سەلام مارف: لە پرسى شاسواردا، دیاردە مەترسیدارەکە کامەیە؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەسەلەى بوختان و پەیجە نادیارەکان و ناوزاڕندنەکان، ریکۆرد و چوونە ناو بوارە شەخسییەکانى ژیانى تاکە کەسەکانیش دیاردەیەکى مەترسیدارن، بەڵام هێشتا ئەمە ئەوەندە مەترسیى نین کە بڵێین هەموو رێساکانمان لێتک بدەن و ریسەکانمان بکاتەوە بە خوورى، ئەمانە عادەتێکن، کە دەمێکە پارتى و یەکێتى بە بەرنامە و پلان کاریان لەسەر کردووە و دەمێکە وەک چەکێکى نۆرماڵ لە ململانێکانى خۆیان و لەناو خۆیشیاندا بەکاریانهێناوە. ئەمە ئەوەندە ئاسایى بووەتەوە کە ئیتر سیفەى “مەترسیداربوون”ى لەسەر هەڵگیراوە. ئەى چى مەترسییە؟
ئەوەى مایەى مەترسییە، ئەوەیە کە دەزگاکانى ئاسایش، بە ئاشکرا بکەونە رفاندن، شاردنەوە و بڵاوکردنەوەى ریکۆردی دانپیانانەکان، مەترسییەکە ئەوەیە بێ هیچ داوەرییەک بمانگرن و بمانخەنە سەر شاشە و ناچارمان بکەن تێکستەکان بخوێنینەوە و بمانگەڕێنەوە بۆ سەردەمى “ئیعتراف”ى فاشییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ـ هێشتا ئەمەش زۆر مەترسیدار نییە، چونکە کەم تا زۆر کارى لەسەر کراوە. ئەى چى مەترسییە؟
لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەم یارییە بەناوى یاسا و دادگانەوە بکرێن، گرتنەکان بەناوى ئەوانەوە، شاردنەوەکان بەناوى ئەوانەوە، سزاکان بەناوى ئەوانەوە، بەڵام تەنیا بۆ کەسانێکى دیاریکراو، نەک بۆ کۆى تۆمەت و تاوانەکان، واتا دادگا رێک وەک پاشکۆى دەزگاکانى سەرکوت و ئاسایش کار دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەمە مەترسییەکى زۆر گەورە نییە، دەمێکە دادگاکان یاریکەرێکى ئەم یاریەن. ئەى چى مەترسییە؟
مەترسییەکە ئەوەیە کە دیاردەى لومپنى سیاسى و حیزباوحیزبکردنى پەرلەمانتارى و رۆشنبیرى بەناوى هەڵوێستەوە بکەینە دیارەیەکى سیاسى باو، چ مەترسییەکە بۆ گەیشتن بە مشتێک پارە، لەم حیزیەوە بۆ ئەو حیزب و لەم بەرەوە بۆ ئەو بەر و لەم هەڵوێستەوە بۆ ئەو هەڵوێست، کە سەرەنجام سیاسەتى حەقیقى و راستەقینە بکرێتە قوریانى بۆ ئەوەى چەند لومپنێکى بەناو سیاسى بگەنە پەرلەمان و دەستکەوتى مەعاشێکى چەور و خانەنشینییەکى زۆر و سەیارە و ئیمتیاز وەربگرن لەگەڵ خۆیاندا ئابڕووى سیاسى بێئابڕوو بکەن و وشەکانى وەستانەوە ئۆپۆزیسیۆن و بەرگرى لە مافى گشتى بەو نرخە کەمە هەڕاج بکەن. هێشتا ئەمەش زۆر مەترسى نییە، چونکە دەمێکە وەک یارییەکى سیاسى خراوەتە بازاڕەوە. ئەى چى مەترسییە؟
مەترسییەکە ئەوەیە، کە بوارى راگەیاندنى ئێمە، رۆشنبیریمان، وتن و دەربڕینەکانمان لەسەر ئەو کەرەستانە کار بکەن کە ئەم دەزگا و دامەزراوە ناشەرعى و سەرکوتکەرانە دەیخەنە بەردەستمان، کارەسات ئەوەیە، ڤیدیۆکان پەخش بکەینەوە، پاساو بۆ دەزگایەکى سەکوت بهێنینەوە و بە هەزار و یەک شێوە پاکانە بۆ ستەمگەرییەکى ئاشکرا بهێننەوە، شەرعیەت بە نایاسایى یاسا بدەین، بێڕێزى بە مرۆڤ بکەینە هەواڵ، لایەنگرییەکى شەرمنۆکانە بەناوى بێلایەنییەوە بخەینە روو. ئەمە مەترسیدارە گەورەکەیە، ئەوەی کە خەریکە لە زەینى گشتیدا، سەرکوتکردن و ستەمگەرى وەک ئەرکێکى نیشتمانى دەخەینە روو، ئەوەى کە خەریکە بە ئاسنى تۆمەت ئەبەخشینەوە و رێگاکانی بەرگری لەخۆکردنیش بەتەواوى دادەخەین. مەترسییەکە ئەوەیە کە بیرکردنەوەى ئێمە، نەک بوارێک بۆ بەرەنگارى نەهێڵێتەوە، بەڵکو هەزاران بوار بۆ تەسلیمبوون و ملکەچى فەراهەم بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت