بورهان شێخ ڕەئوف: تەپڵى شەڕ دێتە بەرگوێمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکەم جارو دواجاریش نابێت دەنگى ناسازى دەهۆڵى جەنگ و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بە گشتى و عێراق و ئێران بە تایبەت هەراسان بکات ، ساڵانێکى درێژ(1988_1980) عێراق و ئێران مەتەرێزیان لە یەک گرتبوو تا پەلامارى سەربازى و ئاسمانى و شەڕى شارەکان و شەڕى کەشتى یەکان لە کەنداوو کارەساتى گەورەو قوربانى گەورە و وێران بوونى لە ڕادەبەدەرى بەدواى خۆیدا هێنا بەجۆرێک هەزاران گوندو سەدان شارو شارۆچکە و مەزرالەگەڵ خاکدا یەکسان بوون ، جگە لە کوژرانى سەدان هەزار کەسى سڤیل و بێ دیفاع .
لە کۆتاییشدا جەنگ وەستا بێ ئەوەى سەرکەوتوو ژێرکەوتوو دیار بێت ئەوەى زیانى کرد گەلانى هەردوو وڵات بوون هەر دواى دووساڵ لە کۆتایى هاتنى ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرە سەدام حوسەین دەوڵەتى کوەیتى دراوسێ ى داگیرکردلە 2 ئابى 1990 ئیتر لاپەڕەیەکى تر ى جەنگ دەستى پێکرد و کە دواتر ئابڵووقەى نێودەوڵەتى خرایە سەر عێراق کە لە شەڕنالەبارتر بوو ئەگەر جاران خەڵکى عێراق هەر کوڕەکانیان لە جەنگ بوون و دەبوونە قوربانى ئەمجارە هەموو گەلى عێراق سزادرا بەهۆى کردەوەکانى دکتاتۆرەوە.
بە هەرحاڵ مێژووى شەڕەکانى ئەم وڵاتە بەقەد تەمەنى درێژە و ناکرێت لە وتارێکى کورتدا من هەمووى بەیانکەم چونکە دواى ئەمەش پرۆسەى ئازادکردنى عێراق و ململانێکانى ناوخۆ و شەڕى تائیفى و ناوخۆ سەرهەڵدانى داعش کە پێشتر من زۆرم لە سەرى وتووە تا لە ناوبردنى بیرەوەرى گەلێکى خۆش نین هیوادارم بڕۆن و نەیانبینینەوە .
ئەوەى دیسان بەگەرمى دەهۆڵ و تەپڵى شەڕى بۆ لێدەدرێ ململانێکانى ئەمریکا و ئێرانە کەلەم ڕۆژانەدا ڕووبەرێکى زۆرى میدیاکانى بیسراو بینراوى جیهان بە گەرمى باسى لێوەدەکەن و پێدەچێت ئەمجارە هەموو لێدوان و ململانێکانیان کە دوور لە سەر خاکى ئەو دوو وڵاتە لە شوێن وکاتى جیاوازدابەڕێوە دەچوون لەلایەن لایەنى سێ یەم و بریکارەکانیانەوە ، ئەمجارە خۆیان ڕاستەوخۆ بەریەک بکەون کە کارەساتى گەورەى لێ بکەوێتەوە.
بۆیە لە ئێستا ئاماژەکانى ئەو بەریەک کەوتنە لە ئاسۆەوە بە ڕوونى دیارە هەڕەشەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بە داخستنى گەرووى هورمز و جوڵاندنى ئەمریکا کەشتیگەلى جەنگى گەورەو بەرەو کەنداو و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین لە هەمانکاتدا دواڕاگەیاندنى کۆمارى ئیسلامى لە مەڕپابەند نەبوون ڕێککەوتننامەى (5+1) بێگومان ململانێکان دەباتە قۆناغێکى مەترسیدارتر .
ئەگەر چل ساڵى ڕابردووى پەیوەندى ئێران و ئەمریکا لە ڕووبەرێکى خۆڵەمێشیدا هەڵبەزودابەزى کردبێت وادیارە ئەمجارە ئەو ڕووبەرە کەم دەبێتەوە و بوارى هیچ مانۆڕو خۆلادانێک نابێت ئەو کات جارێکى تر دەردەکەوێت جەنگ چ ماَڵوێرانى یەکە و دەردەکەوێت کێ زەرەر مەندى گەورە دەبێت لەم جەنگەدا ؟
هەر بۆیە گەلانى ئەم ناوچە گەرم و گرنگ و دەوڵەمەندو ستراتیجیە دەبێت هەمیشە دەستیان لە سەر دڵیان بێت کەى شەڕ دەست پێدەکات و کەى کۆتایى دێت ؟
بۆ یە ئێستا ئەم ناوچە بە هەستیارترین چرکەکانى تەمەنیدا دەڕوات لە دۆخێکدا هەموو ڵ و ئۆردوو وسوپاى ئەمریکا بە پێشکەوتووترین چەک و تەکنۆلۆجیا و هێزەچەکدارەکانى ئێرانیش خاوەنى ئیدیۆلۆجیا و ئامادە بۆ مەرگ لە حاڵەتى ئامادەباشیدان ڕوودانى هەر هەڵەیەک یان لێک تێ نەگەیشتنێک دەکرێت ئاگرێکى لێ بکەوێتەوە کە تەڕو وشک بە یەکەوە بسووتێنێت و گەلانى ناوچەکە بە تایبەتى ئێران بۆ سەردەمەى بەردین بگەڕێنێتەوە.
ماوەتەوە بڵێین هەرچەندە ئەمریکا لە ئەزموونەکانى جەنگ لە ئەفغانستان و عێراق لە ئاکامدا هەرچەندە ئەو وڵاتانەى داگیرکرد بەڵام دەستى سوور بوو بە خوێنى گەلانى ئەو وڵاتانەو ئابڕوو هەیبەتى لە جیهاندا لەکەداربوو بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگاى فشارو سزاو ئابڵووقەکانەوە ئێران ناچار بکات پابەند و ملکەچى مەرجەکانى بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت