دکتۆر کەمال میراودەلی: چارەنووسی ئەردۆگان لە ئەستەمبولەوە بۆ ئیدلیب. بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردنەوە لە ئەستەمبول
بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەردۆگان سەری لە ئەستەمبوڵە، لە هەموو لاوە بۆکسی بەردەکەوێت و تاکە خەمی: پاراستنی خۆی، خێزانەکەی، سامانە حەرام و دزراوەکەیەتی، بەلام بۆ ئەمە دەبێ دەسەڵاتی بپارێزێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتیشیی بپارێزێت، دەبێ لە حوکمدا بمێنیتەوە، بۆ ئەمەش دەبێ ئەستەمبول، بەڵی، ئەستەمبول لە دەست نەدات، بۆ؟ دوایی دێمەوە سەری.
بیهێنە بەرچاوی خۆت سەری لە ئەستەمبوڵە و قاچی لە ئیدلیب. قاچێکی ئەسەد گرتوویەتی و یەکیک میلیشیاکانی ئێرانی هاوپەیمانی ئەسەد. قاچی ڕادەکێشن زیاتر و زیاتر دەرپێکەی دادەکشێ و لە پێش چاوی جاشە ترساوەکانیدا رووت دەبێتەوە، لە سەرەوەش لە ئاسمانە بەرزەکاندا، روسیا لە شێوەی فرۆکەی سۆخۆی فەزاییدا بە دەنگی بۆمبای زەبەلاح قا قا پێدەکەنێت.
ئایا لەم بەزمە ڕزگاری دەبێت؟
سێ [ئە] وەلامی ئەمە دەدەنەوە:
1- ئەستەمبول
2- ئابووریی
3- ئیدلیب
دەبینن لە نەکاوێکدا مەسەلەی کورد و رۆژاوا بەشی پشتەوەی گرت، راستیی رەنگە ئێستا تەمای ئەوەی هەبێت وەک چۆن کورد ئەردۆی کرد بەو پیاوە، هەر کوردیش ڕزگاری بکات. رەنگە ئەم خەونە هەر نەبێ کاتی هاتنەدیی نەبێت.

مریشکەکان بۆ کورککەوتن دەگەڕێنەوە
ئەمە پەندێکی ئینگلیزییە کە فرە بەکاردێت. مەبەست لەمە ئەوەیە: سیاسییەکان هەڵە دەکەن و هەلەکان زوو یان درەنگ بەربینگی خۆیان دەگرێتەوە، وەک ئەو مریشکانەی هێلکەیان کردووە تا لە سەری کورک کەون، هەر چەند دوور بکەونەوە. و خۆیان بە خولیای ترەوە مەشوول بکەن، هەر دەگەڕێنەوە ناو کولانەکەیان و لەسەر هێلکەکان کورک دەکەون تا هەڵیان دێنن.
هێلکەی تاوانەکانی ئەردۆگان زۆرن و لە هەموو شوێنیک و بە هەموو لایەکدا چاندوونی. ئەو تاوانانە دەسکردی خۆنی، یەکەم بەرپرس خۆیەتی، و هەر خۆشی دەبێت نرخەکەیان بدات. ئیستاش کاتی هاتووە.
وەک لە وتاریكی پێشتردا وێنام کرد: سەرکەوتنی لە ڕێفراندۆمی سەرۆکایەتییدا گەیشتنی بە ترۆپکی تەمای ئەو بوو، بەلام لە دوای لوتکە تەنیا دابەزین و دابەزین و شۆڕىوونەوە هەیە، هیچ زامنێکی هاتنەخوارەوەی لە نەکاوی بێهەڵدێریش نییە. ئەمە حوکمی ژیان و زەمانە و بەدەست کەس نییە.

1- ئەستەمبول
لە وتارێکدا کە دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی ئۆپزیسیۆن لە ئەستەمبول لە 4 نێساندا بلاوم کردەوە، نووسیومە:
[هیشتا باوەڕ ناکەم ئەردۆ و پارتە فاشیستەکەی ڕیگە بدەن ئەستەمبولیان لە دەست بڕوات، ئەوە قسەی ئەردۆ خۆیەتی: ئەو پارتەی ئەستەمبول بباتەوە تورکیا دەباتەوە، ئەوەی ئەستەمبول بدۆڕێنێ تورکیا دەدۆڕێنێ. کەوایە دەبێ چاوەڕێ بکەین. بەلام لە رووی سیاسیی و ئەخلاقییەوە دۆڕاوە و فێل و فوتی گێرانەوەی لە ڕاستیی رێڕۆی رووادوەکان و گۆڕانکارییەکان لە ناو هەناوی کۆمەلگای تورکیایی و پرۆسە سیاسییەکاندا ناگۆڕێت.] wtarikurd.info

ئەم پێشبینییە دوو هەلومەرج بەراورد دەکات:
1- بڕیاری فاشیستانەی سەروو-دیمۆکراسیی ئەردۆگان و پارتەکەی
2- هەلومەرجی بابەتیی کە بڕیاری سەرەوە نایگۆرێت و حەقیقەتی گۆڕانێک و دۆڕانێکی گەورەتر و قووڵتر نیشان دەدات.
ئێستا ئەردۆگان لەگەڵ ئەوەشدا کە مانگێک لێکۆڵێنەوە و پێداچوونەوە، هێشتا سەرکەوتنی ئەکرەم ئۆغڵۆی سەلماند، هەر رازی نەبوو، کۆمیسیۆنی بالای ناچار کرد، بریاری هەڵوەشاندنەوە و دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەستەمبول بدات. بەلام ئایا ئەمە دادی دەدات؟ سەیرترینە، کە بە خەیالی ئەوەوە بێت کورد، وەک چۆن پشتی شکاند، ئاوا پشتی بگرێتەوە.و ئەمە دوای پەنا و هیوای بێت.

لە چاوەڕوانی دۆڕانێکی گەورەتردا
ئەردۆگان وەک فاشیستیکی ئیسلامیی ئیخوانیی قەت باوەڕی بە دیمۆکراسی نەبووە. قسەیەکی مەشهوری هەیە: دیمۆکراسی شەمەندەفەرێکە سواری دەبین تا دەگەین، کە گەیشتین دادەبەزین و تەواو. واتە دیمۆکراسی هۆیەکی میکاڤیلییە بۆ گەیشتن بە ئامانجی دەسەڵاتوەرگرتن. دوای ئەوە دیمۆکراسی دەبێتە: حیزبۆکراسی: دەسەلاتی تەنیا حیزبەکەی خۆم ئەوسا، خۆکراسی یان ئۆتۆکراسی دەسەلاتی تەنیا خۆم.. بۆ ئەمەی ئەمەش بسەپێنێت ئەوا دەبێ دەسەلاتەکە سوڵتانی- تیۆکراسیی یان دینۆکراسیی بێت واتە دەسەلاتێکی سەروویی سوڵتانیی بێت کە دین پاڵپشتی دەکات، پیرۆزیی دەکات، دەیکاتە موقەددەس و وخودایی کە لە سەرووی سەوداکانی دنیاوە سەلمـێندراوە و سەپێندراوە. لێرەوە بە پەنابردنی مونافیقانە بۆ قورئان و ژیاندنەوەی هەموو زەخیرەی دینیی ودنیایی دەوڵەتی عوسمانی کەوتە جاڕدان بۆ سوڵتانیزمێکی نوێ. تا بە ئێرە گەیشت.

بۆچ دیسان لە ئەستەمبول خراپ دەدۆڕێت؟
چونکە بڕیارەکەی دژی دیمۆکراسییە یان ئەو تۆزە دیمۆکراسییەی لە فارگۆنێکی شەمەندەفەرە شکاوەکەدا ماوە. هێشتا تەنیا بانگەشەی دیمۆکراسیبوون دەتوانێ لە تورکیا ببێتە پاکانەی دەسەلات، بەدیلی تر کۆدیتایە ئەویش سوپا دەیکات، ئەردۆگان سوپای دەوڵەتی نەهێشت، کردیە سوپای رژێم، هی حیزب، هی سوڵتان. و بە زۆر جەنگی لابەلاوە، هی کورد و هی سوریا و نەخشەی ئەگەری جانگەکانی دەریایی داهاتوو بۆ گاز و نەوتی دەریاکان، سەرقاڵ و پڕکاریی کردووە. بەلام ئەو فارگۆنە شکاوەی دیمۆکراسی بۆ ئۆپۆزیسیۆن، بۆ گەلانی تورکیا گرنگە، دەیانەوێت لەوێوە دەستپێبکەنەوە، شکێنەری شەمەندەفەرەکە دەرپەڕینن و فارگۆن دوای فارگۆن چاکی بکەنەوە و بیکەنەوە مڵکی گشتیی خەلک و بە ئازادیی لە هەموو ناوچە و شارەکانی تورکیدا خەڵکی ئاسایی بەرەوە ئامانجەکانیان سواربن و دابەزن. ئەمە ئەو پەیامە سیاسیەیە کە ئاخری ئۆپزیسیۆنی شلوخاو هەلی گرت بە تایبەتی کەسێتیی کاریزما و بەکار و چاونەترسی سەرۆکی ‌هەلىژیردراوی/ ئەستەمبول ئەکرەم ئۆغلۆ.

مانای دۆڕانەکان
گەرچی ئەستەمبول پتر بەرباس و خواسە، دۆڕانەکان لە شارە هەرە گەورە و گرنگەکاندا بوون و هەر یەکە مانایەکی سیاسیی خۆی هەیە.
1- هۆکاری ئابووریی و کۆسمۆپۆلیتیبوون: ئەستەمبول نێوەندی بازرگانیی و ماتۆری ئابووریی و شارێکی نیمچە ئەوروپیی و قەلای سەرمایە و قیبلەی توریزم و فرە رەنگە. دۆڕانی ئەستەمبول نیشانەی دۆڕانی ئایدیۆلۆژیی ئیخوانیی-عوسمانیی نوێ بوو. خەلک بە گیرفان بیر دەکەنەوە. دوعا پارە نابارینێت. حیجاب مانای ئازادیی گەنجان نییە، بە تایبەتی کە ئازادییە سیاسییەکان لە چۆڕەبڕ دان.
2- ئەزمیر: بنکەی مێژوویی و سیاسیی دەسەلاتی عەلمانیی ئەتاتورکیی ئەوروپاخوازە. سەرکەوتنی بەردەوامی ئەزمیر بەهێزبوونەوە و پتەویی بنکەی هێزە عەلمانییەکانی سەلماند.
3- ئەنقەرە دۆڕانی سیاسییە بە هەموو مانایەک، گرتن و دەرکردنی سەدان هەزار کەس بە ناوی تێرۆریزمی فەتەیی-گولەنییەوە کە زۆربەیان چینی نێوەند و بیرۆکراسیین، وای کردووە کە پشتگیری ئەکەپە لە شارەکاندا کەم و لە گوندەکاندا، کە دین دەوری زیاتری تێدا دەبینێت، زیاد بێت.
4- هۆکاری ناسیۆنالیزمی کوردیی: سەرکەوتنی کورد لە ئامەد/ دیاربەکر [لەگەل ئەو هەموو ستەم زۆرداریی و تاوان و گوشارانەدا و دەرکردنی نزیکەی هەموو سەرۆک شارەوانییەکانی کورد و زیندانیکردنی سەدان و هەراسانکردن و هەڕەشەی ئەمنیی،] هەروەها ئەو زەبرە کوشندەی کورد لە ئەنقەرە و بەتایبەتی ئەستەمبول لە ئەردۆگانیان دا بە دەنگدان بە ئۆپۆزیسیۆن، فاکتەری ناسیۆنالیزمی کوردیی نەک تەنیا وەک یەکێک لە فاکتەرەکان، بەڵکو وەک فاکتەری یەکلاییکەرەوە لە چوارچێوەی کەرتبوونی ئایدیۆلۆجیی و سیاسی هێزەکانی تورکیدا، هێشتۆتەوە. ئەمەش بۆ خەبات و خۆڕاگریی و شێلگیریی نەبەردانەی قارەمانانی هەدەپە دەگەڕێتەوە.

هەلێکی زێڕین:
بۆیە بڕیاری هەڵبژاردنەوەی نوێ لە 23 ی حوزەیراندا دەشێ هەلێکی زێڕینتر بێت بۆ ئۆپۆزیسۆنی تورکیا بە کوردیشەوە. هەموو ئاماژەکان بەو ئاقارە دەڕۆن کە گەلەکۆمەکییەکی بەهیز دژی ئەردۆگان و حیزبەکەی بکەوێتە کار.
– پارتی سەعادەت کە 100،0000سەد هەزار دەنگی هێنابوو، دەڵێت کاندیدی نابێت و پشتیوانی ئیمام ئۆغلۆ دەکات.
– پارتی چەپی دیمۆکراتی کە 30،000 دەنگی هینابوو، هەروەها ئەمجارە پشتیوانی ئیمام ئۆغلۆ دەکات.skynewsarabia.com

– دەمێنیتەوە سەر کورد- دەوری کورد لە ژمارەکاندا ئاشکرایە، ئەمجارە 300،000 کورد لە ئەستەمبول، کە پێشتر دەنگیان بە هەدەپە دا بوو دەنگیان بە ئۆپۆزیسیۆن دا .. گەر ئەمە دووبارە بێتەوە و تەنانەت زیاتریش بکات، دۆڕانی ئەردۆگان حەتمییە.
– %90 ی ئەو کەسانەی سەفەریان بۆ دەرەوە بۆ مانگی حوزەیران حیجز کردبوو، هەڵیانوەشاندۆتەوە تا ئامادەت دەنگدان بن. زۆربەی ئەمانە دەنگدەری ئۆپزیسیۆنن/ لە چینی نێوەندن/.skynewsarabia.com

– ئاماژەیەکی ڕوونتر: لە هەڵبژاردنی هەڵوەشاوەدا ئیمام ئۆغلۆ 30،000 چاودێری خۆبەخشی هەبوو، تا ئێستا 80،000 خۆبەخش خۆیان تۆمار کردووە. یەکێک لە وێنە سەرنجڕاکێشەکانی هەڵبژاردنی تورکیا وێنەی ئەو گەنجانە بوون کە شەو نەدەخەوتن و بە دیار سندوقەکانەوە ئێشکیان دەگرت نەوەکا فێڵیان لێبکرێت. .skynewsarabia.com

سەدان هونەرمەند دژ بە هەڵوەشاندنەوە دەنگ هەڵدەبڕن
جاران کەسێ رەخنەی لە ئەردۆگان بگرتایە یەکسەر بە تێرۆریست دادەندراو پۆلیس ڕایدەکێشا، ئێستا وەک تەحەددایەک سەدان هونەرمەندی گەورە و ناسراوی تورک دژی هەلوەشاندنەوە دەنگیان هەلبڕیوە و بە کاریكی دژ بە دیمۆکراسیی و دیکتاتۆریانەی دادەنێن و ئەردۆگان دەستەوستانە و یاسا هیچ کارێک بەرامبەریان ناکات.[ لە کاتێکدا دەیان زانا و پرۆفیسۆر لە زینداندان، چونکە یاداشتێکیان دژی شەر دژی کورد بلاوکردەوە و داوایان کرد: بەلی بۆ ئاشتیی، نا بۆ جەنگ.] skynewsarabia.com

ئەمجارە شۆڕشە بۆ دیمۆکراسی
بۆیە بە بڕوابەخۆبوونەوە ئیمام ئۆغلٶ دەڵێ: ئەمجارە شۆڕشێک لە پێناو دیمۆکراسییدا بەرپا دەکات. skynewsarabia.com

هەڵوێستی حیزبەکەی ئەردۆگان خۆی
بەلام لەوانە مەترسییدارتر بۆ ئەردۆگان کە تۆقاندوویەتی هەڵوێستی ئەندامانی حیزبەکەی خۆشیەتی: ئایا ئەوانیش هەموو دەنگ بە ێلدریم دەدەن یان گوێ لە ڕەخنە توند و پشتشکێنەکانی
دوا بەدوای ئەنجامەکانی ئەستەمبول، ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرەکوەزیرانی پێشوو، ڕاگەیاندنێکی 15 لاپەرەیی بلاوکردەوە کە هەمووی ڕەخنەی توند و تیژبوو لە ئەردۆگان بە تایبەتی ڕەخنەی لە ستراتیجی هاوپەیمانی ئەردۆگان لەگەڵ حیزبی قەومی تورکی گرت وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ لادان لە پرینسیپ و ئامانجەلکانی ئەکەپەی، دانا. دوایی ئەردۆگان وەک [ تیری ژەهراوی] وەسفی خالەکانی ئۆغلۆی کورد و هەڕەشەی لێکرد. بەلام ئەمە نەیترساند و ڕەخنەیەکی کوشندەسش لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئەستەمبول گرت و بە زەبریکی کوشندە لە ئەخلاق و ئاواتی دیمۆکراسی خەلکی تورکی وەسف کرد.
عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری پێشوو و دامەزرێنەری ئەکەپە، لە تویتەرەکەیدا بەهێزترین رەخنەی لە بریاری هەڵوەشاندنەوە گرت و بەراوردی کرد لەگەڵ بریاری رژێمی پێشوو کە دادگای دەستوورییان بۆ رێگەگرتن لە کاندیدبوونی ئەو بۆ سەرۆکایەتی لە 2007 دا گرت بەوەی کە دەبی 367 ئەندام دەنگ بدەن:
[ ئەو هەستەی لە 2007 دا هەمبوو کاتێ دادگای دەستووریی بریاری ناعادلانەی 367 ی دا، هەر هەمان هەستم دوێنێ هەبوو کاتێ دادگایەکی دیکەی باڵا، ئەنجومەنی بالای هەڵبژاردن، ئەو بڕیارەی [‌هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی] دا]

“What I felt in 2007 when the Constitutional Court made its unfair 367 ruling, is what I felt yesterday when another high court, the Supreme Election Council, made its decision”, the former Turkish president said.

گەندەلیی و ناکۆکی لە ناو هەناوی ئەکەپەدا
نااکۆکییەکان تەنیا لە نێوان ئەردۆگان و حەرەسی کۆندا نین. لە ناو خودی دەستودایەرەی ئەردۆگان دان. ئەردۆگان لە گوازتنەوەی شیوازی حوکمرانی بۆ خۆکراسیی، پێوانە و پرینسیپی دامەزراندن و بەرزکردنەوەی بەرپرس و فەرمانبەرانی گۆڕیی و تاکە پرینسیپێک مایەوە: وەلا و ئیتاعەت: واتە ژێرفەرمانیی ڕەها بۆ سولتان. بۆیە بەرە بەرە کەسانی تەکنۆکرات و شارەزا و پسپۆر، کە لەناو حکومەتدا بە هۆی پاکتاوکردنەکانی گوڵەنییەکان قڕان کران، لە نا وحیزبەکەی خۆشیدا پەراوێز کران. خزمایەتیی و کەسپەرستیی و هەلپەرستیی و پۆستپەرستیی بووە ڕیگای چوونەپێش و بەرزبوونەوە. بەتایبەتی دوای دامەزراندنی زاواکەی بە وەزیری دارایی.
ئەتلانتیک هۆکاریكی تر بۆ دۆڕانی ئەستەمبول باس دەکات، کە رکەبەرایەتی نێوان بەیراق و حوسین ێلدریمە.
[ناکۆنی- ناوخۆیی تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندی بەو بەرژەوەندییە دارایی یە زەبەلاحانەوە هەیە کە لە گۆڕێدان. پار بودجەی شارەوانی میترۆپۆلیتانی ئەستەمبول گەیشتە 42،6 ملیا لیرە [7،3 ملیار دۆلار]. ئەمەش لە بودجەی زۆربەی وەزارەتە نەتەوەییەکان بەرزتر بوو. بەشیکی زۆری ئەو پارەیە بۆ کۆمپانیای تایبەتی [کەسیی] دەچێت کە شارەوانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان یان ئەنجامدانی پرۆژە بنخانییەکان بە قۆنتەرات دەیانگرێ. کەواتە کۆنترۆلی ئەستەمبول مانای دەستبەسەرداگرتنی تۆڕێکی زەبەلاحی پێوەندی خزمخزمێنەیە کە لەسەردەمی ئەردۆگاندا زیاتر و زیاتر بوونە ئەو زەیتەی مەکینەی دەسەلاتی ئەکەپەی هێشتۆتەوە. خێزانی ئەلبەیراق لە سالەکانی ناوەراستی نەوەدەکانەوە سەرمایەکاریی وەبەرهێنانی لەو پێوەندییانەدا کردووە. هەر لەو کاتەوە کە ئەردۆگان سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبول بوو، قۆنتەراتی پرۆژەکانی شارەوانی بە [ ئەلبەیرەق هۆلدینگز ] دەدا کە بریتییە لە تێکەڵیی فرە-کۆمپانیایەکی تورکیی کە هەر لەوکاتەوە قۆنتەراتی پرۆژەی مەزنی بیناسازیی و بنخانیی وەردەگرتن. لە بەر ئەوە جێگەی سەرسورمان نییە کە ئەو رۆژنامەو کەنالە میدیاییانەی لەلایەن ئەندامان و شەریکبەشەکانی خێزانی ئەلبەیرەق ەوە بەریوەدەبردرێن، وەک [سەباح] و [ئە هەبەر] لە هەمووان خێراتر بوون بۆ گومانخستنە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و [ساختەیی و دزیی] لە سندوقی دەنگدانەکاندا]. ]]
دوای ئەوە ئەردۆگان خۆی هاتە سەر خەت و [گولەنییەکانی] بە جەریمەی ڕێکخراو بۆ دزینی دەنگەکان تاوانبار کرد.theatlantic.com

لەو کاتەوە ئەو گروپەی کاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئەستەمول دەکرد، بەیرەق و گروپی مافیایی خێزانیی ئەردۆگان بوو. بۆیە ئەحمەد دواد ئۆغڵۆی ترسنۆک ئەمجارە بوێرانە ڕەخنە لە سیستمی سەرۆکایەتیی دەگرێ و بە تایبەتی گروپی بنەمالەی ئەردۆگان ئیدانە دەکات و دەنووسێ:
[ ئەو کۆمەڵەکەسە خۆیان لە سەرووی کۆمیتەی حیزبەکەمان دادەنێن و دەیانەوێت وەک ستراکتورێکی [حیزبێکی] هاوتەریب بەڕێوەی بەرن. ناکرێ ولاتەکەمان بۆ بەرژەوەندیی ئایندەیی گروپێکی تەسک و خۆ-خواز کە بوونە کۆیلەی تەماعەکانیان، بەجێبهێلرێت]]nytimes.com
گەر ئەمە مانای هاندانی ئەندامانی حیزب بۆ دەنگنەدان بە [مافیای ئەردۆگان-بەیراقی] نەبێت، چ مانایەکی تری هەیە؟
ئەوە ئەستەمبول. با چاوەڕیی 23 ی حوزەیران بکەین، بەلام لەگەڵ ئەستەمبول و پێش یان پاش ئەستەمبول فاکتەری ئابووریی و ئیدلیب هەیە. ئەمە لە بەشی داهاتوودا باس دەکەم.youtube.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت