میران محه‌مه‌د: 9 حوزەیرانی 1963، یادی تاڵی رەشبگیری و ڕەشکوژییەکەی سلێمانی، ناسراو بە مەنعەکە!

ئەم پێشهاتە بەندی خەیاڵ نیە، بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەی رۆڵەیەکی ئەم شارەیە، باوکی ڕەحمەتیمان (وەستا ئەحمەیی کارەباچی/ احمد خەلیفە). تا لەگەڵ کۆچی دوایی خۆیاندا ون نەبێت و نەچێتە ژێر خاك، ویستم، گەرچی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەم پێشهاتە بەندی خەیاڵ نیە، بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەی رۆڵەیەکی ئەم شارەیە، باوکی ڕەحمەتیمان (وەستا ئەحمەیی کارەباچی/ احمد خەلیفە). تا لەگەڵ کۆچی دوایی خۆیاندا ون نەبێت و نەچێتە ژێر خاك، ویستم، گەرچی بچوكیش بێت، ببێتە بەشێك لە ڕاستیەکانی مێژوی پڕ سەروەری و مەردایەتی خەڵکی شارەکەی هەڵمەت و قوربانی.
ئێوارەیەکی زۆر ساردی زستانی ساڵی 1963/ 1964 بو. سلێمانی دڵتەنگ و رەشپۆش و خامۆش تەعزێبار، وێڵ و گوێ قوڵاغی هەواڵی ونکراو و گیراوانی رۆژانی مەنعەکە بون. لە پۆلی دوی سەرەتایی بوم. لە ماڵێکدا لەسەر شەقامی سابونکەران نزیك بەردەرکی سەرا، سەر سوچی کۆلانی قەزازەکان بەرامبەر کتێبخانەکەی خوالێخۆشبو قاراغا، هۆدە و هەیوانێکی خنجیلانەی گڵمان بەکرێ گرتبو.
چەند رۆژێك بو بەفرێکی زۆز لە زەویدا کەوتبو. هەر دەمەو ئێواران، دار و بەردی کۆڵان و شوسە و شەقام و گوێسوانەی ماڵ و تەلارەکانی شار بوبونە شەختەو چلورە یەك مەتریەکان و بەرو زەوی شۆڕ بوبونەوە. شارە لە ترسا چۆڵ و کشوماتەکە، خۆلی کرابو بە سەردا. ڕەشە بایەکی بەهێز، لە بێ دەنگی ئەو شەوە ساردەدا بە لورەلورەکەی شەهیدانی مەنعەکەی دەلاواندەوە و لایلایەی بۆ هەتیوە بێ نازە بە جێماوەکانیان دەکرد.
ئەو کات، باوکم سەردەستەی گروپی چاکردنەوەی کارەبای شار بو. شوێنی کارەکەیان لە قاتی دوهەمی باڵەخانەی چێشتخانەکەی ئەودەمی دەروێشی خوا لێ خوشبو بو لە ئەسحابە سپی.
ئەو ئێوارەیە باوکم ئێشکچی نە بو. بۆیە هەر سەرلەئێوارە زو هاتەوە ماڵ و لەگەڵمان لە دەوری مقەڵیە پڕ پشکۆکان، کە دایکی رەحمەتیم بە بێ نەوت لە بەرهەیوانەکەدا گەشاندبونیەوە، دانیشتبوین. دایکم بەدەم هەنسك و قسەو باس و گلەی لە بەختی خۆیان و ئەهلی شار، پاش نانخواردن، یەك لە دوایەك چای بۆ باوکم تێدەکرد. ئەویش گوێی نابو بە نزیك رادیۆ پیلەکەیەوە و وەك بڵێیت بەدزییەوە گوێی لە هەواڵ و فشوهوڕی شۆڕشچیەکانی ئەوسای دەگرت! منیش خەریکی نوسینەوەی ئەرکەکانی قوتابخانە بوم. خوشك و براکانم کە هێشتا وردبون سەرقاڵی یاری کردن بون. لەگەڵ درەنگبونی کاتدا، یەك لە دوای یەك خوشك و براکانم لە ماندوبوندا خەو دەیبردنەوەو دایك و باوکم، نەك خەبەریان بێتەوە بە ئەسپایی بە سۆزەوە ئەیان خستنە پیخەفکانیانەوە. شەو درەنگانێك دایکم گڵۆپەکەی کوژاندوەو گۆڵۆپە سفرەکەی داگیرسان. باوکم لەم سەر و دایکم لەوسەری منالەکانیانەوە، پاش داپۆشینی ئێمە، لێفەکانیان دا بەخۆیانداو لەبەر خۆیانەوە دەسیان کرد بە خۆێندنی ئایەتەلکورسی و دوعای شەوان و دوایش فوکردن بەسەر ئێمەو خۆیان و ماڵەکەماندا! هەر ئەوەندە بەئاگابوم. کاتێ لە ناکاو بە جوڵە نائاساییەکانی دایکم بەخەبەرهاتم، باوکمان لانەمابو. دایکم زۆر پەرێشان و شپرزەو پەشۆکاو کونو قوژبنی ژورەکەمان بەتایبەتی بن ڕاخەرەکانمانی دەپشکنی و کاغەزی نوشتە ئاسا پێچراوەی دەردەهێناو ئەیخستنە ناو مقەڵیەکەوەو ئەیسوتانن! بە چاوی خەواڵوەوە پرسیم: ئەوە چیە، بۆ وا ئەکەی دایکە، ئەی کوا باوکم؟ وتی هیچ نیە کوڕم، بنو با بەیانی زو هەستی بۆ مەکتەب.
کاتێ نیوەڕۆ لە قوتابخانە گەڕامەوە، دایکم هێشتا بێ تاقەت و شپرزە بو. غەمباریەکی قوڵ بە ڕویەوە دیار بو. بەڵام خۆڕاگرو بەورە بو. پاش ماچکردن جانتاکەی لێوەرگرتم و خستیەوە ناو تاقی دیوارەکەی بۆ کەل و پەلی قوتابخانەی من تەرخانی کردبو. وتی بڕۆ دەس و دەم و چاوت بشۆ تا نانکەت بۆ ئامادە دەکەم. وتم ئەی باوکم؟ بە نەرمە توڕەییەکەوە وتی ئەو دوایی کەهاتەوە نان دەخوات! ئەم توڕە بونەی ئێستای داکم لە خەو ڕاپەرینەکەی شەوێمی بێرهێنامەوەو هەر لە خۆە منیش نیگەرانی دایگرتم! بە دلتەنگیەوە، هێشتا یەکەم کەوچكم نەگیاندبوە زارم، دایکم بە تریقەیەکەوە هاواری کرد ئەوە شکور باوکیشت هاتەوە! سەبرکە، ئێستا هەمو پێکەوە نانەکەمان ئەخۆین. نانی نیوەڕۆمان خوارد و لەسەر پێداگری دایکم باوکم بەدەم چا خواردنەوە ئەمەی گێڕایەوە:
خۆت بینیت ئەو زاڵمانە لەو نیوە شەوەدا چەند نا مرۆڤانە هەڵیان کوتایە سەرمان و لە خەویان کردین. هەر وەك تاوانێکی گەورەمان کردبێت و لەدەس دادگا رامان کردبێت. ئیتر هەر کە بردمیانە دەروە بە پاڵ خستمیانە دوای مسەلەحەکەو لە بەر پێی خۆیاندا جێیەکیان بۆکردمەوە. هەرچەند هەوڵم لەگەڵدان بزانم هۆی گرتن و بردنەکەم چیە، هەر جوابیشیان نەدامەوە. ئیتر بەڕاستی غەمی ئێوەم لێنیشت. ئەموت بەیانی ئەم زاڵم و ناکەس بەچانە ئەچن و بەیان و نامەکانی حیزب لە ماڵەکەمان دەدۆزنەوەو ئەوانیش دەسگیر ئەکەن. دایکم قسەکانی بە باوکم بڕی وتی غەمت نە بوایە هەر شەوێ هەمویانم دەرهێناو سوتانمن! باوکم وتی: دەس خۆش، پێشبینیم ئەکرد. بەڵام چوزانم ئیتر هەر مەراقم بو. مسەلەحەکە کەوتە ڕێ و بە شەقامی مەولەویدا رەوەو کارگەی جگەرەکە بەرەو خوار بوەوە. یەکسەر ئەوەم بەبیرداهات، کە یەکێك لە هاوڕێیان لەژێر ئەشکەنجەدا ناوی منیشی بەسەر دەمدا هاتبێت و منیش بگرن و رەوانەی نوگرەسەلمان یان قەسری نیهائی بکرێم. ئیستۆپە لە ناکاو و کوتوپڕەکەی مسەلەحەکە کۆتای بە ئەندێشەکانم هێنا. لە تاریکیەکی ترسناك و سەرمایەکی کڕێوە ئاسادا، لە یاڵا ئینزلی سەگەلە دڕندەکان بەئاگا هاتمەوە. لەو ترس و سەرما و تاریکیەدا نەمئەزانی لە کوێین بەرەو کوێم دەبەن! وەك تاوانبارێك پەلکێشیان کردم و کردیانم بە هۆڵێکی گەورەو فراواندا، کە بە چەند چرایەك نیوەناچڵ روناك کرابوەوە. هێندەی نە خایاند، ئەفسەرێکی سەر شان پڕ لە ئەستێرە و مەستێرە بە توڕەییەکی بێ ئەندازەوە لە دەرگایەکی نزیك چراکان بەرەو روم هات. بە دەنگێکی هێند بەرز کە هۆڵەکەی هێنایە لەرزین قیڕانی بەسەرماو بە عەرەبی پرسی، جەنابت سەردەستەی گروپی چاکردنەوەی کارەبای ئەم شارەی؟ پیا نەگەشیتگم وەڵامی بدەمەوەو بڵێم نەعەم سەیدی. درێژەی بەقیڕەکەی داو، وتی ئەمە چەندین جارە ئەم شەو کارەبای فیرەقە دەکوژێتەوە و گروپە هیچ لەبارانەبوەکەت، چاکی دەکەن و پاش کەمتر لە نیو سەعات، کە رەنگە ئەوان ملیان نەشکاندبێتەوە بنکەکەی خۆیان، کارەباکە سەرلەنوێ دەکوژێتەوە.
هەر کەزانیم لە تەلاری فیرقەم و کێشەکە تەنها کارەبایە، ئاهێکم پیاهاتەوە. بەڵام شێوە ئارامیەكی پڕ لە ترسی ئیهانە و سوکایەتی پێکردن دای پۆشیم!
درێژەی پێداو پرسی ئەزانی لە بەرامبەر کێ وەستاوی؟ وتم لا سەیدی! قیڕانیەوە: من زەعیم سدیقم. هەر ئێستا کارەبای فیرقە دەگەڕێنیتەوە و لێرە دەس بەسەر دەبیت تا بەیانی، جارێکتر بکوژێتەوە، ئەوەی بە خەیاڵتا نایەت بەسەرت دێنم. ئێستا لێم تێ گەشتیت؟
هەناسیەکی قوڵ قوڵم هەڵکێشاو، وتم تازە توشی گونڕەشی خۆم بوم، کێشەکەش تەنها کارەبایەو چاری ئاسانە. هەلێکەو رێکەتوە. ئەوەی ئەم خەڵکە دادو بێ دادییەتی بە دەستیەوە و پێوەی دەناڵێنن بیدە بەڕویدا. غیرەت سەگ بتخوا، مرردو لەوە باشتر ناشۆرێت. دەی بە قوربانی کوڕ بم. جارێکتر لە ئارامییەکەمی تێکداو لە وڕێنەکانم بە نەڕەیەك بە ئاگای هێنامەوەو وتی ئەوە شێت بویت یا لە چارەنوسی رەشی خۆت دەترسیت وا لە بەر خۆتەوە ئەبزڕکێنیت؟ منیش هێزو گوڕم دایە خۆم و بە عەرەبیەکی سادەی بێ خەوش کە کاتی سەربازی لە فەلەستین فێری بوبوم وتم: سەیدی فەرمایشتە بەسەر چاو کارەباکەتان بۆ چاك دەکەمەوە بە مەرجەکەی بەڕێزتان، بەڵام دەبێت کارەبای زیاد لە نیوە هاوڵاتیانی دەوروبەری ئەم ناوە ببڕم و دایمی بێ کارەبایان بکەین، دەنا نە محەویلەکەو نە فیدەرەکە تەحەمل ناکەن و فیوزەکانی دەسوتێنەوە! بەڕێزتان گەورە و سەروەری ئەم شارەن، قبوڵدەکەن هاوڵاتیان لەم زستانە ساردەدا بێ کارەبا بن، کە بۆتە تاکە سەرچاوەی وزە بۆیان. چونکە بە ئەمری بە ڕێزتان چوار دەوری شار گیراوە. لە لادێکانەوە دار و خەڵوز نایەنە شارەوە. دابەشکردنی نەوتیشتان قەدەغەکردوە! بۆیە ئەو خەڵکە داماوە تەنها کارەبای ماوە وەك سەرچاوەی وزەی ناو ماڵ بەکاری بهێنێت. ویژدانتان قەبوڵی دەکات بەم سەرمایە لەوەش مەحرومیان بکەن؟
ئەو نا مرۆڤە، نەڕاندیەوەو وتی نەفرەت لە تۆش و ئەوانیش بڕۆ وەلبە، خێرا چاکیبکەروە و خوام لەو خوایەی جارێکیتر بکوژێتەوە! فەرمانی بە سەگ و گورگەکەشی کردەوە، کە دەس بەسەرمکەن تا دڵنیادەبن کارەباکە چیدی ناکوژێتەوە! گەر کوژایەوە یەکسەر ونی کەن!
بەرەو محویلەکە پەلکێشیان کردم. لەوێ هاوکارەکانیشم بە کەرەستەکانیانەوە لەسەر داوای من گەیشتبون. بەڵام ئەوانیش زۆر بە بێ رێزی! پاش سڵاو ماندونەبونی کردن. لەو کزە نیمچە رەشەبایەی ئەشەوە ساردو شەختە دەس و دەموچاو تەزێنەدا، بەو دەستانەی خۆم کە لەسەرمادا گۆیان نەدەکرد زۆر بە نابەدڵی هەندێ لۆدم لەسەر محویلەکە لاداو فیوزەکانم گۆڕی و کارەبای فیرقەم بە دڵنیاییەوە گەڕاندەوە. گوێم لێ بو یەکێك لە سەگەلەکە لەبەر خۆیەوە وتی; ئی عەفیە. ئیتر هاوڕێکانمیان ناردەوە بنکەی خۆیان و منیشان لە ژورێك، بە ژوری ئێشکگرەکان دەچو، دەسبەسەر کرد. هەرچەند پێخەفیشی لێ بو بەڵام یەکچرکەش چاوەکانم نە چونە خەو. بڕینی کارەبای چەندین ماڵ ئازارێکی ویژدانی وای دەدام گەر لە دوای چەندڕۆژێك چارێك نەدۆزیبایەتەوە دور نیە نەمکوژێت. بەڵام بە یارمەتی هاوکاران و بەرپرسە دڵسۆزەکانم هەر چۆنێ بوە چارەیەکی مامناوەندی فەراهەم دەکەین و پاش چەند رۆژێکی کەم خوا یار بێ کارەبا بۆ ئەو خەڵکە داماوەش دەگەڕێنینەوە.
زۆر بەکزی و لەدورەوە دەنگی بانگی مزگەوتەکان دەهاتنە گوێم. بۆیە ڕوم کردە ئاسمان و بێ دەنگ و بێ درکاندنی وشەیەکیش دەستم بە گلەی کرد گەڵ یەزدان. شوتی کارگەی جگەرەکە لێیداو وردە وردە ئاسۆ بەرەو رون بونەوە دەچو دەنگە دەنگ و غاوەغاو جوڵەی مرۆڤەکان لە زیادبوندا بون. بەو خەیاڵانەوە تا دەورو بەری سەعات یانزەی پێش نیوەڕم بە دەسبەسەری بەسەر برد. لە پڕێکا ئەفسرێکی باڵا بەرزی ناسك بە هاوەڵی دو سەرباز هاتنە ژورەکەو سەلامی لێکردم و سوپاسی کردم. وتی ئەوا زەعیم لەسەر بوێریەکەی ئەم شەوی تۆ، فەرمانی داوە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دەس پێ بکاتەوە! فەرمو لەگەڵ جەماعەت با بە مسەلەحەکە بتگەیەننەوە ماڵەوە. هەرچەند ویستم خۆم بەتەنها بڕۆم قبوڵی نەکرد. ئەوەی راستی بێت، منیش نەموێرا لەوە زیاتر درێژەی بدەمێ. سوپاسم کردو و هەمان سەگەلەکەی شەوێ بە مسەلەحەکە تا بەردەگا هێنامیانەوە. ئای چەند بەشەرمەوە لە بەردەرگا دابەزیم؟ ئەموت تۆ بڵێیت یەکێ نەم ناسێت و بمبینێ، دەبێت تەسەوری چیم لێ بکات؟
ئافرەت ئەوە بەزمەکەی ئەم شەو بو بە درێژی. ئیتر وازم لێ بێنن با بچم سەر خەوێك بشکێنم. بۆ نەگبەتی ئەم ئێوارەیە سەرە ئێشك گرتنیشمە.
باوکم فریای پاڵکەوتنەکەی نەکەوت، دەنگەدەنگ و تەقەتەقی بە یەکاکێشانی تەنەکەی نەوت و هاتوهاواری کابرای عەرەبانەی نەوت لە کۆڵانی ئەودیومان بەرز بوەوە. دایکم وتی وەڵا پیاوەکە ماڵت ئاوابێت، لەوە ئەچێت قسەکت جێی خۆی گرتبێت! دە تو خوا مەیکە تەمەڵی، هەستە با پیاوەتیەکەت تاسەر بێت، تەنەکە بەتاڵەکەی خۆشمان بەرە، بەڵکو ئێمەش بەرمان کەوێت! باوکیشم، بەسەزمانە وتی ئەحەمدولیللا با نۆش لەسەر دەی بێت. تەنەکەی هەڵگرت و منیشی لەگەڵ خۆی برد. درەنگ بو، هەرچەند زۆر لە سەرەکەشدا وەستاین بەڵام کابرای نەوت فرۆش یەك دوجار دارەکەی دەستی کێشا بە بەرمیلی عەرەبانەکەیداو وتی وە اللەتەنها بەشی پێنج شەش کەسی تیاماوە. ئێمەش هێشتا بیست کەسێكمان لە پێشەوە مابو، بۆیە وازمان هێناو گەڕاینەوە ماڵ.
هەرچەندە بەدەسی بەتاڵ گەڕاینەوە، وەلێ رۆژێكی پڕ شانازی بو بۆ من، کە بەهۆی بوێری باوکمەوە هەندێك لەو خەڵکە داماوە دڵخۆش بون. ئیتر خۆش بەختانە لەو ڕۆژە بەردەوام، بەینا بەین بڕە نەوتێکی کەم دابەشدەکرا.

بۆیە گەشتمە ئەو بڕوایەی:
مەرج نیە پیاو لە پلەی بەرزدا بێت تا بتوانێ کار و خزمەتی گەورە پێشکەش بە هاونیشتمانیانی بکات.
ئەو وێنانەی لەپاڵ ئەم نوسینەدا دامناون، وێنەی ساتی لاوی و دوا ساڵانی تەمەنی باوکی مەزنمانە، کە پاش چەندین ساڵی خزمەت بە موچەیەکی کەم خانەنشینکراو حکومتە بەناو نیشتمانیەکەمان ئەوەندە دڵسۆزی بوە پارەکانی بۆ کۆردەو تا لە کڕینی داودەرمانەکانیدا بەفیڕۆیان نەدات و لەوە دونیا لە بێ پارەییدا پەکی نەکەوێت! ئەمە لەباتی خزمەت و خەڵات و دڵنەواییکردنی بوو. ئاهو نزولەی سەدان هەزاری هاوشێوەی باوکمان بگاتە بارەگای داپەروەریی یەزدانی مەزن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
میران محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: میران محەمەد