لوقمان غەفوور: فوجەیرە ئەبێتە بەھانەیەکی باش.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک سەدام، وڵاتی کوەیتی لەساڵی 1990 داگیرکرد، ھیچ بەھانەیەک نەمابوو بۆ لێدانی عیراق. لەوکاتەدا ئەمریکا داوای لەسەدام دەکرد کە بکشێتەوە، بەھەمان شێوە ڕۆژانە پەیتا پەیتا ڕۆژنامەنووسی بیانی و دیپلۆماتی وڵاتان سەدامیان وەک پاڵەوان نیشان دەدات کە بەشێک لە وڵاتی ئیسرائیل و ھێزەکانی ئەمریکا لەکەنداو ئەسوتێنێت. سەدام ئەوکات بیری چووبۆوە کە ئەمریکا شارۆچکەی “فاو”ی بەچەکی لەیزەر بۆ گرتەوە، بەشێک لەسەربازە عیراقییەکان لە ناوەڕاستی ھەشتاو ھەشتدا ئیعترافیان کرد، کە کەس نەیزانی چۆن چونەتەوە فاو. کە گەیشتینە فاو جەستەی سەربازە ئیرانییەکان بووبوون بە خەڵوز.
ئێستاش ئێران ھەمان دەردی تووشبووە، جگە لە ئەمریکا، ھەریەک لە ئیسرائیل، بەریتانیا و فەرەنسا و سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بە ڕوونی دژی ئێرانن. ئێران وەک تەنێکی پەڕ و باڵکراو و نامۆی لێھاتووە لەناوچەکە. تەنانەت تا ئەو دۆخی جەنگی دەروونی و ئابوورییە درێژە بکێشێت، کێرڤی داتەپینی زیاتر لە وڵاتەکەیدا بەرزدەبێتەوە. مانەوەی دۆخی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ کەندا و جەنگی دەروونی لەگەڵ ئێران، ڕۆژ بەڕۆژ زیانی زیاتر ئەکات بەبەرۆکی ئێراندا. بەپێچەوانەوە لەھێرشکردنە سەر ئێراندا، ئەو وەک کەبشی فیدا و قوربانی خۆی دەبینێتەوە کە غەدری لێدەکرێت، بەڵام دۆخی ئێستا داڕزانی زیاتری ئابووری و گوشەگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت. چونکە دوور نییە ئیتر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەلەفی نوێ بۆ ئێران نەکەنەوە.
رووداوە نوێیەکەی ئەم دواییەی فوجەیرە کە چوار گەشتی بارھەڵگری نەوت کە دوانیان سعودین و دوانەکەی تر ئیماراتین، تووشی کاری تێکدەرانە بوونەتەوە. بێئەوەی تائێستا کەس بەرپرسیارێتی بگرێتەئەستۆ، دەستپێکی کردنەوەی مەلەفی نوێیە بۆ ئێران. دەشێت لەمەودوا ھەرچییەک لەکەنداو رووبدات بخرێتە سەر شانوملی ئێران.
ئێمارات و عوممان و سعودییە و قەتەر داوای لێکۆڵینەوە دەکەن. لەکاتێکدا ئیمارات تا 24 سەعات لە ڕووداوەکەش ئیعترافی بەبوونی ڕووداوەکە نەکرد و پێیوابوو ھیچ ڕووینەداوە. وەک وتم، دەشێت ڕووداوەکەی فوجەیرە مەلەفێکی نوێ بێت بۆ تۆمەتبارکردنی ئێران لەکاتێکدا ئێران چەند سەعاتێک دوای رووداوەکە وەک لەزمان دەرچوون لەلایەن بەرپرسێکی باڵاوە وتی؛ “ئێمە وتمان ئاوەکانی کەنداو ئاسایشی تیا نەماوە!”
ماوەیەکی تر وایلێدێت ئێران لەبری ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھورمز و ھەڕەشە لە ئەمریکا، ئەبێت بەرگری لەخۆی بکات لەسەر ئەو دۆسێیانەی لەسەری زیندوو دەکەنەوە لەکەنداوی فارس. وا لەئێران دەکەن نەک تەنیا جوڵەی بازرگانی، جوڵەی سەربازیشی لەکەنداو سڕدەکەن. بەرپرسانی ئێران خۆیان لەو ڕاستییە ناشارنەوە کە بەھۆی ئەم فشارە نوێیەی ئەمریکاوە، دۆخی ئابووری ئێران لە کاتی جەنگی ئێران – عیراق خراپترە و ٥٠٪ی خەڵکی ئێران لەخوار ھێڵی ھەژارییەوەیە.
وێرای ئەوەی بەندەری فوجەیرە کە گەورەترین بەندەری بازرگانییە، ناکەوێتە کەنداوی عەرەبییەوە بەڵکو دەکەوێتە سەر دەریای عوممان و لەڕێگەی گەرووی ھورمزەوە دەبەسترێتەوە بە کەنداوی عەرەبی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت