مەحمود عەبدوڵا: وەهایگوت سەردەشت! 

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەردەشت وتی: من چاوەڕێی بکوژەکانی خۆم دەکەم، چونکە مردن باشترە لەو ژیانەی لە سێبەری پیاوە بچوکەکان. لەو شوێنەی ترسنۆکەکان حوکمدەکەن یان دەبێ نەترسی، یان دەبێت بمریت، ئەگینا دەبیتە شتێکی کەمتر لەمرۆڤ. لەم پڕۆسەی بەئاژەڵکردنی مرۆڤەدا، مردن هەڵدەبژێرم نەک پاروی سەرشۆڕی ئێوە. ئەو وتی: بەرلەوەی هیچ بەڵێنێکمان پێبدەن، بەر لەوەی هیچ درۆیەکمان بۆبکەن، مێژووتان ئایندەی بۆ دیاریکردوین دەزانین ئەو گیانەی ووزە لە پاروی ئێوە وەربگرێت، دەمرێت مردنێکی فەلسەفی.
ئێوە هەموو بەیانییەک جنێوی کوردایەتیمان پێ ئەدەن و پێمان دەڵێن: یەکڕیزی، بەڵام خۆتان هەرهەموتان لەڕیزی خیانەت وەستاون و پێشبڕگێتانە ئاخۆ کامەتان شیرینترن لای سوڵتان. ئێوە خێڵی درۆ لەسەر کورسی و مێزی بارەگا حیزەکانتان خوێنی هاونیشتیمانیان دەڕێژن. بەڵام، کە دوژمن دەگاتە سەردڵی خاک، ئێوە وەک هەموجار بێ دەستنوێژن، هێندە تڕی کوردایەتیتان کەندووە. ئێوە گیانی بەرگریتان نەماوە، دەستنوێژی بەرگریتان شکاوە، هەتا ماون دەبێ سورەی بەر لەشکربن بۆ تورک و حەجەم.
سەردەشت وتی: ئێوە ئەی پیاوە بچوکەکان وەسڵەکانی مەیخانەکان بەسەر ئێوەدا ساغ دەبێتەوە، بەڵام لە پێشمەرگەیەکی دێرین، لە مامۆستا و خانەنشین داوای سک هەڵگوشین دەکەن، بۆ بوتڵێک غاز داوای بوتڵێک خوێنمان لێدەکەن.
سەردەشت وتی: هۆ پیاوە بچوکەکانی شاخ، ئێوە لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ شار ئەو شتەتان ونکرد، کە پیاوەکانی مێژوو ی پێدەناسرێتەوە، ئێوە بەڕووتی هاتنەوەو، ڕوتبونەوە لەهەموو پرەنسیپێک. ئێوە ئەی ئەوانەی منەتی خەباتمان بەسەردا ئەکەن، خەریکی تۆڵەکردنەوەن ئێوە بونەوەری لاوازو پەشیمانن، ئاخر مرۆڤ کە لەپرەنسیپەکانی پەشیمانبۆوە دەبێتە دڕندە.
سەردەشت هاواریکرد : ژیانێک لە ژێر ڕەحمەتی بیری کۆڵی ئێوەدا کڵۆڵی و بەدبەختییە، وەرن بمکوژن کە ئێوە لە سیاسەتدا جگەلە کوشتن هیچیتر فێرنەبون. ئەوەی خێڵی درۆ، وانیو سەدەیە خەنجەری ژەهراوی خێڵی خیانەت ئەدەن لەدڵ و مێشکی هەرکەسێک بیربکاتەوە. ئەی خێڵی دواکەوتو ئێوە پێشبڕکێتانە بۆ دواوە ئەوەی پێشتان بکەوێتەوە دەیکوژن.
ئێوە نیوسەدەیە لەسەر کەلەسەر دەژین، کەلـلە سەری زیندوو و مردوو. سەردەشت هاواریکردو ووتی: لەبەر ڕەوە کۆیلەی ئێوە کەس دەنگی من نابیستێت، هیچ گوێیەک و هیچ زمانێک و هیچ چاوێکی پاکتان نەهێشتووە، بۆیە هیچ گوێیەک و هیچ چاوێک من نابینێت لەبەر نەڕەی کۆیلەی مێشک بەتاڵی ئێوە. سەردەشت وتی:ئێوە ئەی خێڵی درۆ تەماشای دەوروبەری خۆتان بکەن بزانن چ مەخلوقێکتان لەدەور کۆبۆتەوە، ئێمە لەدەوروبەرەکەتانەوە دەزانین ئێوە کێن. ئێوە وەک باڵونن بەردەوام لەشکرێک فوتێکەرتان پێویستە، ئاخر کە مرۆڤ بەتاڵ نەبێت پێویستی بە فوتێکەر نییە. هۆ پیاوەگزگنەکان لەهەگبەی ئێمەدا ئازادی هەیە، لەهەگبەی داهاتوی ئێوەشدا دنیایەک سەر شۆڕی، مۆزەخانەیەک لە ئاسەواری خیانەت.
سەردەشت دەنگێکی تازە و نامۆی ئەم هەرێمەبو، کە گوێیەکانی بەرپرسانی کورد ی ئازاردەدا، ئەوان تەنیا بەدەنگی کۆیلە ڕاهاتبون، بۆیە بۆئەوەی بە ئارامی بخەون دەبو دەنگی کپ بکەن. لەناو ئارامی ساختەی شاردا بێئارمبو، لەهەولێری تورکیای بچوک، چاوی لێبوو کە بەرپرسەکانی میت لەماڵی سەرۆک دەخەون ئیتر سەردەشت چۆن ئارامبێت! ڕۆحی سەردەشە چۆن ئارامبێت کە لەوەتەی بەبیری دێت کوڕە خۆشەویستەکەی ئەردۆگان سەرۆکی حکومەتە.
بەڵێ دەنگی سەردەشت نامۆبو، ئاوازێکبوو هەرتۆنێکی حەسرەتێک بو، هەروشەیەکی بیرخستنەوەی خیانەت و جەهلی مێژوی پڕ شەرمەزاری پیاوە شاخاویەکان بو.
سەردەشت بەتەنیا هاواری دەکرد و بەبێ ترس، ئەو دەیزانی کەدەشی کوژن، چونکە پیاوەسیاسیە ترسنۆکەکان جگە لەکوشتن و گولە هیچ وڵامێکیان پێ نییە بۆ ژیرو دڵسۆزەکانی ئەم هەرێمە. بەڵام سەردەشت نەترسانە و ئازایانە و زیرەکانە دەستیکرد بەڕووتکردنەوەی سیاسیە بچوکەکان و پێی وتن: بمکوژن باشترە لەوەی ناچاربم لە ژێر حوکمی ناشەریفانە و خائینانەی ئێوەدا بژیم، کە دەستی هەموو شایەک ماچ دەکەن تا ببن بەشای ئەم وڵاتە، ئێوە کە کورسی لەهۆشی خستون.
سەردەشت وەهایگوت : ئێمە ڕۆژێک دێین بەرەو باڵەخانەکانی ئێوە و لەگەڵ زەوی تەختی دەکەین، ئێمە مەحکومین بەیاخیبون و ئازادی، ئێوەش مەحکومن بە مردن و سەرشۆڕی. ئەو وتی، من یەکەم شەهید نیم و دواشەهیدیش نابم، تا ئەوا ڕۆژەێ دێین و لە باڵەخانەکانی ئێوەدا فایلی خیانەت ئەدۆزینەوە، ئێمە بەڵێنمانداوە نابێت برابچوکەکانمان وەک ئێمە بژین بۆیە من سەرەتایەکم دەستپێکردوە و دوای منیش هاوڕێکانم بەردەوامدەبن.
ئەو زەردەشتی لاو بو لەناو خێڵی کوردایەتی هاواری دەکرد: ئەی خێڵی بەزیو وەرن “چەقۆکانی غەدری ئێوە” تەمەنێکە لەدڵی هەرچی ئازادیخوازە تینوێتی دەشکێت، وەرن بەکرێگیراوانی سوڵتان وەرن ئەم نیشتیمانە هێشتا خوێنی دەوێت بۆ ئازادی. سەردەشت وتی: ئێوە بەسەگی ئیسرائیلی پاسەوانیتان ئەکرێت و سەگەکانی خێڵی خۆشتان بەرداوەتە گیانی ئێمە، ئەی ئەوانەی دەسەڵات بەشەرەف تێگەیشتون و، پێتان وایە شەرەفتان کورسییەکی چارەنوس ڕەشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت