلاقی و مێژوویی ئه‌م رووداوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و پرۆسه‌ و ڕێككه‌وتنه‌ زیانمه‌نده‌ سیاسی و یاساییانه‌.
به‌كورتی ده‌توانین بڵێین، ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه‌ به‌رهه‌مدێ تۆخكردنه‌وه‌ی زیاتری ده‌سه‌ڵاته‌ سوڵتانییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ونی گۆڕانكاریی سیاسییه‌ به‌گشتی.
سه‌رباری ئه‌م ڕه‌وشه‌ ترسناكه‌ی له‌ ئارادایه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ژێر په‌رده‌ی خه‌می ژیانی خه‌ڵكدا په‌رده‌پۆشیبكه‌ن و ڕه‌وایه‌تی ناڕه‌وای بۆ دروستبكه‌ن، ئێمه‌ پێمانوایه‌ نابێت ئینسانی كورد و هاونیشتمانی كوردستان ته‌سلیمی ئه‌و نائومێدییه‌ ڕێكخراوه‌ ببێت، كه‌ كاڵبوونه‌وه‌ی جیاوازی سیاسیی نێوان حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروستیكردووه‌ و، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، گه‌لی ئێمه‌ شایسته‌ی سیسته‌م و ژیانێكی باشتره‌ و، به‌رپرسیارێتی هه‌مووانه‌ وزه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خراپه‌كاری و هه‌ڵه‌ سیاسییه‌كان گه‌شه‌پێبده‌ین و قووڵتری بكه‌ینه‌وه‌.

09- 05- 2019

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد