یوسف عزەدین لەگفتوگۆیەکدا

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سازدانی: شاخەوان سدیق

شاخەوان سدیق: هەڵبژاردەو کاروکردەی ئێستات لەدنیای ئەدەبیات و مەعریفەدا، وەک نووسەر و ڕۆماننووس؛حەز و خولیای منداڵیتە.. یان دواتر هۆکارگەلێکی خودی و تایبەت، بەرەو دنیای ئەدەبیاتی بردیت؟
یوسف عزەدین: بۆ نزیک بوونەوە لەوەڵامێکی شایستە بەبگرەو بەردەی نێو پرسیارەکەتان، دەبێت بپرسین بوونەوەرە کتێبییەکان کێن؛ ئەوانەی کتێب دەبێتە بەشێکی جیانەکراوەی بوونیان. ئەوانەی تا لەدنیای مەتەریاڵیداهەبن و هاوکات بەپاڵپشتی توانستە فیکری و زەینی و ئەقڵییەکانیان، بەردەوام دەبن لەخوێندنەوەیەکی نەپساوەی دیالێکتیکیانەدا؟! بۆ نزیک کردنەوەی زێدەتری ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین، بەناچاری دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەردوو ڕۆمانی “سایەی با”و “گەمەی فریشتەکان”ی “کارلۆس زافۆن”.. تا لەواتای خوێنەربوون و دنیای نووسەران و پاڵنەرەکانی بوون بەنووسەریان تێبگەین و بشزانین هۆکاری پەیوەست بوونیان بەهەموو ئەوەی لەودنیایەدا دەگوزەرێت چییە؟! لە”سایەی با”دا “دانێڵ”ی کاراکتەری ڕۆمانەکە، پاش چوونی بۆ کتێبخانەی گۆڕستانی کتێبە کۆنەکان، کتێبێک بەناوی “سایەی با” هەڵدەبژێرێت و پاش خوێندنەوەی دەکەوێتە گەڕان بەشوێن “جۆلیان کاراکس”ی نووسەرە نەناسراوەکەی کتێبەکەداو تا دەگاتە حەقیقەتی کوژرانی “جۆلیان کاراکس” لەپاریس. پاشان هەست دەکات، کەسێک هەیە وەدووی کەوتووە هەتا دواهەمین نوسخەیەکی ڕۆمانەکەی لێ بسێنێت و تادوایی سەرجەم ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکانی و شایانی باسیشە لێکچووە لەگەڵ ڕۆمانی “گەمەی فریشتە”ی “زافۆن”داو “داڤید” کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە لەکتێبخانەی “گۆڕستانی کتێبەکان”ەوە دەست پێدەکات؛ وەک خوێنەرێکی کتێب بەگشتی و بەتایبەتیش شاکارەکانی چاڕڵس دیکنز…تا دەگاتە ئەوەی کەسێک بەناوی “ئەندریاس کۆریلی” داوای لێدەکات بابەتێك سەبارەت بەدامەزراندنی ئایینێکی نوێ-وە بنووسێت، بەرانبەر بەپارەیەکی زۆر و ئیدی “داڤید” لەم پێناوەدا دەکەوێتە گەڕانێکی بەردەوام بەشوێن زۆرێک لەبیروباوەڕ و ڕێچکە و مەزهەبە ئایینییەکان و تاکتێبێکی سەبارەت بەدامەزراندنی ئایینێکی نوێ دەست دەکەوێت و زۆر وردەکاری کاریگەری مێژوویی و ئەنتۆلۆژیی و وێنەی سیحرئامێز لەنێو ڕۆمانەکەدا دەبینرێتەوەو هەموو ئەوەی کەئاماژەشم پێدا پەیوەستە بەپرسیارەکەتانەوە.. کەواتە هەموو ئەوانەی وەک؛’دانێڵ”و”داڤید” ژیانیان پەیوەست دەبێت، بەکتێبخانەکان، یان”بەگۆڕستانی کتێبەکان’ەوە دەبنە خوێنەری جدی و بەپەرۆشی کتێبەکان.. بێگوومان دواجار ئەمانە بنووسن یان نەنووسن؟! حەزێک یان جۆرێک لەتوانستی گێڕانەوەی تایبەت بەخۆیان تێدا دروست دەبێت..مەبەستمان ئەوەیە سەرەتای سەرەتاکانی بوون بەنووسەر لەخوێندنەوەوە دەست پێدەکات.. هەر ئەمەشە شاگرد کتێبخانەیەکی وەک “ئەلبێرتۆ مانگوێل” لەداهاتوودا دەکاتە نووسەر و هەر ئەویشە کەبەمێردمنداڵی، ” بۆرخیس” ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو سەعات، بەکرێ دەیکاتە خوێنەری سەرجەم ئەو کتێبانەی کەمەبەستیەتی موتاڵایان بکات. دواتر ” ئەلبێرتۆ مانگوێل” وردەکارییە تایبەتەکانی سەبارەت بەخوێندنەوەی کتێب و پەیوەست بوون و ئیعجابی بەتوانستە جدی و نائاساییەکانی “بۆرخیس”، لەکتێبێکی تایبەتدا دەردەبڕێت و ئیدی دواجار دەبێتە خوێنەرێکی نووسەر و نووسەرێکی خوێنەر.. واتە دەبێتە یەکێک لەخوێنەرە دەگمەنە جدییەکانی دنیاو بابەتی زۆربەی کتێبەکانیشی لەمەدار و پانتاییەکانی دنیای بێ بنەوپەی خوێندنەوەدا هەڵدەسووڕێت.. بۆیە دەرحەق بەوەڵامی پرسیارەکەتان ماوەتەوە بڵێم، دەشێت؛ ئەوەی منی کردبێتە نووسەر؛خوێنەربوون و پەیوەست بوونی نەپساوەو پتەوم بێت؛ بەخوێندنەوەیەکی بەردەوامەوە کەبەچەشنە کەشێکی تایبەتی پەنهان و نهێنی ڕاهیب-ێکی دوورەپەرێز و تەنهای نێو کڵێسایەکی سەرچیایەکی عاسی دەچێت!

شاخەوان سدیق: “هارۆکی مۆراکامی” لەدیدارێکدا دەڵێت:( من لەکاتی سەیرکردنی یاری باسکتبۆڵ-دا لەپڕ بیرۆکەیەکم بۆ هات و بڕیارمدا ببمە نووسەر) ئێوە کەی بڕیاری هاتنە نێو دنیای نووسینی ئەدەبیتانداو بەتایبەتیش دنیای گێڕانەوەی هونەری وەک لە ڕۆمانەکانی خۆتاندا، هەر لەڕۆمانی “تەنها ڕۆژێکی سارد”ەوە تا دەگاتە “وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان” بەرجەستەتان کردووە؟
یوسف عزەدین: “کارلۆس لیسکانۆ” پاش ئەوەی وەک کەسێکی میلیتاری سەر بەڕێکخراوێکی چەپی پارتیزان، بەزامداری دەستگیردەکرێت..دوای ئەشکەنجەدان و تەحقیق و لێدانێکی زۆری وەحشییانەو حوکمدانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک.. پاش ئەو هەموو فشارە دەروونیی و جەستەییەی کەتەحەموول کردنی ئاستەمە.. لەپڕ و بێ هیچ پێشینەیەک لەدنیای نووسیندا، بڕیاردەدات؛ ببێتە نووسەر و بەدزییەوە ڕۆژانە لەنێو زینداندا دوانزە سەعاتی خۆی لەنووسینی” کۆشکی دیکتاتۆر”دا سەرف دەکات و کاراکتەرە سەرەکیەکەشی ناو دەنێت “م” و هەر خودی”کارلۆس لیسکانۆ”ش لەبارەی “م”ەوە دەڵێت؛ “م- منی لەتاریکیدا داهێنا”..کەواتە لەجێی ئەوەی خۆی ببێتە داهێنەر و نووسەری”م”، لای ئەو “م”دەبێتە داهێنەرو نووسەری کەسایەتی نووسەرێکی پێشتر میلیتاری تێکشکاو و زیندانی.. مەبەست لەدەستدانە نووسین لای ئەو زاتە، هەوڵدان بووە بۆ ئازادبوون لەهەموو ئەو دیسپلین و ئیلتیزامانەی کەپێشتر هەیبووە لەڕێی قۆزتنەوەی هەلی تەنهابوون و تەنهایی.. هەرچەند چواردەوری لەزینداندا قەرەباڵغ بووە؛ بەبوونی ئەو هەموو جەللادو سەرباز و زیندانیانەی دیکە..بەڵام بەحوکمی بێ دەسەڵاتی و بێ چارەیی دەرحەق بەوەی لەچواردەوریدا هەڵدەسووڕێت و سەبارەت بەو تەنهاییە کوشندەیەشی کەتێیدا گوزەراوە، دەڵێت: ( تەنهایی مەرجی بوونە، بێ تەنهایی من نیم). کەواتە تۆی تەنها کەخودی تەنهاییەکەت بەواتای قبووڵنەکردنی ئەوانی تر دێت، بەهەموو مەودا فیکری و فەلسەفی و تەنانەت سایکۆلۆژییەکانیشەوە، ئەویتر یان ئەوانیتر دادەهێنیت و دەبیتە ئافەریدەکاریشیان، لەکاتێکدا بەبێ ئەوەی بەخۆت بزانیت، ئەوان تۆیان داهێناوە؟!

شاخەوان سدیق: هەر بۆیە “باختین” دەڵێت: ( ئەوەی دوێنێ ئەرکی ڕۆماننووس بوو، ئەمڕۆ ئەرکی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانە) مەبەستمە بپرسم؛ ئێوە وەک ڕۆماننووسێک چۆن دەڕواننە، ئەرکی سەرەکی ڕۆماننووس لەڕێگەی گێڕانەوە هونەرییە جۆراوجۆرەکانییەوە؟
یوسف عزەدین: ئوستادی بواری ئەدەب و ڕەخنە، خاتوو “کارینا بلیکن” دەربارەی لیستی ئەو ئەدەبەی پرسیاری دەرحەق بەنووسین و ماهییەتی هەیە.. ئەدەبێک کەلەبوون و عەدەم دەکۆڵێتەوە..ئەدەبێک نووسەرەکانی لەمابەینی نووسین و نەنووسیندا دێن و دەچن و هەمیشە پرسیارە سەرەکیەکەشیان لەخودی خۆیان ئەوەیە؛ بۆ دەنووسن؟ دەڵێت:( ڕۆبێرت ڤالسەر و کافکا و خوان ڕۆلفۆ و فیلیسبێرتۆ هێرناندیز؛ هەندێکن لەوانەی دەچنە ناو ئەو لیستەوە، هەروەها کارلۆس لیسکانۆ-ش هاوشێوەی ئەوانە لەبەر ئەوەی ئەدەبەکەی “ئەدەبی قبووڵنەکردنە” کەدەیباتەوە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی خودی خۆی). سەرجەم ئەو نووسەرانەی کەپێشتر ناوهێنران، هاوشانی چەندین نووسەرانی دیکەی دنیا، لەڕێی ئافەریدەکردنی ئەویترەوە هەوڵدەدەن بێنەوە ناو خۆیان و لەماهیەتی بوونیان بکۆڵنەوە، وەک داهێنانی “فرانز کافکا” بۆ کەسایەتی” گریگۆری سامسا” کەهەر لەدەسپێکی رۆمانی مەسخ-ەوە دەبێتە قالۆنچە.. بەواتای دروستکردنی ئەویترێکی نامۆو نائاسایی تا لەڕێی ئەوەوە ئاسایی بوون و نامۆنەبوونی خۆت بخوێنیتەوە..یان بەپێچەوانەوە؟! نووسین فەزایەکی ناکۆتای بەرفراوانی تایبەتەو تەنها نووسەرە جدییە تەنهاکان دەتوانن لەنێو ئەو دنیایەدا بمێننەوەو بنووسن؟! بەڵام هەن دنیای نووسین بەدنیای موهەڕیجەکانی شانۆ بازرگانییە بێ تامەکان تێ گەیشتوون و دەیانەوێت لەڕێی خۆنمایشە بەردەوامەکانیان و قۆزتنەوەی بابەتە دووبارەبووەکانی ڕۆژانەو جووڵاندنی هەست وسۆزی گوێگرەکانیان؛ بازنەی گوێگران و تەماشاکاران و دواتر خوێنەرانیان بەرەو فراوانتر بەرن؟! بەڵام ئەسڵی مەتڵەب زۆری و کەمی خوێنەران نییە، یان دەرکەوتنی بەردەوام و بەشداری هەردەم وهەمیشەی سەرجەم مەحفەل و بۆنەو فێستڤاڵە جۆراوجۆرەکان؛ جگە لەنمایشێکی بێ تام هیچی تر نییە. کارەساتە تۆ بێی بەمەبەستی سەرسامکردنی خەڵکانێکی زۆری عەرەبی نەزان یان ناموتابیعی ئەوەی لەدنیای رەخنەکارانەی نەتەوەکانی تردا هەڵدەسووڕێت.. بێیت تەرح و بۆچوونەکانی زاتێکی بیرمەندی وەک “ئەحمەد قوبانچی” بدزیت و بەناوی خۆتەوە دەرخواردی گوێگرانێکی داماوی ناوەو دەرەوەی بدەیت..ئیدی هەر ڕۆژەی لەوڵاتێک وەک ڕووناکبیر و ڕەخنەکار بانگهێشت بکرێیت. لەجێی خۆ ماندووکردن و گەڕان بەشوێن سەرچاوەو ساغکردنەوەی ڕاست و دروستی ئەوەی کەدەیڵێیت.. بەقەولی هەر ئیش بڕوا..تێکەڵ و پێکەڵ رەنجی چەند ساڵەی ئەم و ئەو، کۆکتێل ئاسا.. تێکەڵ بکەیت..دەمێک بەئۆشۆ-ەوە بیگریت..تاوێک بە دووبارەکردنەوەی تێزەکانی “رەشید خەیون” و جار جار ئەوەی لێرەو لەوێ بەرچاوت کەوتووە سەبارەت بەدنیابینییەکانی “فراس سواح”و تا دوایی ئەو مەهزەلە بەردەوامەی کەچەند ناوێکی دیار و بەناوبانگی نێو وەسەتە بەناو ئەدەبی و فیکرییەکەی باشوور، بەمەبەستی ئیستیهلاکی مەحەلی، لەپاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا دەستبەرداری نەبوون…؟!

شاخەوان سدیق: زۆر باس لەسیحری ئەدەب دەکرێت و بەگەورەترین داهێنانی مرۆڤ دەدرێتە ئەژمار، ئێوە وەک ئەدیب و نووسەر ڕاتان چییە؟
یوسف عزەدین: بەڵێ دەبێت بچینەوە بۆ سەر دوالیزمی ئەو-ی ئەدیب و ئەو نووسەرەی کەدایهێناوە، پڕاوپڕترین ئاماژە پێدانیش ئەوەی “کارلۆس لیسکانۆ”یە کەپێی وایە؛ هەموو نووسەرێک داهێنراوێکە لەلایەن ئەدیبێکەوە دێتە بوون و کەتەواو سەریهەڵداو خۆی سەپاند، ئەو دەم ئەدیب دەبێتە خزمەتکاری ئەو نووسەرە داهێنراوەو ئەمەش دوالیزمەکەیە.. هەر بەتەسەووری “لیسکانۆ”ش نووسەر پێش ئەوەی خزمەتکارەکەی “کەئەدیبەکەیە” دایبهێنێت؛ هیچ بوونێکی نییە!؟

شاخەوان سدیق: ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو بەتایبەتیش ئینتەرنێت..زۆرێک پێیان وایە بایەخ و گرنگی ئەدەبیات بەگشتی و بەتایبەتیش ڕۆمان، لەئێستادا وەک جاران نەماوەو تا دێت خوێنەرانیان بەرەو کەمی دەچێت، بەبەراورد لەگەڵ سەیرکەران و تەماشاچیانی ئینتەرنێت و میدیا بینراو و بیستراوەکان؟
یوسف عزەدین: خۆی بەدەر لەو ڕاستیانەی کەپرسیارەکەتان لەدوو توێی خۆیدا هەڵیگرتووەو دروستە هاوکات چەندین پرسیارگەلی دیکەش، دەرحەق بەو ئاڵوگۆڕە خێراو کتوپڕانەی دنیای میدیاتیک و تەکنۆلۆژیی و ئیکۆنۆمی و پۆلەتیکی و سەرجەم ئاڵوگۆڕە ناسەقامگیرەکانی دنیای بخرێتە سەر. بەڵام باشترە بۆئەوەی گفتوگۆکەمان درێژ نەبێتەوە، سنووری پرسیارەکە وەک خۆی بهێڵینەوە، یان تەسکتریشی بکەینەوە!؟ بۆیە خۆم وابەستەی کەمبوونەوەی خوێنەران دەکەم، وەک لەپرسیارەکەتاندا هاتووە. ” بۆرخیس” تەڕحێکی زۆر جوان و کاریگەر و سەرنجڕاکێشی هەیە.. وەختایەک یەکێک لەکتێبەکانی بەژمارە دوو هێندەو قسوور لەپەنجەکانی دەستی بنیادەم زیاتری لێ دەفرۆشرێت و ئیتر سەیر و سەمەرەیی ئەم کەم فرۆشتنەی کتێبەکەشی، هەرچەند سەرەتا بێتاقەتی دەکات.. بەڵام دواجار بۆخۆی لەچاوپیکەوتنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە تەسەوورکردنی ژمارەیەکی زۆر و بێ شوماری خوێنەرانی موعجیب و سەراسیمە کارەساتەو وا باشترە ژمارەیەکی کەم بتخوێننەوەو بەمەش تەسەوورێکی دیاریکراو و خەیاڵکردنەوەیەکی سنووردارت دەبێت، دەرحەق بەوانەی دەتخوێننەوە؟! بۆیە پرفرۆشی کتێبێکی دیاریکراوو زۆری شکڵییانەی کڕیاری، هیچ کاریگەریەکی ئەو تۆی لەسەر دایەگنۆسسی جدییەت و نا جدییەتی، یان بەپێوانە تەقلیدییەکان باش و خراپی کتێبەکەوە نییە.. زۆر و کەم بخوێنرێتەوە یان نەخوێنرێتەوە،چی لەمەسەلەکە دەگۆڕێت؟! هەموو ئەوەی لەبازاڕی کڕین و فرۆشتنی کتێبدا هەڵدەسووڕێت، هەر لەڕیکلام بۆ کردن و ڕاسپاردنی کەسانێک بۆ پێداهەڵدان و بەئیجابی هەڵسەنگاندنی..تەنها کارکردنە لەبەکاڵاکردنی کتێب و بەکارهێنانی ناوی نووسەرەکەشی لەنێو هالەیەکی خەیاڵی و میتافیزیکی موقەدەسکراودا، بۆ ڕاکێشانی زیاتری کڕیار و ساغکردنەوەی کاڵاکەیە..ئیتر ئەم جوغزانە هێندە بەرفراوان و فرە جەمسەر و سەرن.. هەر کوتلەیەکیان بەجیا لەئەختەبووتێکی سەربەخۆ و کامڵ دەچێت..تۆ بڕوانە مامۆستاکانی بەشە جیاجیاکانی زمانی کوردی..مامۆستاکانی کوردۆلۆژی لەزانکۆکان، بابڵێین هەندێکیان کار بۆ گەورەکردن و هێنانە پێشی ناوێکی دیاریکراوی بە”مارکە”کراوی دنیای نووسین دەکەن..هاوکات کار لەسەر سڕینەوە یان بچووکردنەوەی ئەوانەی تر دەکەن.. بۆیە پێدەچێت لەیەک سەرچاوەوە پێکڤە تەوجیهی ئەو کارەیان پێ بگات؟! یان ئەگەر حوسنوولزەنمان هەبێت؛ دەبێت پێمان وابێت، هەموویان لەغەیبەوە بەرزکردنەوەو ڕیکلام بۆ کردنی کەسێکی دیاریکراو و لێدانی کۆمەڵێکی تری دەستنیشانکراو.. بەوەحی بۆیان نازڵ بووبێت؟!
وەک زۆرجار ئاماژەم پێداوە”ئۆرهان پامووک” دەڵێت؛ دەترسم لەداهاتوودا نەخوێنرێمەوە؟! هەر لەهەمان چاوپێکەوتنیدا ئاماژە بەناوی نووسەرێکی زۆر بەنامێ و ناسراوی سەردەمی عوسمانییەکان دەکات، لەو سەردەمەدا زۆرترین خوێنەری هەبووەو کەچی لەئێستادا خوێنەرانی نوێی زمانی تورکی..ئەو ناخوێننەوەو دەست دەدەنە خوێندنەوەی نووسەرە پەراوێزخراو و لێدراوەکانی ئەو سەردەمەی عوسمانییەکان؟!

ئەم چاوپێکەوتنە لەژمارە ٢٤ی ١/٥/٢٠١٩ی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا بڵاوبۆتەوە
پەرتووکە چاپکراوەکانی نووسەر:
• دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان/رۆمان/چاپخانەی شڤان-سلێمانی٢٠٠٦.
• تەنھا ڕۆژێکی سارد/رۆمان/دەزگای موکریان/ھەولێر/٢٠٠٨.
• پێخەفێک لەخوێن/ھونەری گێڕانەوە/دەزگای ئاراس/ھەولێر/٢٠٠٨.
• ماجەراکانی سەلمانی فارسی/رۆمان/یانەی قەڵەم/سلێمانی٢٠٠٩.
• وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان/ رۆمان/بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی/٢٠٠٩.
• وەھم و شوناس/ گفتوگۆو وتار/چاپخانەی یاد/ سلێمانی/٢٠١٢.
• کۆتاییەکان/ئەنفارار/ ھونەری گێڕانەوە-سردیات/بەزمانی ئەمازیغی-دار کەبەدانی-مەغریب٢٠١٥.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت