بورهان شێخ ڕەئوف: ئیسرائیل بێ دەنگە لە ململانێ ى ئەمریکاو ئێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەکو تێبینى دەکرێت ململانێ و ناکۆکى یەکانى ئەمریکا و ئێران لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا هەڵکشان و کارو کاردانەوەى گەرم و گوڕیان بە خۆیانەوە دی و کار گەیشتە ئەوەى ئەمریکا جووڵە بە هێزەکانى بکات بەرەو ناوچەى کەنداو کەشتی گەلى جەنگى زەبەلاح و پڕچەک بە تازەترین و وێرانەکەرترین جۆرەکانى چەکى هێرشبەرو تەکنولۆجیاى پێشکەوتوو، کە بە وزەى ئەتۆم کاردەکەن. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە دەوڵەتى ئیسرائیل کە فاکتەرو ئامانجێکى گرنگ و دوورمەوداى ململانێ ى نێوان ئەمریکا و ئێرانە چونکە یەکێک لەو بنەما سەرەکیانەى کە هێزى ئەمریکا لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوینە پاراستنى ئاسایش و بەرژەوندییەکانى دەوڵەتى ئیسرائیلە، کەچى ئیسرائیل بێدەنگى هەڵبژاردووە.

دەکرێت بپرسین بۆ بێدەنگە ئیسرائیل؟
هەروەکو چۆن لە شەڕى کەنداوى یەکەم و دووەم لەکاتى ئازاداکردنى کوەیت و دواتر پرۆسەى ئازادى عێراق سەرەڕاى ئەوەى ڕژێمى سەدام حسین سى و نۆ ڕۆکێتى زەمین بە زەمینى هاویشت بۆ ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل هیچ کاردانەوەیەکى پیشان نەدا لە بەر هەستیارى دۆخەکە کە ئەمریکا هاوپەیمانى بەشێکى زۆرى وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى بوو لەو جەنگانەدا ئیستاش کە کۆمارى ئیسلامى ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل و هاوپەیمانانى ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات و بە ئاشکرا باسى دەیان هەزار مووشەک دەکەن، کە لە لاى حزبوڵاى لوبنانن لە لوبنان بەرەو ئیسرائیل دامەزراون کەچى حکومەتى تەلئەبیب بێدەنگى هەڵبژاردووەو جگە لە لێدوانێکى وەزیرى وزەى ئیسرائیل ( یوفال شتاینتز ) کە هۆشدارى دا لە هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەیان لە لایەن ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانى یەوە.
ئەوەى لە چەندڕۆژى ڕابردوودا دۆخەکەى زیاتر شەڵەقاند لێدوانەکانى دکتۆر ئەیاد عەلاوى سەرۆک وەزیرانى پێشووترى عێراق بوو بۆ گۆڤارى فۆریگن پۆلیسى ئەمریکى کە باسى لەوە کرد کە هەواڵگرى ئیسرایلیەکان هەواڵى جمووجووڵى ڕۆکێت و مووشەکەبالیستیەکانى ئێرانیان لە عێراق داوە بە ئەمریکیەکان کە وێنەکان ڕاستەوخۆ لە زەویشدا گیراون نەک لە مانگى دەستکردەوە هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەى کە ئیسرائیل لە نزیکەوەو بە وردى چاودێرى بارودۆخ و پێشهاتەکانى ناوچەکە بە گشتى و ئێران بە تایبەتى دەکات، هەر ئەم زانیاریانەش بوون هۆکارى سەردانە لە ناکاو کتوپڕەکەى مایک بۆمبیۆى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ عێراق، کە فەرمانى دا هەموو ئەو کارمەند و دیبلۆماتانەى کە کارى پێویست و گرنگیان لە ئەستۆ نى یە بە خێرایى عێراق جێ بهێڵن و، حکومەتى عێراقیشى لە مەترسى ئەو جموجووڵانە ئاگادارکردەوەو، بۆ ئەوەى کۆنترۆڵى بارودۆخەکە بکەن. لە کاتێکدا هەواڵەکان و میدیاکان باسى ئەوە دەکەن، کە میلیشیاکانى حەشدى شەعبى سەربازگەى سەربەخۆیان هەیە، دوور لە چاوى حکومەتى عێراق بە تایبەتى لە سەربازگەى ئەشرەف لە پارێزگاى دیالەو، سەربازگەى سپایکەر لە پارێزگاى سەلاحەدین و، سەربازگەى رەزازە لە لە پارێزگاى کەربەلاو، سەربازگەى جرف سەخەر لە پارێزگاى بەغداو، سەربازگەى سوێرە لە پارێزگاى واسیت. لەبەرئەوە ئەو هێزانە خۆیان خاوەنى ڕێگاوبانى تایبەتى خۆیانن و پێویستیان بە ڕەزامەندى حکومەتى عێراقیش نى یە و، بێگومان ئەو ڕۆکێت و مووشەکان دوورنى یە لە داهاتووى ململانێکانى ئێران و ئەمریکادا دەوڵەتى ئیسرائیل بکەنە ئامانج.
هەر لە میانەى سەردانەکەیدا مایک بۆمبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە کاربەدەستانى حکومەتى عێراقى ڕاگەیاندووە کە ئەوان ناخوازن شەڕو ململانێ ى لە ناوچەکەدا ڕوو بدات و خوازیارن بە ئاشتى و دایەلۆگ کێشەکە چارەسەربکەن. بەڵام ئیسرائیل جۆرێک لە بێدەنگى پەیڕەو دەکات ئیتر لە بەر هەستیارى دۆخەکە بێت کە پێشتر ئاماژەم پێدا یان هۆکارى تر کە دواتر باسى دەکەم.
هەموو ئەمانەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکا و دەوڵەتى ئیسرائیل تا کۆتایى هەر بینەر بن، سەرەڕاى نیگەرانى یەکانیان لەو بارودۆخەى کە لە عێراقدا دەگوزەرێت لە بەرئەوە وەکو ناوەندە هەواڵگرى و میدیاییەکان باسى دەکەن ئیسرائیل لێکۆڵینەوەى ورد بۆ هەموو ئەگەرو پێشهاتەکان دەکات وەکو ئەوەى پێشتر ئەزموونیان هەبووە لە شەڕى لوبنان هیچ ناکەن و کاردانەوەیان نابێت تاوەکو شەڕ هەڵدەگیرسێت و دۆخەکە دەتەقێتەوە دوایى کاردانەوەیان دەبێت، یان وەکو ئەوە لە سوریا دەى کەن پێش ئەنجامدانى هەر هێرشێک یان خۆ ئامادەکردن بۆ لێدانى ئیسرائیل پێشتر پەلامارى بنکەو بارەگاو و ناوەندەکانى هێزە ئێرانیەکان و حزبوڵا دەدەن.
بەڵام بۆ بارودۆخى عێراق ئەگەر بکرێت ئەمریکاوحکومەتى عێراق خۆیان کۆنترۆڵى دۆخەکە بکەن باشترە لەوەى ئیسرائیل کاردانەوەى هەبێت و ململانێکە گەورەتر بکاتەوە لە کاتێکدا هەر پەلامارێک کە ئیسرائیل بیەوێت بیکاتە سەر بنکە هێزەکانى حەشدى شەعبى لەوەیە هێندەى سوریا ئاسان نەبێت چونکە سوریاو ئیسرائیل دراوسێن و مەوداکەى زۆر نزیکە بەڵام هەر هێرشێک بۆ سەر خاکى عێراق کۆسپ و مەترسى گەورەى لە بەردەمدایە چونکە دەبێت سنوورى وڵاتانى سوریا و ئوردن و عەرەبستانى سعوودیەش ببڕێت کە زیاتر لە هەشت سەد کیلۆ مەتر زیاترە و خۆى بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە گەڵ سیستمى بەرگرى یە ئاسمانى یەکانى ئەو وڵاتانەدا ئامادە بکات.

ئیسرائیل چۆن ڕووبەڕووى مەترسى ئەو ڕۆکێتە بالیستیانە دەبێتەوە؟
هەرچەندە ئیسرائیل خاوەنى پەیوەندییەکە بەهێزە لە گەڵ ئەمریکاو ڕووسیاو وڵاتە ئەوروپیەکانیش دەتوانێت لە ڕێگەى ئەو پەیوەندییانەوە فشار بکات لە حکومەتى عێراق کە بوارنەدات بە جمووجووڵى ئەو تاقم گروپانە کە ئاسایشى ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆیشى ڕێگە چارەى سەربازى بە دوور نازانێت و هەموو کارێکى پێویست وگونجاو ى سەربازى لە بەرنامەیدایە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى پەلامارو مەترسییەکان و لە هەمان کاتیشدا باسى ئەوە دەکەن کە ئەگەر هاوپەیمانەکانى ئێران لە ناوچەکە هەر پەلامارێکى ئیسرائیل بدەن ئەوەى کە ئیسرائیل پێ یان دەڵێت بریکارەکانى ئێران ئەوە ئەوان ئیسرائیل کار لە گەڵ سەرچاوە سەرەکییەکەى هەڕەشەکە واتە ئێران دەکەن واتە ئەگەر لە وڵات و شوێنى تریشەوە پەلامارى ئیسرائیل بدرێت ئەوە خاک و سەربازانى ئێرانى و بەرژەوەندییەکانیان بێ تۆڵە دەرناچن.
لە کۆتاییدا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر ئەم جەنگە ڕووبدات عێراق و عێراقییەکان باجى گەورەى دەدەن هەروەکو مایک بۆمبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە دوا پەیامیدا بە عێراقى داوە ئەوەیە پێیانى وتووە ئەگەر لە گەڵمان نابن لە لاوە بووەستن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت