بورهان شێخ ڕەئوف: بەرەو سەرژمێرى گشتى دانیشتووانى عێراق لە ساڵى 2020 دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرۆسیسى سەرژمێرى دانیشتووان هەنگاوێکى گرنگ و پێویستە بۆ دانانى پلان و بەرنامەى گەشەکردنى ئابوورى و مرۆیى لە سەرئاستى وڵات و بەرکەوتەى هەر تاکێک لە بوودجەى گشتى، لە لایەکى تریشەوە لە ڕووى سیاسى و یاسایى و دەستووریشەوە دەکرێت بەرچاو ڕوونى تەواو بدات بۆ دیاریکردنى قەوارەى ڕاستەقینەى هەر بازنەیەکى هەڵبژاردن.
ئەگەرچى حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق لە هەردوو سەردەمى پاشایەتى و کۆماریشدا هەر دەساڵ جارێک سەرژمێرى گشتى یان ئەنجامداوە لە ساڵى 1927 ەوە تا 1997 سەرەڕاى هەموو قەیران و کێشەکان، بەڵام لە عێراقى نوێ دا تا ئێستا ئەو پرۆسەگرنگە ئەنجام نەدراوە.
ئەوەى شایانى هەڵوەستە لە سەر کردن و مەبەستى ئەم وتارەى منە ئەمجارە سەرژمێرى گشتى یە لە عێراقدا کەوا بڕیارەى لە کۆتایى ساڵى 2020 دا ئەنجام بدرێت ئەگەر جارێکى تریش دوانەخرێت وەکو چەند جارێکى تر بڕیارى وا دراوەو دواتر بە بیانوو و پاساوى نەبوونى بڕى پارەى پێویست بۆ ئەنجامدانى ئەوپرۆسەیە جگە لە نەسازان و ڕێک نەکەوتن لە نێوان هێزە سیاسى یەکان و پێکهاتەکانى عێراقدا لە دواى نووسینى دەستوورى عێراقەوەلە ساڵى 2005 ەوە بە تایبەتى بە هۆى مادەى 140 دەستورى تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکانکە دەبوو تا ساڵى 2007 چارەنووسى ئەو ناوچانە بە گوێرەى دەستوور یەکلایى بکرایەتەوە.
ئەوەى ئەمجارە ئاماژەى بە هێزە بۆ ئەوەى سەرژمێرى گشتى بەڕێوە بچێت لە عێراقدا و دوانەخرێت بە هیچ پاساو بیانوویەک ئەوەیە کە دەستەى باڵاى سەرژمێرى دانیشتووان و شوێنى نیشتەجێ بوون واتە (مسکن ) یان ماڵ لە ساڵى 2020 پێکهێنرا وەکو وەزارەتى نەخشەکێشانى عێراق ڕایگەیاندووە کە پێکهاتووە لە هەردوو سەرۆکى لیژنەى نیشتمانى سیاسەتى دانیشتووان و دەزگاى ئامارى ناوەندى عێراق و دوو نوێنەر لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى ئەنجوومەنى نوێنەران و بریکارى وەزراتەکانى ئاسایش و خزمەتگوزارى و هەروەها نوێنەرى دیوانەکانى وەقفى شیعەو سوونەو ئاینەکانى دى کە ئەرکى ئەم دەستە باڵایە ئەوەیە کە:
1- دانانى پلانێکى گشتگیر بۆ چۆنیتى ئەنجامدانى پرۆسەى سەرژمێرییەکەو هەموو کۆمیتەکان و لقەکانى لە سەرتاخوارى وڵاتدا لە هەموو قۆناغەکانى لە کاتە جیاوازەکاندا.
2- دەستنیشانکردنى هەموو پێداویستیە مادى و مرۆییەکانى و چۆنیەتى خەرجکردنى تێچووى پرۆسەکەو و سەرپەرشتی و چاودێرى کردنى لە هەموو قۆناغەکانیدا.
3- بڕیاردان لە سەر دوا شێوەى ئەو فۆرمەى کە سەرژمێرییەکەى لە سەر دەکرێت لە چۆنیەتى سەرژمێرى کردن و هەر بابەت و پرسیارێکى ترکە دەستەکە بە پێویست و گرنگى بزانێت و جێگیرى بکات لەو فۆرمەدا.
وتەبێژى وەزارەتى پلان دانانى عێراق بە میدیاکانى ڕاگەیاندووە کە لە کۆتاییەکانى ساڵى داهاتوو واتە 2020 پرۆسەى سەرژمێرى دانیشتوان و ماڵەکانیان ئەنجام دەدرێت ئەوەى ئەمجارەى جیاوازە لە جارەکانى دى وشەى مساکن ى بۆزیاد کراوە سەرژمێرى کە مەبە ست ماڵ و شوێنى نیشتەجێبوونى هاوڵاتیانە ، هەروەها ئەوەشى ڕاگەیاندووە کە کە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک وڵاتى ترى دۆست کۆمەک و ڕاوێژى پێویستمان پێشکەش دەکەن بۆ ئەنجامدانى ئەم پرۆسە گرنگە.
لە کۆتاییدا ئەوەى پەیوەندى بە کوردو مادەى 140ى دەستوورو ناوچە جێناکۆکەکانەوە هەیە و جارێکى تر بە ئاشکرا خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنى ئەوەیە کە عەبدولزەهرە هنداوى کە وتەبێژى وەزارەتى پلاندانان و سەرۆکى دەزگاى ئامارى ناوەندیشە هەر لەو میانەدا ئەوەشى وتووە کە ئەم ئامارو سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکى بە مادەى 140 ى دەستوورەوە نى یەو تەنانەت وەڵام دانەوەى پرسیارى نەتەوە و ئاین و ئاینزا ئارەزوو مەندانەیە و هاوڵاتیان ئازادن لە وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە یان وەڵام نەدانەوەى و هەروەها وتى ئامانجى ئەم پرۆسەیە تەنها بۆمەبەستى پلان و گەشەکردنى وڵاتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت