بورهان شێخ ڕەئوف: ئەبوبەکر بەغدادى لە دوو وێنەو دووکاتى جیاوازدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى پێنج ساڵ لە جارى یەکەم لە مانگى ڕەمەزانى 2014 وا جارێکى تر ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام و هەفتەیەک پێش مانگى ڕەمەزان لە ساڵى 2019 جارێکى دى لە شریتێکى ڤیدیۆیى 18 خوولەکیدا لە ڕێگەى دەزگاى ڕاگەیاندنى دەوڵەتەکەیەوە (الفرقان ) پەیامێکى بڵاوکردەوە .
ئەم دەرکەوتنەى بەغدادى لەم کات و ساتەدا خوێندنەوەى جیاواز و ئامانجى جۆاروجۆرى لە پشتەوەیەلە پێش هەموویانەوە:
1- هەموو ئەو هەواڵ و زانیارییانە بەدرۆ دەخاتەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکانى هاوپەیمانان بە عێراقیشەوە کە باسیان لە کوشتن و لەناوبردنى بەغدادى دەکرد لە ماوەى ڕابردوودا لە کاتێکدا ئاماژەى بە ڕووداوەکانى ئەم دواییە کرد هەر لە شەڕى باغۆزو تازەترینیان کردەوە تیرۆریستییەکەى سیریلانکا.
2- سەرەڕاى ئەو گورزە قورسانەى بەر دەوڵەتەکەى کەوت لە پێنج ساڵى ڕابردوودا بە لەدەستدانى هەموو ئەو ڕووبەرە زەوییە فراوانەى کە لە عێراق و شام لە بندەستیدا بوو بەغدادى ڕوو لە ئەندامانى دەوڵەتە تیرۆریستى و وێرانەکەى دەکات و بۆ ئەوەى ورەیان بەرز بکاتەوەو پێ یان دەڵێت: ماوم و هەڕەشەى تۆڵەستاندنەوە لە خاچ پەرستەکان دەکات و خۆیان وا نمایش دەکەن کە هێزێکى کاریگەرى نێو دەوڵەتین.
3- بەغدادى دەستى لە ڕەشاشە ڕووسیەى بەرنەداوەو لەلاى ڕاستى خۆیەوە دایناوە و پشتێنى بۆ مبڕێژکراوى لە خۆى بەستووە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە لە ژێر فشارو هیچ بارودۆخێکى تەنگانەدا خۆى ڕادەستى هیچ دەوڵەت و لایەنێک ناکات لەکاتێکدا ئەمریکا بڕى 25 ملیۆن دۆلارى تەرخانکردووە بۆ هەر کەسێک کارئاسانى و ڕێنوێنى بکات بۆ دەستگیرکردنى.
4- هەروەها دەیەوێت ئەوە بە هەموو نەیارەکانى بڵێت کە بیروباوەڕو ئیدیۆلۆجى دەوڵەتەکەیان ماوەولە سەرئاستى جیهان سەرەڕاى لە دەستدانى خاکى ژێردەستیان.
لەلایەکى ترەوە بەغدادى ڕیشى بە خەنە بۆیاخ کردووەو خۆى وا پیشان دەدات کە لە تەندروستییەکى باشدایە و دەستى دەجوڵان و مەبەستى ئەوە بوو بە لایەنگرانى بێژێت کە ساغ و سەلامەتە، سەرەڕاى ئەوەى کە هیلاک و شەکەتە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر خۆى دەشارێتەوە سەرەڕاى ئەوەى چەندین جارا وا بڵاوکرایەوە کە بەر شاڵاوى بۆمبى فڕۆکەکان کەوتووە.
بەغدادى ئەگەر چى لە گەڵ بەشێک لە یاریدەدەرەکانى دا دانیشتبوو، دەموچاویان داپۆشرابوو باسى لە ڕۆڵى ئیمپراتۆریەتە میدیاییەکە دەوڵەتەکى کردو هەوڵ و کۆششەکانیانى بەرز نرخاند بە سوارچاکانى ڕاگەیاندن ناویانى برد، جگە لەوەش باسى قارەمانى و بەرگرى چەتەکانى خۆى کرد لە شەڕەکانى بیجى و مووسڵ و باغۆرو سرت لە لیبیاو وتى پڕۆگرامى دەوڵەتەکەمان نەگۆڕاوە و یەک بست خاک ناگیرێت تا بەسەر لاشەکانماندا نەڕۆن و هەڕەشەى تۆڵە ئەستاندنەوەى کرد و ئاماژەى بە 92 کردەوەى تیرۆریستى دا لە هەشت وڵاتى جیا وەکو تۆڵەئەستاندنەوە لە شکستەکانیان لە عێراق و شام.
لە هەمووى سامناکتر هەڕەشەى شەڕى بەردەوام و لەسەرخۆى کرد خوێن بەربوونى تەواو (حرب استنزاف ) لە عەرەبستانى سعوودیە و لیبیا و ئەفغانستان و مالى و بورکینۆ فاسۆ و، هەروەها داواى لە لقەکانى دەوڵەتەکەى کرد لە ئەفریقیاو بە تایبەتى سەرکردەکەیان ئەبو وەلیدى سەحراوى کە پەلامارى بەرژەوەندییەکانى فەرەنساو هاوپەیمانەکانى بدەن و لە تۆڵەى براکانیان لە عێراق و شام.
لەلایەکى ترەوە باسى ڕووداوەکانى جەزائیر و دەست لەکار کێشانەوەى بوتەفلیقەو کودەتاى سوپاى سودان و لەکارخستنى عومەر بەشیرى کرد و سەرزەنشتى گەلانى ئەو وڵاتانەى کرد کە دەست بۆ چەک نابەن بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان و هەروەها باسى هەڵبژاردنەکانى ئیسرائیل و سەرکەوتنى بنیامین نەتنیاهۆشى کرد لەو هەڵبژاردنەدا.
لە کۆتاییدا ئەوەى جێگەى سەرسووڕمان و پرسیارە بەغدادى هیچ ئاماژەیەکى بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران نەکرد لە کاتێکدا لە ڕووى ئایدیۆلۆجییەوە ناکۆکى گەورەیان هەیە وەکو ڕوون و ئاشکرایە ناکۆکى شیعەو سوونە لە ساڵانى ڕابردوودا لە سەر دەستى داعش کارەساتى گەورەى لە گەڵ خۆیدا هێنا بۆ گەلانى ناوچەکە و ڕوڵى ئێرانیش لە شەڕى لە ناوبردنى داعش لە عێراق و سووریا کاریگەرو دیاربوو.
ماوەتەوە بڵێین ئایا وتارەکەى بەغدادى وزە و تواناو فەرمانێکە بۆ گورگە تاکەکانى داعش لە هەموو کونج و کەلەبەرێکى جیهان لە ڕۆژانى داهاتوودا کە تاوانى قێزەون و خوێناوى تر بخوڵقێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت