بورهان شێخ ڕەئوف: ناوچەى کەنداو لەسەر لێوارى جەنگ. 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى ئەوەى سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتننامەى (5+1) کشایەوە ساڵى 2017 نەیارانى ئەو هەنگاوەى پاساویان ئەوەبوو کە ئەو هەنگاوە کۆمەڵێک کاردانەوەو ڕووداو بە دواى خۆیدا دەهێنێت لە کۆتاییدا بەرەوە جەنگ دەڕوات ، هەرچەندە لایەنگرانى سەوداو ڕێککەوتننامەکە دان بەودا دەنێین کە ئەو ڕێککەوننامە نموونەیى نەبوو بەڵام کشانەوەى ئەمریکا واتە شکستى ڕێککەوننامەکەو گەڕانەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم کە ئەمەش سەرەتایە بۆ بەدەستهێننان و خاوەندارێتى چەکى ئەتۆمى لەلایەن ئێرانەوە.
نەیارانى ڕێککەوتننامەکەش لە کۆشکى سپى ئەو مەترسى یانە بە هەند وەرناگرن و لەو بڕوایەدان ڕێگا چارەى سەربازى ڕێگەو ئەگەرێکى بەردەستە بۆ وەستاندنى بەرنامەى ئەتۆمى ئێران کە ئەمەش ئەو هەنگاوە یە کە هەمووان لێ ى دەترسن کە پریشکەکەى ببێتە شەڕێک کە هەموو ناوچەکە بگرێتەوەو ئەمریکاش ئەو کات دەبێت بە هێز بەر بە بەرنامەى ئەتۆمى کۆمارى ئیسلامى بگرێت و ئەوەشى تا ئێستا دیارە لەوە ناچێت کاربەدەستانى ئێران بە هێزى نەرم واتە سزاو گەمارۆ بچنە ژێربارى داخوازییەکانىئیدارەى ترەمپەوە.

بەرەو ئاڵۆزبوون بارگاوى بوونى ناوچەکە بە جەنگ
1- پۆلینکردنى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بە تیرۆریست لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەمووانیش ئاشکرایە پاسداران بڕبڕەى پشتى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەو ڕۆڵ و کاریگەرى یەکى فرە گرنگ و دیارى هەیە لە هەموو بوارەکانى سیاسى ئابوورى ئیقلیمى و… تد.
2- کۆتاییى هێنان بەو هەموو بووردن و چاوپۆشییانەى کە بە هەشت وڵاتى بەخشیبوو دواى ئەکتیف کردنەوەى سزاکان بۆسەر ئێران کە ئەمەش هەنگاوێکى ترى قورسە بۆ ئێران و سەرەتاى ئیفلیج کردنى ئابوورى ئێرانە کە دەخوازن ڕادەى بەرهەمهێننانى نەوتى ئێران بگەیەننە سفر لە کلاتێکدا لە 80% داهاتى ئێران لە سەر نەوتە.
3- ڕەوانەکردنى کەشتیگەل و فڕۆکە هەڵگرى (ئەبراهەم لینکۆڵن ) و فڕۆکە بۆمب هاوێژە زەبەلاحەکان ( B 52) بۆ ناوچەى کەنداو و ڕۆژهەڵات ناوین هەموو ئەمانە مەسجى ڕوون و ئاشکران تێچووى ئەمانە قورسن بە تایبەتى بۆ سەرۆک ترەمپ کە پاشخانێکى بزنسى هەیە و هەموو شتێک بە بیرى قازانج و زیان لە یەک دەداتەوە و هیچ هەنگاوێک بە خۆڕایى و بێ ئامانج و ئاکام لەوەناچێت بنێت.

لە بەرامبەریشدا ئێران چ دەکات؟
ئەوەى تا ئێستا لە ئێران بەدەى دەکرێت لە سەرئاستى حکومەت و دامەزراوەى ڕەهبەرى کە خوودى ئایەتوڵا عەلى خامنەئى خاوەنى دوا بڕیارە تێیدا نەچوونەتە ژێر بارى هیچ یەکێک لەو هەڕەشەو سزا توندانە ى کە وەکو ترەمپ دەڵێت تائێستا لەوێنەى نەبووە لە جیهاندا بۆ توندىو قوورسى، بەڵکو هەڵوێستەکانی ئێران ڕەقتروتوندتر بوون و سەرۆکى ئێران حەسەن ڕۆحانى وڵاتە ئەوروپیە بەشداربووەکانى ڕێککوتننامەکەى ئاگادار کردەوە و مۆڵەتى شەست ڕۆژى پێدان ئەگەر پاند نەبن بە ئیلتیزامەکانیان بۆ پاراستنى بەرژەوندییەکانى وڵاتەکەى ئەوە دواى ئەو ماوە دەست دەکەنەوە بە پیتاندنى یۆرانیۆم.
لە کاتێکدا بە بۆچوونى من زۆرێکى تر لە چاودێرانى دۆخى ناوچەکە زۆر ئەستەمە لەو ماوە کورتەدا بتوانرێت هیچ هەنگاوێک بەو ئاڕاستەدا بنرێت.

سەرەتاى گرژى
هەر دواى ئەو بڕیارەى ئێران چوار کەشتى نەوت هەڵگرى ئیماراتى لە کەنداوى عومان کەوتنە بەر هێرش و پەلامارى تێکدەرانە و دواى ئەوەش دامەزراوەنەوتییەکانى عەرەبستانى سعوودیە کە لە ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتەوە نەوت بۆ ڕۆژئاواى دەگوێزنەوە کەوتنە بەر هێرشى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى جۆرى دەروون کە ئەمە لەلایەن حووسیەکانى یەمەنەوە ئەنجامدرا ئاشکرایە، بەڵام کردەوەکەى ترى پەلامارى کەشتییەکان تائێستا ئێران سەرکۆنەى دەکات و بەکارى ئاژەوەگێڕى ناوى دەبات و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنى ئەنجام دەرانى.
لە کۆتاییدا دەبێت بپرسین لە ئاوا بارودۆخێکى بارگاوى و پڕململانێ ى پڕ لە گومان و نەمبوونى متمانە دەستوەردان و بەرژەوندى جیاواز و ناکۆکى ئتنیکى و تائیفى دەبێت چاوەڕوانى چى بین من هیوادارم هەڵە بم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت