لوقمان مصطفی: مۆڵەتی شۆفێری لە نێوان سیستەم و یاسادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مۆڵەتی شوفێری… بەڵگەنامەیەکی فەرمییە بۆ تاکێک کەدەتوانێت شوفێری بۆ ماتۆرسایکل و ئوتومبێل و پاس ھیتر… بکات، مۆڵەتدانی شۆفێری لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە بەپێی یاسا دەگۆڕێت کە لەھەندێ شوێنیش دەدرێت بە شوفێر پێش دەستپێکردن بە شوفێری، بەڵام لەزۆربەی وڵاتان پێویستە بەر لەپێدانی ئەو مۆڵەتە کەسەکە تاقیکردنەوەی شوفێری ئەنجام بدات. نموونە لە هەرێمی کوردستان دەبێت:
1- شوفێری مۆڵەتدراو تەمەنی سەروو 18 ساڵ بێت بۆ ئوتومبێل وە
2- مۆتۆرسایکلیش سەروو 16 ساڵ.
3- پشتگیری و تاقیکاری پزیشکی.
4- بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەی شوفێری ئەنجام بدات.
5- سزا نە‌درابێت لە‌لایە‌ن دادگاوە کە ڕێگر بێت لە‌شوفێریکردن.
چونکە کاری شۆفێری لە ژێر ڕۆشنایی و ڕێنومایی وپەیڕەو کردنی یاساکانی هاتوو چۆودا، بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، وەک شۆفێرێک هه‌ڵسوكه‌وتێكی شارستانی و ئاكارییه‌، واته‌ شۆفێری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حه‌ز و ئاره‌زوو هونه‌ر وره‌وشته‌، پێویسته‌ پابه‌ندی لێخوڕینیێكی ته‌ندروستانه‌ بكرێت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گونجاوترین رێگا بۆ گه‌یشتن به‌ شوێنی مه‌به‌ست به‌ سه‌لامه‌تی هه‌روه‌كو ده‌وترێت ( درەنگ بگەیت باشترە لەوەی کە هەر نەگەیت).
لەبەر ئەوەی لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئوتومبێل و هاتنی بەلێشاوی ئوتومبێل بۆ كوردستان رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان هەولێ‌ بەدەستهێنانی مۆڵەتی شوفێری دەدەن، ئەگەرچی ئێستا بۆ بەدەستهێنانی ئەو موڵەتە لە 7 شوێن لە هەرێمی كوردستان بە شێوەی جیاجیا مۆڵەتی شۆفێری دەدرێتە هاووڵاتییان و سیستەمی مۆڵەت پێدانەكەش جیاوازە، هەر شوێنەو بەسیستەمێک کاردەکات.! دەبێ ئەو سیستەمە یەك بخرێت و ئەو پاشەگەردانیە کۆتایی پێبێت.
بۆتە چەند سیستەمێكی جۆراوجۆر بەناوپێشكەوتوو كەبە سیستەمی نوێ ناوی دەبەن، جاران بەسیستەمی كۆنە ژمارەیەكی بەرچاو لەهاووڵاتیان لەڕێگەی سیستەمە كۆنەكە مۆڵەتی شوفێریان بەدەستدەهێنا، لەدوای گۆِڕینی سیستەمە كۆنەكە بۆسیستەمی تازە ژمارەی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری ئاستەنگی بۆ هاوڵاتیان درووستکرد، بەڵام واخەریكە هاووڵاتیان لەگەڵ ئەو سیستەمە تازەیە ڕادێن و دەگونجێن و رۆژانە روولەدەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری دەکەن جارێکی تر روی لە زیاد بون کردووە .
بەڵام لەپێناو نزیککردنەوەی رێگەی هاووڵاتیان و ئاسانکاری بۆیان، هۆبەی IT بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی فۆڕمی ئەلیکترۆنی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دابیندەکات بە هاوکاری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هاتوچۆی سلێمانی.ئەو بەرێزانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری دەتوانن لەرێگەی لینکێکەوە کوراسەی داواکردنی مۆڵەتی شۆفێری پربکاتەوەو راستەوخۆ سەردانی لێژنەی پزیشکی و نوسینگەی شۆفێری بکات، ئیتر پێویست ناکات بۆ راکێشانی کوراسە سەردانی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بکەن تەنها رۆژی تاقیکردنەوە سەردان دەکەن.
ئەگەرچی ئەم سیستەمە نوێ یە بەبەردەوامی لەلایەن بەرێوبەرایەتی هاتوچۆوە نوێکاری لە بواری تیۆری و پراکتیکدا تێدادەکات کە جێی دەستخۆشیە، بەڵام ئەم سیستەمە نوێ یە لەگەڵ ئەو هەمووئەو ئەرێ نیەی کە هەیەتی و بە بەراورد لە گەڵ یاسای هاتوچۆ…
کەئێستا کاری پێدەکرێت یەک ناگرێتەوە، ئەگەر بروانینە یاسای هاتوچو بە تایبەتی مادە( 21 )ی یاسای هاتوچۆ کە لە دەقی مادە یاساییەکەدا دەڵێت:
برگه‌ی یه‌كه‌م..
هه‌ركەسێك ئوتو‌مبێل لێ بخورێت مۆڵه‌تی شوفێری نه‌بێت یان مۆله‌ته‌كه‌ی كاتی به‌ سه‌رچوبێت یان مۆڵه‌ته‌كه‌ی( سحب ) کرابێتەوە و ‌لێی وەرگیرابێتەوە یان مۆله‌ته‌كه‌ی‌ هەڵوەشابێتەوە (الغا‌ء )كرابێت به‌بڕیارێك یان مۆڵه‌ته‌كه‌ی تایبه‌تمه‌ند نه‌بێت به‌ جۆری ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌به‌ندكردن (حبس ) كه‌ له‌( 1 ) یه‌ك مانگ كه‌متر نه‌بێت و له( 6 )‌شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بێت‌ .
به‌پێی زرووفی كێشه‌كه‌ ئه‌م سزایه‌ مه‌جالی(وقف تنفیذالحكم)ی واته‌ راگرتنی حوكمه‌كه‌ی تیادایه‌ و شوفێره‌كه‌ به‌ند نا‌كرێت. بۆنمونە : ئەگەر کەسی شۆفێری بێمۆڵەت ئۆتۆمبێلی لێخوری لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە دەسگیرکرا لەسەر بێمۆڵەتیەکەی درابەدادگا سزای یاسایی خۆی وەرگرت ئەگەر بە بەند کردن بێت بۆ نمونە 3 مانگ ئەوە لەسەری جێبەچی ناکرێت لەماوەی ئەو 3 مانگەیا هەر سەرپێچیەکیتری کرد یەکسەر ئەو 3 مانگە ی بەند دەکەن ، پاشان لێکۆڵینەوەلەسەر سەرپێچیە تازەکەی دەکرێت.
برگه‌ی دووه‌م..
هه‌ركه‌سێك خۆی خاوه‌ن ئۆتۆمۆبێلێك بێت یان ئوتومبێله‌كه‌ی له‌ به‌رده‌ستیدا بێت رێگه‌ی دا به‌یه‌كێك كه‌ مۆڵه‌تی نه‌بێت ئوتومبێله‌كه‌ی‌ لێ بخورێت و ڕووداوێكی پێ بكات ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندكردن (حبس)له‌(1) مانگێك كه‌مترنه‌بێت و‌ له‌(6 )شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بێت یان به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ (100،000)سه‌د هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت وله‌ (150،000)سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت وه‌ یان به‌هه‌ردوو سزاكه‌ به‌ندكردن غه‌رامه‌. کە زۆربەی کات بریاری دادگا بە غەرامە کە کۆتایی دێت . ئەمە ئەو برگەو مادە یاساییانە بو کە شۆفێری بێمۆڵەت لە ئەنجامی ئەوسەرپیچیەی کە ئەنجامی دەدات، ئایا ئەم جۆرە سزایە بەقەد ئەوتاوانەیە کە کەسی سەرپێچیکارپێی هڵدەستێت.؟
وەک ئاشکرایە سیستەمی پێشکەوتو لەسەرئاستی جیهان دەبێی یاساکەشی لەئاست سیستەمەکەدا بێت، ناکرێت پیدانی مۆڵەتی شۆفێری لەسەر بنەمای سیستەمێکی مۆدێرن و ئاست بەرزوەک سیستەمی سویدی بەنموونە، بەڵام سزای سەرپێچی کردن و لێوەرگرتنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بە یاسایەکی کۆنی عێراقی ، کە جارێکی ترپێوەستی بە هەموارکردنەوە هەیە بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ باروودۆخی ئیستای کوردستان ،چونکە کەم وکورتیەکی زۆر لە یاساکەدا بە دی دەکرێت بە هۆێ زۆربونی دانیشتوان لە لایەک وریژەی هاوردەکردنی ئۆتۆمۆبێل لەلایەکی ترەوە وەخراپی رێگاوبانەکانی شاروو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە وەک پێویست لە پێشچاونەگێراوە ، ئەمە وێرای جۆری ئەوسزایەی کە لە مادە 21 ی یاسایی هاتوچۆدا ئاماژەی پێکردوە کە سزاکە بە شێوەیەکی گشتی زۆر سانایە لە چاو جۆری ئەو سەرپێچیانەی کە کە سی شۆفێری بێ مۆڵەت ئەنجامی دادات کە زۆر جار زیانی گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە ، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە خودی تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مردن وکەم ئەندامی و ماڵوێرانی، لەهەمان کاتدا زیان بەئابوری ووڵا تییش دەگەێنێت . گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: ساڵانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 8 بۆ 10 هەزار کەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە بریندار دەبن، هەروەها نزیکەی 850 كەسیش گیان لەدەست دەدەن. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە، رێژەی مردن بە رووداوی هاتوچۆ مەترسیدارە: “رۆژانە 3 كەس گیان لەدەست دەدەن و 28 كەسیش بریندار دەبن”!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت