دکتۆر کەمال میراودەلی: تورکیا و جەنگی جیهانیی یەکەم: بەشی هەشتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سایکسپیکۆ و نەوت: سەرەتای پێترۆ-پۆلیتیکس و جیۆپۆلیتیکی نەوت

( 1 )
دەستپێکی پێترۆ-پۆلیتیکس: یان نەوتە-سیاسەت!
[ لە گەڵ ئەوەشدا نەوت زۆر سوودی زیاتری لە خەڵووز بۆ کەشتییە دەریاکان هەبوو [ خاوێنتر، ئاسانتر بۆ پڕکردنەوە، بە هێزوگوڕتر و… هتد] ، ئەو ڕاستییەی کە بەریتانیا سەرچاوەی نەوتی نەبوو وای کرد کە [بریاری] گوازتنەوەکە [بۆ بەکارهێنانی نەوت لە جیاتی خەڵووز] بە ئازارتر بێت. [دواتر] بەریتانیا زۆربەی پشکەکانی کۆمپانیای ئەنگلۆ-ئێرانی کڕی و لێرەوە: سەدەی نەوتە سیاسەت [پێترۆ=پۆلیتیکس] دەستی پێکرد]

Despite the many advantages that oil held over coal for naval ships (cleaner, easier to refuel, more powerful etc), the fact that Britain did not own a supply of oil made the decision to switch painful,” he explains. Britain bought a majority share of the Anglo-Iranian oil company, and the age of ‘petro-politics’ began.”www.greeleytribune.com

ئەم سەدەی نەوتە-سیاسەتە پێش جەنگی جیهانیی یەکەم دەستیپێکرد. بە ماوەیەکی زۆر بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم مەترسی جیۆپۆلیتیکی، بڕیاردانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، و زامنکردنی ئەمنیی وزەیی، پرۆسەی گوازتنەوەی لە بەکارهێنانی خەلووزەوە بۆ نەوت خێرا کرد. ئەمریکا، ئەڵمانیا، و بەریتانیا هەوڵیان دا کە بۆ ئوستۆڵی هێزی دەریایی یان نەوت بەکاربێنن بۆ ئەوەی قازانجی سەردەستیی سەربازییان لە دەریاکاندا بداتێ. ئەمەش بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کێشەیەکی تری ستراتیجی سەربازیی و جیۆپۆلیتیکی دروستکرد، کە کیشەی: ئەمنی وزەیی، واتە بەردەوامی هەبوون و هێنانی نەوت بوو لەلایەکەوە و مونافەسە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە و بازاڕ و ڕێگاکانی گواستنەوەی نەوت بوو.
گواستنەوە لە خەڵووزەوە بۆ نەوت بۆ بەکارخستنی کەشتییە جەنگییەکان، بانگەوازی بەهێزی سەرەتاکانی ئەم نەوتسیاسەتە بوو. ئەمە چیرۆكێکە کە کاریگەریی چارەنووسسازی لە سەر چارەنووسی دنیا و خاک و خەلکی ئێمەش هەبووە و پێویستە بیزانین.

( 2 )
پرۆسە و دیمەنە گەورەکە
وەک لە بەشی یەکەمی ئەم وتارانەدا وتم: ناشێ هیچ شتێ تێبگەین گەر وەک پرۆسە [سەرەتاکان و ڕیبازەکانی ] و وەک [دیمەنە گەورەکە ] کارکردن و کارلێککردنی لە ئاستی جۆگرافیا و جیۆپۆلیتیکی جیهانییدا، تێنەگەین. هەرچەندم کرد لام زەحمەت بوو ئەم دەورە تازە و پێناسە تازەی نەوت وەک: [ نەوتەسیاسەت ] تێبگەم گەر پێشینە و پرۆسەی نەوت خۆی وەک نەوت تێنەگەم. چۆن و بۆچی نەوت کە هەزاران ساڵ لە ژیر زەویدا پەنهان یان دیار مابۆوە، لەو سەدەیەدا بوو بە سەرداری هەموو ماددەکان و ‌هێزەکانی جیهان؟
بۆیە ناچار گەڕامەوە بۆ سەرەتاکان، بەڵکو سەرەتای سەرەتاکان. ئەمە پوختەیەکە لە حیکایەتی نەوت کە بە بێ زانینی، ناتوانین دەوری دروستکەری نەوت چ لە سنعەت و سیاسەتدا، چ لە بازاڕەکانی ئاشتیی و مەیدانەکانی جەنگدا و چ لە پالاوگە دیارەکانی ڕۆژی رووناک و، پیلانسازییە نهێنییەکانی ژوورە تاریکەکان، هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تا ئەمڕۆ تێبگەین. لە ناو دیمەنە گەورەکەشدا ئەمانە هەموو پێکەوە کار دەکەن.
سەدەی بیست سەدەی بە نەوتسەدەییکراو بوو، سەدەی بیست و یەکەمیش لەگەڵ دۆزینەوەی بەردەوامی سەرچاوەی تازەی وزەشدا، یۆرانیۆم، با، خۆر، ئاو، هەر بە سەدەی بە نەوت-دروستکراو دەمێنێتەوە لە هەردوو مەیدانی سنعەت و سیاسەتدا.
تەنیا دوو هۆی سەرەکیی:
1- شۆڕشی پێشەسازیی نوێی چین و دروستکردنەوەی دنیای بازرگانیی کۆنە ڕێگاکانی حەری ر[ دەستپێخەریی کەمەربەند و ڕێگای چینیی] بە عەقل و سەرمایە و وەبەرهێنان و دامەزراندنی سنعەتسازیی و پرۆژەسازیی و سەربازیی چین، وا دەکات، گەر نەبێتە هۆکاری جەنگ یان بەربەرەکانییەکی جیهانی ڕووخێنەری ئەنجامنەزانراو، هەڵقولان و هەناردە و هاوردەکردنی نەوت هێشتا دەوری سەرداریی لە دروستکردنی دنیای سەدەکەدا هەبێت.www.theguardian.com
2- دۆزینەوەی بەردەوامی سەرچاوەی نوێی پێشبینیکراو و پێشبینینەکراوی وزە [ نەوت و گاز] بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیی دۆزیارییەوە بە تایبەتی لە دەریاکان و قوتبە-سەهۆل- تواوەکاندا. قوتبی سەروو، کە روسیا و چین دەیانەوێ پێکەوە وەبەیربێنن بۆتە جێگەی نیگەرانیی و مەراقێکی ستراتیجیی بۆ ئەمریکا. هەروەها دەریای سپیی ڕۆژهەلاتی ناوەراست هەر لە ئێستاوە بۆتە مەیدانی بەربەرەکانی ناوچەیی و ئەگەری گەورەی جەنگی ڕووخێنەر بە تایبەتی لە نیوان تورکیا لە لایەکەوە و، یۆنان و میسردا و پێوەچوونی بۆ گەلانی تر. هەر لە ئێستاوە هەڕەشە و گوڕەشە دەگۆڕنەوە. میسر لە ماوەی چەند ساڵیکدا دەبێتە هێزێکی وزەیی و سەربازیی گەورە کە لە ئاستی جیهانییدا حیسابی زیاتری بۆ بکرێت. تورکیا لە تەنگژەی وزەیی و سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییدایە و پاشەرۆژی ڕوون نییە. ئێرانیش ئەنجامی زۆرانبازییەکەی لەگەڵ ئەمریکادا چارەنووسی خۆی و زۆر لە گەلانی جووت- پاشکۆی رۆژهەلاتی نێوەند لەوانە عێراق و دەولەتانی خەلیج، دیاری دەکات.
بەلام تا حیکایەتی نەوت لە سەرەتاکانیەوە نەزانین، ئەستەمە بە تەواوی بزانین لە کوێ وەستاوین و دنیاکەمان چۆن دروستبووە و دروستدەکرێتەوە.

( 3 )
نەوت، خاک، زەمین
باشترە کەمێک لە حیکایەتەکە بزانین: حیکایەتی نەوت
نەوت وەک هەر کەرەسە خاوەکانی تر، رەنگە لەو کاتەوە زەمین هەیە، لە بنخاکی زەمیندا هەبوو بێت. بەلام وەک زێر، ئاسن و کانزاکانی تر تەنیا ئەو کاتە نرخیان دەبێ کە کەسێ نرخیان بزانێ، بیانناسێ، بۆ مەبەستی سوودوەرگرتن لێیان بە دوایاندا بگەرێ و ئەو عەقل و ئامراز و میکانیزم و قودرەتە سنعەتییەشی هەبێت یان دروست بکات کە نەوتەکە بدۆزێتەوە، دەریبێنێت، بیپاڵێوێت، بیگوازێتەوە، لە بازاردا بیفرۆشێت یان بۆ مەبەستی خۆی بەکاریبێنێت. گەر ئەمریکییەکان لە 1937 دا نەوتی سەعودیەیان بۆ خاتری خۆیان یەکەمجار، نە دۆزیبایەوە و قودرەتی سنعەتی مەزنی خۆیان بۆ دەرهێنان و بەکارهێنانی بەکار نەهێنابایە، سەعودیەی ئیستا زۆر لە سەعودیەی خێڵەکی رووت و قووتی پێش 1937 باشتر نەدەبوو. گەلی بیدائی نەزان و حۆل چ لە سەر خاکی بنپڕ لە کانی زێر یان دەریای نەوتدا، بژیات، هەر وەک زیندەیەکی غەریزەیی سروشتی و ژیانی سروشتکرد لە چۆڵییدا بە حۆلیی دەمێنێتەوە.
واتە هەر لە سەرەتاوە نەوت وەک هەر شتێکی تر کەوتە بەر یاسای عەقل، داهێنان، پێشکەوتنی سنعەتسازیی، پێویستی بازاڕ، دەسەلات و داخوازیی، هەبوون و خواستن. بەرهەمهێنان و بەکارهێنان. خولیای بەدواداگەڕان و بەکارخستن و فرۆشتن.

( 4 )
كێ یەکەمجار نەوتی دۆزیەوە؟
بێگومان نەوت خۆی لە خۆیدا نرخی نییە، دەبێ ئەو بەکاربردنە مرۆیی و کۆمەلایی و مەکینە و بابەتە پیشەسازییە دروست بن کە کەڵک لە توانستی نەوت وەک وزەی سووتەمەنی وەر دەگرن. بوونی وزە و پێشکەوتنی ژیانی شارستانی مرۆیی پێکەوە دەڕۆن.
لە سەردەمە کۆنەکانەوە نەوت ناسراوە و بۆ دەرمان و قیڕی سواغکردن و بینسازیی و تەنانەت ڕووناککردنەوەش کەلكی لێوەرگیراوە، هیرۆدۆتس باس دەکات کە بابلییەکان نەوتیان بۆ سواغدانی درز و دیواری بەلەمەکانیان بۆ ئەوەی ئاویان تێنەچێت، و هەوەها وەک نێوخشتی پڕکردنەوە لە بیناسازییدا بەکاریان هیناوە. فیرعەونییەکانی میسر لەمانەش زیاتر بۆ دروستکردنی مۆمیا و پاراستنی لاشەی مردووەکانیان بەکاریانهێناوە. چینییەکانیش 600 ساڵ پێش زایین نەوتیان دۆزیوەتەوە و بە بۆڕی لە بامبوو دروستکراو گوازتوویانەتەوە. بەلام دەبوو مرۆڤایەتی تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە چاوەڕیبکات تا ئەو عەقل و ئیرادە و سنعەتە لە جیهانی سنعەتسازیی رۆژاوادا دەردەکەوێت کە بە دوای نەوتدا بۆ خولیا و ئامانج و دنیایەکی نوێدا دەگەڕێت.
[ ئەگەرچی لە سەردەمی نودا یەکەم دۆزینەوەو بەکارهێنانی نەوت لە ئیمپراتۆریەتی ڕوسیادا بوو، یەکەم بیری نەوت لە دوورگەی ئابشیرۆن نزیک باکۆ لە سالی 1946 دا لێدرا، بەلام ئەوە کۆمپانیا نەوتییە رۆژاواییەکان بوون کە بەدوای نەوت و قازانجەکانیدا دەگەڕان. نەوتی روسیا مونافەسەی کۆمپانیا هەرە دەسەلاتدار و بەهێزەکانی رۆژاوایان ڕاکێشا و تا سەرەتاکانی سەدەی بیست نەوتی ڕوسیی کە %30 بەرهەمی نەوتی هەموو جیهانی پێکدێنا، بوو بە فاکتەریکی گرنگی دیاریکەری سیاسەت و چارەنووسیی ڕوسیای قەیسەریی. ئەمە لە بەشێکی دواتردا باس دەکەم].www.rbth.com

( 5 )
چۆن نەوت دەبێ بە نەوت؟!
بۆ ئەوەی نەوت ببێ بە نەوت، واتە ئەو کەرەسە خاوە ستراتیجییە هەرە چارەنووسساز و فرەکار و کاریگەرە لە ژیانی دەسەلات و شارستانێتی هەموو گەل و کۆمەل و مرۆڤێکدا سێ شت دەبوو بەدیبێن:
1- ناسینی ماددەی نەوت و ئاسانبوونی ئامراز و پرۆسەی دەرهێنانی
2- گرنگبوونی مەبەستی بەکارهێنانی؟ نەوت بۆچی؟ مرۆڤایەتی نەوتی بۆچییە؟
3- ئاسانبوونی تەکنیکی دۆزینەوە و گوازتنەوەی بە چەندێتییەکی فراوان
گەر ئەم سێ لایەنە بەدینەهاتبنایە، و نەوت نەبووبایە بە وزەی سەرەکی بۆ کارەبا، سەیارە، کەشتی، تەیارە، دەبابە، و بەگەڕخەر و ماددەی هەموو کارخانەو پێشەسازییەکان، و دۆزینەوە و دەرهێنان و گوازتنەوەی و کڕینوفڕٶشی ئاسان نەبایە، ئەوا بەریتانیا نەدەهات نەخشەی رۆژهەلاتی ناوەراست پێش سایکسپیکۆ و دوای سایکسپیکۆ بگۆرێت و ئەوا ئەمریکییەکان نەدەهاتن لە ساڵی  1938 دا نەوتی سەعودیە بدۆزنەوە رەنگە ئالی سەعودیش هەر لەگەڵ حوشتر و حەج و عەمرەکانیان ژیانیان بەسەربردبا. بەڵام ئەم سێ لایەن و مەرجەی بوونی نەوت بە سەردار و سەرکاری ماددەی سروشت و پاڵنەر و هێڵەرەوەی شارستانی نوێی مرۆڤ، لە سەرەتادا بە پلان و پێشنەخشە و هاوکاریی نەبووە. هەر کەسە لە شوێنێکدا بە دوای شتێکدا گەڕاوە و بە ڕێکەوت پێیگەیشتووە یان بە شتێکی تر گەیشتووە، بەڵام ئەوەی لای هەموویان هاوبەشە: ئەوەی کە بە ئاشکرا لە رۆژاوا بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا لە سەدەی نۆزدەدا خۆی نواندووە، و لە ولاتانی تر بە تایبەتی لە رۆژهەلاتی دەولەتی نەخۆشی عوسمانی و ستەمگەری سەفەوییدا ونبوو، ئەوەیە کە پێی دەوترێ: ڕۆحی کاسبسازیی یان کارسازیی/ ئینتەرپرایز واتە زانستخوازیی و هەمیشە گەڕان بۆ دۆزینەوەی شتی نوێ و باشتر بۆ باشترکردنی ژیان و دەستخستنی سوودی ماددی لە سروشت و سنعەتسازییدا.
ئەمەش سەرەتا زیاتر لە ئاستی تاکەکەسان کاری کردووە، بەلام کۆمەلی ڕۆژاوایی بە گشتیی کۆمەڵی نوێخواز و زانستخوازبووە و پشتگیری بەهرە و دەستپێشخەرییە تاکەکان بووە بە هەموو جۆرێک نەک کۆسپبۆدانانیان بە هەر بیانوویەک بێت. ئەمە بە تایبەتی لە دەولەتانی پیشەسازی ئەوروپیی و دەولەتی خێرا پێشکەوتووی ئەمریکادا وەک پرۆسەیەکی بەردەوام لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە، لە کاردابوو.

( 6 )
خولیای ژێرخاک
دەشێ بڵێین لەوەتی مرۆڤ هەیە بۆ هەر مەبەستێک بووبێت خاکی هەڵکۆڵیوە هەر نەبێ بۆ گٶڕهەڵکەندن بۆ خۆی. لە پەنجە و نینۆکی دەستەوە بۆ دار و کۆڵەکە و سنگ و بۆ پاچ و بێل و خاکەناز و قوڵنگ. کە ئێمەی رۆژهەلاتی لێرە دەوەستین و بە زەحمەت ناومان بۆ ئەو ئامراز و میکانیزمە نوێیانە هەیە کە رۆژاوا بۆ بنکۆلکردنی قووڵتر و قووڵتر و ئاسانتر و ئاسانتر و فراوانتر و فراوانتر، بەکاری هێناون و ناوەکانیان لای ئێمە هەتا لە زمانی عەرەبیشدا نییە و تەرجەمەکردنیان ئاسان نییە و بۆ هەزاران داهێنانی زانستیی و سنعەتسازیی و پزیشکیی و تەکنۆلۆجی هەر ناوە ئینگلیزییەکان وەردەگیرێن. لە بەرئەوە بەداخەوە وەسفکرنی وردەکارییەکانی پێشکەوتنی هەنگاو بە هەنگاوی ئامرازەکان و پرۆسەکانی دەرهێنانی نەوت بە زمانی کوردیی بە بێ بەکارهێنانی ناوی ئەسلی ئەو مەکینەسازیی و کەرەسە و تەکنیک و تکنۆلۆجییانەی کە بەرهەمی عەقڵ و هەوڵی ڕۆژاوایین، بەرتوانست (مومکین) نابێت و ناوەکانیش کە ئەزموون و پرۆسە فێرکارییەکەیان لەگەڵ نەبێت هەر وەک جەستەئاسنی غەریبی بێگیان دەمێننەوە!
بۆ چەندین سەدە هەڵکۆڵین بە دەست و بە پاچ ڕیگایەک بووە بە گەیشتن بەنهێنییەکانی بن زەوی. (جێگەی سەرنجە لە زمانی کوردییدا [ هەڵکەنین و هەڵکۆڵین و هەڵقوڵین] ئەوەندە لە یەکەوە نزیکن.).
لە زۆر ولاتاندا زەویهەلکۆڵێن بۆ ئاو هەبووە کە بە ڕێکەوت گەیشتوون بە نەوت ئەم ماددە خەستو لینجەیان بینیوە بۆ دەرمان بە کاریان هێناوە و گەر بە گازیش گەیشتوون و گڕ بەرزبۆتەوە تەنیا بۆتە کەرەسەی ئەفسانە و عاجباتیی و فۆلکلۆر.
ئەرستۆ وەک ڕێگایەک بۆ پێناسەی شت هاو-واتایی لە نێوان شت و ئەرکەکەی دەکات. واتە پێناسەی شت ئەرک و ئامانجەکەیەتی. تۆ بەو ئەرکانەی بە سروشتی بۆی بەکاردێن، دەتوانی پێناسەی هەر بوویەک بکەیت. دڵ، بۆ نموونە، ئەو ئەندامەیە لە لەشدا کە لێدەدا و سووڕی خوێن بۆ هەموو ئەندامێکی لەش دەنێرێ. ئەوسا ڕەنگە پێناسەی نەوت و گاز، لەو چوارچێوە فۆلکلۆرییە تێنەپەرینایە.
تەکنۆلۆجی هەلکۆلینی بیر بۆ ئاو بە بەکارهێنانی [سپرینگ پۆل/ قطب الزنبرك] واتە بەستنەوەی دارێکی خوار بە ستوونەوە بۆ کونکردنی بنگە و دیوارەکانی بیرەکە بە نیازی دۆزینەوەی کونێک کە ئاوی لێهەڵبقوڵێت، پێشکەوتنی بەدەستهێنا.

( 7 )
لە خوێ وە بۆ نەوت:
لە سەرەتای سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، تەکنیکەکانی هەڵکەندن لە ئەمریکا پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا. لای کۆلۆنیالیستەکان خوێ ماددەیەکی پێویست بوو بۆ پاراستن و هەڵگرتنی خۆراک و، بەدوای خوێئاودا گەڕان و دەرهێنانی خوێ لە خوێواو پرۆسەیەکی ئاسان و پیشەیەکی قازانجهێنەر بوو.
لە ساڵی 1802 دا لەو ناوچەیەی ئێستا بە ڕۆژاوای ڤێرجینیا دەزانرێت، دوو برای خوێهەڵکەنی شارەزا، دەیڤید و جۆزیڤ ڕەفینەر، هەژدە مانگی ڕەبەق خەریکی هەڵکەندنی شاخە خوێیەک بە قووڵایی 40 تا 58 پێ بوون بە بەکارهێنانی ئامراز و و ئەسبابی هەلکۆڵینی نوێ. ئەوان یەکەم کەس بوون کە لەجیاتی هەڵکەندن – دیگینگ] بە تەواویی [هەڵکۆڵێن- دریلینگ] یان بەکارهێنا. سەرکەوتنیان لەم کارسازییە ڕیچکەشکێنەدا بووە هۆی ئەوەی ناوچەی [دۆڵی رووباری کاناوا] ببێت بە نێوەندی/ سەنتەری دروستکردن و دابەشکردنی خوێ.  بەڵام سەرکەوتن و گرنگیی مێژوویی کارەکەی ئەوان لە بەدیهێنانی ئامانجەکەیان و قازانجەکەیدا نەبوو. بەڵکو [ لە پەڕەپیدانی ئامرازەکان و پراکتیسەکانی بیر هەڵکۆلین بوو، کە هەر نزیکەی دەستبەجێ بوونە ئامراز و ئەسبابی ستاندارد کە لەلایەن زۆر لە بیرهەڵکەن و خوێسازان بەکاردەهێنران.]

The well’s historic significance rests on the “development of well drilling tools and practices, which became almost immediately standard equipment used by many other well drillers in the new salt industry” aoghs.org/

زۆربەی پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی ئاوا بوون. کەسانێکی خاوەن خەونی گەورە، خەیاڵی بالافڕ و تەمای مەزن و ئیرادەی بە‌هێز دەکەونە سەر خولیای خەبات بۆ دۆزینەوەی باشتر و کاریگەرتر و قازانجدەرتر و کۆڵ نادەن تا بە ئامانج نەگەن، و داهێنان و دەسکەوتەکەی بە زوویی دەبێتە مڵکی هەموو کۆمەلەکەی و ئەوسا هەموو مرۆڤایەتی. میژووی شارستانێتیی نوێی مرۆڤ لەم بازدانە داهێنەرانەی تاکە کەسان پێکهاتووە.
دیارە ڕەنجدان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و بازاڕ و بازرگانیش دەوری مێژوویی گەورەی خۆی هەیە. کۆلۆنیالیستە جێنشینەکان کە ژمارەیان تا دەهات زیاد دەبوو پێویستی زۆریان بە خوێ هەبوو، ئەمەش، کڕیار-بازاڕ، پاڵنەرێكی ئابووریی بوو بۆ پێشکەوتنی پیشەسازییەکە.

( 8 )
ئەو کاتەی بۆنی نەوت خەبەرێکی ناخۆش بوو!
بەلام ئەوەی بە بەدبەختی دادەنرا ئەوە بوو کە هەندێ جار بیرەخوێیەکی دەوڵەمەند لەگەڵ بۆنی ناخۆش و رەنگی ناشیرینی [نەوت] تێکەڵ دەبوو! ئەو بۆنە خەبەرێکی ناخۆش بوو بۆ خوێخوازان. بەلام هیچ گرفتێک نییە تەکنۆلۆجی چارەسەری نەکا و ئەوەی بە زیان دادەنرێت نەیکات بە قازانج.
بە بەکارهێنانی کەیبڵ و هێنانەناوەوەی موعجیزەی [ وزە و هێزی هەڵمیی] و [ئەندازەکاریی میکانیکی]، تەکنۆلۆجی بیراندن و هەڵکۆلێن پێشکەوتنیکی بازدانیی بەدەستهێنا. بیرەکان دەکرا باشتر و خێراتر و قووڵتر هەڵبکەنرێن. شانبەشانی ئەمەش تەکنۆلۆجی جیاکردنەوەی ئاو و نەوت و وردەبەرد لە خوێکان پێشکەوت. هیشتا بۆ ئەوانەی بە دوای ئاوی سازگار و خوێی خاوێندا دەگەران نەوت زێدە تێکەڵییەکی نەخوازراو بوو.
بەلام کارسازە قازانجخوازەکانی وەک برایانی ڕەفنەر و ساموێل کیری پێنیسلڤانیا، ڕێگایان دۆزیەوە قازانج لەم نەوتە بکەن. پێشتر زانرابوو نەوت بۆ مەڵحەم و دەرمان و چەورکردن و سواغدان و تەنانەت وەک ماددەیەکی بۆگەنی بێزارکەر بۆ رووناککردنەوەش لەلایەن هیندە ئەمریکییەکانەوە بەکاردەهێنرا. هیندەکان بە بەتانی لە سەرچاوەی سەرزەوییەوە خڕیان دەکردەوە ئەوسا بەتانییەکەیان بۆ چۆڕاندنەوەی نەوتەکە دەگوشیی.
برایانی رەفنەر نەوتەکەیان لە بازار بەو بازرگان و پیشەسازانە دەفرۆشت کە نەوتیان بۆ دروستکردنی مەڵحەمی نوێی پاتێنتکراو [ واتە تۆمار کراو وەک داهێنانی تایبەتی نوێی خۆیان] و بەرهەمی چەورکردن دەویست.
دەیەیەک بەر لەوەی پیشەسازیی پیترۆل/ نەوت [ بە شێوەی نوێ] لە دایک بێت، ساموێل کییر لە پێنسلڤانیا، بوتڵێک نەوتی نیو-پاینتی [نەوتی شاخەبەرد] ی بنسلڤانیای بە 50 سنت [نیو دۆلار] دەفرۆشت و واگۆی ئەوەی دەکرد کە [ سوودی پزیشکیی/ تەندروستیی عەجایەبی ] هەیە!
A decade before the birth of the petroleum industry, Samuel Kier of Pittsburgh, Pennsylvania, sold 50-cent, half-pint bottles of Pennsylvania “Rock Oil” proclaiming its “Wonderful Medical Virtues
پەنجا سنت بۆ نیو پاینت نەوتی خاو! بەڕاستی پارەیەکی زۆر زۆرە تەنانەت بە حیسابی ئێستاش! بەلام بۆ؟
1- نەوت هێشتا ماددەیەکی زۆر زۆر دەگمەن بوو
2- بازاری واتە کڕیاری هەبوو کە کاسبییسازی نوێخوازی تر بۆ دروستکردنی مەڵحەمی نوێ بۆ بەکاربردنی پزیشکی دەیان کڕی و، بەرهەمەکانی خۆیان، کە ئەوانیش دەگمەن بوون، بە نرخێکی زۆر دەفرۆشت.
3- سامیۆل کییر نەوتەکە هی خۆی بوو، مۆنۆپۆلی هەبوو
4- تەکنۆلۆجی بڕیاردەری یەکلاییکەرەوە بوو، ئەوەی هیندەکان نەیانتوانیبوو بیکەن و برایانی ڕەفنەر و ساموێل کییری کردیان، بەکاربردنی عەقڵی داهێنەر و داهێنانی تەکنۆلۆجی بوو.
بەمجۆرە دروستبوونی پرۆسەیەکی سەودای سەرمایەداری خۆکرد دەبوو بە میکانیزمی بەردەوامکردن و پێشخستن و جاکترکردنی پیشەسازییە سەرەتاییەکان.

( 9 )
چاوەڕێی نەوت بۆ دەوری مێژوویی خۆی
هێشتا دەر‌هێنانی نەوت پێویستی بە ئامراز و میکانیزمی نوێتر و چاکتری بیراندن و دۆزینەوە و هەڵکەندن بوو. هەروەها هێشتا ناسین و نرخزانینی زیاتری نەوت دەبوو چاوەڕێکا کەسانێکی تری خاوەن خەیال و خەونی گەورە لە شوێنێکی تر لەو جیهانەی ئەوسادا بەکاربردنێکی نوێی باشتر و بەربڵاوتری بۆ بدۆزنەوە.

 

( 10 )
یەکەم بازی مێژوویی: نەوت دنیا رووناک دەکاتەوە!
زۆری پێنەچوو ئەوەش بەدیهات. گرنگ ئەوەیە مێشکەکان ئیش بکەن، عەقڵەکان لە کاردا بن، کۆمەڵەکان بۆ باشتر و چاکتر هانی تاکەکانیان بدەن. تاکەکان خاوەن هیوا و زانست و ئیرادەی پێشکەوتن و سەرکەوتن بن.
هەموو دا‌هێنانە مەزن و ئاڵۆزەکان لە سەرەتا سادەکانەوە دەستپێدەکەن.
گومانی نییە هەر لە سەرەتاکانی ژیانەوە مرۆیەکان بە ئاوابوونی خۆر و داهاتنی تاریکەشەو کە وەک کورد دەڵێ چاو چاو نابینێت، دڵگران و ڕۆحترساو بوون. هەول بۆ درێژکردنەوەی ڕووناکی ڕۆژ تا ئەستوورایی نووتەکی شەو ببڕێت، خەون و خەیال و خەباتێکی بەردەوامی مرۆڤەکان بووە.
ئەمریکییەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە چەندین پیشەسازییان داهێنا.
[[ بۆ درێژکردنەوەی ڕۆژ بۆ ناو شەو، پیشەسازی تێروتەسەل لەدایک بوون. لەوانە ڕاوەحووت. ڕۆنی حوت دەتوانرا لە ناو چرای/ لامپای ڕۆژانەدا بسووتێنرێت.. تا کار بە ساڵی  1846 گەیشت ئەستۆلێک لە 700 کەشتی بۆ ئەم پاداشە مەزنە سەر دەریا کەوتن. بەلام کرێکاران هەموو ڕۆژ رەنجیان دەدا و پارەی یەک تاکە پاینتی ڕۆنی حوتیان دەستنەدەکەوت. بە ڕەواجترین ڕۆنی رووناکییبەخش [ کامفین] بوو، کە تیکەڵییەکی بزێوی تۆرپێنتاین و ئەلکوهول بوو. لە ڕۆنی حوت هەرزانتر بوو، بەلام زۆر جار دەبووە هۆی ئاگرکەوتنەوەی کوشندە.. لە بەرئەوە بۆ زۆر کەس کە ڕۆژ ئاوا دەبوو، بە ناچاریی کۆتایی خۆر و هاتنی تاریکەشەو بوو. ]]

]] To extend day into the night, entire industries were born, including whaling. Whale oil could be burned in everyday lamps, and by 1846 a fleet of more than 700 ships sailed in search of this bounty. But men could work all day and not earn enough for a single pint of whale oil. The most popular illuminant was camphene, a highly volatile mixture of turpentine and alcohol. It was  https://aoghs.org/petroleum-pioneers/american-oil-history/ cheaper than whale oil, but often started deadly fires. For most people, when the sun went down, the day was done.[[

بەلام پێشکەوتن کە بوو بە پرۆسە و نەریت و پراکتیس و وخولیای مێشکەکان و کۆمەڵە عەقڵکارەکان، ناوەستێت، کۆتایی نایەت. مەحاڵ نازانێت. وەستان لە هەر قاڵدرمەیەکدا دابەزین نییە بەڵکو دەبێتە پێپیلکە بۆ قاتێکی بەرزتر. دروستبوونی گرفت، کێشە، نائاسوودەیی تەنیا دەبێت بە بەهانەیەک بۆ بەکارکەوتنی زیاتری عەقڵ، خەیاڵ، تاقیکردنەوە و تێکۆشان بۆ چارەسەرکردنی.
[[ لە سەرەتای 1850 کاندا کیمیاکارێکی کەنەدیی سووتەمەنییەکی نوێی شۆڕشگێرانەی بۆ لامپا دۆزیەوە. ئەبراهام گێسنەر پاتێنتەکەی [ تۆماری داهێنانە کەی] ئاوا پێشکەس کرد:
[ من ماددەیەکی دروستکراو یان پێکهێنراوی نوێم دۆزیوەتەوە و داهێناوە کە شلەیەکی هایدرۆکاربۆنی نوێیە.]]
گێسنەر پاتێنتی [باشترکردنی شلەی-سووتاوی کیرۆسین] ی کرد، چونکە سوودیی کیرۆسینی وەک سووتەمەنییەکی خاوێنتر لە لامپایەکاندا لە ڕۆنی حوت و بۆ جێگرتنەوەی، دەزانی. چونکە ئەم شلە تازە سووکە لە خەلووز دەر‌هێنرا بوو، خەڵک بە ڕۆنی خەڵووز ناویان برد هەر وەک چۆن پێشیان دەوت کیرۆسین.]]aoghs.org

 

( 11 )

ڕێکەوتێکی تر – نەوت دەرمانی هەموو دەردان
ئەم دا‌‌هێنانە شۆڕشگێڕییەی کەنەدییەکە بە دروستکردنی ڕۆنی خەلووز یان کیرۆسین، زۆری پێنەچوو کارپێگرێک/ مونافیسێکی لێپەیدا بوو، کە پەیتینتێکی بۆ دروستکردنی دەرمان لە نەوت بەدەستهێنابوو. خانمی ساموێل کییری پێنسیلڤانیا تووشی نەخۆشی سیل بوو بوو، کە لە سەدەی نۆزدەدا دەردێکی کوشندە بوو، ملیۆنەهای کوشتبوو. مێردەکەی ساموێل کییر زەیتێکی شەعبی ناسراو بە زەیتی ئەمریکی کە بۆ چاککردنەوەی هەر هەموو نەخۆشییەک بەکاردەهێنرا و کە بوتڵی بە 50 سنت دەفرۆشرا، لە جەستەی ژنەکەی ڕشاند. کاتێ ژنەکەی خەریکی چاکبوونەوە بوو، کییر سەرنجی دا ئەو زەیتە هەر ئەو ماددە ڕەشە بۆنناخۆشەیە کە لە بیرەخوێکانی پینیسیلڤانیادا دا تەنگی پێهەڵچنیبوو. وەک کاسبسازیکی داهێنەر کاتی بە فێڕۆ نەدا، دەسبتەجێ دەستی کرد بە هەڵێنجانی نەوتە ڕەشەکە لە بیرەکانی و پڕکردنی بوتڵەکانی خۆی لە [ دەرمانی هەموو ژان و دەردان]، ئەوسا کاسبکارییەکی پالاوتنی دەستپێکرد و نەوتە پالاوتەکەی بە ناوی [پێرۆلیۆمی ئەسڵی کییر] یان زەیتی شاخەبەرد، چارەسەریی سروشتی، دەفرۆشت. ئەم زەیتەی لە بیری 400 پێ قوول دەردەهێناو توانستی چاککردنەوە سەرسامکەری هەیبوو.

 

( 12 )
یەکەم کۆمپانیای نەوت
کاتێ زانجاڕیی [ئیعلانات] بۆ فرۆشتنی زەیتەکە بە هەموو لایەکدا بلاو بۆوە و رەواجی تا دەهات زیاتر دەبوو، هەندێ کاسبسازی تر بیریان کردەوە هەر ئەو ئامراز و سیستمی کۆلێن و بەرزکردنەوە پالاوتنی کییر بۆ بیرەخوێی بەکاری دینێت یەکسەر بۆ دەرهێنانی نەوت لە بیرە نەوت بەکاری بێنن. پارێزەرێکی نیویۆرکی کە بە شوێنەخاکێکی لە تیتۆسڤیل دەزانی کە نەوت لێیەوە بڵقی دەدا، هەستی کرد دەرفەتێکی گەورەی بۆ سامانێکی بێ ئەندازە بۆ خولقاوە. ئەو پاریزەرە ناوی جۆرج بیسیل بوو. خێرا کۆمپانیایەکی بە ناوی [کۆمپانیای نەوتی شاخەبەردی پێنسیلڤانیا] دروست کرد و پرۆفیسۆرێکی زانکۆی یالە ی بە کڕێگرت کە لێکۆلێنەوە و شیکارییەکی نەوتی تیتۆسڤیلی بۆ ئامادە بکات. ئەنجامی کارەکەی پرۆفیسۆرەکە زۆر ئیجابیی و هاندەر بوو. ئەمەش هانی سەرمایەدار وەبەرهێنەرانی دا بەشداری لە پرۆژەکەدا بکەن.
کۆمپانیای نەوتی شاخەبەردی پێنسیلڤانیای نیویۆرک بە یەکەم کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی دادەنرێت، ماوەیەکی کەم دوای ئەو کۆمپانیای نەوتی سینیکا و نوی هەیڤن – کۆنێکتیکەت دورست کرا، وەبەرهێنەران، بە دوای زۆرترین قازانج و کەمترین باج بۆ ئەم کاسبسازییە نوێیەیان عەوداڵ بوون.

The Pennsylvania Rock Oil Company of New York (considered the first American oil company) was soon followed by the Seneca Oil Company of New Haven, Connecticut, as the investors maneuvered for maximum business and tax advantage.

ئەو تەحەددا تەکنۆلۆجییە مەزنەی بەربینگی بەو کۆمپانیایانە گرت ئەوە بوو: چۆن نەوت لە قوولایی زەویدا دەربێنن و خەزنی کەن و بیپالێون و بیگوێزنەوە و بیفرۆشن. ئەمەش چیرۆکێکی تری جەنگی عەقل و ئیرادە و داهێنان و کۆلنەدانی مرۆڤە تا بە تەکنۆلۆجیا، هەموو مەحالێک بکاتە حالی حازر و کارسازیی بەردەستی مرۆڤ.

 

( 13 )
حیکایەتی درەیکە شێت و دەرهێنانی یەکەم چاڵەنەوتی ئەمریکیی
کۆمپانیای سێنیکا شەمەندەفەرەوانێکی پێشووی بە ناوی ئێدوین لۆرینتاین درەیک [ 1819- 1880] بە کرێگرت کە سەرپەرشتی نەوتکۆڵیی نەوتەلینی تیتۆسڤیل بکات. هەڵبژاردنی درەیک بۆ ئەم کارە بەرهەمی دوو ڕێکەوت بوو: درەیک و خاوەنی کۆمپانیای سێنیکا لە هەمان هوتێل دادەبەزین و یەکتریان ناسیی، دووەم وەک سەرکارێکی خاوەن خزمەتێکی زۆر لە شەمەندەفەردا ، دوای نەخٶشکەوتنی لە کارەکەی خانەنشیکرا و مافی سەفەرکردنی بەخۆڕایی بە شەمەندەفەر بە درێژایی ژیانی پێدرا. بۆیە دەیتوانی بە خۆڕایی لە نیوهاڤن ەوە بۆ چاڵەنەوتەکانی ناوچەی دوورەدەستی سەرووی ڕۆژاوای پێنیسیلڤانیان سەفەر بکات ئەمەش هۆکارێكی گرنگ بوو کە درەیک بۆ نەوتکۆلییەکە کارمەند بکرێت، سالی بە 1000 دۆلار ئەم کارەی وەرگرت. بۆ ئەوەی قورسایی کەسێتیی و کارەکەی زیاتر بکەن کرێکارەکانی بە [کۆلۆنێل درەیک ] بانگیان دەکرد. گەرچی مەکینەیەکی هەڵمی ‌هێز شەشئەسپی و بڵندپاڵی [رافعەی] بە کەیبلبەستراوی بەکاردێنا، نەوتکٶڵییەکە ماوەیەکی زۆر لەوەی چاوەڕێکرابوو زیاتری خایاند. رۆژی تەنیا دەیتوانی سێ مەتر شاخەبەردەکان بنکۆڵ بکات.
کە گەیشتە قوولایی پێنج مەتر لە هەردوو لاوە چاڵەکەی هەرەسی ‌هێنا. خەلک لێی خڕ دەبوونەوە و گالتەیان پیدەکرد. لە جیاتی جەنەراڵ درەیک پێیان دەوت: درەیکەشێت..
لە سالی  1859 دا وەبەرهێنەرەکان ، کە بە تەمای قازانجی خێرا بوون، دوای خەرجکردنی 2500 دۆلار بێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکی لێ ببیبن، وازیان هێنا و لە پرۆژەکە کشانەوە. هەموو بێهیوابوون درەیک خۆی نەبێت. 500 دۆلاری لە بانک قەرزکرد. بیری لە ڕێگایەکی تازە کردەوە. بۆ ئەوەی چاڵەکانی لە ڕووخان بپارێزێت. هات [بۆڕی داکوتان] – درایڤ پایپ – ی داهێنا، ئەسبابەکانی بنکۆڵیی بە ناو بۆڕییەکەدا دەخرانە خوار و هەڵم بە بۆڕیەکەدا دەکرا بۆ پاڵنانی بنکۆڵی بەردەکان.
لە27 ی ئابی 1859 دا ، دەمی بنکۆڵەکەی گەیشتە قووڵایی 21 مەتر. دەمی تیژەقوڵنگێکیان لە قڵیشەبەردێک چەقی بوو. کاری ئەو ڕۆژەیان کۆتایی پێهێنا و گەڕانەوە ماڵ.
بۆ سبەینی قوڵنگەوانەکەی درەیک کە ناوی بیلی سمیث بوو، هاتەوە سەر کارەکەی و خێرا چۆوە سەر چاڵەکەی دوێنێی. وای لەو سەرسامیی و خۆشییە! سەیری کرد نەوتی ڕەش قوڵپ قوڵپ هەڵدەقوڵێت و بۆتە گۆمیلە. بانگی درەیک یان کرد. نەوتەکەیان بە پەمپی دەستیی ڕادەکێشا و لە تەشتی حەمامدا کۆیاندەکردەوە!
ئەمە یەکەم چالەنەوتی ئەمریکابوو.. هیشتا خەلک ناویان نا: چالەنەوتی درەیکەشێت!

[[سەرچاوە لە سەر درەیک یەکجار زۆرن بەلام ئەو بابەتەی لەسەر ئەو لە ویکیپیدیدا نووسراوە زۆر تێروتەسەلەو پر لە سەرجاوەی باسەکەشە ئەم پوختەم لەوێ هەلێنجا:wikipedia.org

 

( 14 )
لەمەش چی تێدەگەین:
زانست: کۆمپانیاکە تا پرۆفیسۆرێکی جیۆلۆجی بەکرێنەگرت و بە لێکۆلێنەوەی زانستیی نەیسەلماند کە نەوتی تێدایە و پاشەڕۆژی دەسکەوتی بازرگانیی گەورەی هەیە، دەستیان بە کارەکە نەکرد.

عەقل و ئیرادەی ئینسان: گەرچی [ درەیک] بە رێکەوت ئەم کارەی گرتە ئەستۆی خۆی و نەخۆشیش بوو، ئیرادەی سەرکەوتنی بەهیزی هەبوو، باوەڕی بەخۆی بوو، لە کەسانی تر و ئەزموونی پێش خۆی [ هی دەرهێنانی خوێ] فیر بوو بوو.. وەک تیم کاری دەکرد.. ئەوەندە لەگەل کارەکەیدا نزیک و وەک ڕەنج و ڕۆح تێکەڵ بوو، کە زوو لە کۆسپەکان تێدەگەیشت و بیری بۆ چارەسەرییەکان دەچوو.
سسیتم: هێشتا گەر سیستمێک نەبووبایە بۆ پشتگیریی، بەکرێگرتن، وەبەرهێنان، قەرزی بانک ئەم هەوڵانەی درەیک سەریان نەدەگرت.
کەواتە هەم کۆمەل دەبێ ببیتە کۆمەلێک کە سسیتمی زانست و زانین و ئازادکردن و سەرمایەدارکردنی دەسپێشخەریی و کاسبسازیی و داهێنان کار بکات، هەم ئەو مرۆڤ و کادیرە خاوەن زانست و ئیرادانەش هەبن کە بۆ هەر ئامانجێک بێت کۆڵنەدەن ..
هەموو ئامانجە تاکەکەسییەکان کە بە ئاقاری کارو پرۆسەی پێشکەوتندا بێت، لە ئاخریدا بە قازانجی هەموو کۆمەل و تەنانەت مرۆڤایەتییش دەشكێنەوە.

 

( 15 )
رابردوو ڕابردوو نییە!
شتێكی تر زۆر گرنگە و ئەمەش تایبەتە بە کۆمەلانی زانستیخوازیی رۆژاوایی: ئەوان کۆمەڵی پاراستن وتەنانەت پەرستنی مێژووی خۆیانن. هەرچی لە کۆمەلەکەدا روو بدات، تۆمار دەکرێت، چاپ دەکرێت، بلاودەکرێتەوە، لە کتێبخانەکاندا دادەندرێت، لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا باس و لێکۆڵینەوەی لە سەر دەنووسرێت، لە قوتابخانەو زانکۆکاندا دەخوێندرێت، هەر هیچ شتێک، تەنانەت تاکە هەوڵێکی تاکەکەسیی، تاکە رووداوێک، چیرۆکێک بە خەسار ناچێت و دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی مێژووی کەڵەکەبوویی/تراکمی گەلەکەیان. ئێستا (درەیکەشێت) مۆزەخانەی هەیە، مالەکەی وەک خۆی پارێزراوە، بیرەکان خەلک سەردانیان دەکەن و جگە لەوە بۆتە فۆلکلۆر و چەندین چیرۆکی لەسەر نووسراو ەو فلیم و بەرنامەی تەلەڤزیۆنی لە سەر دروستکراوە. ئەمە تەنیا نموونەیەکی بچووکە لە هەزاران نموونەی ئاوا کە ڕۆژاوا چەند بە نرخزانیی و شانازیی و خەمخۆرییەوە میژووی خۆیان هەرچییەک بێت، دەپارێزن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت