شێرزاد شێخانى: ڕواندا، فێتنام، هه‌رێمى كوردستان.

له‌ سه‌ده‌ى رابردوودا جگه‌ له‌ولاته‌ زلهێزه‌ ئابووريه‌ ناسراوه‌كانى جيهان وه‌كو ئه‌مريكاو روسيا و به‌ريتانياو فه‌ره‌نساو ئه‌لمانيا، هێزى ئابوورى تازه‌ش سه‌ريان هه‌ڵدا، كه‌ له‌ماوه‌يه‌كى كه‌مدا توانيان ژێرخانێكى ئابوورى زه‌به‌ڵاح بۆ خۆيان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

له‌ سه‌ده‌ى رابردوودا جگه‌ له‌ولاته‌ زلهێزه‌ ئابووريه‌ ناسراوه‌كانى جيهان وه‌كو ئه‌مريكاو روسيا و به‌ريتانياو فه‌ره‌نساو ئه‌لمانيا، هێزى ئابوورى تازه‌ش سه‌ريان هه‌ڵدا، كه‌ له‌ماوه‌يه‌كى كه‌مدا توانيان ژێرخانێكى ئابوورى زه‌به‌ڵاح بۆ خۆيان دابينبكه‌ن و به‌ربه‌ره‌كانى وڵاته‌ زلهێزه‌كانيش بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت وڵاتى چيين يه‌كێك بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ى وه‌كو ئابووريه‌كى به‌هێزو ركابه‌ر بێته‌ مه‌يدان ، له‌خوار ئه‌ويش وڵاتانى تريش ئابووريه‌كانيان گه‌شه‌ى سه‌ندو بوونه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ ئابوورى جيهانى، به‌تايبه‌تيش به‌شێك له‌وڵاتانى ئاسيا وه‌كو ماليزياو سه‌نگاپووره‌و كۆرياى باشوور.
ئه‌زمونى به‌رێوه‌‌‌بردنى ئه‌م وڵاتانه‌ ئيلهامبه‌خشبون بۆ زۆربه‌ى وڵاتانى ديكه‌ى دواكه‌وتووى جيهان، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى باسمان كردن له‌ژێرخانێكى سوتماك و رووخاوه‌وه‌ بوون به‌خاوه‌ن جوانترين ئه‌زمونى سه‌ده‌ى رابردوو. له‌هه‌زاره‌ى سێيه‌ميشدا ئه‌زمون گه‌لێكى تريش گه‌شانه‌وه‌، كه‌ دوو له‌جوانترين نمونه‌يان وڵاتانى روانداو فێتنامه‌ كه‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ش‌ به‌سروشت و واقيعى رووداوه‌كانيان زۆر نزيكن له‌وه‌زعى ئێمه‌ى كورد له‌هه‌رێمى كوردستاندا.
وڵاتى رواندا له‌ناوه‌ڕاستى نه‌وده‌كاندا دووچارى شه‌ڕێكى خوێناوى زۆر سه‌خت بوو له‌نێوان هه‌ردوو خێڵى هۆ‌توو توتسى، له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا نزيكه‌ى مليۆن و نيوێك خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته‌ بوونه‌ قوربانى شه‌ڕه‌كه‌ و، دوو مليۆن كه‌سيشان ئاواره‌ى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر بوون. كووچه‌و شه‌قامى شاره‌كانى ئه‌م وڵاته‌ پڕ بوون له‌ لاشه‌ى كوژراوانى هه‌ردو خێڵه‌كه‌. له‌م ئانوساته‌دا كه‌سايه‌تيه‌كى گه‌نجى ئه‌م وڵاته‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ناوى بۆل كاغامى بوو. مێژووى ئه‌م وڵاته‌ به‌ئاوى زێر ناوى ئه‌م كه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌ قاره‌مانه‌ ئه‌نوسێته‌وه‌، كه‌ توانى له‌ماوه‌يه‌كى كورتدا ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرێ. له‌جياتى ئه‌وه‌ى ببێت به‌ به‌شێك له‌شه‌ڕه‌ خوێناويه‌كه‌، يه‌كه‌م هه‌نگاوى ئاشتكردنه‌وه‌ى ناوخۆيى بوو. به‌بريارى حكومه‌ته‌كه‌ى ياساى لێبووردنى گشتى ده‌ركرد، دواتر نزيكه‌ى 120 هه‌زار تاوانبارى جه‌نگى راده‌ستى دادگاى نێوده‌وڵه‌تى كرد. به‌دواى ئه‌مه‌شه‌وه‌ راسته‌وخۆ كه‌وته‌ ئاساييكردنه‌وه‌ى بارى وڵاته‌كه‌ى به‌وه‌ى ئاسه‌وارى جه‌نگه‌ ناوخۆييه‌كه‌ى خسته‌ ناو پرۆگرامى خوێندنه‌وه‌، به‌مه‌ش يه‌كه‌م ئامانجى خۆى پێكا له‌به‌رگرتن له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ناكۆكى خێڵه‌كى له‌وڵاته‌كه‌يدا. دواتر ده‌ستى به‌چاكسازى ئابوورى كردو، سه‌ره‌تا به‌شێوه‌يه‌كى به‌رفراوان زه‌وى به‌سه‌ر هاوڵاتيانى وڵاته‌كه‌ى دابه‌شكردو خه‌ڵكى كه‌وتنه‌ سه‌ر كارى كشتوكاڵى بۆ دابينكردنى پێداويستيه‌كانى ژيانيان. دواتر كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌نجه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌سه‌ر حيسابى ده‌وڵه‌ت نارده‌ وڵاتانى جيهان بۆ تۆژينه‌وه‌ له‌چۆنيه‌تى پێشخستنى ئابوورى وڵات. هه‌ر له‌وساوه‌ ده‌رگاى وه‌به‌رهێنانيشى كرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م وڵاتانى دونيا كه‌ له‌ماوه‌يه‌كى كه‌مدا رژانه‌ سه‌ر پڕۆژه‌ وه‌به‌رهێنانه‌كانيان له‌م وڵاته‌دا. به‌مشێوه‌يه‌ له‌مه‌ودايه‌كى كورتدا ئه‌نجامى چاكسازييه‌كانى له‌بوارى په‌روه‌رده‌و ئابوورى به‌ده‌ركه‌وتن، ئێستا ئه‌م وڵاته‌ بووه‌ به‌ ئه‌زمونێكى‌ ئيلهامبه‌خش بۆ وڵاته‌كانى ترى كيشوه‌رى ئه‌فه‌ريقا له‌ بوارى پێشكه‌وتنى ئابووريدا.
وڵاتى فێتنام له‌سه‌ده‌ى رابردوودا كه‌وته‌ به‌ر ململانێيه‌كى تووندى هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ئه‌مريكاو روسيا، به‌مه‌ش بۆ ماوه‌ى ده‌يان ساڵ دووچارى جه‌نگێكى وێرانكه‌ر بوو كه‌ بووه‌ هۆى له‌تبونى وڵاته‌كه‌ بۆ دوو پارچه‌ى جيا. گه‌لى فێتنام هيچى نه‌ما و هاته‌ سه‌ر سفر، دواى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م گه‌له‌وكۆتاييهاتنى جه‌نگه‌كه‌ش، فێتنام له‌سفره‌وه‌ ده‌ستى پێكرد. هه‌رچه‌نده‌ حزبي شيوعى ئابووريه‌كى مه‌ركه‌زى چڕى به‌سه‌ر ولاته‌كه‌دا سه‌پاندبوو، به‌مه‌ش وڵاته‌كه‌ له‌رێزبه‌ندى وڵاته‌ هه‌ره‌ هه‌ژاره‌كاندا مايه‌وه‌و له‌په‌لوپۆ كه‌وت. ئا لێره‌شدا سه‌ركرده‌يه‌كى شيوعى به‌ده‌ر كه‌وت كه‌ ناوى نيجوين فان لين بوو، ئه‌و‌يش هاوشێوه‌ى پاڵه‌وانه‌ ئابووريه‌كانيتر، قوڵى هه‌ڵماڵى و كه‌وته‌ بنياتنانى ئابوورى وڵاته‌كه‌ى، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌ركرده‌يه‌كى دڵسۆزى شيوعيه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ش رێگر نه‌بو له‌وه‌ى فان لين ده‌ست به‌چاكسازى بكات، ئه‌ويش به‌ چاكسازى كشتوكاڵيه‌وه‌ ده‌ستى پێكرد، دواتر ورده‌و ورده‌ په‌رژايه‌ سه‌ر چاكسازى له‌بوارى په‌روه‌رده‌و پيشه‌سازى وئابوورى، له‌ماوه‌يه‌كى كه‌مدا فێتناميش هاته‌ ريزى وڵاته‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتوه‌كانى ئابوورى جيهان.
نمونه‌ى تريش زۆرن له‌م باره‌يه‌وه‌، هه‌ر له‌ ئه‌سيوبياوه‌ بۆ ماليزيا و، له‌ ئيماراته‌وه‌ بۆ هيندستان، هه‌ڵبه‌ت باسى وڵاتانى ئه‌وروپاش ناكه‌ين، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌مێكه‌ پێشكه‌وتون، باسمان له‌م وڵاتانه‌يه‌ كه‌ له‌هيچه‌وه‌ ده‌ستيان پێكردو، له‌ناو داروپه‌ردووى جه‌نگه‌ درێژخايه‌نه‌كانيانه‌وه‌ سه‌ريان به‌رز كرده‌وه‌و گه‌يشتنه‌ ترۆپكى ئاسمانه‌وه‌.
ئه‌زمونى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ربارى ته‌مه‌نى بيستو هه‌ىشت ساڵه‌يدا تاكو ئه‌مڕۆش له‌شوێنى خۆى موراوه‌حه‌ ئه‌كات، يه‌ك هه‌نگاو له‌رووى ئابووريه‌وه‌ نه‌چۆته‌ پێشه‌‌وه‌. ململانێى حزبى و ده‌ستبه‌ردار بوون له‌مه‌باديئه‌كانى شۆڕش و گه‌نده‌ڵى و به‌رژه‌وه‌ندخوازى حزبى و كه‌سى هه‌رێمه‌كه‌مانى گه‌ياندۆته‌ خاڵى سفره‌وه‌، ئێستا ئه‌گه‌ر پاره‌ له‌به‌غداوه‌ نه‌يه‌ت حكومه‌ته‌كه‌مان ناتوانێ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانيشى بدات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێدايه‌ كه‌وا هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ريايه‌ك نه‌وته‌وه‌يه‌.
ساڵى په‌نجاو شه‌سته‌كان هه‌رێمى‌ كوردستان نانى هه‌مو وڵاتى عيراقى ئه‌دا، ته‌نها ده‌شتى هه‌ولێر و كه‌ندێناوه‌ گه‌نمو جۆى وڵاتى دابين ئه‌كرد، له‌سه‌دا حه‌فتاى دانيشتوانى هه‌رێم خه‌ريكى فه‌لاحه‌تى بوون له‌ده‌شته‌كانى نه‌ينه‌واو كه‌ركوكه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ گو‌نده‌كانى سه‌ر سنور. مێوه‌و سه‌وزه‌ى‌ خۆماڵى به‌شى هه‌مو دانيشتوانى ئه‌كردو هه‌نارده‌ش ده‌كرانه شاره‌كانى ترى عيراق. به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سايه‌ى حوكمڕانى‌ كورده‌وه‌، كه‌ره‌وزو ته‌ماته‌و خه‌ياريشمان له‌وڵاتانى ده‌وروبه‌ر هاورده‌ ده‌كرێ، به‌مه‌ش ملياران دۆلارى ئه‌م وڵاته‌ى ئێمه‌ ئه‌چێته‌ گيرفانى بێگانه‌وه‌. سامانى نه‌وتمان راده‌ستى دوژمنانمان كردوه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ته‌كانى داعشيش خێر له‌ سامانه‌كانى ئێمه‌دا‌ ئه‌بينن.
ئه‌م ئه‌زمونه‌ شكستخواردوه‌ى ئابوورى هه‌رێم پێويستى به‌ فريادڕه‌سێكى وه‌كو فان لين و بۆل كاغامى هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر نه‌شتوانين ژێرخانى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆمان بۆ دابينبكه‌ن، لانيكه‌م هاوڵاتيانمان ژيانێكيان بۆ زامن بكه‌ين كه‌ كه‌رامه‌تى ئينسانيان پارێزراو بێت.
هه‌ڵسانه‌وه‌ى هه‌رێم لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ هه‌ردوو حزبى پارتى و يه‌كێتى، هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى، هه‌ردوو زۆنى سه‌وزو زه‌رد، پرۆسه‌يه‌كى ئاشته‌وايى سه‌رتاسه‌رى رابگه‌يه‌نن، چاكسازى‌ راسته‌قينه‌ ده‌ست پێبكه‌ن له‌گشت بواره‌كانى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابوورى و په‌روه‌ده‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌كو وڵاتانى ترى ئه‌م دونيايه‌ ئه‌زمونى سه‌ركه‌وتوى خۆمان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نهاو ته‌نها به‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ته‌جريم وته‌حريمى گه‌نده‌ڵى به‌ پله‌ يه‌ك، كۆتاييهێنان به‌ ناكۆكى وململانێى حزبى به‌ پله‌ى دوو، سه‌روه‌رى ياساو عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵايه‌تيش به‌دوايانه‌وه‌، به‌مه‌ش ئه‌توانين ئه‌زمونێكى تازه‌ بێنينه‌ كايه‌وه‌ كه‌ واى لێبێت ميلله‌ته‌كه‌مان به‌سه‌ربه‌رزييه‌وه‌ بژى و مێژووش به‌ شانازييه‌وه‌ باسى ميلله‌ته‌كه‌‌مان بكات.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی