ستارە عارف: کوردی دوای ڕیفراندۆم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

14- 05- 2019 عەرەبی هاوردەی عێراقی پەلاماری ئاوایی پەلکانەی سەر بە دوزی کەرکوکیاندا و لەماڵ و سنور و ناوچە کوردیەکانی خۆیان دەریاندەکەن، پێشتریش هەر لەم هەفتەیەدا لەقەزای مەخمور و خانەقین دەیان دۆنم زەوى و دەغڵودانی جوتیارانی کوردیان سوتاند، پۆلیسی عێراقیش ئەو سوتاندن و پەلامارانە بە کاری داعش لەقەڵەم دەدات، هەرچەندە داعش هێشتا ڕێکخستنی ماوە، ئەمڕۆیش 17- 05- 2019 ژمارەیەک خانوی کورد لەگەڕەکی عەرەفەی کەرکوک بە بیانوی زیادەڕۆیەوە ڕوخێنراوە و هەڕەشەیان لەژمارەیەکی تریش کردوە، تەنیا لەماوەی پێنج ڕۆژدا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەگەرنا دەیڕوخێنن، بێ ئەوەی قەرەبویان بکەنەوە و شوێنێک بۆ نیشتەجێبونیان دیاری بکەن، ئەم تاوانانە دژی کورد دڵتەزێنە و دەبێت ببێتە غەمی هەمومان.
بێگومان ئەم پەلامارانە و دوبارە بە عەرەبکردنەوەی کوردستان و دەرکردنی کورد لەشوێنی خۆی بە هەمان شێوازی بەعس، دەرەنجامی ڕیفراندۆمەکەی هەردو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیە، کە بە پیلانی تورک و عەرەب ڕیفراندۆمیان بۆ فرۆشتنی کوردستان و لەقکردنی ستاتۆی هەرێمی کوردستان دژی کورد ئەنجامدا و بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری بنەماڵەی تاڵەبانیش بە تەواوی ئەو سنورانەی کوردستان ڕادەستی حشد و عەرەب کرانەوە، ئەو پیلانە ئەو ڕۆژانە ئاشکرا دیار بو، بۆیە دژی ڕیفراندۆم بوین.
ئێستا کورد لەو ناوچانە بێدەستەڵاتن و هاواری یەکێتی و پارتی دەکەن بیانپارێزن، لەکاتێکدا ئەو دو بنەماڵەیە ئارەزومەندانە ناوچەکانی ماددەی 140یان تەسلیمکردوە و ئامادە نەبون بەرگری لێ بکەن، هەرێمی کوردستانیش ڕۆژانە بە شێوازی جیاواز دەفرۆشن و تاڵان و تەعریبی دەکەن، هەر ئەو عەرەبانەی ناویان ناون هاوردە، بە ناوی گەشتیاریەوە جوت بنەماڵە فەرموی کوردستانیان دەکەن و خانو و زەویان لەسەر تاپۆ دەکەن و خەڵکیان بۆ نەرم دەکەن، بێ ئەوەی هیچ مەردایەتی و ویژدان و ئەخڵاقی ئەوەیان هەبێت و بیر بکەنەوە، کە هەر ئەو عەرەبانەن سبەینێ ژیانی کورد دەخەنە مەترسیەوە و کوردستان داگیر دەکەنەوە، بۆیە عەرەب هاوردە بێت یان گەشتیار و لەهەر ئاستێکدا هەبێت، هەر عەرەبە و بۆ کورد مەترسیدارن.
یەکێک لەهۆکارانەی هاوکاری عەرەبی کەرکوک و بەغدا و… هتد دەکات، لەناوچەکانی ماددەی 140بەو ئاسانیە پەلاماری کورد بدەن، نەبونی پاڵپشت و هێزی کوردیە و کەمبونەوەی ژمارەی کوردە لەو ناوچانە، چونکە یەکێتی و پارتی لەماوەی ئەم ساڵانەدا کاریان لەسەر زیادکردنی نفوسی حزبیان کردوە، نەک پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد، ئەو کاتەی حزبێکی وەک یەکێتی لەپارێزگای سلێمانی ئاستی جەماوەری دابەزی و بوە بە حزبێکی کەمینە، نفوسی خۆی لەکەرکوک و خانەقین و گەرمیانەوە بۆ سلێمانی هێنا و لێرە بە پارەی دزراو و سامان و بودجەی ئەم پارێزگایە بە شێوەیەکی ساختە خەریکی زیادکردنی نفوس و جەماوەری حزبی خۆی بو و جێگیریکردن، ئیدی ئەمە بوە هۆکار و پشتگیریەکی باش، کە لەگەڵ هەر تەقینەوە و پەلامارێکی حکومەتی عێراق ژمارەیەکیتری کورد لەوێ ماڵ بار بکەن و بێن بۆ هەولێر و سلێمانی و ئەو ناوچانەیش بە دڵی عەرەب و تورکمان چۆڵ ببن.
بۆیە باشترە داوای گەڕاندنەوەی ئەو لێشاوە زۆرەی کوردانی کەرکوک و خانەقین و گەرمیان بۆ ناوچەکانیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی کورد لەوێ گۆڕانکاری بەسەردا بێت و بەرگری لەخۆی بکات و هانا بۆ کەس نەبات و کاریان تەنیا نەبێت بە سکاڵا و گلەیی کردن لەجوت بنەماڵە، کە هیچیان لێ سەوز نابێت، ئەگەرچی ئەوانەی خاوەن پۆست و پارەن ناتوانن بە ئاسانی دەست لەو هەمو ئیمتیازەی ناو دەستةڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی هەڵبگرن و بگەڕێنەوە، تا لەوێ شەو و ڕۆژ بکەنەوە و پشتیوانی خەڵکە ڕەش و ڕوتەکە بکەن، بۆ ئەوەی ڕژێمی عێراقیش بەو ئاسانیە پەلاماریان نەدات، بەڵام دەکرێت نەختێک ویژدان و هەستی کوردبون و ئەخلاقیان ئازاریان بدات و دەست لەمەستی پارە و سامانی دزی دەستەڵات هەڵبگرن و بە هانای میللەتەوە بچن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت