بورهان شێخ ڕەئوف: نەوتى کوردستان لە ململانێى نێوان هەرێم و ناوەندەوە بۆ ململانێى نێوان عێراق و ڕوسیا.

لە کاتێکدا کێشەو ململانێى سەخت لە نێوان حکومەتى ناوەندى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەئارادایە لەمەڕ پرسى نەوت و غاز و سامانى سروشتى و بە تایبەتى لە یاساى بوودجەى گشتى […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

لە کاتێکدا کێشەو ململانێى سەخت لە نێوان حکومەتى ناوەندى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەئارادایە لەمەڕ پرسى نەوت و غاز و سامانى سروشتى و بە تایبەتى لە یاساى بوودجەى گشتى عێراقدا حکومەتى هەرێم ناچارکراوە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات کە سەرپەرشتى کۆى پرۆسەى فرۆشتنى نەوتى عێراق دەکات لە بەرامبەر ئەوەشدا حکومەتى ناوەندى مووچەوپێداویستى کارمەندانى هەرێم بدات .
لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ئێستا وا نیوەى ساڵى 2019 تەواو بوو هێشتا یەک بەرمیل نەوت ڕادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ نەکراوەلەلایەن هەرێمەوە و عادیل عەبدولمهدى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى ناوەندى فشارێکى زۆرى لە سەرە لە لایەن فراکسیۆن و لایەنەجیاوازەکانى عێراقەوە بەتایبەتى شیعەکان بۆ ئەوەى ئەگەر نەوتەکە ڕادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ نەکەن ئەوا ئەویش پارەى مووچە بۆ هەرێم نەنێرێت.
هەرچەندە عەبدولمهدى دکتۆر ئەیاد عەلاوى ناردووە بۆ لاى بەڕێز مەسعود بەرزانى کە ئەو کێشە چارەسەر بکات و لەوەزیاتر عادیل عەبدولمهدى نەخاتە بەر نەشتەرى ڕەخنەو فشارى لایەنە عێراقیەکان و بە وتەى عەلاویش بەرزانى بەڵێنى داوە شاندێکى هەرێم بنێرێت بۆ بەغداد لەم دواى جەژنەدا و کێشەکانى تایبەت بە نەوت و غاز چارەسەربکەن.
سەرۆکى کۆمپانیاى زەبەلاحى نەوتى ڕوسى ( روس نەوت ) لە کۆنگرەى ساڵانەى هاوبەشەکانى دا ڕایگەیاند لەم ساڵدا سۆپرایزێکى بۆ حکومەتى ناوەندى وڵاتەکەى دەبێت ئەویش دەستکردنە بە پرۆسەیەکى فراوانى گەڕان و پشکنینى جیۆلۆجى بۆ نەوت لە هەرێمى کوردستانداو لە ساڵى داهاتووشدا بە نیازن دەست بە دەرهێنان و فرۆشتنى بکەن.
سەرچاوە کانى هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ئەو گرێبەستە نەوتیە نوێ یە لە نێوان حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاى روس نەوت کە کۆمپانیاییەکى نیمچە حکومیەو نزیکە لە حکومەتى روسیاوە سیاسەتەکانى گوزارش لە سیاسەتەکانى دارایى ئابورى و سیاسى حکومەتى ڕوسیا دەکات، کە بە نیازن لە پێنج ناوچەى جیۆلۆجى هەرێم وەبەرهێنان بکەن کە سەرەتا توێژینەوەى سەرەتایى و دۆزینەوەى بۆ دەکەن لە قۆناغى یەکەمدا و دواتر دەست بە هەڵکەندنى بیرو دەرهێنانى دەکەن .
بە گوێرەى گرێبەستەکە کۆمپانیاى روس نەوت هەموو تێچووى ئەو پرۆسەیە کە 400 ملیۆن دۆلارە لە ئەستۆ دەگرێت، کۆمپانیاکە پێشبینى دەکات کە 700 ملیۆن بەرمیل نەوتى تێدا بەرهەم بێت و دواتر 80% قازانجەکەى بۆ روس نەوت بێت.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەى چى قازانجێک بۆ هەرێم دەبێت 20% ئایا ئەمە ڕێژەیەکى زۆر کەم نیە ئایا ئەم گرێبەستە بە فلتەرەکانى پەرلەمان و حکومەتدا دەڕوات؟!

هاوبەشى ستراتیجى نێوان ڕوسیا و هەرێم
ڕوسیا هەرێمى کوردستان بە ناوچەیەکى وەبەرهێنانى گرنگ دەزانێت و لەلایەکى تریشەوە کۆمپانیا نەوتیەکانى ئەوروپاو ئەمریکا وەبەرهێنان لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق دەکەن و بەرژەوندییەکانیان ناخەنە مەترسیەوە لە گەڵ هەرێمدا وەبەرهێنان لە بوارى نەوتو غازدا بکەن لە بەرئەوە هەرێمى کوردستان پەنا بۆ کۆمپانیا ڕوسیەکان دەبات.
لە هەمان کاتدا ڕووسەکانیش ئەوە باش دەزانن کە نەوتى کەرکوک و ناوچەکانى باشوورى عێراق هەر لە دواى ساڵى 2003 ەوە بە بڕیارێکى سیاسى بۆ ئەو کۆمپانیانە یەکلایى بووەتەو هەریمى کوردستان لە دەرەوەى ئەو ڕێککەوتنەیە هەر لە بەر ئەوەشە ڕوسەکان لە هەوڵى ئەوەدان ناوچەیەکى هەژموون وجێ پێ یەکیان لە عێراقدا هەبێت لە ڕێگەىوەبەرهێنان لە بوارى نەوتدا و هەر لە و پێناوەشدا لە ساڵى 2017 دا قەرزێکى 3.5 ملیاردۆلاریان دابە هەرێم و هەروەها خاوەنى بۆڕى ستراتیجى گواستنەوەى نەوتن لە هەرێمەوە بۆ بەندەرى جیهانى تورکى و لە دواى ڕیفراندۆمیش لە ژێر قورسترین بارودۆخدا دەستبەردارى هاوبەشى هەرێم نەبوون.

هەڵوێستى حکومەتى عێراق
عێراق کارتى فشارى زۆرى پێ نیە بۆ بەرگرتن لەم گرێ بەست و سات وسەودایە لە بەرئەوەى دەستوورى عێراق بوار دەدات بە هەرێمەکان کە گرێبەست و دەرهێنان و گەڕان وپشکنین بۆ نەوت بکەن جگە لەوەش ئێستا هەردوو وڵاتى ئەمریکا و ئێران ڕۆڵى کارا دەگێڕن لە کاروبارى عێراقدا و هەروەها حکومەتى عێراق لە ئێستادا ناخوازێت گرژى و هەڵچوونى زۆر ڕووبدات بە هۆى ناکۆکییەکانى ئەمریکاوە ئێرانەوە.
لە لایەکى تریشە و حکومەتى ناوەندى عێراق لە ئێستادا زۆر پێویستى بە هەرێمى کوردستان و بۆِڕییە نەوتى و غازییەکانیەتى لە بەرئەوەى لە کاتى ڕوودانى یان هەڵگیرسانى شەڕو ململانێ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا و بە تایبەتى لە ناوچەى کەنداو و تەنگەى هورمز عێراق هیچ دەرچەیەکى خێراو خۆشدەستى وەکو هەرێمى دەستناکەوێت بۆ درێژەدان بە فرۆشتنى نەوت لە کاتێکدا 90% داهاتى عێراق نەوتە.

 

 

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف