نەوزادى موهەندیس: ڕێکەوتنى سەدە، ئاکام و لێکەوتەکانى بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(ڕێکەوتنى سەدە) ناونیشانێکى تەلیسماویە کە تاکو ئێستاش زۆر سەرکردە و وڵاتى ناوچەکە و دونیاش ناوەڕۆکەکەى بەتەواوەتى نازانن، بەڵام لەناوەکەیەوە زۆر گەورە دیارە و جێگەى پرسیار و تێڕامانە. ڕێکەوتنى سەدە بیرۆکەى ئەمریکا و ئیدارەى سەرۆک ترامپە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى فەلەستین و ئیسڕائیل.کە کێشەیەکە لەچارەسەر نەهاتوە بەدرێژایى 70 ساڵى ڕابوردوو و کێشەى ئاڵۆز و گەورەى پلە یەکى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوینە و دواى ئەویش کێشەى کورد دێت. ئەم پێشنیازە یان بیرۆکەیە دواى 18 مانگ لەکارى چڕوپڕى لێژنەیەک لە ئیدارەى سەرۆک ترامپ ئامادەکراوە و چەند وڵات و سەرۆک وڵاتێکى ناوچەکەشیان لێئاگادارکرۆدتەوە لە ( سعودیە و ئیمارات و عومان و ئوردون و میسر و تورکیا). ئەم پلانە هێشتا بەنهێنى ماوەتەوە و نەخراوەتە بەردەم ڕاگەیاندن و جەماوەرى ناوچەکەوە و وابڕیارە لە مانگى 6/2019دا ئاشکرا بکرێت.
3 کەسایەتى دیارى ئیدارەکەى ترامپ وەک ئەندازیارى ئەم پلانە دێنە ناوهێنان کە بریتین لەهەریەکە لە ( گرینبلات کە 12 ساڵە پارێزەرى موڵک و ماڵى سەرۆک ترامپە و کۆشنەر زاواکەى ترامپ و سەفیرى ئەمریکا لە ئیسڕائیل/ دێڤید فریدمان) نن.
هەرچەندە پلانەکە ئاشکرا نەکراوە, بەڵام لێرە و لەوێ لەلایەن لێپرسراوانى ئەمریکا و دیپلۆماتکارەکانیانەوە بڕگە و بابەتەکان بەپچڕ پچڕ ئاشکرا دەکەن، بەکورتى دەتوانرێت خاڵ و بەندە گرنگەکانى بەم شێوەیە کورتبکرێتەوە:
1- دامەزراندنى دەوڵەتێکى فەلەستینى لە کەرتى غەزە و بەرەى ڕۆژئاوا بەڵام بەبێ بوونى سوپایەک.
2- میسر لە کۆتا قۆناغى گفتوگۆکانیدا ڕایگەیاندوە کە ئەو بەندەى لابردوە کە دەوڵەتێکى فەلەستینى لەسەر بەشێک لەخاکى سینا دابمەزرێت، و بەهیچ شێوەیەک دەست هەڵناگرێت لە خاکى میسر، دواى ئەوەى وازى لەهەردوو دورگەى تیران و ێنافیر هێنا بۆ سعودیە، بەڵام لەناوچەى سینادا وەکو ناوچەیکى ئازادى بازرگانى دەتوانرێت بەشێک لە خاکى زیاتر دابیندەکات بۆ فەلەستینیەکان بۆ دامەزراندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى و کارگە و بۆ جێگەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و کشتوکاڵى و ڕێگەدان بە فەلەستینیەکان بۆ ئەوەى تیایدا بژین. کە دواتر لەسەر ڕووبەرى زەویەکە ڕێکەوتن دەککرێت.
3- هەروەها پردێکى هەڵواسراو دروستدەکرێت لەنێوان غەزە و کەرتى ڕۆژئاوادا بۆ کارئاسانى جوڵە و هاتوچۆ.
4- دواى 1 ساڵ لە ڕێکەوتنەکە هەڵبژاردنێکى دیموکراسى ئەنجام دەدرێت و هەر فەلەستینیەک بۆى هەیە خۆى هەڵببژێرێت.
5- سزا دەسەپێنرێت بەسەر هەر لایەکى ڕێکەوتنەکەدا کە ئەم ڕێکەوتنە ڕەتبکاتەوە بە ئیسڕائیلیشەوە.
6- سوپاى ئیسڕائیل کۆنتڕۆڵى کۆمەڵگا جولەکە نشینەکانى کەرتى ڕۆژئاوا دەکات لەگەڵ دۆڵى ئوردون و سنورەکان بۆ ماوەى 5 ساڵ تا گفتوگۆکان دەگەنە قۆناغى کۆتایى.
ئاشکرایە ڕێکەوتنەکە گەلێک خاڵ و بڕگەى تر لەخۆ دەگرێت، بەڵام هێشتا هەرئەوەندەى لێ ئاشکرا کراوە.جا لەسەر ئەم خاڵانەى کە ئاشکرا کراون، لەلایەن ئیسڕائیل و فەلەستینیەکانەوە هەڵوێستى جیاواز و گەلێک جاریش توند ڕاگەیەنراوە بە ڕەتکردنەوە. ئەوەتا ڕۆژنامەى هائاڕتسى ئیسرائیلى لەو بڕوایەدایە کە 7% کۆمەڵگاى ئیسڕائیلى لەو بڕوایەدان کە لەبەرژەوەندى ئەواندایە و 31% دەڵێن لە قازانجى فەلەستینیەکانە.

هەڵوێستى ئیسڕائیلیەکان:
1- تائێستا ئیسڕائیل چارەسەرى دوو دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە.
2- ڕازى نیە بە گەڕانەوەى ئاوارە فەلەستینیەکان.
3- چۆڵکردنى کۆمەڵگا جولەکە نشینەکان لەکەرتى ڕۆژئاوا بەلایەوە زۆر سەختە.
4- شارى قودسى ڕۆژهەڵات بە پایتەختى شەرعى ئیسڕائیل دادەنێت.

هەڵوێستى فەلەستینیەکان:
1- تا ئێستا سەرکردە فەلەستینیەکان بە (حەماس و فەتح) وە بەتوندى ئەو پلانە ڕەتدەکەنەوە چونکە دەڵێن، دەسەڵاتى ئیسڕائیل زیاتر دەچەسپێنێت.
2- ئاوارەکان تا ئەبەد ناگەڕێنەوە سەر زێدى بابو باپیرانیان. کە ژمارەیان لە 5 ملیۆن فەلەستینى زیاتردەبن.
3- بەپێى پلانەکەش سەروەرى خاکى فەلەستینیش تا ئەبەد لەدەست دەدەن.
4- سەرۆک وەزیرانى فەلەستین( محمد ئاشتیە) دەڵێت: ئەم پلانە ئیسڕائیلیە و بە دەستى ئەمرکا نوسراوەتەوە.چونکە دەستى ئیسڕائیل واڵا دەکات کە کەرتى ڕۆژئاوا لەژێر ناوى ئەمنیەوە بخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆى.
5- فەلەستینیەکان داواکارن کە دەوڵەتى فەلەستینى لەسەر بنچینەى سنورەکانى ساڵى 1967 دابمەزرێت و پایتەختەکەشى قودسى ڕۆژهەڵات بێت.
بەم شێوەیە هەڵوێستى دوولایەنە سەرەکیەکەى کێشەکە زۆر دوورن لە یەکتریەوە، و هەڵوێستەکانى ئەمریکاش بە ماوەى 70 ساڵى ڕابووردوو بەلاى عەرەبەکانەوە هێندەى پشتگیرى لە ئیسڕائیلیەکان کردوە نیوهێندە پشتیوانى لە ماف و داواکاریە ڕەوکانى فەلەستینیەکان نەکردوە و ئەوەتا لەمانگى 12/2017دا و تاک لایەنە بڕیاریدا بەداننان بە شارى قودس وەک پایتەختى ئیسڕائیل و گواستنەوەى سەفارەتەکەشى لەتەلئەبیبەوە بۆ قودس، کە ئەم بڕیار و هەڵویستانەى ئەمریکا بۆ عەرەبەکان زۆر سەختن قبوڵکردنیان و لەئێستاشدا گوێگرتن و پەسەندکردنى ئەم پلانەى ئەمریکا بۆ عەرەبەکان سەختترە، چونکە متمانەیەکى گەورە نەماوە بە هەڵوێست و بڕیارەکانى ئەمریکا و ئەمەش بە گەمەیەکى قێزەونى ترى ئیسڕائیل لێکدەدەنەوە، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکى بەهێزیشیان نیە بۆ بەرەنگاربونەوەى, چونکە لەئێستادا و لەسەرەتاى دەسپێکى بەهارى عەرەبیەوە فەلەستینیەکان لە هەموو هاوکاریە مادى و مەعنەویەکانى عەرەبەکان بێبەشبوون و هیچ پشتیوانیەکى بەناو برایەتى و ئیسلامەتیان نەماوە و تەنها وەکو سەرکردەى حەماس و فەتحیەکان ڕایانگەیاندوە درێژەدانە بە مقاوەمەت و بەرەنگارى لەپێناو وەدیهێنانى ئاوات و خواست و خەونە لەمێژینەکەیان ئەویش ڕزگارکردنى فەلەستین و دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆیە کە شارى قودس پایتەختەکەى بێت.

هەڵوێستى وڵاتانى عەرەبى:
بەشێوەیەکى گشتى وڵاتانى عەرەبى خۆیان دەپارێزن لە پشتیوانى ئەم ڕێکەوتنە و نایانەوێت لێپرسراوێتى مێژوویى بەلەدەستدانى فەلەستینیان بکەوێتە ئەستۆ،هەربۆیەش هیچ ڕاگەیندراوێک یان هەڵوێستێکى فەرمیان ڕانەگەیاندوە جگە لە ئیمارات کە پشتیوانى دەکات.

هەڵوێستى ئەمریکا:
1- ئەمریکاش خۆى تەنها بەخاوەنى بیرۆکە و کارئاسانیکەر پیشان دەدات نەک وەک دادوەر و میانگیر.
2- ڕایگەیاندوە کە دامەزراندنى دوو دەوڵەت یان یەک دەوڵەت لەشێوەى کۆنفیدڕاڵى یان فیدڕاڵى بۆ لایەنى جێبەجێکار بەجێدێڵێت.
3- هەروەها ئەمریکا بۆ سەرکەوتنى ئەم پلانەى داواى لەهەریەکە لە وڵاتانى کەنداو و یەکێتى ئەوروپا و یابان و چین و خۆشى کردوە بۆ پێشکەشکردنى هاوکار و کۆمەکى مادى. بەهەمان شێوە وڵاتانى میسر و ئوردون و سعودیەش بەشدار دەبن.
4- ئەمریکا تەنها داواکارى لە ئیسڕائیل کردوە کە دروستکردنى کۆمەڵگا جولەکە نشینەکان لەناو جەرگەى کەرتى ڕۆژئاوادا لە 5 ساڵى یەکەمدا ڕابگرێت.
5- لەبەر ئەوەى فەلەستینیەکان زەرەرمەند دەبن لەم پلانە هەربۆیە وەک قەرەبویەک ئەمریکا بە بڕى 25 ملیار دۆلارى ئەمریکى لە 10 ساڵى ئایندە لەکەرتى غەزەدا وەبەرهێنان دەکرێت.
6- بەهەمان شێوەش ئوردونیش زەرەرمەند دەبێت و ڕازى نیە دەستهەڵگرێت لەبەشێک لەخاکەکەى و نیشتەجێبوونى ئاوارە فەلەستینیەکان نیایدا، هەربۆیە ئەمریکا بە بڕى 40 ملیار دۆلارى ئەمریکى وەبەرهێنان لە ئوردوندا دەکرێت.
لەکۆتایدا ئەم ڕێکەوتنە و پلانە ئەمریکیە گەر سەربەکەوێت و بەدڵى هەموو لایەنەکان بێت لەپێش هەموانیشەوە فەلەستین و ئیسڕائیلیەکان، ئەوا ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین تاڕادەیەک ململانێکانى کەمتر و خاوتر دەبنەوە و ئاشتى و ئارامیەکى بۆ دەگەڕێتەوە کەماوەى 70 ساڵە لێى بێبەشکراوە، گەر بەپێچەوانەشەوە بێت ئەوا ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین دەبێتە کوانوى جەنگ و ململانێیەکى توندتر و ئاگرى ئەو ململانێیانەش هەموان دەگرێتەوە و ناوچەکەش دەکاتە گۆڕەپانى ململانێ ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکان وەکو 70 ساڵى ڕابووردوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت